ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم – بەشی پێنجەم.
ساڵی 1925
و: زاهیر باهیر
چی لە پشت ئەم جۆرە پەرادۆکسەوەیە؟ ئەوە شتێکە کە نوێنەرانی بەناو سۆسیالیزمی زانستی هێشتا ڕوونیان نەکردووەتەوە. لە زاراوەی واقیعیدا تەنیا یەک وەڵام هەیە: مارکس ویستی ئەو سەرچاوەیە بشارێتەوە کە خۆی تێیدا نوقم بووە. هەموو ئەوانەی لێکۆڵینەوەیەکیان لە پرسەکە کردووە و هەست بە زەبری وەلای حیزبی [ پارتیزان] ناکەن، دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ئەم ڕوونکردنەوە خەیاڵیی نییە.
با دووبارە گوێبیستی ئەوە بین کە مارکس سەبارەت بە گرنگی مێژوویی پرۆدۆن دەیڵێت. دەتوانین ئەمە لە لاپەڕەی 52ی هەمان بەرهەمدا بخوێنینەوە:
“پرۆدۆن نەک هەر لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریاکاندا دەنووسێت، خودی خۆی پرۆلیتاریایە، کرێکارە. کارەکەی مانیفێستێکی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسییە.
لێرەدا، وەک دەبینرێت، مارکس بە تەواوی و بە دەقیقی دەڵێت: کە پرۆدۆن لایەنگر و بانگدەری سۆسیالیزمی پرۆلیتاریایە و کارەکانی نوێنەرایەتی مانیفێستێکی زانستی لە پرۆلیتاریای فەرەنسی دەکەن. لە لایەکی ترەوە لە ‘مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ دڵنیامان دەکاتەوە کە پرۆدۆن جەستەیەکی کۆنەپەرستی سۆسیالیزمی بۆرژوازییە. ئایا دەکرێت پارادۆکسێکی تیژتر هەبێت؟ ئێمە کێین باوەڕ بە مارکسی’ خێزانی پیرۆز’ یان نووسەری’ مانیفێستی کۆمۆنیست’؟ بکەین، وە چۆن ئەم ناکۆکییە/ ناتەباییە ڕوودەدات؟ ئەوە پرسیارێکە کە ئێمە دووبارە لە خۆمانی دەکەینەوە و بە سروشتیش وەڵامەکەی وەک پێشووترە: مارکس ویستی تەنها ئەوەی قەرزاری پرۆدۆن بوو لە هەمووانی بشارێتەوە و هەر وەسیلەیەك بۆ پاساوی ئەو مەبەستە قبوڵکراو بوو. ناتوانرێت گریمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە هەبێت؛ ئەو وەسیلانەشی کە مارکس دواتر لە کێبڕکێی خۆیدا لەگەڵ میخایل باکونین بەکاری هێنان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو لە هەڵبژاردنەکەیدا زۆر وردبین نەبووە.
ناکۆکی یا پارادۆکسی نێوان ئامانج و نیازپاکی ئیدارە، لەلایەک و ئامراز و گریمانەکانی، لە لایەکی ترەوە ناتوانرێت لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵبوەشێنرێتەوە بەبێ ئەوەی ئەمەی دووەمیان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە لەسەر بنەمای ئەم ناکۆکییە دامەزراوە. دەوڵەت لەسەر ناکۆکی ژیانی گشتی و تایبەتی، لەسەر ناکۆکی نێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەت دامەزراوە. لێرەوە ئیدارە دەبێت خۆی لە چالاکیەکی فەرمی و نەرینیدا قەتیس بکات، لە کاتێکدا ژیانی مەدەنی و کارەکەی دەست پێدەکات ئا لەوێدا دەسەڵاتی ئیدارە کۆتایی دێت. بەڕاستی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەرئەنجامانەی کە لە سروشتی ناکۆمەڵایەتی ئەم ژیانی مەدەنییەوە سەرهەڵدەدەن، ئەم خاوەندارێتییە تایبەتە، ئەم بازرگانییە، ئەم پیشەسازییە، ئەم یەکدی تاڵانکردنانەی بازنە جیاوازەکانی هاووڵاتییان، لە لایەن ئەم هەموو دەرئەنجامانەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە کە بێ توانایی یاسای سروشتیی ئیدارەکەن. بۆ ئەم پارچە پارچەبوونە، ئەم نامۆراڵییە، ئەم کۆیلایەتییەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو بناغە سروشتیەیە کە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەری وەستاوە، هەروەک چۆن کۆمەڵگەی مەدەنی کۆیلایەتی ئەو بناغە سروشتییە بوو کە دەوڵەتی کۆمەڵگەی کۆن لەسەری وەستابوو. بوونی دەوڵەت و بوونی کۆیلایەتی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. دەوڵەتی کۆن و کۆیلایەتی کۆن ئەم دژبەرە کلاسیکە ڕاست و ڕێکانە لە یەکترەوە نزیکتر نەبوون لەوەی کە دەوڵەتی مۆدێرن و جیهانی بازرگانی مۆدێرن بوویانە، ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا” ****these hypocritical Christian opposites.
ئەم لێکدانەوەیە کە لە بنەڕەتدا ئەنارکیستییە بۆ سروشتی دەوڵەت، کە لە چوارچێوەی پەروەردەیییدا دواتر لە مارکسدا زۆر سەیر دەردەکەوێت، کە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەنارکیستی پەرەسەندنی سۆسیالیستی سەرەتایی مارکس. ئەو بابەتەی کە باسی لێوە دەکرێت ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی ڕەخنەی پرۆدۆنە لە دەوڵەت، ڕەخنەیەک کە بۆ یەکەمجار لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا هاتووە کە ‘ موڵکییەت چییە؟’ ئەو کارە نەمرە کاریگەری یەکلاکەرەوەی لەسەر پەرەسەندنی کۆمۆنیستیی ئەڵمانەکان هەبوو، بەبێ گوێدانە ئەو ڕاستییە مارکس هەموو هەوڵێک دەدات لە بەکارهێنانی شێوازە بێ نرخەکان بۆ نکۆڵیکردن لە ڕۆژانی سەرەتای چالاکییە سۆسیالیستییەکەی. بێگومان لەمەدا مارکسیستەکان پاڵپشتی مامۆستاکەیان دەکەن و بەم شێوەیە ڕوانگەی مێژوویی هەڵە بۆ پەیوەندییە سەرەتاییەکانی نێوان مارکس و پرۆدۆن وردە وردە بنیات دەنرێت.
بە تایبەتی لە ئەڵمانیا کە لەوێ پرۆدۆن تاڕادەی نەناسراو وابوو، تەواوی چەواشەکارییەکان لەم ڕووەوە توانای بڵاوبوونەوەیان هەیە. بەڵام تا مرۆڤ زیاتر بەرهەمە گرنگەکانی نووسەرانی سۆسیالیستی کۆن بناسێت، زیاتر تێدەگات کە سۆسیالیزمی زانستی چەندە قەرزاری ئەو “یۆتۆپیاییانە”ن کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبیرکرابوون بەهۆی “ناوبانگ”ی گەورەی قوتابخانەی مارکسی و هۆکارەکانی دیکە کە لە سەرەتاوە بێ ئاگایانە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی لەبیرکران. یەکێک لە گرنگترین مامۆستاکانی مارکس و ئەو کەسەی کە بناغەکانی گەشەسەندنی دواتری ئەوی دانا، کەسێکی تر نەبوو جگە لە پرۆدۆن، ئەو ئەنارکیستەی کە لەلایەن سۆسیالیستە یاساییەکانەوە ئەوەندە سووکایەتی پێکرا و بە هەڵە تێیگەیشتبوون.
* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە. بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو، لاوێکی یاخیی، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات.
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.
* These hypocritical opposites [ ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا] ئەمە دەستەواژەیەکە، تێرمێکە کە مارکس لە کاپیتاڵدا بەرانبەر دەزگەکانی سەرمایەداری بەکاریهێناوە، پێیان دەڵێت ئەو باوەڕ و دڵسۆزی و یەکسانی و بایاخە ڕەوشتیانەی کە لە ئاینی مەسیحیدا هاتوون و ئێوە باوەڕتان پێیەتی و بانگەشەیان بۆ دەکەن لەتەك کار و رەفتارتاندا نایەنەوە بۆیە بە بێ هەڵوەشاندنەوەی ئێوە هیچ یەکێك لەوانە بەدینایەت.