خالید مەجید فەرەج: دیالەکتیک لەنێوان هیگل و مارکس دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیالەکتیک لە Dialigoگریکییەوە هاتووە کەدەکاتە موجادەلەو موناقەشە، لە سەردەمە دێرینەکاندا، دیالەکتیک هونەری گەیشتن بە هەقیقەت بووە لەرێگەی دۆزینەوەی ناسازییە ناوەکییەکان لە موجادەلەکردن لەگەڵ بەرامبەردا و زاڵ بوون بەسەر ئەو ناسازیانەدا (تناقض). فەیلەسوفەکانی سەردەمە کۆنەکان باوەڕیان وابوو کە دۆزینەوەی ناسازیەکان و پێکدادانی ئەفکارە دژبەیەکەکان باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بەهەقیقەت. ئەم شێوازە دیالەکتیکییە لە فیکردا، دواتر شۆڕبووەوە بۆ دیاردە سروشتییەکان و پێشکەوت بۆ شێوازی دیالەکتیکی لە تێگەیشتنی سروشتدا، ئەو شێوازەیە کە دەڵێت دیاردە سروشتییەکان لە جوڵەی بەردەوام دان و گۆڕانکاری بەردەوامیان بەسەردا دێت. ئەوان پێشکەوتنی سروشت وەک بەرهەمی پێشکەوتنی لە سروشتدا لە ئاکامی کار لێکردنی بەرامبەری لەنێوە هێزە سروشتییە دژ بەیەکەکان دێتە دی.
هیگڵ کە لەنێوان ساڵەکانی 1770-1831 دا ژیاوە دیالێکتیکەکەی ئەرستۆ کە ناوی هونەری حیوار، یان موناقەشە و پشت بە بەڵگە هێنانەوە بوو، بۆ پشتیوانیکردن لە ڕایەک لە دژی ڕایەکی دیکەی پێچەوانە بوو، پەرە پێدا بۆ پەیڕەوێکی شیکاری کە پەنا بۆ کارلێک کردن دەبات لەنێوان بیرۆکەکە و پێچەوانەکەیدا و وا دەخوازیت کە یەک بخرێن، گونجاندن لەنێوانیاندا دروست بکرێت، تاوەکوو ئەو ناسازییەی نێوانیان (نفی النفی) “ڕەت کردنەوەی ڕەتکراوە” لە جووڵەیەکی سەرەوژووردا لە شێوەی پەیژەیەکی لوولەپێچدا، کە لە کۆتاییدا دەمانگەێنێت بە فیکرەی ڕەها، یان گشتگیر تێ بپەڕێنن. ئەو ئەو پەیڕەوە دیالەکتیکییە ئایدیالیستیەی بەسەر سروشت و مێژوودا پیادە کرد.
سروشت، یان مادە بە نیسبەت هیگڵەوە، تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی ڕووکەشی عەقڵە، نەک هەقیقەتێکی سەربەخۆ. ئەو دەڵێت بەبێ فیکر (ڕۆح)، مادە بوونی نییە، کەواتە فیکر جەوهەری ئینسانە، بەڵام جەستە و دنیای دەرەکی(مادە) تەنیا دەرکەوتە و تەسەوراتێکی دروست کراوی عەقڵی مرۆڤن، بۆیە هیگڵ لەسەر فەیلەسووفە میسالییەکان حیساب دەکرێت.
مێژووش بە نیسبەت هیگڵەوە، بە شانۆی ئەو دیالێکتیکە میسالییە دادەنرێت کە لەسەر پێش خستنی ڕۆح بەسەر مادەدا بنیات نراوە و وەک بەرجەستەبوونێکی ئەو وایە لەسەر ئەرزی واقیع، کە هەوڵ دەدات بیهێنێتە ئاستی هۆش، وەک جەوهەرێکی خالیس کە بە کردار هەوڵ دەدات پلە بە پلە بە سێ قۆناغ بگاتە سەربەستی، هەر قۆناغێکیش لەو قۆناغانە پلەیەکی دیاریکراو پێک دەهێنێت لە پلەکانی.
1- قۆناغی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی: چینی و هیندی و فارسی و نێوان دوو زێ و فیرعەونی بەوەدا جیا دەکرێنەوە کە هاوڵاتیان هەموو کۆیلەی حاکم بوون فەرمانەکانی ئەویان جێبەجێ کردووە و تەنیا حاکم سەربەستە.
2- قۆناغی هەر دوو شارستانییەتی یۆنانی و ڕۆمانی: بەوە ناسراوە کە هەست کردن تێێدا بە سەربەستی فراوان بوو و ئەوان هاووڵاتییانی یۆنان و ڕۆمان بوون. بەڵام باقی نەتەوەکانی دیکە وەک بەربەریەکان(هەمەجی) سەیردەکران و دیلەکانیان دەکرد بە کۆیلەی خۆیان.
3- قۆناغی نەتەوە جەرمانییەکان: ئەوان یەکەمین گەل بوون کە گەیشتنە ئەو هۆشیارییەی کە دەڵێت: مرۆڤ لەبەر ئەوەی مرۆڤە، کەواتە سەربەستە و سەربەستییەکانی وەکوو تاک دژ بە بوونی دەوڵەتی قانوون نییە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بزاڤی ڕۆشنگەری ئەورووپای ڕۆژئاوا (فەلسەفەی بۆرجوازی نما کرد و) لە فەلسەفەی هیگڵ دا ئاوێنەی داواکارییەکانی سەردەمەکەی خۆی بوو کە داوای سەربەستی تاکی لە ئامێزی دەوڵەتی قانووندا دەکرد، ئەو لەو ڕووە دەڵێت: دەوڵەت هێزی ئەقڵ و بەجێهێنەری زاتی خۆیەتی” و”ئەو ڕۆح ی پێکهێنەری زاتی خۆیەتی” و ئەرکی سەرشانی تاکە کە ببێت بە ئەندام لە دەوڵەتدا.
بەڵام لەلای کارل مارکس (1818-1883)دیالەکتیک دەبێت بە مادی، بە ئیعتیباری ئەوەی کە مارکس دیالەکتیکی هیگڵی سەربەرەو خوار هەڵگێڕایەوە و ئیدی ئەفکار بوو بە تەنیا ڕەنگدانەوەی جیهانی مادی کە پشت بە سێ یاسا بنەڕەتی دەبەستێت بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی هۆکار و کار لێکردن کە کۆنترۆڵی گۆڕانکارییەکان لە سروشت و کۆمەڵگەدا دەکەن:
A- یاسای گۆڕینی چەندێتییەتی بۆ چۆنیەتی کە ناوەرۆکەکەی گۆڕانی چەندێتییە بۆ گۆڕاوی جۆری.
B- یاسای یەکگرتن و ململانێی دژەبەرەکان: ناوەرۆکەکەی ئەوەیە، هیچ دیاردەیەک نییە دژەکەی خۆی لەناو خۆیدا هەڵنەگرتبێت، یان تۆوی فەنای خۆی هەڵنەگرتبێت.
C- یاسای نفی النفی: ناوەرۆکەکەی چۆنییەتی ڕەتکردنی ناسازییەکان و پێشکەوتنە بەرەوە ژوور و بەڕێگەیەکی لەولەبی لە شێوەی ئەڵقەی تێک هەڵکێشدا.
سروشت (مادە) بەنیسبەت مارکسەوە ڕەگەزی یەکەمی دیاری کردنی وجوود “بوونە” لەوەوە ژیان دروست بووە و پێشکەوتووە. فکر، یان (ڕۆح) تەنها دەرهاویشتەی دەماخە کە ئەندامێکی مادی لەشی مرۆڤە، ئەویش واتا جەستەی مرۆڤ تەنێکە لەو تەنانەی کە بەشێکن لەو مادەیەی کەون پێکدەهێنن. مادە لە مرۆڤ کۆنترە بە ئیعتیباری ئەوەی کە تەمەنی زەوی لە پێنج ملیار ساڵ زیاترە، لە کاتێکدا کە تەمەنی مرۆڤی عاقڵ لەسەر زەوی لە دووسەد هەزار ساڵ زیاتر تێپەڕ ناکات. مادە بەپێی یاسا دیالەکتیکییەکە پشت بە زانستی تاقیگەری دەبەستێت نەک بە میتافیزیک و جیهانە میسالییەتەکە و لە گۆڕانکاری بەردەوامیش دایە.
کاتێک کە مارکس و ئەنگلز باس لە شێوازە دیالەکتیکییەکان دەکەن، عادەتی ئاماژە بە هیگڵ دەدەن وەک فەیلەسووفێک کە ڕوکارە سەرەکییەکانی دیالەکتیکی ڕۆشن کردووەتەوە، یان ڕاستر پێک هێناوە. بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەێنێت کە دیالەکتیکی مارکس و ئەنگلز دەقاو دەقی دیالەکتیکی هیگڵە، لە ڕاستی دا مارکس و ئەنجلز ( کرۆکە ماقووڵەکەی) دیالەکتیکی هیگلییان وەرگرتووە و توێکڵە میسالییە (ئایدیالیستییەکەیان) فڕێ داوە و پێشیان خستووە تا وەکوو بەرگێکی زانستیان بەسەردا پۆشیوە.
مارکس دەڵێت: شێوازە دیالەکتییەکەی من نەک هەر لە دیالەکتیکە هیگلییەکە جیاوازە، بەڵکوو پێچەوانە ڕاستەوخۆکەشیەتی. هیگڵ پرۆسەی بیرکردنەوە، کە ناوی بیرۆکەی لێدەنێت دەکات بەزاتێکی سەربەخۆ، دەڵێت: ئەوە خالقی دنیای هەقیقییە، دنیای هەقیقی لەلای ئەوە تەنیا شێوەیەکی دەرەکی بیرۆکەیە (فکرة)، بەڵام لەلای من پێچەوانەیە، میسال تەنیا ئەو جیهانە مادییە کە دەماخی مرۆڤ عەکسی دەکاتەوە و دەیکات بە شێوەکانی فیکر.
کاتێک مارکس و ئەنجلز باس لە ماتریالیزمەکەی خۆیان دەکەن، عادەتی ئاماژە بە فیورباخ دەدەن کە فەیلەسووفێک بووە ماتریالیزمی هێناوەتەوە سەر ڕێگای ڕاست. ئەمەش ئەوە ناگەێنێت کە ماتریالیزمەکەی مارکس ئەنگلز دەقاودەقی ماتریالیزمەکەی ڤیورباخە. لەواقیعدا مارکس و ئەنگلز کرۆکەکەی ناوەوەیان لە ڤیورباخ وەرگرت و پێشیان خست بۆ تیۆریەکی ماتریالیزمی زانستی فەلسەفی و توێکڵە ئایدیالیستییە ئاینییەکەیان لێ داماڵی.
ڕاستە ڤیورباخ لەسەر بناغەیەکی ماتریالیزمی وەستابوو، بەڵام ئیعتیرازی لەسەر ناوی ماتریالیزم هەبوو، ئەنگلز زیاد لە جارێک گوتوویەتی کە :” ڤیورباخ هەرچەندە بنەمایەکی مادی هەبووە، بەڵام نەیتوانیەوە لەکۆتە ئایدیالیستە(مثالی) تەقلیدیەکە خۆی ڕزگار بکات.
دیالەکتیک لەناخی خۆیدا پێچەوانەی ڕاستەو خۆی میتافیزیکە.
لایەنە بنەڕەتییەکانی شێوازی دیالەکتیکی مارکسی ئەمانەن:
A- بە پێچەوانەی میتافیزیکەوە، دیالەکتیکی سروشت دانانرێت بە کەڵەکە بووی لەخۆوەی شتەکان، یان دیاردەکان، کە یەکێکیان بەوی تریانەوە نەبەسترابێتەوە و، یان هەریەکەیان دابڕاو و جیا بێت لە وانی دیکە. بەڵکوو دادەنرێت بە کیانێکی پێکەوە گرێ دراو کە بەهیچ جۆرێک لێک جیا ناکرێنەوە، شتەکان لە گەڵ دیاردەکان بەشیوەیەکی ئۆرگانی پێکەوە بەستراون، هەر یەکەیان بڕیار لەوی دیکەیان دەدات.
B- بۆیە شێوازی دیالەکتیکی دەڵێت: ناتوانین لە دیاردەیەکی سروشتی بگەین، ئەگەر تەنها وەکو خۆی وەری بگرین و نەیبەستینەوە بە چوار دەوریەوە.
C- بەپێچەوانەی میتافیزیکەوە. دیالەکتیکی سروشت هەرگیز لەحاڵەتی خاموۆشی و بێ بزاوتندا نابینرێت، بەڵکو لە جوڵەو گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی بەردەوامدایە. شتێکی نوی دروست دەبێت.
بۆیە شێوازی دیالەکتیکی بە تەنیا دیراسەتی دیارەکان لە گۆشەنیگای پەیوەندییە بەرامبەریەکەیان و پشت بەستن بە یەکتریان ناخوازێت، بەڵکو لە گۆشەنیگای بزاوتنەکەی و گۆرانی و پێشکەوتن و دروست بوون و نەمانیشییەوە.
ئەنگلز دەڵێت: سروشت هەمووی لە بچووکترین شتەوە بۆ گەورەترینی، لە دەنکێک لمەوە بۆ خۆر، لە حاڵەتی دروست بوون فەنا بووندایە، لەحاڵەتی گۆڕانکاری بەردەوامدایە. لە حاڵەتی جووڵە و گۆرانێکدایە کە وەستانی بۆ نییە. (د .ئەنگلز، دیالەکتیکی سروشت).
بەپێچەوانەی میتافیزیکەوە، دیالەکتیک پرۆسەی پێشکەوتن و گەشە سەندن بە پرۆسەیەکی گەشەسەندنی سادە و ساکار دانانێت، کە گۆڕانیکاریە چەندێتییەکان نەبێت بە گۆڕانکاری لەڕووی چۆنیەتییەوە. بەڵکوو گەشەسەندنێکە لە گۆڕانکاری چەندێتی سادەوە دەگۆڕێت بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەست پێکراو.
مارکس دیالەکتیکە ماتریالیزمییەکەی بەسەر کۆمەڵگەدا پیادە کرد، دواتریش بەسەر مێژوودا و ناوی لێ نا ماتریالیزمی مێژوویی کە ژێرخانە مادییەکە ( واقیعە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە) لە کار لە یەکتری کردنە دیالەکتییەکەیاندا لەگەڵ سەرخانەکەدا (دەربڕینە سیاسی و کولتووری و ئایینییەکەدا) دەخاتە پێشەوە. یەکەمیان واتا ژێرخان پێک هاتووە لە هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی کە چینی کۆمەڵایەتی دیاری کراو دروست دەکات، چەوسێنەر و چەوساوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ موڵکیەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان کە ڕەنگدانەوەی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دەبێت کە بەدەست چینە باڵا دەستەکەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەبێت و هەر خۆی ئاراستەی کولتوور دەکات و ئایین بەکار دەهێنێت لەپێناوی بەرژەوەندییەکانیدا و دەبێتە هۆی دروست بوونی ململانێ لەنێوان چینەکاندا. ئەو ململانێیە پرەنسیپی دووەمە کە ماتریالیزمی مێژوویی لەسەر هەڵدەستێت، ململانێی نێوان چینەکان لە نەزەری مارکسدا بزوێنەری مێژووە بەرەو پێشەوە بەپێی یاساکانی ماتریالیزمی دیالەکتیکی. هەرچەندە هێزەکانی بەرهەم هێنان گەشە بکەن بەبڕی ئەوە ناسازییەکان و ململانێکەی لەنێوان ئەوان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان کە ئەو دەمە لە ئارادایە توند تر دەبێت، ململانێکە لەڕووی چەندێتییەوە کەڵەکە دەبێت تا ڕادەی تەقینەوە لە شێوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا کە چینە چەوساوەکان پێی هەڵدەستن، سەر لەبەری کۆمەڵگە بەگوێزانەوەیەکی جۆریی دەگوازێتەوە بۆ شێوازێکی بەرهەمهێنانی نوێ کە لەوەی پێش خۆی زیاتر عەدالەتی تێدایە. ئەوەش بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دووبارە بووەتەوە.
مارکس توانیویەتی چوار جۆر، یان تەرخ لە بەرهەم هێنان دەست نیشان بکات کە مرۆڤایەتی لە دەرکەوتنییەوە لەسەر گۆی زەوی تا وەکوو ئێستا پێی ئاشنا بووە:
1- شێوازی بەرهەمهێنانی مشاعی (هاوبەش، واتا کەس موڵکداریەتی نییە) سەرەتایی: مرۆڤ لە شێوەی کۆمەڵەی بچووکدا لەسەر ڕاوکردن و لێکردنەوەی بەروبوومی ڕووەکەکان دەژیان، هاوکاری و ژیانی هاوبەش و دوور لە جیاوازی کۆمەڵایەتی دیاردەی هەرە دیاری ئەو سەردەمە بوو، پێویست بەدەسەڵاتی سیاسی نەبوو(دەوڵەت). چونکە بەرهەم هێنان تەنیا بۆ شتە زەروورییەکان بوو. ئەوەش قۆناغەش سەدان سەدەی خایاند.
2- شێوازی بەرهەمهێنانی کۆیلایەتی: لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و دابەشکردنی کار و بەرهەم هێنانی زیاد لە پێویستدا کە ڕێگەی بە هەندێک دا بازرگانی پێوە بکەن و قازانجی لێ بکەن، ئەوە وای کرد بتوانن کۆیلەیان هەبێت بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنن بۆ بەرهەمهێنانێکی کشتوکاڵی زیاتر، ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆیلانە ئامرازی سەرەکی بەرهەم بن، ئەو کۆیلانە لە چەندین ڕێگەوە دەست دەکەوتن بەتایبەتی جەنگەکان، بەو شێوەیە کۆمەڵگە دابەش بوو بۆ چینێک کۆیلە و چینێک کە خاوەنی کۆیلەن.ئەوشێوازەی بەرهەمهێنان ئیمپراتۆریەتە کۆنەکانی بەرهەم هێنا، هەر ئەوەش بوو کەوای کرد شۆڕشی کۆیلەکان بە سەرکردایەتی سپارتاکۆس تێدا ڕووبدا(سەدەی یەکەمی پێش زاین) ئەوەش ئاماژەیەک بوو بۆ دەستپێکی داڕمانی لە نێوان سەدەکانی چوار و پێنجی زایین دا.
3- شێوازی بەرهەم هێنانی دەرەبەگایەتی: ئەم شێوازە لە سەروبەندی دەرکەوتنی کۆیلەی زەویدا سەریهەڵدا ئەوان واتا کۆیلەکان، هەرچەند هێزی بەرهەمهێنی سەرەکی بوون، بەڵام خاوەنی زەوییەکە نەبوون. بوو بەهۆی سەرهەڵدانی پەیوەندییە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان لەنێوان میرە دەرەبەگەکان و مەلەکییە ڕەهاکان و کەنیسەدا لەلایەکەوە، کۆیلەی زەوی و جوتیارە بچوکەکان لەلایەکی دیکەوە. ئەوقۆناغە بەوەدا دەناسرایەوە کە پەیوەندی یاسایی ئەو کۆیلە و جوتیارە بچوکانەی بە چینی نوبەلا وە دەبەستەوە و ئەو پەیوەندییەش بە میراتی دەگوازرایتەوە بۆ کوڕەکانی هەر دوو لاکە..
4- شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری: لەناو هەناوی سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە لە ئەورووپا لە کۆتایییەکانی سەدەی 15 و سەرەتای سەدەی 16 دا لە ئاکامی گەشەکردنی پیشەسازییە دەستییەکان و بە تایبەتیش ئاڵ و وێڵە بازرگانییەکان بە هۆی دۆزینەوە جوگرافییەگەورەکانەوە سەری هەڵدا. لە هەر دوو سەدەی 17 و 18 دا لەگەڵ نەشونماکردنی وەرشەکانی پیشەسازییە دەستییەکان چڕ ببووەوە، هەروەها شۆڕشەکان لەدژی دەرەبەگ و کەنیسە کە کۆیلەکانی زەوی و جووتیارە بچووکەکان بە دنەدانی بۆرجوازی نەشونما کردوو پێی هەستان، وەک شۆڕشی پەرلەمانی ئینگلیزی و فەرەنسی، دواتر بەهۆی جەنگە فراوانخوازەکانی ناپلیۆندا گەشەی سەند، بەتایبەتیش لە ئاکامی شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی 19دا.
لە سەرەتای سەدەی بیستدا سیستەمی سەرمایەداری چووە قۆناغە باڵاکەیەوە کە سەرمایەداری ئیمپریالیستییە و دەکاتە باڵادەستی سەرمایەدانی بانقی و پیشەسازی بەسەر جیهاندا.
ئەم سیستەمە بەوەدا دەناسرێتەوە کە سەرمایەدارەکان –بۆرجوازییەکان موڵکداری ئامرازەکانی بەرهەم هێنان و کۆیلەی زەوی و جوتیارەکان بوون بە پرۆلیتاریا (کرێکار)، یان هێزی بەرهەم هێنانی تایبەت بە کارگە گەورەکان بەرامبەر بە کرێیەکی زۆر کەم کە ناگونجێت لەگەڵ بەهای ئەوکارەی کە ئەنجام دراوە، زیادەی بەهاکە بۆ سەرمایەدارەکانە و لەپەستا سەروەتەکەیان زیاد دەکات، ئەوەش دوو چینی ناساز لەگەڵ یەکتر دروست کرد (متناقض) و ئەو ململانێیەی نێوانیان بەحەتمی دەیگەیاندە هەڵایسانی شۆڕشی پرۆلیتاری و گواستنەوە بۆ شێوازی بەرهەم هێنانی سۆسیالیستی- وەک قۆناغی گواستنەوە و دەست پێک- بەرەو شیوعییەت. ئەوەی کە شیوعییەتی پێ دەناسرێتەوە، ئەوەیە ئیستیغلالی مرۆڤ بۆ برای مرۆڤی ناهێڵێت وموڵکداری تایبەت لەناو دەبات و دەوڵەت زەرورەتی نامێنێت و ململانێکە دەگۆڕێت بۆ ململانێ لەنێوان مرۆڤ و سروشدا بەبەکارهێنانی چەکی زانست.
سەرچاوەکان
مارکس.. ئایدۆلۆجۆجیای ئەڵمانی
الفکر في التأریخ
البیان الشیوعی
رأس المال
انجلز: دیالکتیک الطبیعة
ماتریالیزمی دیالەکتیکی وماتریالیزمی مێژوویی -جوزیف ستالین- وەرگێڕانی حسقیل قوچمان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت