ڕەووف محەمەد ئالانی: ڕۆڵی پەروەردە، لەکەمکردنەوەی توندوتیژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر دڵێکی ئارامت هەبێت، شەڕ لەناوناخی خۆتدا ڕونادات- ماهاتما گاندی
سەرەتا بابزانین توندوتیژی چیە و جۆرەکانی چین و کاریگەریەکانی بۆ سەرتاک و کۆمەڵ چ ڕەنگدانەوەیەک دروست دەکەن؟
هیچ کەس لە توێژەران وشارەزایان ونوسەران، لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو ڕێکنەکەوتوون، بۆ توندوتیژی، هەریەکەو بەجۆرێک دەیناسێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەم زاراواەیە زیاد لەپێناسەیەک هەڵدەگرێت.
دەکرێت بڵێین توندوتیژی دەرچوونە لە حاڵەتی تایبەت و هەڵچوونێکی دەروونیە، زۆرجار دەبێتە ڕوودانی خەم و ئازار بۆ کەسانی بەرامبەر، بەهۆی ئازاردانیان بەشێوازی ئازاردانی دەروونی یان جەستەیی.
توندوتیژی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر، جیاوازی هەیە کە چەند فاکتەرێک ڕۆڵی سەرەکی لەو جیاوازیەدا دەبینن.
گرنگترین فاکتەر بۆ زانینی جیاوازیەکە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیە، بێگومان ئەوەی ڕۆڵ دەگێڕێت بۆ گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری گەلان، چەند هۆکارێکن لەوانە (شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (جۆری حومڕانی)، سیستەمی پەروەردە، ئابوریەکی زانستی و گەشەکردوو….)
ئەمانە بەشێکن لەو فاکتەرانە، دیارە زۆری تریش هەن، بەڵام ئەمانە کاریگەرترینیانن بۆ سەر ژیان بەگشتی لەڕووی کاری توندوتیژیەوە.
کۆمەڵگەی دواکەوتوو هەمیشە وابەستەی عەقڵی نەریتیە، هیچکات خۆی لە بۆتەی خۆخوازی وبەرژەوەندپەرستی ڕزگارناکات، لەناوبازنەیەکی بچووک خوول دەخوات و لێی دەرناچیت، بۆیە کاتێ توندوتیژی لەلایەن کەسێکەوە سەر هاڵدەدات وەک ئاگر لە ناو پووش و پاوانێک بکەوێتەوە، زووتەشەنە دەسێنێت و زۆرشوێنی تریش دەسوتێنێت، لەتاکەوە بۆخێزان و گوند و ناوچەو هۆز و خێڵ و عەشیرەت، زۆرجار ئەم ڕووداوە بچووکانە وا گەورە بوون, دەیان کەس بوونەتە قوربانی و دەیان ساڵ درێژەیان کێشاوە.
بەڵام لەکۆمەڵگە شارستانیەکان و پێشکەوتوەکاندا، بەئاسانی بەهۆی دادگایەکی پڕ لەدادەوە زوو گرفتەکە چارەسەر دەکرێت و کەمترین کەس لەوکارە زیانی بەردەکەوێت، یان تەنها ئەو کەسە سزا دەدرێت کە هۆکاری ئەوڕووداوەیە.
ئەمەوێ هەندێک جۆر لەتوندوتیژی باس بکەم و لە دواییدا هەوڵ ئەدەم گرنگترین فاکتەر بۆ چارەسەرکردنیان بخەمەڕوو، ئەوانیش ئەمامەن:
1- توندوتیژی فیزیکی(جەستەیی) ئەو جۆرەیە کەکەسی بکەر ئەبێتە هۆی ئازاردانی بەشێک لەجەستەی کەسێکی تر
2- توندوتیژی سێکسی و دەست درێژی کردنە سەرکەسانی تربە زۆر، ئەم جۆرە زیاتر دەکرێتە سەر مناڵان و رەگەزی مێینە، ئەم توندوتیژیە هۆکاری تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیە.
3- توندوتیژی دەوروونی، جۆرێکی ترە لە ئازاردانی کەسی بەرامبەر، بە هۆی بەکارهێنانی شێوازێکی نادروست و دوور لەمرۆڤایەتی
4- توندوتیژی زارەکی(دەمپیسی) واتە بەکارهێنانی زمان بۆ ووشەی نەشیاو بریندارکەر وەک جنێوو درۆو بوهتان بەکارهێنان
5- توندوتیژی ئابووری، ئەمجۆرە بەکارهێنانی سامان و ماڵ و سەروەتە بەشێوازێکی نەشیاو و بێبەشکردنی کەسانی ترە لێی، یان نەڕەخساندنی هەلیکارە و چەوساندنەوەی کەسانی تر، زۆرجار جیاوازی چینایەتی و بێنرخ کردنی مافی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە
6- توندوتیژی رەگەزی، ئەمجۆرە زیاتر لەو کۆمەڵگەیانە سەرچاوە دەگرێت کە عەقڵی پیاو سالاری و بڕوانەبوون بەمافی ژنان بوونی هەیە
7- توندوتیژی ئایینی، ئەمەش لەئەنجامی پیرۆزکردنی یەک بیروباوەڕو ڕێنەدان بەئازادی بیروڕای تری ئایینی، زۆرجارلەم جۆرەدا ئەگەر بەووریایی و ئاگایی پیاوانی ئایینی مامەڵە نەکەن، کاری توندوتیژی دەگاتە هانابردن بۆ تیرۆرو کوشتن و سڕینەوەی کەسان و ئایینەکانی تر، لەسەر توندڕەوی ئایینی(زەبرانی)دەڵێت: (توندڕەوی ئایینی و ستەمکاری سیاسی دوو دیوی یەک دراون، ئەوە بەس نییە کە دراوەکە لێبدەین، دەبێت بیگۆڕین).
8- توندوتیژی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە، جۆرێکی مەترسیدارە بەتایبەت بۆ مناڵان کاتێ لەلایەن دایکان و باوکان و مامۆمستایان بەرامبەر بە هەندێ مناڵ دەکرێت و دووردەخرێنەوە لە بەخشینی سۆزو میهرەبانی و بەشداریپێکردن.
من تەنها بۆ سەرنجدان و ئاماژە و خستنەڕوو ئەوجۆرە توندوتیژیانەم هێناوەتەوە، دەکرێ لەسەر هەریەکێک لەوانە دەیان توێژینەوە ئەنجام بدرێت، ئەرکی هەموو مرۆڤێکە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوەو هەڵوێستەی لەسەر بکات و خۆی و خەڵکی تریشی لێ دووربخاتەوە، هەروەک (ئیبراهیم المحلاوی) دەڵێت: ( وەستانەوەو ڕووبەڕووبونەوەی توندڕەوی توندوتیژی ئەرک و فەزیلەتە).
بۆئەوەی کۆمەڵگەکەمان دووربخەینەوە لەتوندوتیژی پێویستە گیانی ئاشتی زاڵ بکەین بەسەر گیانی شەڕەنگێزیدا، سیاسەتزان و شۆڕسگێڕی ناودار(ماهاتماگاندی)ئاماژەی بەگیانی ئاشتی کردوەو وتوێتی(هیچ ڕێگایەک بۆ ئاشتی نییە، بەڵکو ئاشتی خۆی ڕێگایە).
هەر لەمبارەوە پیاوی شۆڕشگێڕو سەرکردەی ئەفەریقا (نیلسۆن ماندێلا) وتوێتی : ئاشتی ئەوەیە کە هەست بە تێگەیشتن لە کەسانی تر دەکەیت و فێر دەبیت بە ئاشتی لەگەڵیان بژیت.
هیچ گۆڕانکاریەک بەئاراستەی باشکردن و چاکسازی بەبێ پلان و توێژینەوەی زانستی و ئاشنابوون بە تەواوی گرفتەکە، ئاکامێکی نابێت، بەبۆچوونی زۆربەی پسپۆڕان و شارەزایانی هەردوو بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی، پێیان وایە زۆرهۆکار دەبنە لەمپەری توندوتیژی و توندڕەوی، وەک میدیا و کەسانی بەرپرس لە ئایینەکان، پەروەردە، بەڵام لەهەمووان گرنگتر پەروەردەیە، بۆیە ناکرێت هەروا بەسانایی و سادەیی لەپەروەردە بڕوانین، حکومڕانی باش و بائاگاو خەمخۆر هەمیشە دڵی لەسەر فەلسەفەی پەروەردەکەیەتی، نەک خەمی گیرفانی بەرپرسان و تاڵانکردنی زەوی نیشتمان بۆ بازرگانیەکانی خۆیان.
پرۆگرامەکانی خوێندن پێویستە خاڵی بکرێنەوە لەو بابەتانەی گیانی شەڕەنگێزی و تٶڵەکردنەوەو ئاژاوە لەناو مناڵاندا دروست دەکەن، چونکە ئەمانە دەبنە ئاژاوەو ناخۆشی لەسەر کۆمەڵگە، لەجێی ئەوانە سۆزو میهرەبانی و هاوکاری و خۆشەویستی دابنرێن، ئەمانەش خۆشنوودی بە ژیان دەبەخشن.
ئەم وتارە بەووتەی ناودارێک کۆتایی دە‌هێنم، وەک چۆن بەووتەیەکی گرنگ دەستم پێکرد، بەهیوام هەموولایەنە پەیوەندیدارو بەرپرسەکانی ئەم بوارە، سەرنج و بۆچوونەکانمان بەهەند وەربگرن، لەبەرخاتری نەوەی داهاتووکە ژیانێکی پڕ لەئاشتیان بۆ دابین بکەین، شەڕو ئاشووب و کوشتن و نەخoشی و ناخۆشی بکەین بە ئاشتی و ڕێزگرتن.
تیتاڕۆنی دەڵێت: ئاشتی تەنها نەبوونی ململانێ نییە، بەڵکو بوونی دادپەروەری و لێبوردەیی و ڕێزگرتنی یەکترە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت