بورهان شێخ رەئوف: عیراق لە نێوان گەندەڵی و بنیاتنانەوەدا.
عیراق ئەو وڵاتەی وێرانەی دەستی جەنگ و ئابڵووقەی ئابووری و ململانێی ناوخۆیی و دەرەكییە، پێویستی بە سەرلەنوێ بنیاتناوە و ئاوەدانكردنەوەیە، بە ژێرخانی مۆدیرن و نوێوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەكانی ژیانێكی شەرافەتمەندانە بژێن، چونكە بۆخۆی وڵاتێكی فرە دەوڵەمەندە و لە لیستی یەكەمەكاندایە بۆ یەدەكی نەوت و غاز، جگە لە سێكتەرەكانی تری وەكو كشتوكاڵ و گەشتیاری.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، سەرەڕای بەڵێن و بەرنامە و پڕۆژەی كابینە یەك لە دوا یەكەكان، دۆسییەكانی گەندەڵی قەبەتر دەبن، بەجۆرێك كە زۆربەی وەزارەتەكان دەگرێتەوە، ئەوەش بەردەوام لە جەستەی ماندووی عیراقدا تەشەنە دەكات، ئەوەی بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستانیش روونە، ئەوەیە ئەو كەسەی گەندەڵی دەكات، پشتیوانیی بەهێزی هەیە.
ئەوەی زیاتریش نیگەرانییەكان قووڵتر دەكاتەوە، دامودەزگای یاسادانان و دادەوەری سەربەخۆ و جێبەجێكردنی بەهێز هەیە، ئەمە جگە لەوەی عیراق خاوەن توانای داراییە بۆ بەگژاچوونەوە و بنبڕكردنی گەندەڵی هەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بگرە تا چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی، بەڵام گەندەڵكاران وەكو بەرزەكی بانان دەردەچن بۆ دەرەوەی وڵات، ئینجا حوكمیان بۆ دەردەكرێت بە غیابی، ئەمەش جگە لە خۆڵكردنە چاوی خەڵک مانایەكی تری نییە.
ئەوەی دیارە، ئەو ملیاران دۆلارەی عیراق، كە بەناوی جیاجیا دەستی بەسەردا گیراوە و بە فیڕودراوە بەشی ئەوە دەكات، وڵاتێكی زۆر لە عیراق گەورەتری پێ بنیات بنرێتەوە، چونكە عیراق بە ئێستاشەوە پێویستی زۆری بە نەخۆشخانە و رێگاوبان و پرد و خوێندنگە و تەلاری نیشتەجێبوون هەیە بۆ هەژاران، پێویستی بە ژێرخان و كارگەی جۆراوجۆر و فڕۆكەخانە و شەمەندەفەر و كەرەستەكانی تری گواستنەوە هەیە، پێویستی بە دۆزینەوەی هەلی كارە بۆ بێكاران و بیمەی تەندروستی، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە چەك بە دەست دەوڵەتەوە بێت.
ئەوەی خەڵكی عیراقی زیاتر نائومێد كردووە، سەرەڕای ئەوەی هەندێك بەرپرسی حكومی لێرەو لەوێ دەستگیركراون، بەڵام تۆمەتبارانی دۆسێ گەورەكانی گەندەڵی لە بیری خەڵكی ئەم وڵاتە ناچنەوە، هەر لە بۆندی چەك كڕین و فڕۆكەی كۆن و بۆندی بنیاتنانی قوتابخانەكان و دەیان و سەدان پڕۆژەی وەهمی تر، كە دواترینیان دزی سەدە، تاوانبارانی هەموو ئەمانە بەبێ سزادان و لێپێچینەوەی راست و دروست و رەوا لەگەڵ قەوارەی ئەو زیانە گەورەیەی كە بە عیراقیان گەیاندووە وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچوون.
بۆیە هاووڵاتی ئەم وڵاتە ناهەقی نییە بە گومان بێت و متمانەی بە سستمی سیاسی وڵات نەمێنێت و بەشداریی هەڵبژاردنەكان نەكات، هەموو تۆمەتباربكات بە گەندەڵی و بەبەرپرسیاریان بزانێت لەو دۆخە شلۆقە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەی عیراقی تێكەوتووە.
ئەوەی گرنگە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، دوای دەرچوونی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵی داهاتوو، ئەوەیە ئایا پڕۆگرام و بەڵینەكانی خۆی بۆ چاكسازی لە عیراقدا جێبەجێ دەكات؟