بەیان ئیبراھیم: لە نێوان لۆکە و شانازدا.
هونەر و فەرهەنگ و کلتور پێش بوارەکانی تری سیاسی و ئابوری هەتا جوگرافی و زمان و خاکیش بەهێزترین ناسنامەی نەتەوە و گەلێکە، ئەوە فەرهەنگە مانا دەدا بە کلتور و زمان و خاک. فەرهەنگ بە گشتی لە ڕۆمان و شانۆ و شیعر و چیرۆک و سەما و سینەما و مۆزیک و گۆرانیدا وێنەی نیشاندانی فەیسی هەر نەتەوەیەکە، هەر یەکێکمان زۆربەی نەتەوە و گەلەکانی دنیامان لە ڕێی ژانرەکانی فەرهەنگەوە ناسیوە پێش ئابوری و سیاسی، ڕۆمانەکان و گۆرانیەکان و شانۆکان و سینەما و شیعرەکان زۆر نەتەوەی دنیایان بە ئێمە و زۆرێک لە نەتەوەکانی تری دنیا ناساندوە، تا ئاستی ئەوەی بەرهەمی نەتەوەیەک بوە بە جیهانی ( هۆگۆ، شکسپیر، کامۆ، بتهۆڤین، ڕەسول هەمزە، بۆدلێر و حافز و مۆرتێ و شەجەریان و یەشار کەمال و… هتد ) ئێمەش وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی شوناس و فەرهەنگی خۆمانین ئەگەر لە مێژودا بەهۆی داگیرکاری و فراوانخوازییەوە دەوڵەتمان نەبوبێ و فەرهەنگمان نەناسرابێ، ئەوا لە ئێستادا بە هۆێ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە سەربازی و ئابوری و سیاسیەکانەوە تا ئاستێک لە باشور و ڕۆژئاوا دەتوانین فەرهەنگمان پەرە پێبدەین بە جیهانی بناسێنین. لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا داگیرکاری هونەری هەبوە لە لایەن وڵاتانی سەر دەستەوە بۆ فەرهەنگی ئێمە لە دیارترینیان حەسەن زیرەکە، لە باکور و ڕۆژهەڵاتیش دەرفەتی ناساندنی فەرهەنگمان هەیە، لەم نێوەندەدا لە ناو ژانرەکانی فەرهەنگدا مۆزیک و گۆرانی و سینەما ترۆپکن، ئالێرەوە ئێمە لە سەرەتای گەشەسەندنی ئەم سێ بەشەین و دەبێ لایەنی بەرپرسی فەرهەنگی ڕۆشنبیری ڕەچاوی ئەمە بکەن کە هونەری باڵا و کرچ و کاڵ کاریگەری لەسەر چەمکی نەتەوەیی و شوناسی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەی هەیە و وەک هەر بوارێکی تر و بگرە گرنگتریش کاری لەسەر بکرێ.
لە ئێستادا هەمو بوارەکانی فەرهەنگ بەربڵاوی و بەرهەمێکی زۆر بەرهەمدێت، بە باش و خراپەوە کە ئەمە ئەگەر لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆری گەورەوە بەری پێ نەگیرێ کار دەکاتە سەر ئەو وێنەیەی کە فەرهەنگ دەیدات بە دەرەوەی خۆی، بە نمونە ئەو سەدان ڕۆمانانەی کە مانگانە بڵاو دەبنەوە و ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، یەکەمیان لەسەر ئاستی لۆکاڵیش ناخوێنرێتەوە و دوەمیان جیهانیە.
لەم نێوەندەدا لەسەر خاڵێکی بچوک وەک سمپڵ قسە دەکەین، ئەویش بەرنامەکەی خانمە هونەرمەند شاناز زاهیرە، کە بینەرێکی باشی هەی ، هەر یەک لەم بەرنامانە وێنەی کورد و هەرێمی کوردستان دەدا بە دەرەوەی خۆی و دنیا، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بوارەکانی تر هەیە بە تایبەت ئەگەر ژنیش بێت، لێرەوە قسە لەسەر ڕاقی بون هونەرێکی پوخت و باڵا دەکەین، بواری گۆرانی و مۆزێک جێدەهێڵین بۆ ئەو مامۆستایانەی کە پسپۆرن لەم بوارەدا، قسەی ئێمە لەسەر وێنە گشتییەکەیە بە تایبەت هونەری مۆزیک و گۆرانی، ئەم خاتونەش ئەگەر لێمان زویر نەبێ بە نمونە باس دەکەین، چونکە جێگەی گفتوگۆیەکی گشتی و چڕە.
جیاوازی لە نێوان لۆکە و شانازدا هەمان جیاوازیە لە نێوان هونەرێکی فەیک و بێتام و فول غەریزەیی و هونەرێکی بەرز و ڕۆحی، هەمومان کاتێ سەیری بەرنامەکەی ئەم خانمە ئازیزە دەکەین و چێژی لێدەبینین، نهێنی سەرسام بوون ئەو جیاوازییە گەورەیە کە لە نیوان لۆکە و شانازدا دروست بوە، بە دیوێکی تردا وێنەیەکی فەرهەنگی جوانی بە هەرێم بەخشیوە، سەرەڕایی دنیایەک کەموکوڕی حکومداری لە هەرێمدا.
بە مانایەکی تر زۆرێکمان ئەوەی لۆکەمان بە دڵ نیە، بەڵام چێژی هونەرێکی جوان لە شانازدا دەبینین، ئەگەر ورد تر بیبینین وەک نمونەی دیار سەیری بکەین، دیمەنی میوانداری هونەرمەند ناسری ڕەزازی بوو کە شانازخان دوای ئەوەی لە لۆکەوە دەبێت بە شاناز و خزمەتی هونەر دەکات هونەرمەندێکی شارەزای گۆرانی و زمانزانێکی گەورەی وەک ڕەزازی دەستی ماچ دەکات، کە دیمەنێکی هێندە جوان و گەورە بوو دەکرێ دنیایەک خوێندنەوەی بۆ بکرێ، ڕەزازی هەرگیز ئامادە نەدەبوو بچێتە بەرنامەی لۆکە نەک دەستی ماچ بکات، بەڵام لە شانازدا خۆی دەچەمێنێتەوە، ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێ کە چەمینەوە بۆ ژن و ڕاقی بوون و هونەری گەورە لای هەر یەکێکمان ئامادەگی هەیە و دەبێتە وێنەیەکی جوانیش بۆ کوردو ناسنامەی گەلێک.
لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین، دەبێت ڕێگا لەو دیاردە و بەرهەمانە بگیرێت کە وێنەیەکی کرچ و کاڵی فەرهەنگمان دەدەن بە دەرەوە. لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ خاتونی هونەرمەند شانازخان، هونەر و هونەرمەند گشتیە، بەدەر لەئازادییە کەسیەکان دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت.