هەڵۆ بەرزنجەیی: توندڕەوی و پەڕگیریی لە ئەڵمانیا.
مێژووی ئەڵمانیا لای زۆربەمان زانراوە، بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی ڕابووردووە و بە هەڵگیرسانی دوو جەنگی جیهانی و دەسەڵات گرتنەدەستی نازییەکان.. هیتلەر کە ناوێکی دیاری ئەم ژینگە و مێژووەیە، هێندە بەرچاوتەنگی سیاسی و مرۆیی هەبوو، کارێکی کرد لە 1949 وڵاتەکەی گەیشتە ئەوەی بێتە دوو دەوڵەت!..
بەشی رۆژئاوا لەژێر سایەی هێزە هاوپەیمانەکاندا زوو کەوتنە خۆ و خوێندنەوە و کاری زۆریان بۆ ڕابووردووی خۆیان کرد و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو چەسپاندنی دیموکراسی و کرانەوەیان بە ڕووگ ئەوروپا و جیهاندا خستە گەڕ.. تا پێش یەکگرتنەوەش، یەکێ بوو لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوو و دیموکراسییە بەهێزەکانی جیهان.
بەشی رۆژهەڵات کەوتە ژێر دەستی سۆڤیەت و بووە بەشێک لە سیستەمی سۆسیالیستی بلۆکی رۆژهەڵات. ساڵی 1989 شورەوی هەرەسی هێنا و دیواری بەرلین داڕما!.. ئەڵمانیا یەکی گرتەوە.
لەو ڕۆژەوە تا ئیمڕۆ ئەڵمانیا رۆژئاوا بە هەموو هێزی ئابووری و فەرهەنگی خۆی خەریکی خزمەتی ئەم بەشەی وڵاتە، بەڵام هێشتا شوێنەواری زۆری سەردەمی کۆنی پێوە دیار ماوە. خراپترین و ترسناکترینیان بەرەو ڕادیکال چوون و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و باوەڕهێنان بە سیستەمی دیکتاتۆری و خەون بینینیانە بە ڕابەڕێکی وەک هیتلەرەوە!.
لە نوێترین ڕاپرسی و لێکۆڵینەوەدا لە لایەن Else-Frenkel- Brunswik- Institute زانکۆی لایپزیک کە دوێنێ ئاکامەکەی بڵاوکرایەوە، بەم جۆرەیە: 42.6% ئاسوودە نین لە سایەی ئەو دیموکراسییەی ئەڵمانیادا.
3/4 پێشیان وایە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەیان نەماوە. لە ڕاپرسییەکەدا کە لەم هەرێمانەی بەشی رۆژهەڵاتدا کراوە
Mecklenburg- Vorprommern, Brandenburg,Sachsen-Anhalten, Sachsen,Thüringen & Ostberlin
خەڵکەکە هەڵوێستی توندیان دژ بە جولەکەو بێگانە دەربڕیوە. [خواستی یەک تاکە حیزب و ئەڵمانیایەکی بەهێز دەکەن].. 14٪ خەڵک باوەڕیان بەو بۆچوونە هەیە.. [ ئێمە ڕابەرێکمان دەوێ کە بە چنگێکی پۆڵایینەوە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ئەڵمانیا بوێت و وڵات بەڕێوەبەرێ].. تەنانەت 9% [ بوونی دیکتاتۆرێک لە فۆرمی دەوڵەتدا بە باش دەزانن. پارتی ئەڵتەرناتیفی ئەڵمانیا AFD کە زۆر ڕادیکالن و ئێستا بوونەتە پارتی دووەم و سێیەم دوای کریست دیموکراس و سۆسیال دیموکراتەکان، ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا کاندیدیان بۆ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەبێت!!، لەناو خەڵکدا ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردنەکانیش ناکەن بەهێزە، 21% خەڵک باوەڕیان وایە ئەم قسانە دروستن.
ڕاپرسییەکە لەتەک3564 دا کراوە لە نێوان مانگی پێنج تا نۆی ساڵی 2022. 41.3% پێیان وایە[ بێگانەکان تەنیا دەیانەوێ سیستەمی سۆسیالی دەوڵەت دادۆشن].. ئەم خاڵەی هاوشێوەی باوەڕی 70% ە و زۆرینە ئەمەیان پێ ڕاستە. هەروەها 36.6% ئەڵمان پێیان وایە کەوا [ ئەڵمانیا بە هۆی زۆری ژمارەی بێگانەوە لە دۆخێکی ترسناک و ژێر هەژموونی بێگانەدایە].
ئەمە بە تێکڕا وێنەیەکی گشتی ئەم وڵاتەیە بەتایبەت بەشی ڕۆژهەڵاتەکەی کە جاران بە DDR ناسراوبوو. واتە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا، سەربە شورەوی و سیستەمی سۆسیالیستی بوو.
ئێستا دەردەکەوێ هیچ کەوا سۆسیالیستی نەبوو، بەڵکوو بایی گەردیلەیەکیش دیموکراسی نەبووە، ئاخر کەسی پەروەردە نەکردووە و هیچی لێ شین نەبووە، دەنا ئەم دیاردە ترسناکە چییە؟، دوای ئەو هەموو تاوانە گەورانەی هیتلەر، تۆ هێشتا چاوەڕی نازی و رابەرێکی سیمبۆلیی وەک هیتلەر بیت و بە ئاشکرا بانگاشەی بۆ بکەیت.. لە کاتێکدا مێژوو و جیهان ئەم کەس و سیستەمەی بە نەفرەت کردووە!.
11 ٪ پێیان وایە (دەبێت ئەڵمان نەتەوەی باڵادەست بێت بەسەر ئەوانی تردا)
دەروونناسی کۆمەڵایەتیElmear Brähler دەڵێ: ( لەبری دروشمی بەرژەوەندی هەمەچەشن و پلورالیزم، خواستی کۆمەڵگەیەکی داخراو گەورەترە)..
پارتە چەپەکان هۆشداری دەدەن و دەڵێن : (ئەم دیاردەیە بەس لە بەشی ڕۆژهەڵاتدا نییە، بەڵکوو لە رۆژئاواش هەیە).. ئەمە راستە لە رۆژئاوا تاک و تەرا هەن و خراپتریش بیر دەکەنەوە بەس لە رۆژهەڵات زۆر زەق و زیاترە و کولتوورە و خۆی لە چوارچێوەی رێکخراو و پارتدا ڕێکخستووە!
ڕاپرسییەکی زۆر توندە بەرانبەر بە جولەکە و سیخناخە بە Antisemitisch دژەجولەکە.. تەنانەت نزیکەی 11% لەوانە پێیان وایە جولەکە کاریگەرێتی خراپیان لەسەر ئەڵمانیا هەیە و 20% لەو باوەڕەدان لەسەر هەموو جیهان هەیە، هەربۆیەشە هیتلەر لەناوی بردن…
62 % ئەڵمانیای رۆژهەڵات وێنەیەکی رادیکالانەی جیهانیان لە مێشکدایە.. هەروەها جێی سەیروسەمەرەیە کەوا هێشتا 60% خۆیان وەک هاوڵاتی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا دەبینن؟!
من زۆر ڕەشبین نیم بەرانبەر بەم دیاردەیە لە ئەڵمانیا، بەڵام بە هەڕەشەیەکی ئامادەیشی دەبینم. ڕەنگە مێژوو دیسان خۆی بەشێوە گاڵتەجاڕییەکەی دووبارە بکاتەوە!.
سەرنج: داتاکانم لەرۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلی ئیمڕۆوە وەرگرتووە.