بورهان شیخ رهئوف: ئەفغانستان لە بەرهەمهێنی تلیاکەوە بۆ قەدەغەكردنی.
ئەفغانستان گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئەفیوون بوو لە جیهاندا، سەرچاوەی سەرەكی هیرۆیین بوو بۆ هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا، لە بیست ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی زۆر زیادی كردبوو، سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا بە ملیارەها دۆلاری خەرج دەكرد بۆ ئەوەی بەر بەچاندنی رووەكی خەشخاش بگرێت لە ئەفغانستان.
خەشخاش و ئەفیون ئەو بەرهەمانە بوون كە جووتیارانی ئەفغانی وەكو تاكە سەرچاوەی داهات و پارەی نەختینە پشتیان پێ بەستبوو، بە تایبەتی لە ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرئاوای وڵاتەكە، خەشخاش و ئەفیونی ئەفغانی پشكی شێری لە قەیرانی مادە هۆشبەرەكاندا لە سەر ئاستی گێتیدا بەردەكەوت، بە جۆرێك ئەفیون دەگۆڕرا بۆ هیرۆیین و زۆر مادەی یاساغی تر كە رۆڵی زۆریان هەبوو لە تەشەنەكردنی دیاردەی ئالوودەبوون و توندوتیژی و تاوان.
بە گوێرەی خەمڵاندنەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەفغانستان لە 84% بەرهەمی ئەفیونی جیهانی بەرهەم دەهێنا لە ساڵی 2020 دا، ئەم رێژە بەرزەی داهاتی ئەفیون گەنجینەكانی حكومەتی ئەفغانستانی بوژاندبووەوە كە زیاتر لە ( 1.4) ملیار دۆلاری ئەمریكی دەست كەوتبوو.
بزوتنەوەی تالیبان دوای ئەوەی لە ئابی 2021 جارێكی تر دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست پاش هەڵمەتێكی خێرا، لەم دواییەدا بەشێوەیەكی زۆر توند چاندنی رووەكی خەشخاشی قەدەغەكرد لەو وڵاتە و هەرشتێكی تریش كە پەیوەندی بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو مادانەوە هەیە.
فەرمانی قەدەغەكردنەكەش لەلایەن ئەمیر و رابەری گشتی بزوتنەوەی تالیبان (هیبەتوڵا ئاخوندزادە) كە بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتەكەیە دەركرا، بە پاساوی ئەوەی دژ بە سەرەتاكانی شەریعەتی ئیسلامە و هەروەها پاراستنی گەلی ئەفغانییە لە كاریگەرییە مەترسیدارەكانی مادە هۆشبەرەكان. ئەفغانییەكان ئێستا دەڵێن: بە تەواوی سەركەوتووبووین لە قەدەغەكردنی چاندنی رووەكی خەشخاش، ئەمەش رێكخراوێك كە بنكەكەی لە بەریتانیایە بە راپۆرتێكی تایبەت پشتڕاستی كردۆتەوە.
پاڵنەرە سەرەكییەكانی قەدەغەكردنی خەشخاش
1. تالیبان هەوڵدەدات لەم رێگەیەوە دانپێدانان و هەڵسوكەوتی لە گەڵدا بكرێت لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە، چونكە پێشتر ئەوە یەكێك لە داخوازییەكانی كۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی بوو لە ئەفغانستان.
2. هۆكاری سەرەكی و جێی سەرنج بۆ ئەم هەنگاوەی تالیبان لایەنە ئایدیۆلۆژیەكەیەتی كە پابەندبوونە بە ئایینی ئیسلامەوە، كە ئەو بابەتانەی دەبنە هۆكاری سەرخۆشكردن و هۆشبەری قەدەغە كراون.
ئەوەی مایەی دڵخۆشیە بۆ كۆمەڵگە نێودەوڵەتی و بە گوێرەی راپۆرتەكان و لێكۆڵینەوە مەیدانییەكان و تەنانەت وێنەی مانگە دەستكردەكانیش قەدەغەكردنەكە سەركەوتنی بە دەستهێناوە و بەشێوەیەكی بەرچاو رێژەی بەرهەمهێنانی خەشخاش لە وڵاتەكە كەمی كردووە، بۆ نموونە لە ولایەتی هڵمەند پێشتر و لە 2022 دا (129000) هیكتار زەوی دەچێنران بە خەشخاش، بەڵام لە مانگی نیسانی 2023 دابەزیووە بۆ (740) هیكتار، ولایەتە بەرهەمهێنەكانی تریش رێژەكە تێیدا دابەزیووە.
ئەم هەنگاوەی بزوتنەوەی تالیبان هەنگاوێكی بەرپرسانە و ئازایانەیە، دەكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێی نەخات و هانی بدات بۆ هەنگاوی باشتر، بۆ بەگژاچوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆی.