ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم – بەشی نۆیەم.
ساڵی 1925
و: زاهیر باهیر
بە دڵنیاییەوە ئەرکی لینین کارێکی ئاسان نەبوو: لە لایەکەوە ناچار بوو سازشی بوێرانە بەرامبەر بە مەیلی دژە دەوڵەتی ئەنارکیستەکان بکات، لە لایەکی دیکەشەوە دەبوو نیشانی بدات کە هەڵوێستەکەی بە هیچ شێوەیەک ئەنارکیستی نییە، بەڵکو تەنیا مارکسیستییە. وەک دەرئەنجامێکی حەتمی ئەمە، لای هەموو مرۆڤێکی خاوەنلۆژكی دروستبیرکەرەوە، کارەکانی پڕن لە هەڵە. نموونەیەك نیشان دەدات کە جەختکردنەوەیە لەسەر خواستێك ئەوەندەی بکرێت تاکو مەیلێکی گوایە دژە دەوڵەت لە مارکسدا بخاتە بەرچاو. بۆ ئەمەش لینین ئەو بڕگە بەناوبانگەی مارکس کە لە ‘ شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسادا’ نوسیوێتی دەهێنێتەوە کە مارکس پەسەندی ئەوە دەکات کە کۆمۆن دەستی کردووە بە لە ڕەگ هەڵکێشانی دەوڵەتی مشەخۆر. بەڵام لینین ئەوەی بە بیر نەهێنایەوە کە مارکس بەو قسەیەی کە بە ئاشکرا لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر وتوویەتی، ناچار بووە بۆ لایەنگرانی باکونین سازش بکات، کە ئەو کاتە لە دژی ئەوان سەرقاڵی خەباتێکی زۆر سەخت بوو.
تەنانەت فرانز مێهرینگ (Franz Mehring ) کە ناتوانرێت گومانی هاوسۆزی لەگەڵ زۆرینەی سۆسیالیستەکاندا لێ بکرێت، لە دوایین کتێبی کارل مارکسدا ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە ئەمە سازشێك بوو ، کە دەڵێت: “ بە هەر حاڵ چەندێك هەموو وردەکارییەکانی ئەم بەرهەمە ڕەنگە دروستی تیدا بێت ، بەڵام گومانی تیا نیە فکری ناوەرۆکەکەی ناکۆکە بە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە مارکس و ئەنگڵس چارەکە سەدەیەك پێشتر لە دوای مانیفێستی کۆمۆنیستەوە بانگەشەیان بۆ دەکرد.”
باکۆنین ڕاست بوو کاتێ کەو وتی ” دیمەنی راپەرینە شۆڕشگێریە چەکدارییەکەی بزوتنەوەی کۆمیۆن هێندە کاریگەر بوو تەنانەت بیرو باوەڕی مارکسییەکانیش کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ناچاربوون دان بە کار و ڕەفتارەکانی کۆمیۆندا بنێن و پشتیوانی لێبکەن ، بگرە لەوەش زیاتر لە دژی قەناعەت لۆژیك و باوەڕی خۆیان وەستانەوە و خۆیان دایە پاڵ کۆمیۆن و ڕێباز و ئامانجەکانیان پەسەند کرد. ئەمە گەمەیەکی کەڕنەڤاڵی کۆمیدی بوو کە وەك کارێکی گەوجانە و و نا ئاسایی هاتبێتە پێش چاو بەڵام پێویست بوو، چونکە شۆڕشەکە جۆش و خرۆشێکی ئاوای هێنابووە کایەوە ئەگەر مارکسییەکان هەوڵیان بدایە دەست بە بیرو باوەڕی ڕەق و تەقیانەوە بگرن و خۆیان پەراوێز دەکرد و دەکەوتنەبەر تانە و پشتتێکردنی خەڵک و دادەبڕان دەچوونەوە ناو خەڵوەتگەی ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە.
* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .
**باکۆنین لێردا وتویەتی ” They tried to retreat into the ivory tower of their dogma ” لەبەر ئەوەی ئەمە تێرمێکە ، منیش بەو شێوەیە سەرەوە وەرمگێڕاوە.