ئارام هادی: پارێزگای ناڕازی پێگەی هەرێم لاواز دەکات؟
چەسپاندنی بڕگەی پارێزگای ناڕازی لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراقدا، دەرەنجامی تێکەڵکردنی کارتی سیاسی بە ئابوورییە و شەڕێکە پارتی بەرامبەر بە یەکێتی دەیکات کە سزای دارایی زۆنی سەوزی لێکەوتەوە.
یەکێتی مافی خۆیەتی بڕگەکەی چەسپاند، بۆئەوەی چیتر لەلایەن مەیلێکی سیاسیی زاڵ لەناو حکومەتدا لە هەولێرەوە سزانەدرێت، پارتی دەبێت باش بزانێت پێگەی هەرێم بە مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگایەک لە رووی داراییەوە لەگەڵ بەغدا لاواز نابێت، بەڵکو لە مێژە بەوە لاوازبووە کە پێگەی خۆی لە حکومەت بۆ سزادانی هاووڵاتییانی چەند ناوچەیەک بەکاردێنێت.
کابینەی نۆیەم متمانەی یەکێتیی بە پارتی نەهێشت و بۆشایی فراوانی لە دید و تێڕوانینی تیمی یەکێتیدا بەرامبەر بە هاوبەشەکەی دروستکرد و ئۆباڵەکەشی لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە نەیتوانی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمدا دادپەروەر بێت، بێباکییەکەیان بەرامبەر بە سلێمانی و دەوروبەری لەبری نیشاندانی نیازپاکی، ئەولەویەتی دا بە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و سزا داراییەکانی لەسەر سلێمانی و جۆری مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی دۆخەکەی بەم رۆژە گەیاند.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە جەختکردنەوەی لەسەر فرۆشتنی نەوت و ئابووریی سەربەخۆ و دیارنەبوونی داهات و قوتکردنەوەی 33 ملیار دۆلار قەرزی لەسەر هەرێم، پێداگریی لەسەر بەکارهێنانی پێکهاتەکانی کوردستان لە پەرلەمان بە قازانجی خۆی و رێگریکردن لە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، هەڵبژاردنی دواخست و هاوکات ستراتیژ و پڕۆژە و ئامانج و دیدی هاوبەش و یەکڕیزیی لەم هەرێمەدا خستۆتە مەترسییەکی گەورەوە،
هەروەها بەهای دامەزراوەکانی سیستمی حوکمڕانیشی لەکەدارکرد و هێشتاش دەیەوێت یەکێتی بەدیار ئەو دۆخەوە خەمساردانە دانیشێت و خۆی نەبان بکات.
یەکێتی زۆر لە پارتی زیاتر پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ بەغدادا هەیە، بەدڵنیاییەوە بڕگەی پارێزگای ناڕازی لە بودجەی عیراقدا چەسپێنرا، بۆئەوەی جارێکیتر هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە جا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بێت یان لە هەر ناوچەیەکی دیکە، نەکەونە بەر سزای دارایی بە مەیلی سیاسی، لەکاتێکدا ئێستاش ئەو نیەتە لای پارتی هەیە کە بەردەوام بێت لەسەر سزادانی هاووڵاتییانی کوردستان، خۆ ئەگەر ئەمە وانییە، دەکرێت پارتی روونکردنەوەیەکی هەبێت بۆچی هێندە دژی ئەو بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگای ناڕازی لەگەڵ بەغدا وەستاونەتەوە؟