شێرزاد شێخانی: ڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.
چەندین ساڵە ڕاپۆڕتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو بەڕیتانیاو هیومان رایتس ووتش و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەن لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. لەمدواییانەشدا دەنگی کونسڵخانەکانی وڵاتانی ئەوروپاش بەرز بۆتەوە، سەبارەت بە هەمان پێشێلکارییەکان.
هەڵبەت تاکو ئێستا قەبارەی ئەم پێشێلکارییانەش بە تەواوی دیار نیەو، ھێشتا کەسیش نازانێ چی لە زیندانەکانی هەرێم روودەدا، تەنانەت کەس نازانێ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان چەند زیندانی نهێنیشیان هەیەو لەکوێن و کێ بەڕێوەیان دەبات! بەڵام ئەوەی بەرچاوە ئەو هەموو پێشێلکارییە زەقانەیە کە ساڵانەو مانگانە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باسی لێوە دەکەن.
لە هەمووشی سەیرتر حکومەتی هەرێم دائیرەیەکی زڵوزەبەڵاحی دروستکردووە بە ناوی وەڵامدانەوەی راپۆڕتە نێودەوڵەتیەکان!. دیارە هەر لەسەرەتاوە ئەم دەسەڵاتە نیەتی خۆسەپاندن وتووندوتیژی و پێشێلکاری مافوئازادییەکانی هەبووە بۆیە حیسابی بۆ ئەم راپۆڕتانەش کردووە!. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەم فەرمانگەیە هەموو جارێکیش راپۆڕتەکان بە درۆ دەخاتەوەو هەندێ جاریش بە لایەندار باسیان دەکات ، تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش تاوانبار دەکات بە لایەنداری . ناشزانین ئەمریکا لایەنگیری لە چ لایەک دەکات و دژی کێ ؟!.
لەسەردمی حوکمی فاشیزمی صەدام حوسێن خەڵکێکی زۆر لەتێکۆشەرانی رێکخستنە نھینیەکانی حزبە موعاریزەکانی رژێمەکەی دەگییران. لەو سەردەمە مەحکەمە سەورەی بەغدا ناووناوبانگێکی زۆر خراپی هەبوو بە هۆی ئەو حوکمە قوڕسانەی دژ بە تاوانباران دەریدەکرد. دەیان و سەدان وهەزاران رۆڵەی کوردیش راپێچی ئەم دەزگا بەدناوە کران وحوکمدران. بەشێک لەو شۆڕشگێڕانەی کورد بەرەو سێدارەکان راپێچکران وگیانی بەرزەفڕی خۆیان لەپێناو میللەتەکەیان بەخشی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیان و سەدان کەسیشیان بەبەر یاساکانی لێبووردنی صەدامیش دەکەوتن و لەزیندان و تەنانەت هەندێکیان لە پەتی سێدارەش نەجاتیان دەبوو. یاسای لێبووردنی گشتیش لەسەردەمی صەدام زوو زوو دەردەچوو. ئەوەی من باسی دەکەم خەیاڵ نیە، بەڵکو هەموومان لەم سەردەمەدا ژیاوین و ئەم حاڵەتانەمان بینیوە، تەنانەت بەشێک لەم گییراوانەش لەدوای ئازادبوونیان جارێکیتر دەهاتنەوە رێزی شۆڕش و دەبوونە سەرکردەو کاربەدەست و وەزیرو پەرلەمانتاریش. با ئەمە بخەینە لایەکەوەو بێینەوە سەر ئەسلێ مەسەلەکە.
من زۆر سەیرم بەوە دێت. دەسەڵات کەسێکی ناڕازی بە ناهەق حوکمداوەو ئێستا لەکونجی زیندانە. بەوەش ناوەستێ، بەڵکو هێشتا لەناو زیندانیش ئازاری ئەدات و هەر رۆژەو دۆسییەکی تازەی بۆ دەکەنەوەو دەیانەوێ سەرباری حوکمە ناهەقەکەشیان هێشتا رەزیلی بکەن. مەبەستم کاکە شێروان شێروانییە. نازانم ئەم هەموو حیقدو بوغزو دڵڕەشییە چییە بەرامبەر بە نەیارێکی دەسەڵات؟!.
تێناگەم بۆچی ئەگەر کەسێک دژی ئەم دەسەڵاتە هەڵوێستێکی هەبێ، ئەبێ ماڵو منداڵەکانیشی باجەکەی بدەن؟. بۆچی ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە بێغییرەتە کە دەستی ناگاتە کەسە نەیارەکانی پەلاماری کەسوکارەکەی ئەدات. ئەمە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ڕەفتارەکانی رژێمی بەعس کە کاتی خۆی خانووی پێشمەرگەی بە شۆفەڵ تەخت دەکردو ماڵومنداڵی ئاوارەو دەربەدەر دەکرد!.
بە چ هەقێک دەسەڵات رێگری لەسەردانی هاووڵاتیەک دەکات بۆ کەسوکاری خۆی لەشارێکی هەرێم، لەکاتێکدا دەرگای لەسەرپشت کردۆتەوە بۆ لەشفرۆشان و جاسوسانی وڵاتانی بێگانە؟!.
من تێناگەم ئەم پێشێلکارییانە چ سوودێک بەم دەسەڵاتە دەگەیەنێ؟. شکاندنی کامیراو دەسبەسەراگرتنی مۆبایلی رۆژنامەنووسان، رێگری کردن لەوێنەگرتنی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیەکان و بەسەرکردنەوەی حاڵوئەحواڵی بازاڕو کێشەی خزمەتگوزاریەکان، چ قازانجێکی تێدایە بۆ ئەم دەسەڵاتە لەکاتێکدا سەردەم سەردەمی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاو کلیکی سەر مۆبایلە بۆ زانینی هەواڵی هەموو دونیا ؟!. ئەم هەموو پێشێلکاریە ناشرینانەی مافەکانی مرۆڤ چۆن ناڕەزایەتی خەڵک کپ دەکەنەوە؟. شاردنەوەی راستیەکان چ خزمەتێک بەم دەسەڵاتە دەگەیەنێ؟ داخستنی رۆژنامەو کەناڵی راگەیاندن چ سودێکی هەیە لەکاتێکدا هەر نەفەرێکی ئەم کوردستانە وەکو هەموو میللەتانی دونیا ئەمڕۆ بۆتە خاوەن سەکۆی راگەیاندنی تایبەتی خۆی و لەرێگەی فەیسبووکو توێتەرو ئەنستگرام و تیکتۆک و دەیان مینبەری ترەوە دەتوانێ هەواڵی گوندێکی کوردستان بگەیەنێتە ئەوبەری جەمسەری قوتبییەوە؟!. ئەو سەردەمە گوزەشت کە تەنها حکومەت خاوەنی میدیاو کەناڵی راگەیاندن بێ و تەنها بە یەک رادیۆو تەلەفزیۆنێک تەحەکوم بەهەموو میللەتەوە بکات.
ئێمەی کورد خۆمان قوربانی دەستی ئەم سیاسەتە بۆگەنەی رژێمە داگییرکەرەکان بووین بە فەرزکردنی یەک خیتابی ئیعلامی و ئینکاریکردن لەئازادییەکان، هەر ئەمەش بوو دەیان ساڵ دۆزی ڕەوای کورد لەدونیا شاردرایەوەو دەنگی ئازادی میللەتەکەمان نەدەگەیشتە دونیای دەرەوە.
پرسیارەکەش لەم دەسەڵاتە ئەوەیە: کەی ئەم شێوازی حوکمڕانییە دەمکوتکەرە دادی رژێمە زۆردارو ستەمکارەکانی داوە، تا ئەم دەسەڵاتە بچووک و شڵۆقەی خۆمان لاسایی بکاتەوە؟!.
ئەم پێشلکارییانە دژ بە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، ئەو دژایەتییە بێ مانایەی ئازادیخوازان و نەیاران هیچ خزمەتێک بەم دەسەڵات ناکات و سومعەی میللەتەکەشمان ناشرین ئەکات و ئەم هەموو خەباتو تێکۆشانەکەشمان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییمان سفر ئەکاتەوە.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts