بورهان شێخ رەئوف: بودجەیەكی پێوانەیی لە مێژووی عیراقدا.
بەرەبەیانی 12. 6. 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی 2023- 2024- 2025 دا، لە دوای چوار رۆژی پڕ لە بێنەوبەردە و ململانێی توند لە نێوان قەواوەو فراكسێونە جیاوازەكانی ناو پەرلەمانی عیراق و لە هەموو پێكهاتەكان.
بەشێكی زۆری بۆ پرۆژەی خزمەتگوزارییەكانە بودجەی 2023 عیراق 198,8 تریلیۆن دینارە واتە (153) ملیار دۆلاری ئەمریكی، بەشێكی زۆری بۆ خەرجییە حكومییەكان تەرخان كراوە، بەشێكی تری بۆ پڕۆژە گرنگەكانی گەشەپێدانە كە ئامانج لێیان باشتركردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیانی عیراق، هەروەها بەشێكی تری بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوە و بنیاتنانەوەی پڕۆژەكانی ژێرخانە كە ساڵانی پێشووتر پشتگوێ خرابوون بە هۆی گەندەڵییەوە.
خاڵێكی نیگەتیفی ئەم بودجەیە بە گوێرەی وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڵگەنامەی بودجە خۆی، ئەوەیە كە كورتهێنان تێیدا (64.36) تریلیۆن دینارە، ئەمەش رێژەیەكی پێوانەییە بە بەراورد لەگەڵ بودجەی ساڵی 2021دا.
ئەگەر جارێكی تر جیاوازی و ناهەقی كرا لە دابەشكردنی مووچە و شایستە داراییەكان، ئەوا خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەتوانن راستەوخۆ داوای پشكی خۆیان لە بەغداوە بكەن.
دەبێت رۆژانە (3.5) ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت
بودجەكە نرخی بەرمیلی نەوتی بە (70) دۆلاری ئەمریكی چەسپاندووە، ئەگەری ئەوەشی داناوە كە عیراق رۆژانە بتوانێت تێكڕا (3.5) ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، كە (400) هەزار بەرمیلی لە هەرێمی كوردستانەوە بێت، هەروەها نرخی رەسمی دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلار بۆ سێ ساڵی داهاتوو بە (1300) دینار بۆ دۆلارێك دیاری كراوە، بەڵام ئەمەی قابیلی هەموار كردنەوەیە، ئەوەشمان بیر نەچێت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عیراق نەوتە بەرێژەی 90% و زیاتریش.
ئەم بودجەیە زیاتر لە (600) هەزار هەلی كار و كارمەند بۆ كەرتی گشتی زیاد دەكات، ئەمەش پێچەوانەی زۆرێك لە دید و بۆچوونی ئابوریناسانە كە لەو بڕوایەدان عیراق پێویستی بە توندكردنەوەی سیاسەتی دارایی هەیە، ئەمەش بڕی خەرجی تێچووی مووچەی كارمەند و خانەنشینان بەرز دەكاتەوە بۆ (76) تریلیۆن دینار، لە ئابووریشدا چەندە ئەم جۆرە خەرجیانە سەربكەوێت، ئەو خاڵی لاوازییە بۆ بودجە و ئابووری وڵات، لەم حاڵەتەدا پێویستە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بەرزببێتەوە، بە پێچەوانەوە حكومەتی عیراق تووشی كورتهێنان دەبێت و پێویستە بە قەرز پڕی بكاتەوە.
هەربۆیە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە یاداشتێكدا لە 31. 5. 2023 هۆشداری داوە لەوەی زیادبوونی خەرجی و مووچەی كەرتی گشتی هۆكارە بۆ كورتهێنان، ئەگەر نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە بۆ (96) دۆلار، بەڵام تا ئێستا ئەمساڵ تێكڕای نرخی نەوت (71.3) دۆلاری تۆمار كردووە.
ناتوانرێت سزای هیچ پارێزگایەک بدرێت
ئەوەی گرنگە لەم بودجەیەدا بۆ هەرێمی كوردستان سەرەڕای تێبینیەكان بەهەوڵی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیركرا، کە بڕگەیەك لە بەندی 14 دانرا، ئەگەر جارێكی تر جیاوازی و ناهەقی كرا لە دابەشكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەر پاریزگایەک، ئەوا خەڵكی ئەو ناوچانە دەتوانن راستەوخۆ داوای پشكی خۆیان لە بەغداوە بكەن، لەوەش گرنگتر دەبێت بودجە كاری لە پێشینەی دابینكردن و خەرجكردنی مووچەی كارمەندان و خانەنشینان و دابینكردنی پارەبێت، بۆ پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری پارێزگاكانی هەرێم، نەك بۆ شتێكی تر.