مستەفا قایتەوەنی: سەرۆک و حاشیە و چێشتلێنەرەکانی ئێمە و ڕووس.
لە سەر شەقام و لەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک کەتنی دەکرد، دەستگیریان کرد و خستیانە زیندانەوە، کە ئازاد کرا لەسەر عارەبانەیەک و بەدەستگێڕی لە سێبەرێکدا لەفەی دەفرۆشت، ئەم کابرایە هیوایەت و کەسابەتەکەی خۆی گۆڕی بۆ ئەوەی خۆی لە (مەسئولین)ی ڕووسیا نزیک بکاتەوە، تا گەیشتە دەوروبەری (ڤلادمێر پووتین)! کێ بردی! چۆن گەیشت؟! گرنگ ئەوە بوو لەکۆتایدا بوو بەچێشتلێنەری سەرۆکی ڕووسیا، لەپاڵ (سەرۆک)یشەوە هەر بەناوی ئەوەوە بوو بەخاوەنی دەیان کۆمپانیا، کۆشک، تەلار، بەمەشەوە نەوەستا هەر بەناوی بەرگریی لە گەلی ڕووسیا و(سەرۆک پووتین) هەڵسا میلیشیایەکی بەناوی (ڤاگنەر) بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سەرمایەکەی خۆی دروستکرد لەسەر حیسابی گەل و سەرۆکی ڕووسیا.
لە 24 ی حوزەیرانی 2023لەو بارودۆخە هەستیارەی کە ڕووسیا پێیدا تێدەپەڕێ و ( پووتین) سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکان بەرەنگاری نیوەی جیهان بووەتەوە! ئەم کابرایەیی دوێنیی سەرشەقام و چێشتلێنەرە کەی سەرۆک لە گەلی (ڕووسیا و خودی سەرۆک پووتین) هەڵگەڕایەوەو لوولەی تفەنگەکەی لەسەرۆک و ڕووسەکان کرد! ئەم کابرایە هێندەی نەمابوو خەریک بوو دەسەڵات بگرێتە دەست بەبێ تەقاندنی فیشەکێک هەزاران کیلۆمەتر خاکی رووسیا بخاتە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیەوە، بەوەیش نەوەستاغروور گرتی و مەبەستی بوو (پووتین) لە سەرۆکایەتی لابدات و ناوی لە مێژووبسڕێتەوە و خاوەندارێتی ڕووسیا بکات.
ئەمەی سەرەوە کەباسمانکرد کۆی چیرۆکەکەی (یاڤگینی پریگۆژین)ە کە فەرماندەی گرووپی ڤاگنەری ڕووسییە و لەسەرشەقامەوە لەچەتەگری و ڕاو ڕووتەوە بەلەفە فرۆشتن گەیشتە کۆشکی سەرۆکایەتی و بووە چێشت لێنەری سەرۆکی وڵاتەکەی، ڕووسیا وەک وڵاتێکی خاوەن حەزارەت و وارسی قەیسەر و یەکێتی سۆڤیەت، جیا لەوەی لە ڕووی جوگرافیاشەوە زۆر گەورەیە و خاوەنی Five Time Zone واتا لەبەر گەورەی ڕووبەری وڵاتەکە پێنج کاتی جیاوازی هەیە، ڕووسیا چ لە جوگرافیا چ لەقوڵای و حەزارەت و پێشکەوتن و هەموو کایەکانی دیکەی ژیان لە هەرێمی کوردستان گەورەترە، ئەشێ تەنها شارێکی ڕووسیا بە قەبارەی هەموو هەرێمی کوردستان بێ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەک دەیەها، بەڵکو بگرە سەدان کەسی وەک (پریگۆژین)ی ڕووسی پێگەویشتوون و دەیانبینین لەچاو تروکانێکدا بوون بە ملیۆن نێرو ملیاردێر دواتریش بوون بە وەزیر و گزیر وسەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی، پێشتر حەرەس و پاسەوان و سکرتێری بەرپرسەکانیان بوون، ئێستا پێگەیشتوون و بە دزی و ڕاو و ڕووت دەستیان بە کۆکردنی پارە ودامەزراندنی کۆمپانیا و تۆڕی جۆراوجۆر کردووە، ئێستا کار لەپارەو کۆمپانیاش نەماوە بەشێک لەمانە بوونە بە خاوەنی هێزی تایبەتی، پاپۆڕی گواستنەوەی گەورە لەدەریاکان، یەخت، فڕۆکە، هەلیکۆپتەر، ئەوە باسی ڕیزە لانگرۆزەری یەک لەدوای یەک هەر ناکرێ، ئەمانە تەنها هەنگاوی کۆتاییان ماوە کە لە(سەرۆک) هەڵگەڕێنەوە، لەڕووسیا چێشتلێنەرەکە لە سەرۆک هەڵگەڕاوەتەوە، ئەی لای خۆمان کامانەن و کێن ئەمڕۆ بێت یان سبەی لەسەرۆکەکانی ئێمەش هەڵدەگەڕێنەوەو ڕیسەکەمان لێدەکەنەوە بەخوری؟!
لە کوردستانی خۆمان لەسەری سەرەوە واتا لەتەنیشت سەرۆکەوە کاریان بووەتە ئەوەی خەڵکی کورد پەروەر، ڕەسەن، دڵسۆز، خاوەن قوربانی، ئەکادیمی، قەڵەم بەدەست، توێژەر و فیگەرە بە تواناو خەمخۆرەکانی ئەم وڵاتە بکەنە دوژمنی سەرۆک و بزاڤی کوردی و قەوارەی کوردی کە بەخوێنی ئەم چین و توێژانەی باسمانکرد ئەم وڵاتە دروست بووە کەناوی هەرێمی کوردستانە.
دەوروبەری سەرۆکەکانی ئێمە تەنها وەڵامی پیاوی ناو تۆڕو کۆمپانیا و باندەکانی خۆیان دەدەنەوە، ئەگەر پیاوێ، کوڕو کچ و ژنە شەهیدێ لە تێکۆشەران، قارەمانانی دوێنێ، خاوەن ڕووئیا و بڕوانامە باڵاکان و خەمخۆران پەیوەندییان پێوە بکەن بەچاوێکی ئەوەندە کەم سەیریان دەکەن مرۆڤ لەخۆیەوە مینا شکێن دەبێ لەوەی لەدەرگای ئەوانەی داوە!؟ باسی پێشمەرگەی کۆن و شاخ هەر مەکەن ئەوانە بەپیس و نامۆ دەزانرێن…. دەوروبەری سەرۆکەکانی ئێمە بۆچی وا دەکەن؟ بۆ ئەوە وا دەکەن کەش وهەوایەکی وا دروست بکەن هەرچی کەسە ڕاستگۆ و خاوەن خەبات و تێکۆشەرە ڕاستەقینەکان و خوێنەوارەکانی ئەم وڵاتەیە بیانکەنە دوژمنی سەرۆک و ناحەزی قەوارەی هەرێم ڕقیان لە سەرۆک و وڵاتەکەیان ببێتەوە! ئینجا دواتر هەر خۆیان ئەو دهۆڵە دڕاوە بکوتن و بڵێن ئێمە وتمان و دەمانزانی فڵان کەس خائین و جاش بووەو جێگای سیقە نەبووەو نییە!! بەپێچەوانەشەوە ئەوانەشی وەک خۆیانن، لە خۆیان و بەرژەوەندییەکان نزیکن هەوڵ دەدەن زۆرینە بن، ئیتر ئاو لەئاشیان بەردەوام دەبێ و گرێی بەختیان دەکرێتەوە، جا ئەو کەسە ئەگەر یەک دێڕ خوێندەواریشی نەبێ و (ئەلف) بەتێڵا بزانێ، ئێستا ئەمە بەردەوامە تا ڕۆژێک دێ سەدای پارەو ئابووریی و هێزی میلیشیایی زیاتر ببیسترێت نەک دەنگی سەرۆک و بزاوتە نیشتیمانییەکەی کوردستان کە خوێنی هەزاران خەڵکی ئەم وڵاتەی بۆ ڕژا!!
دەریش کەوتووە لەداهاتووش زیاترو ڕوونتر دەردەکەوێ کە دوژمنەکانی کورد و ( سەرۆک) بە ئەندازەی دەربارو سکرتێرو دەرگاوان و چێشتلێنەرەکانیان گورزیان لێ نەداوە!؟
ئەگەر مرۆڤ کەمێ بەویژدانەوە بڵێ چێشت لێنەرەکەی (سەرۆک پووتین) وەک ئەم چێشت لێنەرانەی لای ئێمە نییە، پیاو قسەیەکیش بۆ (چێشت لێنەرە) ڕووسەکە بکات، ئەو کابرایە ئێژێ من بە بیست و پێنج هەزار سەربازەوە شەڕم بۆ سەرۆک و گەلی ڕووسیا کردووە، کەچی لەدواوە بەفەرمانی وەزیری بەرگری ڕووسیا تەقەمان لێکراوە! هەروەها (فەرماندەی ڤاگنەر) ئێژێ وەزیری بەرگری، سەرۆکی سوپا چەک و تفاقیان بۆ نەدەناردین بۆ بەرەکانی شەڕ! دوور نییە وەزیری بەرگری و سوپا سالارەکەش لە چەشنی چێشت لێنەرەکەی (فەرماندەی ڤاگنەر) نەبن و بەرژەوەندییەکانیان یەکی نەگرتبێتەوە، گەرەکیان بووە ئەم (سەرۆک پووتینە) لە گۆڕەپانەکە بە فەتارەت بەرن، ئەما سکرتێر و دەرگاوان و چایچیەکانی ئێمە گولەیان نیە بیتەقێنن، چونکە ترسنۆکن و پیاوی شەڕ نین، بەڵام لە پێوەداندا وەک مار ژەهراوین، هەرچی خەڵکی لێزان و ژیری ئەم میلەتە شەش ملیۆنییە کوشتویانە، من یەک دووعایەک دەکەم خودایە سەرۆک و میلەتەکەی ئێمە لەم جۆرە بەڵایەی نزیک خۆیان بپارێزێ، چونکە کورد میللەتێکی بێ پشت و پەناو بێکەسە…
کورت و کرمانج چێشت لێنەر و حاشییەکانی وڵاتی ئێمە بزانن هەرکەسێ خاوەنی فیکر و ڕووئیایی باش بێت بۆ کوردستان، ئیتر ئەمانە دەکەونە وێزەی و ئەوەندە ڕقیان لێیی دەبێت هەموو دەرگاکانی لێ دادەخەن تا بێزاری دەکەن و وای لێ دەکەن ڕقی لە بیرو باوەڕو سەرۆک و نیشتیمانەکەشی ببێتەوە، ئەزانن بۆ؟ چونکە سکرتێرو حاشیە و دەوروبەرەکان نەخوێندەوارن کە دەبنە خاوەنی ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە، ئیتر چۆن خەڵکی ژیرو دنیا دیدەو خاوەن فکریان لا پەسەند دەبێت، کوردستان لەدەست مرۆڤەکان دەرچووە، مەگەر دووعای خێر بۆ سەلامەتی سەرۆک بکەین ڕۆژێ ئینقلابی لەسەر نەکرێ لەلایەن حاشیەکانیەوە.