فه‌رمان عزیز شه‌ریف: كورد له‌ بودجه‌ی عێڕاقدا – به‌شی چواره‌م و كۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی نوێنه‌رانی كورد نه‌یانتوانی مافه‌كانی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن؟
په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێڕاق به‌هۆی كۆمه‌لێك كێشه‌ و ناته‌بایی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسی یه‌كان نه‌یانتوانی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی عێڕاق بۆ سێ ساڵی داهاتوو ده‌سته‌به‌ربكه‌ن، به‌ هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكار وه‌ك:
1- ناكۆكی ناوخۆیی له‌ ناو حیزبه‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌به‌غدا، وه‌ك ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كێتی، ناكۆكی نه‌وه‌ی نوێ له‌ گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی، یه‌كده‌نگ نه‌بوونی حیزبه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك (كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و یه‌كگرتوو و گۆڕان).
2- كاركردنی حیزبه‌كان له‌ به‌غدا دژی داواكارییه‌كانی یه‌كتر و له‌باربردنی پڕۆژه‌كانی یه‌كتر، نه‌وه‌ی نوێ هه‌وڵی ده‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ بودجه‌ جێگیربكات و بیكاته‌ ده‌ستكه‌وتی خۆی، یه‌كێتی یش خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌زانێ، پارتی دژی ئه‌وه‌بوو گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم، یه‌كێتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا بودجه‌ی سلێمانی جیابكاته‌وه‌ و له‌كاتی دروست بوونی ناكۆكی له‌گه‌ڵ پارتی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕاسته‌وخۆ بودجه‌ی سلێمانی له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت. چونكه‌ ترسی له‌ پارتی هه‌یه‌ له‌ داهاتوو دیسان ئابلوقه‌ بخاته‌ سه‌ر سلێمانی هاوشێوه‌ی ساڵی ڕابردوو كاتێك ناكۆكیه‌كانیان گه‌یشته‌ لوتكه‌ پارتی بودجه‌ و موچه‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆری یه‌كێتی ڕاگرت.
3- شیعه‌ و سوننه‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ی كوردیان قۆسته‌وه‌، لاوازی كوردیان به‌ هه‌ل وه‌رگرت تاكو هه‌رچی بڕگه‌ و مادده‌ی قورسه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی بسه‌پێنێت.
4- ناشاره‌زایی و كه‌م ئه‌زموونی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا، نه‌یانتوانی شه‌ڕی مافه‌كانی كورد بكه‌ن، هه‌موو شه‌ڕی بودجه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و باڵاده‌ستی حیزبه‌ به‌هێزه‌كانی عێڕاق له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لێژنه‌ی دارایی بوو، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ سێ كه‌س یه‌كیان كورده‌ كه‌ (شاخه‌وان عه‌بدوللا) یه‌ له‌ سه‌ر لیستی پارتی، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌. وه‌ لێژنه‌ی دارایی له‌ 23 ئه‌ندامی لێژنه‌كه‌ 4 ئه‌ندامیان كوردن كه‌ (اخلاص دلێمی) جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌كه و (خلیل غازی) له‌سه‌ر لیستی (پارتی)ن،( دکتۆر نرمین معروف) له‌سه‌ر لیستی یه‌كێتی یه‌، (جه‌ماڵ كۆچه‌ر) (یه‌كگرتوو)ـه‌. زۆرترین شه‌ڕی بودجه‌ له‌ لێژنه‌ی دارایی بوو، په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌ب پرس و ڕاوێژیان به‌ شاره‌زاییان و پسپۆڕانی دارایی و ڕاوێژكارانی خۆیان ده‌كرد تاوه‌كو بتوانن زۆرترین ده‌ستكه‌وت بۆخۆیان ده‌سته‌به‌ربكه‌ن. دکتۆر كاوه‌ قه‌ره‌داغی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی KNN له‌ 19- 6- 2023 وتی: په‌رله‌مانتارانی شیعه‌و سوننه‌ پرس و ڕاوێژیان به‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی دارایی و ئابوری خۆیان ده‌كرد كه‌چی نوێنه‌رانی كورد وایان نه‌ده‌كرد نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ پرس و ڕاوێژ به‌شاره‌زایانی ئابوری و دارایی بكه‌ن.
5- له‌و بودجه‌یه‌دا به‌هۆی(ناشاره‌زایی له‌یاسا و ده‌ستور، كه‌م ئه‌زموونی، ملنه‌دانی حیزبه‌كان بۆ یه‌كتر، ناكۆكی ناوخۆیی…)چه‌ندان بڕگه‌ و مادده‌ له‌ بودجه‌ به‌سه‌ر هه‌رێم دا سه‌پێنراوه‌، له‌كاتێكدا ده‌ستوری عێراق زۆرێك له‌و مافانه‌ی به‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خشیووه‌، كه‌چی چه‌ندان بڕگه‌ و مادده‌ له‌وبودجه‌یه‌دا جێگیر كراوه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌، به‌ڵام به‌هۆی ناشاره‌زایی نوێنه‌رانی كورد دركیان به‌و بابه‌تانه‌ نه‌كردووه‌، وه‌ك:
1- هه‌رێم وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی فه‌رمانڕه‌وایی له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدڕالی ئیعتباری بۆ دانه‌نراوه‌، كه‌ له‌ مادده‌ی 1/117 ی ده‌ستور هاتووه‌.
2- له‌بواری (یاسادانان- جێبه‌جێكردن- قه‌زایی)هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك بۆ هه‌رێم به‌جێنه‌هێڵراوه‌ كه‌ هه‌رێم مافی خۆیه‌تی پیاده‌یان بكات و به‌شێكی له‌و بوارانه‌ی له‌ هه‌رێم سه‌ندۆته‌وه‌ له‌ كاتێكدا به‌گوێره‌ی مادده‌كانی 1/121 و 2/121 ی ده‌ستوری عێراق ئه‌و مافه‌ی به‌هه‌رێم داوه‌.
3- مادده‌ی 1/112 ی ده‌ستوری عێراق جه‌خت له‌ ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌ش ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه‌چی له‌و بودجه‌یه‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌ی له‌ هه‌رێم وه‌رگرتۆته‌وه‌ و هه‌مووی له‌ده‌ستی به‌غدا حه‌صر كردووه‌.
4- دیوانی چاودێری دارایی عێراق كراوه‌ته‌ بنه‌ڕه‌ت و بڕیاری كۆتایی ئه‌و ده‌یدات، دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم ته‌نها مافی هه‌ماهه‌نگی پێدراوه‌، كه‌چی له‌مادده‌كانی 112 و 114 ی ده‌ستوری عێراق ئه‌و دوو دیوانه‌ هاوبه‌شن له‌ده‌سه‌ڵات نه‌ك تاك لایه‌نه‌بێ و هه‌موو بڕیاره‌كان له‌ده‌ستی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕالی بێت و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم ته‌نها چاودێریكه‌ر بێت.
5- له‌ڕه‌شنووسی بودجه‌كه‌دا هاتبوو كردنه‌وه‌ی ئه‌ژمارێكی بانكی له‌بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراق سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و ئه‌و توانای خه‌رجكردنی پاره‌ی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌بێ، كه‌چی باش بوو كورد له‌و بڕگه‌یه‌دا به‌خه‌به‌رهاتن و قبوڵیان نه‌كرد سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری دارایی عێراق بێ و ئه‌و پاره‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رف بكات ئه‌و مافه‌یان بۆ هه‌ڕێم گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌یان بۆ بڕگه‌ و مادده‌كانی دیكه‌ش بكردبایه‌ زۆرشت ده‌گۆڕا .
6- ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسای بودجه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ چه‌ندین بڕگه‌ و مادده‌ی دیكه‌ی ده‌ستوری عێراق ناكۆك و دژبه‌یه‌كن وه‌ك: مادده‌كانی 3/121 و 4/114 و 7/110 و 116 و 1/117 و 121 . (1)
7- ئه‌و یاسای بودجه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بنه‌ما و یاسای دیكه‌ش ناكۆك بوو كه‌ خودی حكومه‌تی عێراقیش له‌هه‌ندێك مادده‌ی ناڕازی بوو، چونكه‌ لێژنه‌ی دارایی گۆڕانكارییه‌كی زۆری له‌ ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌ یاساكه‌ی حكومه‌ت كرد كه‌ ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی كردبوو، بۆیه‌ دوای په‌سندكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی (وقائع)ی عێراقی حكومه‌تی عێراق تانه‌ی له‌ 12 مادده‌ی یاساكه‌دا.

ئه‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌
یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو(2023- 2024- 2025) له‌ 78 مادده‌ پێكهاتووه‌، 3 مادده‌ی به‌ته‌واوی تایبه‌ته‌‌ به‌هه‌رێمی كوردستان مادده‌كانی (11 و 12 و 13)سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند بڕگه‌ و شوێنی دیكه‌ باسی هه‌رێمی و كوردستان ده‌كات.

مادده‌ی 11
مادده‌ی 11 له‌ 2 خاڵ پێكهاتووه‌، له‌ خاڵی یه‌كه‌م باسی ئه‌وه‌ ده‌كات دیاریكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم دوای دیاریكردنی (النفقات الحاكمة) ده‌بێت كه‌ له‌ خشته‌ی (د) له‌یاسای بودجه‌ دیاریكراوه‌، پاره‌كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌یدات به‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.
له‌ خالی دووه‌م باسی دیاریكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات دوای ده‌ركردنی تێچووی (النفقات السیادیة)كان و قه‌رزه‌كان، ئه‌و نفقاتانه‌ش یه‌كجار زۆرن، نزیكه‌ی سێ لاپه‌ڕه ده‌بێت له‌ یاسای بودجه‌،‌ جگه‌ له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ و سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ ده‌یان قه‌رزیشی تێدایه‌ كه‌ ده‌بێ ئه‌و خه‌رجی یانه‌ ده‌ربكرێت.

مادده‌ی 12
مادده‌ی 12 ش له‌ 2 خاڵ پێكهاتووه‌، له‌ خاڵی یه‌كه‌م/ باسی پاكتاوكردنی شایسته‌ دارایی یه‌كان ده‌كات له‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ساڵی 2004 تاكو 2022 دوای وردبینی كردن له‌ لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی عێراق به‌ تنسیق له‌گه‌ل دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان.
خاڵی دووه‌م/ له‌ 6 بڕگه‌ پێكهاتووه‌، بڕگه‌ی (أ)ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌وه‌ی ڕۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات. برگه‌ی (ب)ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی بۆی دیاری ده‌كات ئه‌و 400هه‌زاربه‌رمیل نه‌وته‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی (أ)دیاری كراوه‌ له‌ڕێگای به‌نده‌ری جیهانی توركی، یان هه‌ر به‌نده‌ر و شوێنێكی دیكه‌ ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات یان له‌ پێداویستی ناوخۆیی به‌كاری بهێنێت. له‌یه‌كه‌م هه‌نگاویشی حكومه‌تی عێراق ئه‌و كاره‌ی كرد ڕۆژی 10- 7- 2023 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند: ده‌ستمان كردووه‌ به‌هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌صره‌ و ڕۆژانه‌ 150 هه‌زاربه‌رمیل نه‌وت ڕه‌وانه‌ی به‌صڕه‌ ده‌كه‌ین، له‌كاتێكدا له‌ 25- 3- 2023 هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕاگیراوه‌.
له‌ بڕگه‌ی (ج)هاتووه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق قه‌ره‌بوی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌ له‌ تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌و ڕێژه‌یه‌ی له‌ دوو بڕگه‌ی پێشوو هاتووه‌، له‌ بڕگه‌ی (د)هاتووه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ پێدانی داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان به‌ حكومه‌تی عێراق، له‌ بڕگه‌ی (هاء) هاتووه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مانگانه‌ شایسته‌ دارایی یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنێڕێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبوو به بڕگه‌كانی پێشوو وه‌ مانگانه‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم حیسابی كۆتایی مانگانه‌ی ڕه‌وانه‌ی عێراق كرده‌وه‌ .
بڕگه‌ی(و) تایبه‌ته‌ به‌ بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) له‌ نێوان هه‌رێم و عێراق سه‌باره‌ت به‌ پاكتاوی مانگانه، هه‌موو ئه‌و بڕگه‌ و ماددانه‌ په‌یوه‌سته‌ و به‌و رێنمایی و مامه‌ڵه‌ و پابه‌ندیانه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ حیكمه‌ت له‌ جێ به‌جێكردن و پابه‌ندبوونی هه‌ردوولایه‌ له‌ ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونی هه‌رلایه‌ك (ڕیسه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ خوری) و یاساكه‌ هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت .(2)

مادده‌ی 13
مادده‌ی 13 له‌ 8 خاڵ پێكهاتووه‌ و نزیكه‌ی دوو لاپه‌ڕه‌یه‌.
به‌گوێره‌ی خاڵی یه‌كه‌م بڕگه‌ی (أ) و (ب) دوو هه‌ژماری بانكی ده‌كرێته‌وه‌ تایبه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی سیاسی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بوایه‌ یه‌ك هه‌ژماری بانكی بكرێته‌وه‌ تایبه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ویش به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت و پاكتاوی داهاتی نه‌وت و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تێدا بێت، وه‌ بانكی ناوه‌ندی عێراقیش به‌مه‌ ڕازی بوو، به‌مشێوه‌یه‌ حكومه‌تی عێراق كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتبوون له‌ گه‌ڵ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كرا، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مانی عێراق و لێژنه‌ی دارایی ده‌ستكاری پڕۆژه‌كه‌ كرا و كرایه‌ دوو حیسابی بانكی .(3)
بۆیه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم داوا ده‌كات ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ سیاسی یه‌ی له‌سه‌ری ڕێككه‌وتون جێ به‌جێ بكرێت نه‌ك یاسای بودجه‌ی عێراق .(4)

هه‌ژماری بانكی یه‌كه‌م:
حیسابی داهاتی 400هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ی‌ كێڵگه‌ی نه‌وتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چ به‌هه‌نارده‌كردن بێت یان ساغكردنه‌وه‌ی له‌بازاری ناوخۆیی، ئه‌م هه‌ژماره‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ بانكێكی ناوخۆیی عێراق له‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق ده‌كرێته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رجه‌م هه‌ژماره‌ بانكیه‌كانی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم داده‌خرێت له‌ ناویاندا هه‌ژماری (citi bank) كه‌ تاوه‌كو ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێم له‌ 25- 3- 2023 داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی لێ داده‌نرا، ئه‌م هه‌ژماره‌ به‌ناوی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌بێت و هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ردا نابێت.

هه‌ژماری بانكی دووه‌م:
ئه‌م هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌ به‌دانانی شایسته‌ دارایی یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بانكێكی ناوخۆیی سه‌ر به‌بانكی ناوه‌ندی عێڕاق داده‌نرێت ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردن له‌م هه‌ژماره‌ بانكیه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌كراوه‌ به‌هه‌ژماری یه‌كه‌م واته‌ دیسان سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ژماری ئیلتیزامی 400 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌نه‌كات و داهاته‌كه‌ی نه‌چێته‌ هه‌ژماری یه‌كه‌م به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌ هیچ پاره‌یه‌ك ناچێته‌ هه‌ژماری دووه‌م كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێ پاره‌ی لێ ڕابكێشێت و ته‌نها هه‌ژمارێكی به‌تاڵ ده‌بێ . (بڕوانه‌ نووسینه‌كه‌ی د.ئامانج ره‌حیم)
كه‌واته‌ به‌م دوو هه‌ژماره‌ بانكیه‌ له‌م مادده‌یه‌ هه‌م كۆنتڕۆلی به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی داهاتی نه‌وتی كردووه‌، هه‌م كۆنتڕۆلی داهات و دارایی هه‌رێمی كردووه‌ و بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا توانای خه‌رجكردنی یه‌ك دیناریشی نیه‌.

سكاڵای سودانی له‌سه‌ر مادده‌كانی بودجه‌
به‌گوێره‌ی نوسراوێك ڕۆژی 26- 6- 2023 به‌واژووی (قاسم سه‌حیب) بریكاری یاسایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق (محمد شیاع سودانی)له‌ دادگای باڵای فیدرالی عێراق سكاڵای له‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (محمد حه‌لبوسی) تۆماركرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری 12 مادده‌ی یاسای بودجه‌ی كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و ماددانه‌ بارگرانی له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست ده‌كه‌ن و ئه‌و ده‌ستكاری و زیادكردنی ئه‌و بڕگانه‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی 62 ی ده‌ستوری عێراقه‌، ئه‌و ماددانه‌ی سودانی سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركردبوون ئه‌مانه‌ن:
مادده‌ی (2/یه‌كه‌م/8/ج/6) ، مادده‌ی(16/دووه‌م)، مادده‌ی(20/شه‌شه‌م)، مادده‌ی (28/چواره‌م/أ و ب)، مادده‌ی (57/یه‌كه‌م/ج)، مادده‌ی (65/دووه‌م)، مادده‌ی (62/چواره‌م)، مادده‌ی (63/سێ یه‌م)، مادده‌ی (70/دووه‌م)، مادده‌ی (71)، مادده‌ی (72)، مادده‌ی (75) .(5)
ڕۆژی 12- 7- 2023 دادگای باڵای فیدڕالی عێراق بڕیاری دا به‌ڕاگرتنی كارپێكردنی كۆمه‌ڵێك مادده‌ی یاسای بودجه‌ تاكو سكاڵاكان له‌باره‌ی ئه‌و ماددانه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ 18- 7- 2023 یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن، ئه‌و ماددانه‌ش ئه‌مانه‌ن: مادده‌ی (28/چواره‌م/أ و ب)، (57/یه‌كه‌م/ج)، (65/دووه‌م)، (70/دووه‌م)، (71)، (75)، به‌ڵام له‌ سكاڵاكه‌ی سودانی هیچ یه‌ك له‌و ماددانه‌ی تێدانه‌بوو كه‌ تایبه‌تن به‌هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم یش ناڕازی بوو له‌ هه‌ندێك برگه‌ و مادده‌ی بودجه‌.(6)

تانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و سۆران عومه‌ر
دوای سكاڵاكه‌ی (سودانی) (سۆران عومه‌ر) په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی یش هاوشێوه‌ی به‌غدا تانه‌ بدات له‌ یاسای بودجه‌ و سكاڵا تۆماربكات، به‌تایبه‌تی بڕگه‌ی 7 له‌ مادده‌ی 13 و به‌ (بۆمبه مه‌ترسیداره‌كه‌)ی بۆ پشكی هه‌رێم له‌قه‌ڵه‌مدا‌ و له‌ئه‌گه‌ری دروست بوونی كێشه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لێژنه‌یه‌ك له‌ هه‌ردولا دروست ده‌كرێ و له‌ماوه‌ی 30 ڕۆژ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌بوو په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری پێویست له‌باره‌وه‌ ده‌دات. ئه‌مه‌ صلاحیاتی په‌رله‌مان نیه‌ و باشتره‌ سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری له‌سه‌ر بدات نه‌ك په‌رله‌مانی عێراق، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر هاته‌وه‌ په‌رله‌مان له‌وێش دیسان شیعه‌ زۆرینه‌یه‌ بڕیار له‌باره‌ی ڕاگرتنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌ده‌ن و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌زوویی تانه‌ له‌و بڕگه‌یه‌ بدات و هه‌مان ڕۆژ له‌چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ رووداو وتی: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم یش تانه‌ و سكاڵای له‌سه‌ر نه‌بوو من سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌ تۆمارده‌كه‌م، چونكه‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم زیانیان پێ ده‌گات.(7)

ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم
له‌لاپه‌ڕه‌ 65 ی یاسای بودجه‌ی عێراق خشته‌ی هێزی كار(ج) ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌ (658189)فه‌رمانبه‌ر دانراوه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم (681979)فه‌رمانبه‌ره‌، واته‌ (23790)فه‌ر‌مانبه‌ر كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و موچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ (20000)یان پێشمه‌رگه‌ن و موچه‌كانیان ده‌خرێته‌ سه‌ر پشكی هێزه‌كانی زه‌مینی عێراق، ئه‌و (3790)كه‌سه‌ی دیكه‌ش له‌ لیوا هاوبشه‌كانن و موچه‌یان ده‌چێته‌ سه‌ر به‌غدا .(8)
موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم 9تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دیناره‌، موچه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی 1 تریلیۆن و 346 ملیار دیناره‌، موچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ 228 ملیار و 304 ملیۆن دیناره‌.

بژارده‌كان
كۆمه‌ڵێك بژارده ‌هه‌ن كه‌ زۆربه‌یان لاوازن و ئه‌سته‌مه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت خۆی له‌و بڕگه‌ و مادده‌ قورسانه‌ی بودجه‌ ڕزگاربكات كه‌ به‌سه‌ر هه‌رێم سه‌پێنراوه‌.
1- گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێككه‌وتنه‌ سیاسی یه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی محمد شیاع سودانی و ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم.
2- ڕه‌تكردنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كارته‌ سوتا ڕۆژی 21- 6- 2023 دکتۆر له‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق واژووی له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ كرد.
3- په‌نابردنه‌ به‌ر دادگای باڵای فیدڕالی عێراق تاكو تانه‌ له‌ یاساكه‌ بده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو كاتێك بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگایه‌ دژی كورد ده‌رچوون پارتی ئه‌و دادگایه‌ی به‌ ناده‌ستوری وه‌سفكرد، به‌ڵام بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگایه‌ تانه‌شی لێ نادرێت و مایه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ نیه‌ و ده‌بێ جێ به‌جێبكرێت و پارتی و سه‌ركردایه‌تی كوردیش نه‌یانتوانی بڕیاره‌كانی ڕه‌تبكه‌نه‌وه‌ و جێبه‌جێ ی نه‌كه‌ن وه‌ك بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكرنه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 30- 5- 2023.
4- گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێككه‌وتنی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه‌ سروشتی یه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی تێچووی (به‌رهه‌مهێنان- هه‌نارده‌كردن-گواستنه‌وه‌)ی نه‌وتی هه‌رێم .
5- حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێككه‌وتن و هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌توانی رێگری بكات له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك له‌و خاڵانه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پێنراوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌، به‌ڵام به‌هێز نیه. ده‌یتوانی وا له‌ حكومه‌تی عێراق بكات كه‌ تانه‌ له‌و مادانه‌ بدات كه‌ مه‌رجی قورسه‌ و به‌سه‌ر هه‌رێم دا سه‌پێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ڕووینه‌دا و حكومه‌تی هه‌رێمیش بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، چونكه‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (الوقائع)حكومه‌تی عێراق تانه‌ی له‌ 12 ماده‌ی یاسای بودجه‌دا كه‌ هیچ كام له‌و ماددانه په‌یوه‌ست نه‌بوون به‌هه‌رێمی كوردستان، وه‌ ئه‌و یاسایه‌ حیكمه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی دایه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق یش ڕینمایی ده‌رده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی، چونكه‌ ده‌یان ورده‌كاری دیكه‌ ماون كه‌ به‌و ڕینماییانه‌ جێبه‌جێده‌كرێن سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی (نه‌وت، خاڵه‌ سنورییه‌كان، داهاتی ناوخۆ، گومرگه‌كان.‌
6- یه‌كڕێزی كورد و حیزب و فڕاكسیۆنه كوردستانیه‌كان له‌ هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌مه بژارده‌و خاڵی هه‌ره‌ به‌هێزه‌ كورد بتوانێ به‌ یه‌كگرتوویی هه‌موو مافه‌كانی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ناوماڵی كورد بوو ئه‌و مادده‌ و بڕگه‌ قورسانه‌ له‌ بودجه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دا سه‌پێنرا، (پارتی- یه‌كێتی- نه‌وه‌ی نوێ-گۆڕان-كۆمه‌ڵی دادگه‌ری- یه‌كگرتوو‌) هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ئاوازێك ده‌یانخوێند، له‌داهاتووش ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز نه‌بن عێراق زۆر خراپتر ده‌بێت هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌وپه‌ڕی خراپی دایه‌، هیچكات به‌قه‌د ئێستا كورد له‌ عێراقی دوای صدام ئه‌وه‌نده‌ لاواز و بێ ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌.‌
__________________________________
1- (بۆ زیاتر زانیاری بڕوانه‌ (ئاماژه‌ مه‌ترسیداره‌كانی پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ عێڕاق: خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مادده‌ی 13 و 14 ی بوودجه‌ی وڵات بۆ ساڵانی 2023 – 2025 نووسینی دکتۆر سه‌ردار قادر – سایتی زه‌مه‌ن – 30- 5- 2023)) https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=5669
2- (بڕوانه‌ یاسای بودجه‌ی عێڕاق له‌ ڕۆژنامه‌ی وقائع العراقی ژماره‌ 4726 له‌ 26- 6- 2023) https://moj.gov.iq/upload/pdf/4726_72.pdf
3- (بڕوانه‌ لێكه‌وته‌كانی دوو هه‌ژماره‌ بانكیه‌كه‌ی مادده‌ی13ی بوودجه‌ی عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان – د.ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران – دره‌ومیدیا 21- 6- 2023) http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13168
4- (بڕوانه‌ ڕاگه‌یه‌نراوی حكومه‌تی هه‌رێم دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ 21- 6- 2023 – سایتی سپی میدیا له‌ 21- 6- 2023) https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=125264&Jor=1
5- (بڕوانه ‌ رووداو له‌ 12-7-2023
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/120720231
6- (ئه‌و ماددانه‌ی بودجه‌ كامانه‌ن كه‌ دادگا كارپێكردنی ڕاگرتوون؟ دره‌و میدیا له‌ 12- 7- 2023 ) http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13330
دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ کردنی ژمارەیەک بڕگە و مادەی یاسای بودجەی راگرت – NRT – 12- 7- 2023 https://www.nrttv.com/detail/27394
7- (بڕوانه‌ ئاوێنه ، ‌ رووداو‌ له‌ 3- 7- 2023) ‌https://www.awene.com/detail?article=91139
8- ( ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم ڕووداو 27- 6- 2023
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/270620237
9- ھەرێمی کوردستان لەناو گەمەی سیاسیی لایەنە شيعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا – نه‌وزاد هێتوتی – سایتی پێنووس -6-7-2023
http://www.penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/2120-2023-07-06-07-06-34

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت