خالید مەجید فەرەج: لەنێوان موعتەزیلە و ئەشعەرییەکاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا دەبێت بزانین کە (علم الکلام) چییە، دەڵێن ئەو عیلمەیە کە بەڵگە بۆ راستی و دروستی عەقیدە ئیمانییەکان دەهێنێتەوە، بە پشت بەستن بە قورئان و سوننەت.
لەلای هەندێک بە بەرایییەکانی سەرهەڵدانی فەلسەفەی ئیسلامی دادەنرێت، عیلمی کەلام تایبەت بوو بە بابەتی ئیمان هێنانی عەقڵی بە خودا و ئامانجی گواستنەوەی موسڵمان بوو لە تەقلیدەوە بۆ یەقین و سەلماندنی ئسوڵەکانی ئایینی ئیسلام کە چوارن (ئیسپات کردنی زاتی ئیلاهی، پێغەمبەرایەتی و ئیمامەت ئایا کەسێک بۆی هەیە ببێتە جێگری پێغەمبەر لە کاری دین و دنیادا و رۆژی قیامەت و حەشر) بەو بەڵگانەی کە سوودیان هەیە بۆ یەقین واتا باوەڕ هێنانی کۆتایی.
دەگوترێت عیلمی کەلام هەوڵێک بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵانگاریانەی کە بەرکەوتن لەگەڵ ئایینە کۆنەکاندا دروستی کردبوو (وەک مانەوی و زەردەشتی و بزاڤە شعوبییەکان) کە لەوڵاتی نێوان دوو زێدا هەبوون (عێراق). بەڵام ئەوەی کە عیلمی کەلام لە فەلسەفە جیادەکاتەوە ئەوەیە عیلمی کەلام ئیمان دروستی کردووە بەپێچەوانەی فەلسەفەوە کە لە ئیمان هێنانی تەسلیم بوونەوە دەست پێ ناکات، بەناونابگترین ئەو فیرقانەی کە عیلمی کەلام دروستی کردن ئەمانە بوون:
١- موعتەزیلە، کە باوەڕیان قەدەر نەبوو.
٢- الجهمیة، ئەوانە باوەڕیان بە قەزا و قەدەر هەبوو، دەیان گوت عەبد مەجبوورە لەسەر کارەکانی، چوونکە ئیختیار بەدەست خۆی نییە.
٣- خەواریجەکان
٤- زەندیقەکان
٥- ئەشعەری و ماتریدی و سۆفی و سەلەفییەکان
٦- ئیمامی و زەیدی و ئیسماعیلیەکان
٧- ئیبازییەکان
لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی کەلامییەکان بەدوای ئەو ئایەتانەدا کە باسیان لە زات و سیفاتی خودا دەکرد، هەروەها کار و عەدلی ئیلاهی و پەیوەندی بە کردەوەکانی مرۆڤەوە و جیاوازی بیروڕا لەو مەسەلانەدا، چەندین فیرقە دروست بوون، بەناوبانگترینیان موعتەزیلە و ئەشعەریەکان بوون.
یەکەمیان/ بەتەواوەتی پەیڕەوی عەقڵیان گرتە بەر.
دووەمیان/ پشتیان بەست بەوەی کە لە قورئان و سوننەتی نەبەویدا هاتووە، ئەوانە ناونران ئەهلی سوننەت و جەماعەت.
دەکرێت ورد تر بڵێین کە فیرقە کەلامییەکان دوابەدوای (الفتنة الکبری) کە بوو بەهۆی دابەش بوونی موسڵمان سەریان هەڵدا، واتا دوای ئەو ئاژاوە و پشێوییانەی کە بوون بە هۆی کوشتنی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان و بەردەوام بوونیان بە درێژایی خەلافەتی عەلی کوڕی ئەبی تالیب.

موعتەزیلە و ئەشاعیرە، یان ئەشعەرییەکان
لە بەناوبانگترین فیرقەکان بوون کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ئەمەوییەکاندا دوای جیاوازییە بەناوبانگەکەی نێوان واصل ابن عطا و الحسن البصری دەربارەی (مرتکب الکبیرة) سەریان هەڵدا، واتا ئەوەی گوناهی هەرە گەورە دەکات، بۆ نموونە شەریک بۆ خودا پەیدا کردن، تەرککردنی نوێژ، کوشتنی کەسێک بەناهەق و… هتد”. واصل بن عطا دەڵێت: من ناڵێم ئەو کەسە موسڵمانی ڕەها، یان کافری ڕەهایە، بەڵکوو لە نێوان دوو (مەنزیلەدا) (المنزلة بین المنزلتین)، واتا دوو ئەگەردا دەمێنێتەوە. ئەگەر پێش مردنی تۆبەی کرد، خودا لێی خۆش دەبێت و بە پێچەوانەشەوە بۆ هەتا هەتایە دۆزەخ جێگەی دەبێت. واصل دەڵێت: ئەوانە فاسقن لە پلەیەکدان کە لەنێوان ئیمان و کوفردایە. واتا موعتەزیلە ئەو جۆرە خەڵکە نە بە حوکم و نە بە ناو بە کافر، یان بە ئیمان دار ناو نابەن، بەڵکوو لە ناوەندی ئەو وەسفەدان کە ئەوان پێیان دەڵێن فاسق.
خەواریجەکان (ئەوانەن کە لە شەڕی صفیندا لە ئیمامی عەلی جیابوونەوە و باوەڕیان بە تەحکیم نەبوو، لە نێوان ئەو و معاویەدا. ئەوان دەیان گوت دەبێت خەلافەت لەڕێی هەڵبژاردنی ئازادەوە بێت. هەر ئەوان بوون کە خەلیفە عوسمانیان کوشت و دواتر ئیمامی عەلیشیان کوشت. توندڕەو بوون لەمەسەلەی تەکفیردا و باوەڕیان وابوو کە دەبێت بە شمشێر ئیمامی لەڕێ لادەر لەسەر کورسی حوکم بهێننە خوارەوە و نەیارەکانیان لە بیرکردنەوەدا دەکوشت). ئەوان دەڵێن گوناهی گەورە (کبیرة) بکەرەکەی کافری ڕەهایە”موتڵەق”. هەرچی (المرجئة)یە کە ئەوانیش فیرقەیەکی کەلامین و هەر ئەو دەمانە دروست بووبوون و دەیانگوت کاری باشە و خراپە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئیمان نییە و نەزیادی دەکات و نەکەم. لای ئەوان هەرکەسێک باوەڕی بە تاک و تەنیایی خودا هەبوو، ئیمانداری خاوەن ئیمانی تەواوە و کەس بۆی نییە تەکفیری بکات، ئەوان دەڵێن ئەو حوکمە تەنیا لەدەستی خودادایە و ڕۆژی قیامەت خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
ئەهلی سوننە دەڵێن: ئەوانە ئیماندارن، بەڵام ئیمانەکەیان تەواو نییە (نوقسانە)ـە و کورتهێنانی ئیمانەکەیان بەقەدەر پلەی ئەو گوناهەیە کە کردوویانە. کەم بێت کورت هێنانەکە کەم دەکات و زیاد بێت زیاد دەکات.
مەزهەبی ئەشعەری لەسەر دەستی ابو الحسن الأشعری بۆ بەرەنگار بوونەوەی فیکری موعتەزیلە دروست بوو. بەربەرەکانێکە لە نێوان ئەشعەرییەکان و موعتەزیلەکاندا لە زۆر مەسەلەدا توند بووەوە کە دیاریترینیان ئەمانە بوون:

عەقڵ:
موعتەزیلە: عەقیدەکانیان بە تێڕوانین و بەڵگەی عەقڵی تەفسیر دەکرد. بەڵام ئەشعەرییەکان گوتیان پشت بەستن تەنیا بە عەقڵ بەرەو گومڕاییت دەبات.
مەسەلەی خەلقی قورئان: موعتەزیلەکان گوتیان قورئان خەلق کراوە، واتا لەئەزەڵەوە نەبووە.
ئەشعەرییەکان گوتیان نەخێر قسە سیفەتێکە لەسیفەتەکانی خودا و لەخودا جیا نابێتەوە.
ئەشعەریەکان دەڵێن: ئەگەر باوەڕ بەوە بهێنین کە قورئان خەلق کراوە، واتا ئەزەلی نییە ئەم دەرهاویشتانەی لێ دەکەوێتەوە:
١- دەکرێت وەکو هەر دەقێکی دیکە ڕەخنە لە قورئان بگیرێت. ئەوەش دەکاتە ئەوەی عەقڵ لە پێشتر بێت، وەکوو لە قورئان.
٢- نکۆڵی کردنی ئیعجازی قورئان، چونکە تەنیا قسەیەکە کە مەخلوقە هەر وەکوو هەر قسەیەکی دیکە.
٣- دەقی قورئان وەکوو مەرجەعیەتێک سەیر ناکرێت، وەکوو بەڵگەیەک بۆ ئەوەی بمانەوێت وەک ئیسپات بەکاری بهێنین، چونکە بەپێی ئەو تێڕوانینە پێگەکەی خۆی لەدەست دەدات.
٤- پەک خستنی کارکردن بە کتابی خودا، چونکە بەستراوە بە کات و شوێنەوە کە تێیدا دابەزیوە، واتا بۆ کات و شوێنێکی دیکە (زەمان و مەکانێکی دیکە) نابێت.
٥- کردنەوەی دەرگا لەسەر ئەو عەقەیدانەی کە تازە سەریان هەڵداوە و کە ئەفکاری خۆیان لە عەقیدە لادەرەکانەوە وەردەگرن.
موعتەزیلە: ئەوەی لە قورئاندا هاتووە بۆ واتای مەجازی لێک دایەوە، نەک مانای حەرفی وشەکە. بۆ نموونە بڕینی دەستی دز، وەکوو تەئویل سەیری بکەیت، دۆزینەوەی کارە بۆ بێکار تا وەکوو دزی نەکەن، ئەگەر وەکوو واتای حەرفی لە وشە کە بڕوا نین، واتا بڕینەوەی دەستەکەیە بە فیعلی.
ئەشعەرییەکان: لێکدانەوە و لێکچوواندنیان (التأویل و التشبیە) ڕەت کردەوە و گوتیان: قسەی خودا دەبێت وەک حەرف و وەک دەنگ گوێی لێ بگیرێت، بە واتا بە حەرفی وەک خۆی، واتای ڕاستەوخۆی وشەکە.

سیفەتەکانی خودا:
موعتەزیلە: ناوەکانی خودایان جێگیر کرد، بەڵام سیفەتەکانیان ڕەت کردەوە، تەنیا سیفەتی ئەو کردەوە ئیختیارییانە نەبێت کە پەیوەندی کە ئیرادە و ئیختیاری خۆیەوە هەیە. ئەوان سیفاتەکانی خودا دەکەن بە سێ بەشەوە:
أ- سیفاتە زاتییەکان، کە وا ناسراون لە زات جیا نابنەوە و پێنجن: بوون و ژیان و توانا و عیلم و ئیرادە و ئەم سیفاتانە زیاد نین لەزات، بەڵکوو عەینی زاتی ئیلاهین بە واتا ناکرێت وەسفی خودای پێ بکرێت. چونکە ئەگەر وا نەبێت. کەواتە بۆ نموونە زانا کە سیفەتێکە بۆ زانست، ئەگەر وەسفی خودای پێ بکرێت بەپێی ئەوان، کەواتە زانستیش هەر لە ئەزەلەوە هەبووە، ئەوەش پێچەوانەی یەکتایی خودایە و دەبێتە دوانەیی.
ب- ئەوان لێک چواندن و بەرجەستە کردنیان ڕەت کردەوە: موعتەزیلە ڕەتیان کردەوە کە خودا بەرجەستە بکرێت، چونکە بەرجەستە بوون دەبێت لە شوێنێکدا بێت (مەکان)، هیچ تەنێک بەبێ شوێن نابێت و مەحاڵە خوداش لە شوێنێکدا قەتیس بکرێت. هەروەها مەکان لەقورئاندا لەلای موعتەزیلە مەجازییە ” وسع کرسیە السموات والأرض”، لە ئاکامی ئەوەشدا ئەوان دانیشتنیان لەسەر عەرش، وەکو واتا ڕووکەشییەکەی ڕەت کردەوە “الرحمن علی العرش استوی” چونکە تەنیا تەن دەتوانێت لەسەر تەن دابنیشێت. لە کاتێک کە خودا بە دوورە لەوە.
ج- سیفاتەکانی کردەوەکانی، ئەوانە کە پەیوەندییان بەحەواسەوە هەیە کە تەنیا بە مەجازی دەخرێنە پاڵ خودا، هەروەها دەستیش ” ید اللە فوق ایدیهم” ئەوان دەڵێن ئەو دەستە مەجازە دەستی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو تونای خودایە.
ئەشعەریەکان: ناوەکانی خودا جێگیر دەکەن، لەگەڵ حەوت لە سیفەتەکانیشی (ژیان و زانین و توانا و بیستن و بینین و ئیرادە، قسەکردن).
تەکلیف:
موعتەزیلە: ناکرێت تەکلیف بە شتێک بکرێت کە توانای بەسەردا نەشکێت، چونکە ئەوە ناشیرینە.
ئەشعەرییەکان: تەکلیف کردن بە شتێک کە توانای بەسەردا نەشکێت جائیزە.
کردەوەکانی خودا:
موعتەزیلە: خودا لە چاک و خێر زیاتر ناکات.
ئەشعەرییەکان: خودا بۆی هەیە چی بوێت بە عیبادەکەی بکات.
قورئان و سوننەت
موعەتەزیلە: عەبد سەر بە خۆیە لە ئیرادەی خۆیدا.
ئەشعەرییەکان: قەزاو قەدەر گۆشەیەکە لە گۆشەکانی ئیمان، واتا ئەوەی لە چارە نووسرابێت دەبێت بێتە دی. موعتەزیلەکان ئەوەیان ڕەت کردەوە و گوتیان ئەوە لەگەڵ عەدالەتی ئیلاهیدا نایەتەوە، چونکە نابێت عەبد لێپرسینەوەی لەسەر شتێک لەگەڵ بکرێت، کە پێشتر بۆی دانرابێت  دەبێت بیکات.

ئەشعەریەکان لە میسر:
ئەزهەر نوێنەرایەتی قوتابخانەی ئەشعەری دەکات و لە هەموو مەزهەبەکانی دیکە بڵاو ترە
– شێخ شەعراوی و ئیمام اعمد الطیب لە بەناوبانگترین ئەشعەرییەکانی ئەم دەییانەی دوایین
موعتەزیلەکانی میسر:
بەو نووسەر و بیرمەند و ڕۆشنبیرانە دەگوترێت کە ئەفکاری عەقڵانی پەیڕەو دەکەن
– ڕفاعة الطهطاوی و محەممەد عەبدە و عباس العقاد و علی عبد الرازق لە بەناوبانگترین موعتەزیلەکان بوون

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت