شێرزاد شێخانی: حوکمڕانی کوردی فاشیل.
سی و دوو ساڵە، نۆ کابینەی حکومەت هاتیتە سەر دەسەڵات. بە درێژایی ئەو ساڵانەش بە حوکمڕانییەکی سەقەت و ئەدایەکی فاشیل وایان لێکردین هەرچی ناوی حکومەتە لەبەرچاومان بکەوی!. فەشەلی ئەو دەسەڵاتە وایلێکردین تەنانەت دەوڵەتە سەربەخۆکەی کوردیش کە سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینین، ئەویشمان لەبەرچاو ڕەشبێ. چونکی ئەوانە بە بەڵگەو لەسەر ئەرزی واقیعدا سەلماندیان کە پیاوی دەوڵەت و حوکمڕانی نین و لەدەسەڵاتێکی چەتەو مافیاو کوردکوژ زیاتر هیچیتر نین!.
هەموو خۆزگەو ئاوات و خەونەکانمان ئازادی و سەربەخۆیی و دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی خۆماڵی بوو، دەیان هەزار قوربانیشمان لەم پێناوەدا، ئەوەش حاڵی حکومەتە کوردییەکەمانە، دوای سی و دوو ساڵ کە هەمووی شکست و نوشوستییە!.
درۆزنترین حکومەت لەسەر ئاستی جیهان، گەندەڵترین دەسەڵات، بێ کەڵکترین وەزارەتەکانی حکومەت. بەرهەمی ئەمجۆرە حکومەتەش ئەمانە بوون:
1- وێرانکردنی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن. وایلێهاتووە خەڵک نەوێری منداڵی خۆی بنێریتە مەکتەبەکانی حکومەت، کۆشەک پارە سەرفبکا لۆ ئەوەی لەسیستەمە هاوردەکانی سویدی و ئینگلیزی و ئەمریکی و ئەڵمانی وەربگیرێ!.
2- داڕمانی سیستەمی تەندروستی بە ڕادەیەک خەستەخانە حکومیەکان بوونەتە زبڵخانە، خەستەخانە تایبەتەکانیش کەوتنە خوێنمژینی میللەت. ئێستا نرخی دەرمانیش لەعیادە ئیستشارییەکان هەمان نرخی دەرمانی خەستەخانەو سەیدەڵییەکانی دەرەوەن ئەوەش قوڕسترین بارگرانییە لەسەر شانی نەخۆش!.
3- لەناوبردنی هەموو قییەمەکی ئەخلاقی کۆمەڵگە، تا رادەیەک دزی و گەندەڵی چاوپۆشی لێبکرێ، فاحیشەو تلیاکخواردن و کردنەوەی مەلهاو دیسکۆ شوێنی قییەمو ئەخلاقی کوردەواری بگرێتەوە!.
4- کوشتنی شەخسییەتی ئینسانی کورد بە تایبەتیش گەنجان و بێئومێد کردنیان لەژیان، لاوازکردنی ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی تاکی کور ، سووککردنی رۆحی کوردایەتی ناو کۆمەڵ!.
5- نەهێشتنی هەیبەتی دادگاو سەروەری یاسا، کە ئەنجامەکەی دەیان وسەتان تاوانی کوشتن و بڕین و دزی و تەعەداکردن و گرتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی ئازادیخوازو نیشتمانپەروەرەی لێکەوتەوە!.
6- بە حیزبیکردنی دامودەزگا حکومییەکان دامەزراندنی کەسانی خوێری و سەرسەری و بێ کەڵک و ساقیتی ناو موجتەمەع و فەرامۆشکردنی کەسایەتی ئەکادیمی و پسپۆرو شارەزا لە ئیدارەدانی دەوڵەت!.
7- بە فیرعەونکردنی سەرانی دەسەڵات و کوڕو نەوەکانیان، دەوڵەمەندکردنی دارودەستەکانیان!.
سەرباری هەموو ئەوانەش هەیکەلێکی ساختەی حکومیان دروستکردیە بە ناوی وەزارەت هەزاران فەرمانبەرو مودیرعام و موستەشاریان لۆ دامەزراندیە کە هیچ دەسەڵاتەکی راستەقیینەیان نییە!.
وەزارەتی کارەبایان هەیە، بەڵام کارەبا بە موەلیدەی ئەهلی بەڕێوە دەچێ!.
وەزارەتی پلاندانانیان هەیە، بەدرێژایی سی و دوو ساڵی رابردوو نەیتوانی سەرژمێری مانگاکانی کوردستانیش بکات!.
وەزارەتی تەندروستیان هەیە، دەرمان بە قاچاغ دێتە ناو هەرێمەوە!.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیان هەیە، تاکو ئێستا رێگایەکی پێ دروست نەکراوەو مقاوەلاتیش کۆمپانیا حزبیەکان بەڕێوەی دەبەن!.
وەزارەتی گواستنەوەیان هەیە، نە میترۆی هەیە نا پاسی گواستنەوەی شارەکان!.
وەزارەتی دارایی هەیە، نیوەی مانگ چاوەڕێی پارە لەبەغدا دەکا، دەنا معاشی مۆزەفەکانی حکومەتی پێنادرێ!.
ئەمجۆرە حوکمڕانییە بێ بەرهەمە بە حەمباڵێکی شێخەڵڵاو شاگردە فیتەرێکی سەناعەش بەڕێوە دەبرێ. هیچ پێویستی بە شەهادەی دکتۆراو ماجستێری ساختەوە نیە!.
سامانی نەفتی کوردستانیان پێ ئیدارە نەکرا، ئەوە بەغدا لەبەر دەستی دەرهێنان. پارەی داهاتی گومرگ و ناوخۆیان تەخشان و پەخشان کردو ویژدانی خەڵکیان پێ کڕی، ئەوە بەغدا ئەویشی لەبەر دەستی دەرهینان. حکومەتێک ئەوەندە فاشیل و بێ بەرنامە کار بکات و سامانی سروشتی و پارەو داهاتی لەبەردەستی دەربهێنرێ، حیکمەت لەبوون و نەبوونی چییە؟!.
هەموومان بینیمان لەدوا هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 زیاتر لە 70% خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، بە چاوی خۆشمان بینیمان، چۆن مەسئولانی ئەم دەسەڵاتە لەوڵاتانی ئەوروپا هێلکەباران و بەردباران کران، ئەوانەش هەمووی بەڵگەی روونن کەوا میللەت لێیان بێزارە و حەز بە چارەیان ناکات.
کاتی خۆی نیرۆنی ستەمکار بە دیار سووتانی رۆماوە مۆسیقای دەژەنی، ئێستا ئەوانەش بە دیار سووتماکی کوردستانەوە لەمەلهاو مەزرەعەکانیان لەباوەشی سۆزانیەکان و گەعدەچییەکانەوە رۆژ دەکەنەوە!. راستیان فەرموو: حوکمڕانی بە خەڵکی نەخوێندەوار ناکرێ! باقی وەلاسەلام ..
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts