پارتییەکان دەڵێن: یەکیتی لاواز بووەو ئێمە بە قەوارەی خۆی هەژماری بۆ دەکەین.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
وتاری کورد ئەم پرسیارەی خستە بەردەم کادرێکی یەکێتی و بە کورتە نوسینێک بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:
لەبەغدا کادیرێکی پارتی شەڕ بە شیعەکان ئەفرۆشی و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن هەزار قسەی ناشیرنیان پێئەڵێ. سەعاتێک پاشتر وتەبێژەکەیان بە ترسولەرزەوە دێتە سەر شاشەو بەیانێک ئەخوێنێتەوە و ئەڵێ: ئەم قسانەی کردوویەتی تەعبیر لەسیاسەتی پارتی ناکات!.
ئەندامێکی سەرکردایەتیان لەئانوساتی گفتوگۆ کردن لەسەر ئاشتەوایی و تەبایی شەڕ بە یەکێتی ئەفرۆشێ، سکرتێری مەکتەب سیاسیەکەیان دێتە سەر شاشەو ئەڵێ: ئەوە رای حزب نیە، تەعبیر لەڕای خۆی ئەکات!.
پێشتریش ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیەکەیان قسەیەکی لەدژی سەرکردەکانی بەغدا کردبوو، دیسان بەیانێکیان دەرکرد گوایە ئەویش تەعبیر لەڕای خۆی ئەکات!.
یەکێک نەزانێ ئەڵێ ئەم پارتیە ئەوەندە دیموکراتخوازە هەر ئەندام و کادیرو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسەکانیان ئازادن چۆن رای خۆیان دەردەبڕن؟!. وەکو ئەوەی کەس نەزانی ئەم حزبە ستالینیە مەرکەزییەتێکی وەهای تێدایە کە هەر کەسێک لەسیاسەتی بنەماڵەو تەوجیهاتی سەرۆکی حزب و کوڕەکەی دەربچێ مسی لەقوڕگی ئەکەن!. هەمووشمان باش ئەزانین هەرچی ئەندام و کادیرو سەرکردە بە مەکتەبی سیاسەکانیشیانەوە هەموویان وەکو تووتی قسەی سەرۆکەکیان ئەڵێنەوە و ئەو پیاوە نین لەقسەی سەرۆکەکەیان دەربچن!.
یەکێتی ئەگەر بەو رادەیە بێهێز بێت، ئەی چۆن توانی لەبەغدا هەموو حزبو لایەنە شیعی و سوننیەکان لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوەو هەموو پیلانەکانی پارتی سەبارەت بە بودجەی عیراق پووچەڵ بکاتەوە؟
یەکێتی ئەگەر ئەوەندە بێهێزە، ئەی چۆن توانی کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار سەربخات و شکست و زەلیلبوونیش تووشی دوو کاندیدانی پارتی بکات کە یەکێکیان خاڵی سەرۆک حزبەکەشیان بوو؟!.
یەکێتی ئەگەر بێهزەو کەسی لەگەڵدا نەماوە، ئەی خێرە سەرۆکی حکومەتەکەیان دەیانجار لەقوباد تاڵەبانی پاڕایەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە، تەنانەت دەعوەت و دەعوەتکاریشی بۆ کرا تا ڕازی بکرێ بە گەڕانەوە؟.
یەکێتی ئەگەر بێهیزەو هیچ دەسەڵاتی نەماوە، ئەی خێرە سەرۆکی حکومەتی پارتی لەم چوار ساڵەی تەمەنی کابینەکەیەوە نەیوێراوە بۆ چەند سەعاتێکیش سەردانی ناوچەکانی ژێر نفووزی یەکێتی بکات؟.
یەکێتی ئەگەر بێهێزە، ئەی چۆن شکستی بە هەموو هەوڵەکانی پارتی هێنا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەو مەرجانە رازی نەبوو کە پارتی داینابوو بەشێوەیەک هەڵبژاردنەکە بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی حزبەکەیەوە؟.
یەکێتی ئەگەر بێهێزە، ئەی چۆن لەدوای ساڵانێک لەئابلۆقە خستنە سەر زۆنی سەوز توانی خۆی رابگرێ و شکست بە پیلانگێڕیەکانی سەرۆکی حکومەتەکەی پارتی بێنێ؟.
یەکێتی هێزێکە هەڵقوڵاوی ناخی میللەتێکی ستەمدیدەیە کە ئەمڕۆ لەسەر شەقام و لەسەر شاشەکانەوە بێزاری و تووڕەیی خۆی دەردەبڕی بەرامبەر بە سیاسەت و حوکمڕانی فاشیلی پارتی وبنەماڵە حاکمەکەی.
یەکێتی خاوەنی هەزاران شەهیدو دەیان هەزار پێشمەرگەی دیرین و سەدان هەزار هێزی ئەمنی و ئاسایش و پێشمەرگەی ناو سەنگەرەکانە.
یەکێتی خاوەنی نفووزە بەسەر پانتاییەک لەخاکی کوردستان کە زۆرتر نەبێ لەدەسەڵاتی بێزراوی پارتی لەزۆنە رەنگ زەردەکەیان هیچی کەمتریش نیە.
بۆیە نە بەقسەی سەرکردەکانیان و نە بە لێدوانی سکرتێرکەیان و پێکەنینی ئەندام مەکتەب سیاسیەکانیان یەکێتی بێهێز نابێ. ئەوان ئەگەر زۆر ئازان با بەگژ بەغدایا بچنەوە کە هەموو سامانی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانیشی لەبەر دەستی دەرهێناون. با دروشمە نازدارو چەواشەکاریەکەیان ( خۆ ناچەمێنین) بکەنە ئەمری واقیع ودیفاع لەدەسەڵاتە موفلیسەکەی خۆیان بکەن، نەک بە شەڕێکی لاوەکی خەڵکی کوردستان مەشغول و نیگەران بکەن.
ئەگەر یەکێتی بەشێک لەکادیرو ئەندامەکانی لەدەستدابێ، پارتی ئێستا هەموو میللەتی لەدەستداوە بە هۆی ئەو حوکمە فاشیل و سەقەتەی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا کردوویەتی خەڵکی بێئومێد کرد لە گۆڕینی وەزعی گوزەرانی کارەساتباری میللەتەکەو هەموو کوردستانیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندییە تەسکەکانی بنەماڵەو حزبە تاکڕەوکەیان.
پارتی ئەگەر زۆر بەهێزو ئازاو چەلەنگە با بچێت شەڕی مانو نەمانی خۆی لەگەڵ بەغدا بکات، کە هەر رۆژەو بە بڕیاڕێک دەسەڵاتێکی لێئەسەنێ و خەریکە جلەکانیشی لەبەر دائەکەنێ.
هیچ گومانی تێدا نیە کەوا پارتی ئارەزووی ئاشتی وتەبایی نیە لەگەڵ یەکێتیدا، ئەمەش حەقیقەتێکە زۆرجار سەرکردایەتی یەکێتی خۆیان لێ لائەدەن. بۆیە یەکێتی وەکو سەرۆکەکەی باسیکرد، ئەبێ لەمەولا لەهەموو هەڵویستەکانی داهاتووی پارتیدا قسەی خۆی هەبێ.
پێمباشە یەکێتی دوو خاڵ لەبەرچاو بگرێ بۆ ئەوەی ئەویش پارتی بخاتەوە حەجمی خۆی ئەوانیش:
یەکەم/ بەهیچ شێوەیەک سەرۆکی یەکێتی لەخوار پلەکەی خۆی لەگەڵ پارتیدا دانەنیشێ. سەرۆک بەرامبەر سەرۆک. سکرتیری پارتی بەرامبەر سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، کارگێریش بەرامبەر کارگێڕ.
دووەم/ دەبێ سەرۆکی یەکێتی بە هەمانشێوەی کاک قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەی خۆی و حزبەکەی رابگەیەنێ، تا پارتی ناچار ملی خۆی شۆڕ ئەکات و داوای لێبووردنی لێئەکات. چونکە بافڵ تاڵەبانیش سەرۆکی یەکێتییەو هیچى لە سەرۆکی پارتی کەمتر نیە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە