عیماد عەلی: رەفتاری سەرکردایەتی کورد، رەنگدانەوەی مۆرکی تایبەتی خۆیەتی!
کە لە ئەخلاق و سروشتی ژیانی مرۆڤی کورد ورد بیتەوە، زۆر بە روونی خەسڵەتی تایبەتی ئەم گەلەت بۆ دەردەکەوێت. ئەگەر تەنها لە رووی سیاسیەوە لەم بارەوە وردبینەوە، بە زۆر ئەزموندا تێپەڕیوین و دڵپاکیمان جگە لە خۆمان بۆ دۆست و دوژمن سەلماندووە. با زۆردوور نەرٍۆین لە مێژووی نزیکماندا ئەوەمان دەرخستووە کە هەمیشە دووربووین لە تۆڵەکردنەوە و خاوەنی لە بیرکردنی سەرجەم زوڵم و زۆریەکانی دژ بە کورد بووین.
ئەم میلەتە بە سروشتی خۆی چاکەخواز و دوورە لە گەندەلی دەروون و رەفتار و ئەخلاق، بۆیە لە هەر بارێکدا دەگەرێتەوە بۆ مۆرکە رەسەنەکەی خۆی، بەڵام سەرکردایەتی دوور لە میلەت، تەنها لە بازنەیەکی ململانێی تایبەتیدا دەسورێتەوە، کە پێویست بوو پشت بە سروشتی گشتی خەڵک ببەستێت نەک مۆرکی کۆمەڵێک کەس کە زۆرینەیان ناخ ئاڵۆزی خۆیان لە ژیاندا دەرخستووە، کەچی پێچەوانەی هەموو سیفەتە باشسەکانی نەتەوەی کوردیان سەلماند بووە، تەنانەت لەبەرامبەر هاوخەبات و برای خۆشیاندا.
بۆیە، بەرهەمی دەست و بیرکردنەوە و عەقڵی ئەوانەی کوردستان بەرێوەدەبەن، دوورە لە مۆرکی تایبەتی گەلی کوردستان بە گشتی، تەنانەت لە رووی دارٍشتنی یاسا و سیاسەت و پەروەردە و ژیان و گوزەرانەوە، کەموکەرتی گەورەیان دەرخستووە.
هەر بۆیە ئەمەش وای کردووە کە میلەت لە دۆڵێکدا بێت و سەرکردایەتی لە دۆڵێکی تردا بژێت و لە هیچ رەفتار و ئەخلاق و خەسڵەتێکدا هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکەوە نەبێت. تۆ تەماشای واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلی کوردستان بکە و بەراوردێکی تایبەتی لەگەڵ یەک بە یەکی سەرکردەکان بکە، ئەوجا جیاوازیە قوڵەکە ببینە.
ئەگەر بە قووڵی بیری لێبکەینەوە، بۆ چارەسەر و دوور کەوتنەوە لە چەرمەسەریەکان، پێویستە سەرەتا لەوە یەکلابینەوە کە مۆرک و بیرکردنەوەی سەرکردایەتی کورد لە سەرجەم بوارە سروشتی و ئەخلاقی و ئەدەبی و حاڵ و گوزەران خەڵک و بەراورداری لەگەڵ سەرکردایەتیەکەیدا، بە روونی دەبینین کە بەرهەمی هەمان سیفاتی گەلەکە نین و زۆرینەی رەهایان نامۆن لە سیفەتە رەسەنەکانی کوردایەتی. بۆیە بەرهەمەکەیان لەمە باشتر نەبووە و نابێت.