عەبدوڵا کەریم مەحمود: کۆدەتای رەشەکوژیی.
لە 27. 12. 1920 بەریتانیا دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراقی دروست کرد، دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازی بەخشی بە کەمایەتیەکی قەومی سوننی عەرەبی خەڵکی چەند شارێکی دیاری کراو، عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکە، لەو کاتەوە کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی لە عیراقدا بەردەوامە.
دەمەو بەیانی 14ی تەموزی 1958(ئەفسەرانی ئازاد)* بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم، بە پلان و بەرنامەو نەخشەیەکی سەربازی، پەلاماری (کۆشکی ریحاب )ی شا ( مەلیک فەیسەڵی دووەم )یان داو دەستیان بەسەردا گرت، عەریف (عەبدولستار عەبوسی) بە گولە سنگی شا (مەلیک فەیسەڵی دووەم )ی بێژا، سەرربازەکانی تر بە دەسڕیژ (عەبدولئیلا (وصی))ی خاڵی مەلیک فەیسەڵ و ئەمیرە (عابدیە ) و شاژن (نفیسە)ی دایکی عەبدولئیلا داگرتەوە، تەنیا ئەمیرە (هیام ) هاوسەری عەبدولئیلا و (رازقیە )خزمەتکاری بە برینداری لە مەرگ رزگاریان بوو، هەرچوار تەرمەکەیان بە پیکابێکی سەربازی گواستەوە بۆ دادوەری پزیشکی لە باب المعزم، لە شەپۆلی خەڵکی بەغداد، پیکابەکە بە سەرشەقامەکەدا نەیدەتوانی بڕوات، خەڵکەکە تەرمی عەبدولئیلایان لە پیکابەکە داگرت و بەتەلی کارەبادا هەڵیان واسی.
نوری سەعید بە خیرایی خۆی گەیاندە کەنار دجلە، (حەسون عیسا الحمدانی ) بینی بە بەلەمەکەیەوە سەرقاڵی رەواماسی بوو، خۆی فڕێ دایە بەلەمەکەیەوەو حەسونی گەیاندە ئەو بەری رووباری دجلە، بواری نەبوو بگاتە باڵوێزخانەی ئەمەریکا، یا بەریتانیا. لەوێوە خۆی گەیاندە ماڵی (ساڵح مهدی بسام )لە گەڕەکی کەرادە، ساڵح (نوری سەعید )ی خستە سندوقی ئوتۆمۆبیلەکەی (نورتەزا)ی برای و گەیاندییە (سالحیە)و لەوێوە بردی بۆ ماڵی (حاج مەحمود الاسترابادی ) هاوڕێی لە کازمیە، شەوێک لەوێ مایەوە، بەیانییەکەی نوری سەعید عەبایەکی ژنانەی دابوو بە سەریا و رووی کردە دەرەوە، بە ناو شەپۆلی ئەو خەڵکەدا بە ترسەوە هەنگاوی بە شەقامەکەدا دەنا، لە ناکاو لایەکی عەباکەی لە دەست بەربوو، جلەکانی ژێرەوەی دەرکەوت، خەڵکێکی زۆری لێ کۆبونەوە و کردیان بە هاوار هاوارو قیژەقیژ، لەو کاتە نوری سەعید دەمانچەکەی دەرهێناو گولەیەکی نا بە سەری خۆیەوە، تەرمەکەیان لە گۆڕستانی ( باب المعزم ) ناشت، بەڵام خەڵکی شار گۆڕەکەیان هەڵدایەوەو تەرمەکەیان بە دەست و قاچی بڕاوەوە لە شەقامێکی بەغداد هەڵواسی.
خەڵکی عێراق و زۆربەی بەرهەڵستکارانی عێراق پشتگیری ئەفسەرانی ئازادیخوازی کۆدەتاچییان کرد، رژێمی کۆماری بەسەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، زۆر لەو وەزیرو دەسەڵاتدارانەی سوپای عێراقی پاشایەتییان دەسگیر کردو بە بڕیاری دادگا، گوولە باران و لە سێدارەیاندان.
ئەم زنجیرە کارەساتە پڕ لە زەبرو زەنگ و توندو تیژییە پڕ لە رق سیناریۆو کوشتن و بڕین تۆڵەو تۆڵە کردنەوەی حوکمی عورفی عێراق، کۆدەتایەکی سەربازی بوو ناویان نا، شۆڕشی 14ی تەموزی 1958.
لە 27. 12. 1920 تا 14. 7. 1958 دەوڵەتی پاشایەتی عێراق لەماوەی 38ساڵی دەسەلاتی پاشایەتی سونی عەرەبی عێراق، چوار کۆدەتا بەرپا کراوە، لە 14. 7. 1958 تا 9. 4 2003 لە ماوەی 45ساڵی دەسەڵاتی کۆماری سونی عەرەبی دا، حەوت کۆدەتا بەرپا کراو. لەماوەی 83 ساڵی دەسەڵاتی پاشایەتی عیراقی سونی عەرەبی و کۆماری سونی عەرەبی، کورد لە باشوری کوردستان کۆمەڵکوژ و جینۆساید کراوە.
سەرچاوە و پەراوێز:
١- زاگروس ئەحمەد ،مێژووی عیراق ١٩١٤-١٩٥٨، چاپخانەی میدیا، چ١، ،٢٠١٨، ل ٣٧٢.
٢- نیهایەت عەلی حسین.پەیوەندی سیاسیی مستەفا بارزانی وعەبدولکەریم قاسم (١٩٥٨-١٩٦٣) چ١،چاۆخانەی چوارچرا ،٢٠١٣، ل٤٢-٤٥.
٣- عەبدوڵلا کەریم مەحمود ،رەشەبای ژەهرو ئەنفال ، ب٢.
* ئەفسەرانی ئازاد پێک هەتبوون لە ( عەبدولکەریم قاسم ،عەبدولسەلام عارف ، محێدین عەبدولحەمید .سەبیح عەلی غالب، عەبدولوەهاب ئەمین ،ناجی تالب ،رەجەب عەبدولحەمید ، موحسین حسین حەبیب ،عەبدولکەرم فەرحان ،تەیارمحەمەد سەریع،رەفعەت الحاج سری ، تاهیریەحیا، عەبدولرەحمان عارف. عەبدولوەهاب شەواف،وەسفی تاهیر،عەبدولقادر ساڵح ،نیهایەت عەلی حسین ،پەیوەندی سیاسیی،ل٤٢.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژه هروئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts