بورهان شێخ رەئوف: ڕۆڵی حزب لە دروستكردنی بڕیاردا.
لە سادەترین پێناسەیدا، حزب پێكهاتووە لە كۆمەڵێك كەسی رێكخراو کە ئامانجیان گەیشتنە بە دەسەڵاتی سیاسی، یان كۆمەڵێك كەسن كە لەسەر چەند دیدو بۆچوونێك هاوڕان كە كار بۆ جێبەجێكردن و بەدێهێنانیان دەكەن، ئەویش بە كۆكردنەوەی زۆرترین ژمارە لە خەڵک و دەنگدەر لە دەوری خۆیان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، یان لانیكەم دروستكردنی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی دەسەڵات، یاخود كۆمەڵەیەكی سیاسی رێكخراوە و خاوەنی دروشم و بەرنامەی سیاسی رەسمیی خۆیەتی و توانای ئەوەی هەیە کە كاندید و بەربژێر پێشكەش بكات بۆ هەڵبژاردنەكانی وڵاتەکەی بە مەبەستی وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی.
حزبەكان بە گرنگترین كۆڵەكە و بنەمای سیستمە سیاسییەكان ئەژمار دەکرین، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر بەرەوپێشچوون و جووڵەی كۆمەڵگە هەیە و لە هەمانكاتدا دەستەبەری بەردەوامی و سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی دەكەن، هەروەها حزبەكان رۆڵێكی كاریگەریان هەیە لە چالاككردنی ژیانی سیاسیدا و ستوونێكی بنەڕەتی سیستمی دیموكراسی، هەر بۆیە هەڵسووڕانی حزبەكان بە لایەنی باش و خراپیەوە كاردانەوەی لەسەر ژیانی سیاسی و ئاستی پێشكەوتنی دیموكراسی و نوێكردنەوەی سیاسی و كاریگەریی رژێمی سیاسی هەیە.
لەلایەكی دیکەشەوە حزبە سیاسییەكان بە یەكێك لەو كەناڵانە دەژمێردرێن كە هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەیانەوە بەشداریی كاری سیاسی بكەن، هەروەها ئەو كەناڵەیە كەپەیوەندیی سیاسی رێكدەخات لە كۆمەڵگەكاندا، چونكە حزب دەبێت گوزارشت لە گرنگی و خواستی هاووڵاتیان و پێداویستییە گشتییەكانیان بكات و خەبات بۆ بەدەستهێنانیان بكات لەلایەن حكومەتەوە. ئەویش لە رێگەی خەباتی مەدەنی و گوشار دروستکردن لەسەر خاوەن بڕیاری سیاسی رەسمی لە وڵاتدا.
ئەرکێکی دیکەی حزب گواستنەوە و بەرزكردنەوەی داخوازییەكانی هاووڵاتیان و بەتایبەتی بنکەی جەماوەریی حزبەکەیە بۆ حكومەت و بە پێچەوانەشەوە گواستنەوەی بڕیار و رێنمایی و سیاسەتەكانی حكومەتە بۆ هاووڵاتیان و بنکە جەماوەرییەکەی حزب، هەروەها هەوڵدان بۆ نزیككردنەوەی هەڵوێست و بۆچوونە ناكۆكەكان.
لەلایەكی دیکەشەوە شارەزیان و بیرمەندانی سیاسی، حزب بە بناغەی پتەو و رێكخراوی پێکگەیاندنی بنكە و لوتكە دادەنێن، بە جۆرێك وەكو وێستگەیەكی پەیوەندیی پێویست لە نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتدا، چونكە حزب زانیارییەكان لەسەر هەموو سێكتەرەكان كۆدەكاتەوە و دەیگەیەنێتە حكومەت، جا لەڕێی پەرلەمانتارەکانیەوە بێت، یان لەڕێی سەندیکاو رێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانەوە بێت، هەروەها داخوازییەكانی خەڵک بەگشتی و بنکە جەماوەرییەکەی خۆی بەتایبەتی بەهەمان شێوە دەگەیەنێتە حكومەت و لایەنی کارگێڕیی لەسەر ئاستی لۆکاڵی و نیشتمانی.
حزبەكان یان دیموكراسیخوازن و لەگەڵ فرەیی سیاسیدان، کە ئەوە سیستمە سیاسییەکان بەرەو پێشەوە دەبەن، یاخود بە سوودوەرگرتن لە دیموکراسی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و تاکڕەو بەرهەم دەهێنن
دەكرێت حزب ببێتە نەخشەكێش و جێبەجێكاری سیاسەتی گشتی، ئەگەر دەسەڵاتی گرتەدەست، دواتر دەتوانێت پڕۆگرامە سیاسییەكەی پراكتیزە بكات لە رێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە، واتا پەرلەمان یاسای پێویستی بۆ دەربكات، یاخود تەنانەت حزب ئەگەر لە ئۆپۆزسیۆنیش بێت، دەتوانێت رێكاری گونجاو هەڵبژێرێت بۆ گوشار خستنەسەر دەسەڵات بە ئاراستەی ریفۆرم و چاكسازی.
زاراوەی حزب بۆخۆی بەڵگەی فرەیی و رای جیاوازە چ لە جیاوازیی ئایدیۆلۆجیا و بیروبۆچوون و پڕۆگرام و ئامڕاز و كەرەسەكانی كاركردنەوە بێت، هەر بۆیە حزبەكان بە بیروبۆچوونە دیاریكراوەكانیان وەكو قەوارەیەكی یەكگرتوو و گونجاو دەردەكەون، بە پێچەوانەی تاقم و دەستەكان كە بەرژەوەندییەك كۆیان دەکاتەوە لە وێنەی سەندیكا و كۆمەڵە ئەهلییەكان كە داخوازییەكی دیایكراوی كورتمەودایان هەیە بۆ قۆناغێك، بەڵام داخوازیی حزبەكان و ململانێكانیان بۆ گەیشتنە بە دەستەڵات.
مێژووی دیاردەی دروستبوون و پێكهێنانی حزبە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم، ئەم دیاردەیە بە شۆڕشێك لە بواری سیاسیدا لەقەڵەم دەدرێت، بەهۆی ئەو رۆڵە گەورەیەی كەحزبەكان گێڕایان لە بواری گەشەكردنی ژیانی سیاسیدا، وەكو كاراكتەرێكی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا، هەروەها میكانیزمێكیشە كە سیستمی دیموكراسی لەسەر بنیاتنراوە.
ماوەتەوە بڵێین حزبەكان یان دیموكراسیخوازن و لەگەڵ فرەیی سیاسیدان و رەنگدانەوەی راستەقینەی جیاوازییەكانی كۆمەڵگەكانیانن و پەیڕەویی لە سیاسەتی هاوسەنگ دەكەن، یاخود بەپێچەوانەوە حزبی خاوەن بیروبۆچوونی تۆتالیتاری و شمولین و هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتە ئۆلیگاریشییەكەی خۆیان دەدەن.