ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم – بەشی حەوتەم.
ساڵی 1925
و: زاهیر باهیر
لە 20ی تەمموزی 1870 کارل مارکس بۆ فرێدریك ئەنگڵس-ی نووسی ” فەرەنسییەکان پێویستیان بە لێدانێك/زەربەیەك هەیە. ئەگەر پرۆسییەکان سەرکەوتوو بن ناوەندگەرایی دەسەڵاتی دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناوەندگەرایی چینی کرێکاری ئەڵمانی. زیاتریش لەوە، باڵادەستی ئەڵمان ناوەندی کێشکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە فەرەنساوە دەگۆڕێت بۆ ئەڵمانیا. هەروەها مرۆڤ دەبێت بزووتنەوەکە لە ساڵی 1866 بە ئەمڕۆ بەراورد بکات بۆ ئەوەی بزانێت چینی کرێکاری ئەڵمانی لە ڕووی تئیۆری و ڕێکخستنەوە لە فەرەنسییەکان باڵاترە. باڵادەستبوونی بەسەر فەرەنسییەکان لەسەر شانۆی جیهانی بە هەمان شێوە بە مانای زاڵبوونی تئیۆری ئێمە بەسەر تئیۆری پرۆدۆن و هتد دێت”.
مارکس ڕاستی دەکرد: سەرکەوتنی ئەڵمانیا بەسەر فەرەنسادا بۆ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپی بە مانای ڕێڕەوێکی نوێ بوو. سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ و لیبڕاڵی وڵاتانی لاتین فڕێدرا و جێگایان بۆ دەوڵەتگەرایی و تئیۆرییەکانی مارکسیزمی دژە ئەنارکیستی جێهێشت. بەمەش گەشەسەندنی ئەو سۆسیالیزمە زیندووە و داهێنەرەی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی دۆگماتیزمێکی گاڵتەجاڕی نوێوە ڕوویدا کە ئیدیعای زانینی تەواوی واقیعی کۆمەڵایەتی دەکرد، لە کاتێکدا ئەم ئیدیعایە زیاتر نەبوو لە تێکەڵەیەکی دەستەواژەی تیۆلۆژی/ لاهوتیی و زۆربڵێیی قەدەریانە/ جەبریانە و دەرکەوت کە گۆڕی هەموو بیرکردنەوەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بوو.
هاوکات لەگەڵ بیرۆکەکاندا، شێوازەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەبری گروپە شۆڕشگێڕەکان بۆ پاگەندە و ڕێکخستنی خەباتی ئابوریی، کە لەوەدا نێونەتەوەییەکان کۆرپەی کۆمەڵی ئایندە و ئۆرگانە گونجاوەکانیان بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن دەبینی، کەچی بووە هاتنی سەردەمی حزبە سۆسیالیستەکان و نوێنەرایەتی پەرلەمانیی پرۆلیتاریا. وردە وردە پەروەردەی سۆسیالیستیانەی کۆن کە کرێکارانی بەرەو داگیرکردنی زەوی و وەرشەکانی کارکردن ( وۆرک شۆپەکان) دەبرد لەبیرکرا، جێگەی بە دیسیپلینێکی نوێی حزبیی کە وەك باڵاترین ئایدیالی خۆی سەیری گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی دەکرد گیرایەوە.
نەیاری گەورەی مارکس، میخایل باکونین، بە ڕوونی گۆڕانی لە هەڵوێستەکەدا بینی و بە دڵێکی گەورەی خەمبارەوە پێشبینی ئەوەی کرد کە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەوروپادا بە سەرکەوتنی ئەڵمانیا و ڕووخانی کۆمون دەستپێدەکات. باکۆنین لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو بوو، ڕەنگی مردوو لە دەم و چاوی نیشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەند دێڕە گرنگانەی لە 11ی تشرینی دووەمی 1874: بۆ ئۆگارێڤ (Ogarev ) نووسی:
“بیسمارسکیزم کە میلیتاریزم و دەسەڵاتی پۆلیسی و قۆرخکاری داراییە لەژێر ناوی دەوڵەتی نوێدا لە یەك سیستەمدا خۆی گرتۆتەوە ، هەموو شوێنێك داگیر دەکات. بەڵام ڕەنگە لە دە یان پانزە ساڵدا پەرەسەندنی ناجێگیریی ڕەگەزی مرۆڤ جارێکی دیکە ڕۆشنایی بخاتە سەر ڕێگاکانی سەرکەوتن. ” لەم بۆنەیەدا باکونین هەڵەی کرد، نەیتوانی حیساب بکات کە نیو سەدە دەخایەنێت تاوەکو بیسمارکیزم لەناو کارەساتێکی ترسناکی جیهانیدا تێدەشکێت.
* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە. بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.