دانا مەنمی: گۆڵمەزی هەڵبژاردن و ئەدای حکومەت و پەڕلەمان.
یەکێک لەو قسانە کە مەبەستمە بیکەم ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەر هەڵبژاردنێک بووبێت کە ئەنجامەکەی دیارنەبووبێت و پێش هەڵبژاردنەکە رێککەوتنی لەسەر نەکرابێت، هەرا و گۆڵمەزێکی لەگەڵ خۆی هێناوە، ئەو گۆڵمەزەی ئەمڕۆش کە لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە لە بارەی هەڵبژاردن ئەنجامی ئەو شکستەیە کە پارتی و یەکێتی بە درێژایی سێ دەیەی هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدان جگە لە قەیرانی سیاسی و پاشەکشەی دۆزی کورد لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی قەیرانی ئاسایش، ئابووری، کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو تادێ ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێت.
پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم ئەگەر مەبەستیان بووایە و لە خەمی بنەماکانی دیموکراسییەتدا بوونایە، پرسی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی چالاکی سیاسی و خۆپیشاندان و گردبونەوە ، ئازادی کاری میدیاییان کۆت و بەند نەدەکرد و هیچ پاسا و بیانوو سیناریۆیەکی سیاسییان بۆ تەنگ پێهەڵچنینی دیدوڕوانینی جیاوازو رەخنەگرەکان نەدەبوو هەرگیزیش پەنایان بۆ پراکتیزەکردنی هەڕەشە و هێرش پەلاماردان و ڕفاندن نەدەبرد، بڕوابون بە کولتوری دیموکراسی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی کارێکی ئاسان نیە و لە ئیمکانی پارتی و یەکێتیدا نییە کە بتوانن کوردستانێکی بەهێز بونیاد بنێن کە سروشتی خۆیان و حیزبەکانی تریش بخەنە ژێر پرەنسیبی سەروەری یاسا.
دوای کۆتایی هاتنی هەموو هەلبژاردنێک بە پلەی یەکەم پارتی و یەکێتی و پاشان هێزە سیاسییەکانی دیکە ڕوو لە پۆست و پشت لە شەقام و خۆیان لە بەڵێنەکان دزیوەتەوە، کۆتایی هەموو هەلبژاردنێک خەلک لە چاوەڕوانی ئەوەدایە دەبێ کەی پارتی و یەکێتی لە کەلی شەیتان بێنەخوارەوەو کۆتایی بە زمانی شەڕو ناکۆکی و عەبەسیەت بهێنن و ڕێز لە ئەنجامەکانی پرۆسەی هەلبژاردن بگرن، بەڵام هیچکات چاوەڕوانی خەڵک و ئەو میللەتە بۆ پارتی و یەکێتی گرنگ نەبووە و زیاتر ئەوان لەخەمی خۆیاندا بوون و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە چۆن کێکەکە دابەش بکەن لە نێوان خۆیان و هێزەکانی دیکەدا، لەبەرامبەریشدا هەموو هەلبژاردنێک ئەوانەی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەدەن رێژەکەیان لە زیاد بوندایە، هەرچەندە بایکۆت دەرفەتی زیاتر دەرەخسێنێت کە پارتی و یەکێتی پەنا بۆ تەزویر و پڕکردنەوەی سندوقەکان ببەن، بەڵام ئەوە کارتی فشارو نەبوونی متمانەی هاوڵاتیانە بە هیزە سیاسییەکان و بە پرۆسەی هەلبژاردن لە کوردستان.
ڕاستیەک هەیە دەبێ تێبگەین ئەویش ئەوەیە کە بەلایەنی کەمەوە نیوەی دانیشتووانی کوردستان، بگرە زیادتریشی، رازی نین لە ئەدای کابینەی نۆیەم و خولی پێنجەمی پەرلەمان و لە ئەدای پەرلەمانتاران، خراپی ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا شکستی پلەیەک و قوڵبونەوەی ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە، کابینەی نۆیەم کە بە کابینەی چاکسازیی ناسێندرا نەک نەیتوانی چاکسازی ئەنجام بدات، بەڵکو هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی نۆیەم قەیرانەکانی کەڵەکەترو سیمای دوو ئیدارەیی قوڵتر نەکردەوە، کابینەی نۆیەم ژینگەیەکی خراپی لە گەندەڵی و ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان خولقاندووەو تەنانەت هیچ مواسەفاتێکی هاوبەش و شەراکەتی ڕاستەقینەی بۆ هیزەکانی تر تێدا نەبووە ، هەربۆیە لەگەڵ خۆیدا پەرلەمانی کوردستانیشیان پەک خستووە!