زیرەکی دەستکرد و کاریگەرێتی لەسەر مرۆڤایەتی – بەشی سێیەم.
ئامادەکردن و وەرگیڕانی: ھەڵۆ بەرزنجەیی
مرۆڤ ئیعجازی ھەرە ھەرەگەورەی چەرخوفەلەکی نۆ نھۆمی کۆنینە و فەزای بێسنوور و بڕانەوەی سەردەمی زانست و تەکنیکە ( ھەتا دەمی ئەم نووسینە قسەکەم بەڕاستی مطلق دەزانم ئەوجا، ئەگەر لە دوارۆژدا ئیعجازی گەورەتر پەیدا بوو، واتە دۆزرایەوە، ئەوسا قسەکەدەگۆڕێت بە ھێنانە خوارەوەی پلەی مرۆڤ لە ژمارە یەکەوە بۆ ژمارەدوو). مەسعوود محەمەد
داھێنەری سەرەکی ئەم تەکنیکە و باشتر بڵێم ئەوەی لەپشت ئەم گۆڕانگارییانەوەیە ناسراوە بە سام ئالتمان Sam Altman: پێی وایە کۆمیوتەر جێی مێشکی مرۆڤ دەگرێتەوە]. ئێستا ململانێ لەم دوو بۆچوونەدا خەست بۆتەوە و بیروڕای ھەمەچەشنیان لەسەر ھەیە.
ئەم بەشە بریتییە لە پوختەی خوێندنەوەی نزیکەی 31 وتار لەسەر زیرەکی دەستکرد. ئەو زانیارییانەی گرنگانەم بۆ پوختە کردوون کە لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژەیان پێ نەکراوە، دووپات نابنەوە.
شۆڕشی تەکنەلۆژیا وەستانی بۆ نییە و چرکە بەچرکە لە پەرەسەندن و داھێنانی نوێدایە. ئەوەی لێرەدا مەبەستە، ئایا بەڕاست ئەم شۆڕشەی کەوا ئێمە لە سەرەتاکانیداین پێگە و گرنگی و ڕۆڵی مرۆڤ لەق دەکات؟. لەکاتێکدا ھەموو کەرەسە و داھێنانەکانی ئەم شۆڕش و گەشەکردنە، بیرۆکە و دەستکردی خودی مرۆڤ خۆیەتی؟!. ئاخر سنووردارکردن و لابردنی رۆڵی مرۆڤ لەم ھەسارەدا کارەساتی سەیروسەمەرەی لێ دەکەوێتەوە. وەک تا ئێستا زانیومانە رۆڵی مرۆڤ و کاریگەرێتی لەسەر شانۆی جیھان پێویستە ھەر لە پێشەنگیدا بێت. پێویستە سنووری زۆرتر بۆ زیرەکی دەستکرد بکێشین! Maria Fiedler ts 31.3.23. لەدەست دەرچوونی زیرەکی دەستکرد ھەڕەشە و مەترسی گەورەی لێ چاوەڕوان دەکرێ!.. بەئەندازەیەک چارەنووسی مرۆڤایەتی و شارستانێتییەکەی بەتەواوی نادیار دەکات. بۆیە مرۆڤدۆستەکان و ئەوانەی چاوچنۆکییان سنوورێکی ھەیە، داوای دیاریکردنی یاساوڕێسایەک بۆ ئەم گەشەکردنە بێ سنوورەی زیرەکی دەستکرد دەکەن!..
ئەم تەکنەلۆژیایە، دەشێ تژی بکرێ لە زانیاری درۆ و ساختە و پروپاگەندەی زیان بەخش؟ ئەگەر پسپۆڕ و خاوەن کۆمپانیاکان ئەم خراپەکارییە Dystopie ساز دەدەن، ئەوە لەلایەک ئاکامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە. ھەندێکیش دەڵێن: نابێ بترسین و دەبێ باوەڕمان وا بێت: چۆن زیرەکی دەستکرد دەتوانێ بەرھەمەکانمان و ژیانمان باشتر بکات؟.
ئاخر کێشەکە ئەوەیە ئەو گۆڕانەی زیرەکی دەستکرد بەسەرماندا دێنێ بە ھیچ جۆرێ ئێستا ناتوانین بیپێوین. بۆنموونە ChatGPT دەتوانێ بۆ تاقیکردنەوەی پزیشکی خوێندکارێکیش بێ ئەوەی زیرەک و لێوەشاوە بێت بە چەند خولەکێک بابەت ئامادە بکات، یان گازندە و داوایەکی یاسایی ئامادە بکات. ئەمانە جێی مەترسین!. ھەروەھا باس لە مۆدێلی پێشکەوتووتری وەک ChatGPT-4 دەکرێ و لە زیرەکی دەستکردیشدا باس لە سوپەر ئینتەلیگێنس دەکرێ. جا بزانن چەند مۆدێلی ڕانەگەیەندراوی تریش وا بەڕێوە؟!.
لە ھەمووی گرنگتر، دەبێ زیرەکی دەستکرد بە چ ستانداردێکی مۆڕاڵی کار بکات؟ کامە ئەرک جێبەجێ بکات و چی نەکات؟ چۆن دەتوانین ڕێی لێ بگرین درۆ نەکات، خراپەکاری نەکات و توندوتیژانە رەفتار نەکات؟ پێویستە چۆن ڕێگریی لە کاریگەرێتیی کۆمەڵگەی نەخوازراو بکەین لە رێی زیرەکی دەستکردەوە؟ ئایا ئەوە قبوڵە مرۆڤ تواناکانی لەدەست بدا و بدۆڕێنێ، ئەگەر بێت سبەی زیرەکی دەستکرد ئەو ڕۆڵە وەرگرێ؟. گرنگە وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ ئەو کۆمپانیای کەسییانە بەجێ بھێڵدرێ، کە بەدوای بەرژەوەندی ئابوورییەوەن.
لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا، ستراتیژی زیرەکی دەستکرد نییە. پلانی رێکخستنی ھەیە و تا دەخرێتە گەڕ زۆری پێ دەچێت. تەنانەت پێناسەی زیرەکی دەستکرد مشتومڕی لەسەرە.. کەواتە لەسەر ئاستی سیاسیش سەرنج و تێبینی ھەیە.
ئەم کێشەیە دەبێت ئینتەرناسیۆنال چارەسەر بکری، نەک ھەر وڵاتێک بۆ خۆی و زۆر بەخێرایش، پشوودان بۆ ماوەیەک چارەسەر نییە. ئەو ھەنگاوەش خاوەن کۆمپانیا و پسپۆرەکان نەخشەیان بۆ کێشاوە، نەک دەوڵەت یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ھەموو پسپۆڕان و کۆمپانیاکان و شارەزایانی ئەم بوارە لە ھەموو جیھاندا و سیاسییەکان پێکەوە کاری بۆ بکەن.
ئەم تەکنیکە نوێیە بەردەوام لە گەشەکردن و بەرەوپێچووندایە، و داھێنان لەدوای داھێنان دەخاتە بەردەست. ھێز نییە بتوانێ بەر بەو بەرەوپێشچوونە بگرێ. بە مانایەکی تر بتوانێ دوا پێناسە و ناساندنی بۆ بکات. بە ھەمووی نیوساڵ دەبێ چات گیپیتی کەوتۆتە بازاڕەوە، کەچی زۆرترین قسەوباسی بەدوای خۆیدا ھێناوە.
توانای چات گیپیتی زۆرە بۆ نموونە چەمکی مۆڕاڵ روون دەکاتەوە وەک ئەوەی ڕەچەتەی خواردنی سپاگێتی بە سۆسەی تەماتەوە ئامادە بکات. دەتوانێ بابەتت بۆ بنووسێ، تێکست لە شێوەی ئەوەی Taylor Swift یان Bob Dylan ئامادە بکات. دەتوانێ وتاری رۆژنامەیی بنووسێ و بە ھەناسەیەک Website شرۆڤە بکات و پێشنیازی باشترکردنی بکات. وێنەو نیگارت بۆ دەکێشێ کە بە چەندین ھونەرمەند نەکێشراوە. پێی بڵێ تۆ ئاوازدانەر نیت، من تێکستی گۆرانییەکت دەدەمێ، تۆ ئاوازەکەی بۆ دانێ! دەیکات. لە ئێستادا تەنیا لە بیۆگرافی ناوی کەسەکان ھەڵە دەکات، بەھۆی لێکچوونی زۆری ناوەکان لە یەکتر و زۆرجار دووبارەبوونەوەیان. چات گیپیتی 4 کە گەشەپێدراوی زیرەکی دەستکردە و خاوەنی مۆدێلی رۆبۆرت و قسەکردنە/ گفتوگۆکردن، سیفاتەکانی ئەوەیە خێراترە و کەمتر ھەڵە دەکات و زۆرتر دەزان.
(ھێنری کیسنجەر) دەڵێ: ئەم گەشەکردنە خێرایە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی Intellektuelle Umwälzung دەکات کە لەوەتە چاپەمەنی داھاتووە نەمان بیستووە و نەمان دیوە.
ھەموو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی Microsoft,Google,Amazon,Meta پێشبڕکێ دەکەن لەسەر دروستکردن و بەدەستھێنانی مۆدێلێکی باشتر و پێشکەوتووتری ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە. بۆ نموونە بانگاشەی Meta کە فەیسبووک و ئینستاگرام بەڕێوە دەبات، دەڵێ: دەمانەوێ لە ڕێی ئەم ئەپ و پرۆگرامانەوە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە بەکارھێنەرانمان بکەین”. جا چی تر لە پشتی ئەم بانگاشەیەوەیە، ئەوە دەبێت لێی وریا بین.
ئەم تەکنەلۆژیایە لە ڕووی ئابوورییەوە نرخ و تێچووی زۆر لە بەرھەم ھێنراوەکان وەک Micochipsکەم دەکاتەوە. دیارە ھاوکاتیش ھەڕەشەش لە سەر بازاڕی Marketing و ئامۆژگاریی کەرانی دارایی و پرۆگرامسازان و پیشەی رۆژنامەنووسی ھونەرمەند و نیگارکێشان نووسەران زۆر بواری تر دێنێتە پێشەوە. ھاوکات نابێت ئاماژەش بەوە نەکەین کەوا ئەگەر کۆمەڵێ کاریش نەھێڵێ! دەرفەت بۆ کۆمەڵێکی کاری نوێ ساز دەدات. لە 2035 ھیچ پیشە و کارێ نامێنن کە بە زیرەکی دەستکرد کار نەکات. لەھەمووی زیاتر ئەو کات جێی مەترسییە کە خراپ بەکار بھێنرێ و ئامانجی ترسناک بگرێتە بەر. ھەر ئەم دوودڵی و ترسەیە وا دەکات یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات پێویستە یاساوڕێسا بۆ بەکارھێنانی زیرەکی دەستکرد دابنرێت. ئەگەرچی ئێمە لەسەرەتای شۆڕشێکی نوێداین، دەکرێ بەشۆرشی پیشەسازی بەراورد بکەین.
دەبێ چی ڕووبدات ئەگەر بێت و زیرەکی دەستکردی نامرۆڤ باشتر لە مرۆڤ چیرۆک بگێڕێتەوە و ئاواز دابنێ و وێنەبکێشێ س پیت و دەقەکان بنووسێ؟. یوڤال . ن. ھەراری. ھەروەھا گۆڤارە دیارەکانی وەک Nature و زۆری تریش تا ئێستا چات گیپیتی بە نووسەر قبوڵ ناکەن. رۆبۆرتی قسەکردن/ گفتوگۆ دەتوانرێ بەکاربھێنرێ، بەڵام پێویستە لەژێر چاودێریدا بێت. داوا دەکرێ یاسای ڕوون بۆ جیاکردنەوەی زانست و بیروڕا ھەبێت و گفتوگۆی ئاسایی ھەبێت بەس نابێت بە ئاڕاستەی دوژمنکارانە بێت..
لەم دید و پەرۆشەوە داواکارییەک لە فەیلەسووفان و بیرمەندان کراوە بە بیروڕاکانیان دەربڕن و بەشداری بکەن لەم تەکنیکە نۆیەدا و سەرنج و تێبینی خۆیان دەشبڕن. نەک دوایی ھەموو گلەیی و گازندەیەک لەملی خاوەن کۆمپانیاکان و ئەندازیاران بپێچن.
یەکێتی ئەوروپا بە پەرۆشەوە لە ھەوڵی ئەوەدایە یاساوڕێسایەکی گشتی و چەسپاو بۆ سنووردارکردنی تەکنەلۆژی ناوبراو دانێ و مەترسیییەکانی لەسەر چارەنووسی مرۆڤایەتی کەم بکاتەوە. بەداخەوە نە لە ئەمەریکا و نە لە چین ھیچ جۆرە پەرۆشێکی لەو جۆرە نییە و بەڵکوو لەیەکەمیان پێشبڕکێی داھێنانی مۆدێلی نوێتر لەگەڕدایە و چینیش بە ھەمان شێوە دەیەوێ لە ململانێدا بێت لەگەڵ ھەژموونی کۆمپانیاکانی ئەمەریکادا. جگە لەوەی چات گیپیتی کە لەچین بۆ دەیان کاری پۆلیسی و چاودێری ھاوڵاتیان بەکار دێت بەتایبەت ناسینەوەی ڕووخسار. تەنانەت ھەواڵێک بڵاوبۆوە کەوا دزیتەکی گەورە لەرێگەی رۆبۆرتی ناوبراوەوە لە چین ڕوویداوە و کەسێک توانیویەتی بە چات گیپیتی 600,000§ لە کەسێکی تر بدزێ.
کۆمەڵەی Center for AI Safaty نامەیەکی بڵاوکردۆتەوە کەوا لە لایەن 350 پسپۆر و ھێزی بەڕێوەبەری ئەم تەکنەلۆژییەوە ئیمزا کراوە لەوانە سام ئالتمان خاوەنی OpenAL کە چات گیپیتی داھێنا، Demis Hassabis شێڤی کۆمپانیای DeenMind کە گولگەشی ھەیە و Geoffrey Hinton و Yoshua Bengio داوا دەکەن حکومەتی ئەمەریکا شتێ بکات و سنوورێ بۆ ئەم چات گیپیتییە دانێ و بە پێی ھەواڵێکی New York Times گوایە ئالتمان و ھاسابیز لەم ڕووەوە دیداری جۆن بایدنیشیان کردووە.
دەردەکە، ئێمە دەزانین کە زیرەکی دەستکرد بەھێزە و زانیاری زۆری ھەیە، بەڵام ئەوەی نایزانین ئێمە چۆن رەفتاری لەتەکدا بکەین. ئاخر کاتی زیرەکی دەستکرد بتوانی زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەچەند ئەستەمە تۆ شتەھایەکت لا ڕاست بێت و ئەو بێت بە درۆ بڵاویان بکاتەوە…
بەکورتی مەترسی گەورە و ترسناک زۆرن و دەبێت دنیا لێی بەدەنگ بێت و گەنگەشەی بکات و باشترین ڕێگا ھەڵبژێرێ بۆ گەشەکردن و بەکارھێنانی.
کیسنجەری بەتەمەن لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیای گوگلی کۆن پرۆڤیسۆرێکدا کتێبی:
Age of AI and Our Human Future لەسەر ئەم بابەتە دەنووسێ:”زیرەکی دەستکرد جیھانێکی نوێ دەخوڵقێنێ لە بازاڕ قوتابخانە و وانەکانی فێربوون پێوەندی ھاوڕێیەتی دا. نموونەیەک لەسەر جیاوازییەکە دێنێتەوە وەک ئەوەی ژیانی ئێستا و نیو سەدە بەر لەئێستا چەند جیاوازە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەگەر بێتوو زیرەکی دەستکرد باڵا دەست بێت، مەودای جیاوازی ژیانی ئێستا و ئایندە زیاتر دەبێت. ئەم تەکنیکە بەتایبەت نەوەی نوێ لێی سوودمەند دەبێت! ھەر ئەوانیشن دەبێت بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم تەکنیکەدا بکەن!.
(نوام چۆمسکی)ش لەسەر ئەم بابەتە ھاتۆتە دەنگ و خۆشەویستی مرۆڤ لە کرۆکی پەیامەژەیدا بە ئاشکرا دەردەکەوێ و دەڵی: ھیچ ئامێرێ ناتوانێ لە دروستکردنی فیکردا جێی مرۆڤ بگرێتەوە، با ئەو ئامێر و تەکنەلۆژیایەش لە زۆر شتی تریشدا پێش مرۆڤ بکەوێتەوە. بیرکردنەوە بەتەنیا ئەوە نییە وەڵام بدەینەوە، بەڵکوو داڕشتنەوەی پرسیارە، دیاریکردنی ئەو گیروگرفتەی دەیخەینە ڕوو.
وەک زۆر جار جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، ھەموو ئەوەی لەم تەکنیکە چاوەڕێ دەکرێ، بەستراوەتەوە بە خودی مرۆڤەوە. مرۆڤ دەتوانێ پەنجە بە دوگمەیەکدا بنێیت ھەموو سەرکێشی و مەترسییەکانی جگەرەکێشانی بۆ دێتە بەردەست. بەڵام بڕیاری واز ھێنان لە جگەرەکێشان، ھەر مرۆڤ خۆی دەبێ بیدات و پێی ھەڵدەستێ.
دیدی چەند پسپۆڕێ لەسەر ئەم بابەتە:
یەکەم/ Dietmar Frey بەڕێوەبەری Charité for AI in Medicine لە بەرلین دەڵێ: چات گیپیتی لە بواری پزیشکیدا بایەخی گەورەی ھەیە. ھاوکاری و بکات و زانیاری زۆرتر بخاتە بەردەست نەخۆش و وەرگێڕانی زۆری چەمک و باسی تایبەت بە بوارەکە کە سوود بە پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک دەگەیەنێ. ھاوکات لێرەدا پزیشک و پەرستار زۆر کاتیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەتوانن زیاتر کات بۆ نەخۆشەکە تەرخان بکەن. بەمەش قازانج لەوەدا دەکەن کەمتر ماندوو دەبن.
چاتی ناوبراو لە ڕووی بیرۆکراتییەوە سوودی زۆرە، دەتوانێ ڕاپۆرتی چوونە دەرەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئامادە بکات و بنووسێ و تەواوی زانیارییەکان دەربارەی نەخۆشەکە ئامادە بکات. بێگومان چاتەکە ناتوانێ بەدروستی وەڵامی سەرلەبەری پرسیارەکان بداتەوە، بۆیە پێشنیاز دەکرێ بۆ ھەموو شتێ پشت بە چاتەکە نەبەستن. بەڵام ئەم لایەنەی چات گیپیتی بەردەوام لە چاککردندایە و پێش ئەوەی بەکاری بھێنرێت تاقی دەکرێتەوە و کۆنترۆڵی دەکرێت و ئەوجا بەکاردەھێنرێت.
دووەم/ Markus Beckedahl دامەزرێنەری Nestzpolitik.org & er: publica دەڵێ: ئەوەی چات گیپیتی پێشکەشی دەکات شۆڕش نییە، بەڵکوو گەشەکردنە. باس لە بایەخی ئەم سیستەمە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات چۆن پارێزگاری لە داتاکان دەکرێ و یاخود EU- AI- Act بەشی ئەو سەدان میلۆن کەسە دەکات کە بەکاری دێنن.
جا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم سیستەمە ھاوکاری قوتابیان دەکات ئەرکەکانی ماڵەوەیان بۆ جێبەجێ دەکات. دەرفەت و سنووری زانیاری ناڕاست زۆرە ئێمە دەبێ فێربین چ جۆرە سنوورێکمان پێویستە بیکێشین.
سێیەم/ خاتوو Janina Loh فەیلەسووفی تەکنیک و ئێتیک لە پەیمانگای Liebenau دەڵێ: پێویستە خاوەن کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتی بەرھەمەکانیان ھەڵگرن لەوانەش زیرەکی دەستکرد. پێویستە ئەو ئەرکیان بخرێتە و ناچار بکرێن لێسانسی/ مۆڵەتی بەرهەمە تەکنەلۆجیەکانیان بە ئێتیکەوە وەرگرن. تەکنەلۆژی جیهانی کارکردنمان دەگۆڕێ، هەروەها چات گیپیتیش. خوێندکاران ئەرکەکانی ماڵەوەیان بە زیرەکی دەستکرد جێبەجێ دەکەن. ئامادە دەکەن. لێرەدا پرسیارێکی تری ڕەوشتی قوت دەبێتەوە: ئایا پێویست دەکات ئەمە قەدەغە بکرێت؟!
Gerard de Melo چوارەم: پرۆفیسۆری زیرەکی دەستکرد لە پەیمانگای Hanso- Plattner لە شاری پۆتسدام: مۆدێلی بەرهەمێنەری رۆبۆرتی گفتوگۆ لە ئایندەدا باشتر دەبێت و لەبری تەنیا تێکست و وێنە دەتوانێ فیلم و دەنگ یاخود ڤیدیۆی یوتوب مەشق پێ بکات.
ئەمەش وا دەکات لە مرۆڤ باشتر فێربێت. هەر وەک ئەوەی چات گیپیتی دەتوانێ لە پرۆگرامسازیدا هاوکاری بکات کە بەڕستکی شۆڕشە. ئەوانەی کاری گەشەپێدانی ئەم تەکنەلۆجییە دەکەن، دەبێت فێربن زوو هەڵەکە بدۆزنەوە و ئێستا دەتوانن ڕاستەوخۆ لەناو خودی سیستەمەکەدا پرۆگرامسازی بکەن یاخود هەڵەکە دیار بکەوێ.
لە قوتابخانە چات گیپیتی دەتوانێ وەک راهێنەرێک/ Coach بێت و بە ئارامی وەڵامی پرسیاری زۆر بداتەوە. هەر وەک پرۆگرامی ۆرد و ئێکسل و پاوەرپۆینت، هاوکاری بێشکەش بکەن.
بە بڕوای من پێویستە ئێمە ستراکچەری کۆمەڵایەتی بگۆڕین. خوێندکاران تەکنەلۆژی و بە دیاریکراوی بۆ ئەمە بەکار بهێنن، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەکراوەیی دەمێنێتەوە: ئەویش گوشارە لە پێناوی توانای بەرهەمهێنان و بیری پێشبڕکێیانە. تەکنەلۆژیا ئاماژە بۆ کێشەی سیاسی دەکات، بەڵام نایخوڵقێنێ.
یوڤال هەراری فەیلەسووف و مێژوونووس دەڵێ: ئامێرەکانی پێشووی وەک چایخانە و ڕادیۆ ھاوکاربوون لە بڵاوکردنەوەی بیروڕای ڕۆشنبیریی بۆ خەڵک، بەڵام خۆیان ھەرگیز داھێنانێکی فیکریی و رۆشنبیریی نوێی تایبەت بەخۆیان نەبووە. شتەکە لە جەوھەردا دەگۆڕێ و دەشێ زیرەکی دەستکرد بتوانێ بیروڕا و فیکری و نوێ و ڕۆشنبیریی دروست بکات؟.
نووسەر مالتە لێھمینگ دەڵێ: چات گیپیتی ھێندە بەتوانایە داوای لێ دەکەم بە 3000 پیت بە ستایلی Malte Lehming باسێکم لەسەر ئازادی ئاینی بۆ بنووسێ. ھەر 20 چرکەیەکی پێدەچێ ناوبراو خواستەکەم کتومت بە پانی درێژی وەک خۆی جێبەجێ دەکات. ئەوەی جێی سەرنجە دەتوانم ھەمان پرسیاری لێ بکەم ئازادی ئایینی لە وڵاتی ئەمەریکا!. دیسان ئەرکی خۆی بەوردی جێبەجێ دەکات. پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە تا بەتەواوی و دروستی و پێرفێکی ھەموو کارەکانی بکاتھێشتا کات پێویستە. چاتی ناوبراو دەتوانێ تێکسکورت بکاتەوە و ھەندێ پرۆگرامی ھەیە دەتوانێ سیمفۆنی بیتھۆفنیش سەرلەنوێ بنووسێتەوە.
رۆژی 31. 5. 2023 سەرەک وەزیرانی دانگمارژ وتارێکی جا نیوەی بە چات گیپیتی نووسی و دەنگدانەوەی گەورەی لێ کەوتەوە. پرۆگرامی قوتابخانە دەگۆڕێ بەکورت، ھەموو لەسەرەتای شۆرشێکی نوێداین..
گوگل ئێستا مەکینەیەکی تری گەڕان/ سێرچی داھێناوە بە ناوی KI- Tools کە بریتییە لە Search Generative Experience SGE کە جارێ بەس لە ئەمەریکا ھەیە دەتوانری پرسیاری قورس و ئاڵۆزی لێ بکرێ و وەڵام دەداتەوەو ئەگەر بە وەڵامەکەش ڕازی نەبوویت، دەتوانی پرسیاری تری لێ بکەیت.
تۆ بڵێی مرۆڤایەتی بەدەستی مرۆڤایەتی کۆتایی بێت؟! بەڵێ ئەگەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی فریای خۆی نەکەوێ کەسانی دەروون نەخۆش و چڵێسی دەسەڵات لەئۆتۆکرات و دیکتاتۆر و خوێنمژان کە نێتیان خراپ و نەخۆشانەیە دەتوانن کارێک بکەن چارەنووسی مرۆڤایەتی بەتەواوی بخەنە بەردەم ھەڕەشەی نەمانەوە!. بەڵام بەدیوەکەی تردا تا ئەم چرکەساتە باوەڕم بەوە نییە کۆمپیوتەر و مەکینە بتوانێ جێی مرۆڤ و ئەقڵی بگرێتەوە.
ئەم بابەتی زیرەکی دەستکرد و فرە مۆدێلەکانی کۆتایی نییە و بەردەوام لەسەری دەنووسرێ و بیروڕای جیاواز بەرهەم دێ!. ئەم ھەوڵەی بەندە بەرکوڵێکی سەرەتایی ئەو باسەیە.
سەرنج: سەرچاوەی ئەم بابەتە چەندین وتارێکی رۆژنامەی دێرتاگەسشپیگلی ئەڵمانییە.