بەهمەن تاهیر نەریمان: خواپەرستێک گیانی خواناسی کێشا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خواناسی و خواپەرستی، ئەشق- سەنتەری و دەسەڵات- سەنتەری
پاشگری (ناسین) بۆ ناوێک کە زیاددەکرێت” ئاوەڵناوێکی بکەر”ـی دروستدەکات، بۆ نمونە کورد+ ناس← کوردناس (ئەو لێکۆڵەر و کنەکەر و دۆزەرەوەیە کە بەدوای ناسینی ڕۆحی کوردەوە عەوداڵە). سەر+ ناس← سەرناس (کەسێکە لە ناسینی کەسێتییەکاندا بە زمانی جەستە و ماوەیەکی کەم گفتوگۆ ناسنامە و کەسێتی کەسەکان دەناسێت). خوا+ناس (مرۆڤێکە بە وردیی و بە پشتبەستن بە مەعریفەیەکی ورد و بە بیریکی ئازادەوە بۆ خوا دەگەڕێت و لە ئەزمونێکی دینی خۆیدا خوا دەدۆزێتەوە و دەی ناسێت، لەناو خۆیدا بۆی گەڕاوە و پەی پێبردووە).
پاشگری (پەرست) پاشگرێکە بە هەمان شێوە دەچێتەسەر ناو و “ئاوەڵناوی بکەر”ـی دروستدەکات. خۆر+ پەرست← خۆرپەرست (کەسێکە پەرستنی خۆری لە کولتور-کۆمەڵەوە وەرگرتووە و بە حازری وەری گرتووە و هیچ ئەرک و کۆششێکی ئاوەزیی بۆ بەدەستهێنانی نەکردووە).
خۆ+ پەرست←خۆپەرست کەسێکە بە پرۆسەی بەکارخستنی حەزەکانی وەک چێژی لبیدۆیی و موڵکداری و دەسەڵات و هەژموندا ڕۆشتوەو دەیەوێت، هەموو شتەکانی هی خۆی بن. دەسەڵاتی بەسەر هەمواندا بشکێتەوە، هەژموون بخاتەسەر کەسەکانی دەوروبەری و لەوێوە چێژپەرستانە سەرقاڵی تێرکردنی چێژەکانییەتی. بەڵام خۆ+ ناس← خۆناس کەسێکە خەریکی خۆدۆزینەوە و گەڕانە بەدوای کتێبە ناونشینەکەی خۆی و دەی خوێنێتەوە.
مرۆڤی خۆناس بەناو پڕۆسە و ئەزمونێکی کەسیی ورددا ڕۆشتووەو قاڵی ئەزمونە خودییەکەیەتی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئازاد گەیاندویەتی بە خۆی، کۆتوبەندێکی زۆری کۆمەڵ-کولتوریی پساندوەو گەشتووە بە گەوهەرەکەی ناو خۆی. خۆپەرست نەوەی شەرعیی تەڵقینکردنە و هیچ ئەزمونێکی خۆدۆزینەوەی نییەو کانگاکانی چێژپەرستیی لە ململانێ دنیاییەکانی دەوروبەرییەوە وەرگرتووە و ئیتر خۆی بۆ خۆدۆزینەوە تەرخان نەکردووە، خۆی ونکردووە.
لە ئاستی پەسنکردن- وەسفی- Descriptionــندا کتێبی پەروەردەی ئیسلامی، پۆلی نۆی بنەڕەتی گەڕام، ( 21 )جار وشەی (خواپەرست) و گەردانەکانی لە وەسفی ئەکتەری پابەندو موسڵماندا بەکارهاتووە، لەبەرانبەردا وشەی (خواناس) لەو قۆناغانەدا( 1 ) جار بەکار هاتووە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت پەروەردەی دینی و فەرمیی میریی ئێمە ” خواپەرست” بەرهەمدێنێت نەک “خواناس”. ئەو دەردەی مەحوی درکی پێکردووە و دەڵێت:
بێکەس منم، کەسێ لە زوبانم بگا نییە
هەمدەم “خودانەناس”ـن و دەم پڕ لە “یا خودا”
خواپەرست ئەو مرۆڤەیە دەمی پڕە لە یاخودا، سروتە دینییەکانی بەوردی و بێپسانەوە و بەزیادەوە دەکات، زۆر لە خۆی و دەوروبەری دەکات تا زۆرترین سروت ئەنجامبدات، دەمی پڕە لە ویردی خوا، پڕپڕە لە وشە دینییەکان، بەڵام دڵی خاڵییە لە ئیشق و ناسینی خوا. خۆی وەک سەربازی خودا دەناسێنێت و بەرگریی لێدەکات و سەری دەخات، خواوەندی خواپەرست زۆر بێدەسەڵات و دەسەپاچە دەردەکەوێت، پێویستی بە سەرخەرێک هەیە لە کەوتن و فەوتان ڕزگاری بکات. ئەم گوتارە، گوتاری خواوەندێکی دەسەپاچە لە قورئاندا لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە ئیبراهیم، کارەکتەرە پرسیارکەر و نیگەرانەکەی قورئان، بتەکانی (بتپەرستان) تێکدەشکێنێت، ئیتر بتپەرستان هاوار دەکەن: قَالُواْ حَرّقُوهُ وَانصُرُوَاْ آلِهَتَكُمْ إِن كُنتُمْ فَاعِلِينَ. الانبیاء/68. خواوەندپەرستانی دژی “ئیبراهیم” داوادەکەن بۆ ئەوەی خواوەندەکانیان سەربخەن، دەبێت ئیبراهیم بسوتێنن، چونکە خواوەندەکانیان لەبەردەم مەترسیی لەناوچوون و کەوتندان، لەبەردەم پرسیارە گومان دروستەکەرە بەچۆکداهێنەرەکانی ئیبراهیمدان. سەیری سەربازە خواپەرستەکەی بکوژی “خواناس گلی” نوسیویەتی: (هەر کەسێ دوژ منی پێغەمبەر بێت دوژ منمانە هەتا قیامەت(ڕێنوسەکەی خۆیم وەک خۆی بەهەڵەوە نوسیوەتەوە))، ئەمە خەریکی سەرخستنی خوایە لەڕێی سەرخستنی پێغەمبەرەوە. ئەمە ئەو سەربازانەن بەناوی خواوە دێن و دەکوژن و دەسوتێنن بۆ ئەوەی خواوەندەکیان سەربخەن، ترسیان لەوەیە خواوەندەکەیان بفەوتێت، خواوندەکەیان ئازاد نییە و وابەستەیە بە هەوڵ و کۆشش(جیهاد)ـی ئەمانەوە، خواوندەکەیان کەنزێکی شاراوە نییە و بەرەبەرە بۆ خواناسەکان تۆزو غوباری لەسەر لاببەن و دەربکەوێت، بەڵکو بتێکە داتاشراوە و دەبێت لە شکان و شکاندن بپارێزرێت.
خواناس لە گومانەوە خوای ناسییوە، بەڵام خواپەرست لە یەقینە کۆمەڵ-کلتورییەکەیەوە وەری گرتووە و تێیدا چێنراوە، خواناس تێکەڵ بەخوا دەبێت و پارچەیەکە لە نەفخەو ڕۆحی خوا، پەیوەندییان پەیوەندیی ئەشقە، ئەشق-سەنتەرە، لە لێدوانێکی باوکیدا ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەوەی “خواناسی قوربانی” پەیوەندیی لەگەڵ خوادا خواناسانە بووبێت، چونکە بەدایکی وتووە(من لەپێش تۆوە دەچمە بەهەشت، چونکە من خوام زۆر خۆشدەوێت)، پەیوەندییەکە ئەشق-سەنتەرییە، بەڵام ئەگەر ڕاستبێت کۆمێنتە جوێنەکان هی ئەو بن، هێشتا زۆری مابوو ببێت بە خواناس، چونکە خواناس جوێن بە خوای خواپەرستانیش نادات.
خواپەرست تێکەڵ بەخوا نابێت، چونکە پەیوەندییەکەیان پەیوەندیی ترس و دەسەڵات و هەیبەتە، پەیوەندییەکە دەسەڵات-سەنتەرە. بۆیە بە مرۆڤێک کە دەبێتە پارچەیەک لە ڕۆح و نەفخەی خوا، پێی دەگوترێت عارف. بەڵام بە خواپەرست دەگوترێت بەندە(عبد). لە هەر نۆ کتێبەکەی پەروەردەی ئیسلامیدا، کە لە قوتابخانەکانی ئێمە دەخوێنرێن، یەکجاریش وشەی “عارف” نەهاتووە، بەڵام لە نۆی بنەڕەتی پێنج جار وشەی(بەندە) هاتووە، لە حەوتی بنەڕەتیش پێنجار وشەی(بەندە) هاتووە، بۆیە ئەم کتێبە لەبەرانبەر عارف و بەندەدا بەندە-سەنتەرە و عارف هەر وجودی نییە، بەندە دروستدەکات، بەندە بە تامی کۆیلە.
بەندە، مرۆڤێکی گوێڕایەڵی ترساوی بێویستی بەکارهاتووی کۆنترۆڵکراوی گوێلەمستی خۆونکراوە، بۆیە خاوەنی هیچ ئەزمونێکی خواناسی و ئەزمونی دینی نییە، تەنها وەردەگرێت و جێبەجێدەکات، لە کلتوری دینی فقهیدا ئەو کەسەیە کە خاوەنی بیستن و گوێڕایەڵی(السمع و الطاعة)ـیە. عارف مرۆڤێکی ئازادی بیرکەرەوەی ڕەخنەگری خۆناسی خواناسە، خاوەنی ئەزمونی دینی خۆیەتی و لاسایکەرەوە نییە، پێغەمبەران و سۆفییە فەیلەسوفەکان لەم جۆرەن.
بکوژی گەنجەکەی چەمچەماڵ بەندەیەکی گوێڕایەڵە و فەرمانی سەردار(ڕێبەرە ئاینییەکە)ـی جێبەجێکردووە، ئەو ڕێک پێمان دەڵێت بە ببوونی تۆی(خواناس)، خوای من لە پەرستن دەکەوێت، بۆیە دەبێت خواناس نەژی تا خواوەندەکەی من بژی و منیش بە(خواپەرست)ـی بمێنمەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت