عەتا قەرەداخی: مه‌حوی له‌ نێوان دڵی وه‌ك به‌ردی یارو تیغی ره‌خنه‌ى خه‌ڵكدا، له‌ شیعری (عه‌جیبم دێ )دا . بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

-6-
له‌ ئه‌حبابی قه‌دیمی به‌زمی ئولفه‌ت ماوه‌تن دوو ته‌ن
یه‌كێ په‌روانه‌ هه‌م ده‌رده‌، یه‌كێ بولبول كه‌ هه‌م فه‌رده‌
مه‌حوی له‌ ده‌ربڕینێكی ناڕاسته‌وخۆدا باس له‌وه‌ ده‌كات شته‌كان له‌ جێگای خۆیاندا نه‌ماون‌و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ى كه‌ ئاشناو هۆگری ئه‌م بوون، واته‌ ئه‌می عاشق هیچیان وه‌كو خۆیان نه‌ماون، ته‌نیا دووانیان نه‌بێت كه‌ ئه‌وانیش په‌روانه‌و بولبولن. لێره‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت مه‌حوی له‌ روانگه‌ى به‌رده‌وامی‌و جێگیری هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڕوای پێی بووه‌، یان وای نیشان داوه‌ كه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كات، ده‌ڕوانێته‌ ژیان‌و ده‌ورو به‌رو كۆی هه‌ڵوێست‌و جوڵه‌ى كه‌سه‌كان. ئه‌و پێی وایه‌ كه‌سانێكی زۆر ئیدیعای عیشق‌و عاشقبوونیان كردووه‌، دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ عیشق‌و له‌ عاشقبوونیش هه‌روا شتێكی رووكه‌ش نییه‌ له‌ تێڕوانینی مه‌حوییه‌وه‌، به‌ڵكو عیشق مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه‌و بریتیه‌ له‌ قوربانی دان، كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیاو به‌س ته‌نیا به‌ كه‌سی خۆنه‌ویست‌و زاهید‌و سۆفی ده‌كرێت، واته‌ كه‌سێك كه‌ ده‌ستی له‌هه‌موو شتێك شۆردبێت‌و ته‌نیا‌و به‌س ته‌نیا له‌ پێناوى عیشقه‌كه‌یدا بژی‌و ته‌نیا كه‌سی له‌وجۆره‌ ده‌توانێت قوربانی بدات. بێگومان لێره‌وه‌ ده‌شێ چه‌مكی عیشق زۆر فراوان‌و گشتگر بێت‌و ته‌نیا هه‌ر عیشقی نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو عیشق بێت له‌ هه‌موو ئاستێكدا، واته‌ لێره‌دا عیشق ده‌لاله‌تی ئه‌و مۆتیڤه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ مرۆڤ بۆ خۆبه‌خت كردن‌و خۆنه‌ویستی ده‌جوڵێنێت. به‌ هه‌رحاڵ مه‌حوى ده‌یه‌وێت بڵێت له‌ ناو هه‌موو ئه‌و واقیعه‌ى كه‌ ئه‌می تیادا ژیاوه‌و له‌ كاتێكیشدا ئه‌م به‌ بۆچوونی خۆی نوێنه‌رایه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كات له‌سه‌رده‌می خۆیدا، عیشقبوون ته‌نیا وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی رۆژ وابووه‌، ناتوانرێت كه‌سێك بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ عاشقی راسته‌قینه‌ بووبێت بێجگه‌ له‌ په‌روانه‌و بولبول.
ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ مه‌سه‌له‌ى عیشقبوونی په‌روانه‌ كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست په‌پوله‌یه‌، چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌ییه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیداو وه‌ها لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ په‌پوله‌ ئه‌وه‌نده‌ رووناكی خۆش ده‌وێت‌و ئه‌وه‌نده‌ عه‌شقی رووناكیه‌ كاتێ له‌ شه‌ودا تیشكی مۆم ده‌بینێت لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌و به‌رده‌وام به‌ ده‌وریدا ده‌خولێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ رۆیشتنی كاتیشدا نیوه‌تیره‌ى ئه‌و بازنه‌ى كه‌ په‌پوله‌ به‌ ده‌وری مۆمه‌كه‌دا پێی ده‌خولێته‌وه‌ كورتتر ده‌بێته‌وه‌و به‌و پێیه‌ش په‌پوله‌كه‌ زیاتر له‌ گڕی مۆمه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ تا باڵه‌كانی گڕده‌گرن‌و ده‌سووتێن، به‌وه‌ش په‌پوله‌كه‌ توانای فڕینی نامێنێت‌و ده‌كه‌وێته‌ خواروه‌و به‌ سووتاوى ده‌مرێت. ئه‌مه‌ش جوانترین نموونه‌ى قوربانی دانه‌ له‌ پێناوى خۆشوویستنی شتێكدا، په‌پوله‌یه‌ك كه‌ عیشقی رووناكی مۆمه‌ سه‌رئه‌نجام گڕی ئه‌و مۆمه‌ ده‌یسووتێنێت، ئه‌مه‌ش به‌رزترین شێوازی عیشقبوونه‌ كه‌ له‌ پێناوى خۆشه‌ویستی‌و عیشقبووندا ئه‌وه‌نده‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ تا گڕی ئه‌و عیشقه‌ بیسووتێنێت، لێره‌دا ده‌شێ وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ عیشق بۆ خۆی سه‌رباری ئه‌وه‌ى قوربانیدانه‌ دیسان بریتیه‌ له‌ دنیایه‌ك كه‌ سه‌رتاپای خاوێنی‌و بێگه‌ردی‌و خۆنه‌ویستیه‌.
به‌ گوێره‌ى بولبول ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ باڵنده‌یه‌كه‌ له‌ فۆلكلۆرو ئه‌ده‌بی گه‌لاندا وه‌كو هاوتای دڵدارانی راسته‌قینه‌‌و عیشقی هه‌میشه‌یی گوڵ باس ده‌كرێت‌و زۆربه‌ى كات كراوه‌ به‌ ناوه‌ند بۆ ئه‌وه‌ى باشترین عاشق‌و به‌خته‌وه‌رترین عاشقی پێ به‌راورد بكرێت. مه‌حوی پێی وایه‌ هه‌ر ئه‌و دووانه‌ له‌سه‌ر په‌یمان‌و به‌ڵێنی خۆیان ماون‌و هه‌ر ئه‌وان رێگاو ره‌وتی خۆیانیان نه‌گۆڕیووه‌، ئه‌مش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌لای ئه‌وى شاعیره‌وه‌ هه‌ر ئه‌مان نموونه‌ى راسته‌قینه‌ى عیشق‌و دڵدارین، چونكه‌ له‌و به‌ڵێن‌و په‌یمانانه‌ى كه‌ داویانه‌ په‌شیمان‌و پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه‌و نابنه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ش خاسێتی سه‌ره‌كی عاشقه‌ كه‌ هیچ كۆسپ‌و به‌ربه‌ستێك ناتوانێت له‌ رێگای راسته‌قینه‌ى عه‌شق لایبدات. بێگومان ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاشكرا ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ مه‌حوی باسی زه‌مینه‌و بارودۆخێك ده‌كات كه‌ تیایدا بنه‌ماكانی عیشق هه‌ره‌سیان هێناوه‌، بۆیه‌ له‌و هاوه‌ڵان‌و هاوخه‌مانه‌ى كه‌ ئه‌و باسیان ده‌كات‌و ئێستا به‌جۆرێك له‌ گله‌یی‌و گازه‌نده‌وه‌ له‌ باره‌ى خۆیان‌و عیشقبوونیانه‌وه‌ ده‌دوێت ته‌نیا په‌روانه‌و بولبول ماونه‌ته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ عیشق‌و خۆشه‌ویستی مۆتیڤ‌و جوڵێنه‌ری ژیانن، ئیتر ئه‌و عیشق‌و خۆشه‌ویستیه‌ هه‌ر جۆرو هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت واته‌ عیشق‌و خۆشه‌ویستی نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ بێت، یان عیشقی خودایی بێت، یان خۆشه‌ویستی‌و عیشقی خاك‌و زێدو نیشتیمان‌و نه‌ته‌وه‌و مرۆڤایه‌تی بێت، یان عیشقی كارو پیشه‌و ئاره‌زووه‌ جۆراوجۆره‌كانی مرۆڤ بێت. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ناشێت به‌ جیدی‌و به‌ دڵسۆزى مرۆڤ له‌سه‌ر هیچ شتێك به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ عیشقبوونی بۆ ئه‌و بواره‌ نه‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌، مه‌حوی ده‌یه‌وێت بڵێت ئێستا كه‌ كار رووی له‌ هه‌ورازه‌و شته‌كان گه‌وهه‌رو جوانی خۆیانیان له‌ ده‌ست داوه‌و ته‌نانه‌ت به‌ها مرۆییه‌كانیش وه‌كو پێشتر گرنگ‌و پڕ بایه‌خ نه‌ماونه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ رۆح‌و گه‌وهه‌ری عیشقبوونی مرۆڤ بۆ شته‌كان‌و بۆ خودی خۆیشی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و وه‌كو ئه‌و شێوه‌ خاوێن‌و ماناداره‌ی پێشتری نه‌ماوه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا ده‌توانین بڵێین عیشق كه‌ جوڵێنه‌رو بزوێنه‌رو پاڵنه‌ری مرۆڤه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌رزترین ئاستی مرۆڤایه‌تدا بێت‌و بۆ ئه‌وه‌ى بجوڵێت‌و بینابكات‌و جوانی ‌و راستی مرۆڤایه‌تیه‌كی باڵاترو پڕبه‌هاتر به‌رهه‌م بهێنێت، ئێستا ئه‌و مۆتیڤه‌ خۆی له‌ شكست‌و هه‌ره‌سدایه‌، بۆیه‌ هه‌موو شته‌كانی تریش شێواون‌و رووى گه‌شیان ته‌لخ‌و ناشیرین بووه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆچوونی مه‌حویه‌ سه‌باره‌ت به‌و قه‌یرانه‌ى كه‌ رۆحی عیشق‌و خۆشه‌ویستی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا دووچاری بووه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ زۆرجار گۆڕانكارییه‌كانی ژیان كاریگه‌ری راسته‌خۆی له‌سه‌ر نه‌ك هه‌ر ره‌فتارو هه‌ڵس‌و كه‌وتی مرۆڤ ده‌بێت به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی مرۆڤ خۆیشی ده‌بێت.

-7-
براله‌! ئه‌م هه‌موو ئۆباڵه‌ بێ به‌و گه‌ردنه‌ حه‌یفه‌
بنیشێ به‌م حه‌ده‌ ئه‌م گه‌رده‌ له‌و مینایی بێ گه‌رده‌
مه‌حوی له‌ دوای ئه‌وه‌ى كه‌ باس له‌ گۆڕانی خه‌ڵك‌و به‌رده‌وامنه‌بوونیان له‌ سه‌ر عیشق‌و خۆشه‌ویستی ده‌كات‌و ئه‌وه‌ش به‌ هۆكاری بێبه‌هابوون‌و بێ گه‌وهه‌ربوونی ژیان ده‌زانێت چونكه‌ بنه‌ماو پێوانه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانی جوانی‌و بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ قوربانی له‌ پێناودا بدرێت، ئێستا روو ده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆی كه‌ پێده‌چێت هه‌موو خه‌ڵكی مه‌به‌ست بێت‌و داوایان لێ ده‌كات كه‌ ناشێت (ئه‌و) تاوانبار بكرێت‌و كۆمه‌ڵێك گوناهی بدرێته‌ پاڵ له‌ كاتێكدا ئه‌و كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌قه‌كه‌داو مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ رێگای وه‌سفه‌كانی ئه‌وى شاعیره‌وه‌ له‌م دێڕه‌دا بتوانرێت شووناسێك بۆ ئه‌و بدۆزرێته‌وه‌، وه‌سفه‌كانی شاعیر بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ تا ئێستا نازانین كێیه‌، ده‌ری ده‌خات مه‌به‌ست له‌ (ئه‌و) كه‌سێكی گه‌ردن هاوشێوه‌ى مینای بێگه‌رده‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكدا كه‌ ته‌نیا رووه‌ فیسیۆلۆجیه‌كه‌یه‌تی ده‌ری ده‌خات كه‌ مه‌به‌ست له‌ (ئه‌و) ئافره‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌شێ له‌ رووى مه‌عنه‌وییه‌وه‌ ئه‌وى گه‌ردن بێگه‌رد مه‌به‌ست له‌ ئه‌وێكی خاوێن‌و پایه‌به‌رزى دوور له‌ هه‌ر گوناه‌و كه‌م‌و كورتیه‌ك بێت.
لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین كه‌ مه‌به‌ستی مه‌حوی له‌و هه‌موو ئۆباڵه‌ واته‌ ئه‌و هه‌موو گوناه یان تاونبار كردنه‌ چییه‌؟ ئه‌ى ئه‌و گه‌ردنه‌ گه‌ردنی كێیه‌؟ به‌هه‌رحاڵ ئه‌و په‌راوێزه‌ى كه‌ پایه‌به‌رزان مامۆستا مه‌لا كه‌ریمی موده‌ڕیس‌و كاكه‌ حه‌مه‌ى كوڕی بۆ ئه‌م دێڕه‌یان نووسیووه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت ئه‌و گه‌ردنه‌ بێگه‌رده‌ گه‌ردنی یاره‌و تاوانی كوشتنی دڵدارانی دراوه‌ته‌ پاڵ. ده‌شێ ئه‌مه‌ بۆچوونێك بێت، به‌ڵام له‌ هیچ شوێنێكی تری ئه‌م ده‌قه‌دا به‌ ئاشكرا باسی ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ یارێك هه‌یه‌ له‌به‌ر گوێنه‌گرتنی، یان له‌به‌ر وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ى بۆ سۆزو خۆشه‌ویستی كه‌سانی تر بووبێته‌ هۆی مردن یان دڵشكاندنی ئه‌وانی تر، لێره‌دا هه‌مان بۆچوونی شكسپیر له‌ بازرگانی ڤینیسیادا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كاتێ كه‌ پۆرشیا قسه‌ بۆ نێریسای كاره‌كه‌ری ده‌كات‌و ده‌ڵێت “بۆ ئه‌وه‌ى وابكه‌م له‌ پیاوان بڕوا بهێنن به‌وه‌ی كه‌ من پیاوم باسی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌م كه‌ چۆن چه‌نده‌ها ئافره‌ت داوای خۆشه‌ویستیان لێكردووم‌و له‌به‌رئه‌وه‌ى من وه‌ڵامم نه‌داونه‌ته‌وه‌و ره‌فزم كردوون له‌ داخدا نه‌خۆش كه‌وتوون‌و مردوون” .
بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌شێ وای بۆبچین مه‌حوی باسی شێخه‌كه‌ی بكات كه‌ كه‌سێكی خاوێن‌و بێگه‌رده‌ یان ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ مه‌حوی باسی خۆی بكات كه‌ چۆن خۆی به‌ خاوێن‌و بێ گوناه ده‌زانێت، به‌ڵام چۆن له‌و بارودۆخه‌ى ئه‌وسای سلێمانیدا هه‌ندێ جار دڵیان شكاندووه‌و ئازاری رۆحیان داوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ دوو رووه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌و ئازاره‌یه‌ كه‌ رێبازه‌كه‌ى مه‌حوى كه‌ رێبازى ته‌سه‌وفی نه‌قشبه‌ندییه‌ له‌ پێش له‌ دایكبوونی مه‌حوی‌و له‌ دوای ئه‌وه‌ش له‌ سنووری میرنشینی باباندا پێی گه‌یشتووه‌. دووه‌میشیان ئه‌و ئازاره‌ بێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵوێست‌و روانینی نوخبه‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی سلێمانیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوێستی دۆستانه‌ى مه‌حوى بۆ سوڵتان عه‌بدوحه‌میدو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی درووست بووه‌، كه‌ پێده‌چێت مه‌حوی سه‌رباری هه‌ستێكی ناكامڵی كوردایه‌تی بڕوای وابووبێت كه‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، یان لوتكه‌ى هه‌ره‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی بتوانێت پارێزه‌رو دابینكه‌ری ژیانی خه‌ڵكی بێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵك وای له‌ مه‌حوی كردبێت به‌ راستی هه‌ست بكات غه‌دری لێده‌كرێت‌و رۆحی ئه‌م خاوێنه‌و گه‌ردنی وه‌كو مینای بێگه‌رده‌‌و شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو تاوان‌و گوناهه‌ى بخرێته‌ ئه‌ستۆ.

-8-
له‌ ده‌ورمدا حه‌صار: ئافه‌ت ، له‌ سه‌ر سه‌ر خه‌یمه‌: درۆی ئاه‌
له‌ سایه‌ى عیشقه‌وه‌ بوومه‌ شه‌هی صاحیب سه‌راپه‌رده‌
ده‌شێ مانای ئه‌م دێره‌ زۆر په‌یوه‌ست بێت به‌ دێڕی پێشتره‌وه‌و ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ دێڕی پێشترمان لێكدایه‌وه‌ كه‌ مه‌حوی مه‌به‌ستی له‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئۆباڵی تاوانكردن‌و گوناه كردنی ده‌خرێته‌ پاڵ خۆی بێت ئه‌وا لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م دێره‌ش زیاتر ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و باره‌ ناهه‌مواره‌ى كه‌ مه‌حوی خۆیی تێدابووه‌و باسی خۆی ده‌كات له‌و بارو دۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا كه‌ وه‌كو گوتمان ده‌شێ بێزاربوونی مه‌حوی به‌هۆی هه‌ڵوێستی توندو بێبه‌زه‌ییانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌رامبه‌ری درووست بووبێت.
مه‌حوی باسی شوێن‌و جێگاو بارودۆخی خۆی ده‌كات كه‌ چۆنه‌و به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌. له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ ده‌وری به‌ حه‌سار یان شورایه‌ك گیراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر رووه‌ مادییه‌كه‌ی سه‌یر بكه‌ین مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌حوی له‌ نێو چوار دیوارێكدایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش جۆرێك له‌ خاسێتی زیندانی بوون یان ده‌ست‌و پێبه‌ستنی هه‌یه‌‌و له‌ پشتی ئه‌م وه‌سفه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ به‌جۆرێ له‌ جۆره‌كان ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئازادی ئه‌و سنووردار كراوه‌، یان لێی داگیر كراوه‌. هه‌ر له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا باسی ئافات ده‌كات‌و له‌وه‌ش ده‌دوێت له‌سه‌ر سه‌ریشی خێمه‌ هه‌یه‌‌و دووكه‌ڵی ئاه‌وخه‌فه‌تیش سه‌ری خه‌یمه‌كه‌و ئاسمانی گرتووه‌. ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری ئه‌م فه‌زایه‌ بكه‌ین ئه‌وا تێده‌گه‌ین ئه‌مه‌ فه‌زای پێوه‌ندكردن‌و داگیركردنی ئازادی كه‌سێكه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ خه‌یاڵیش بێت هه‌ست ده‌كات له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا له‌ قاڵب دراوه‌و ئافات‌و به‌ڵا یه‌خه‌یان گرتووه‌و ته‌نانه‌ت رووناكی ئاسمانیش نابینێت چونكه‌ ئاه‌و ناڵینی به‌ جۆرێكه‌ ناخی ده‌سووتێنێت‌و دووكه‌ڵی ناخی به‌رزده‌بێته‌وه‌و رووى ئاسمانی لێ ده‌ته‌نێت‌و نایه‌لێت هیچ ببینێت..
مه‌حوی باسی ئه‌م باره‌ى خۆی ده‌كات‌و ده‌ڵێت ئه‌وێك كه‌ عاشقی جوانی‌و خاوێنی‌و به‌ها باڵاكانه‌‌و عاشقی گه‌یشتن به‌ رۆحی باڵای خودا‌و تواندنه‌وه‌یه‌ له‌و رۆحه‌ باڵایه‌دا‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌لای ئه‌وه‌وه‌ نموونه‌ى به‌رزو باڵا بۆ جێبه‌جێ كردنی په‌یامی روون‌و به‌رزى ئایین‌و زوهدو خاوێنی ته‌سه‌وف ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ كه‌سێتی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدو خه‌لافه‌ته‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، بۆته‌ مایه‌ى سه‌رزه‌نشتكردنی ئه‌م له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌و به‌م هه‌ڵوێسته‌ش ئه‌م بووه‌ته‌ مایه‌ى ره‌خنه‌ لێگرتن له‌ كاتێكدا ئه‌و خۆی به‌ پاشای رێگای ئه‌و عیشقه‌ ده‌زانێت. كه‌چی ئه‌و عیشقه‌ بۆی ده‌بێته‌ مایه‌ى سه‌رئێشه‌و قسه‌و ره‌خنه‌و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا خه‌م‌و خه‌فه‌ت ده‌وری ده‌ده‌ن، هه‌رچۆن ده‌واری سه‌رده‌می كۆچی گه‌رمیان‌و كوێستانی خێڵه‌كان به‌ په‌رده‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌وره‌ ده‌دراو ئه‌و په‌رده‌یه‌ش ده‌وری دیواری ده‌بینی، دیاره‌ ئاشكرایه‌ كه‌ دیوار به‌ربه‌ستێكه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌و پاراستن‌و تایبه‌تمه‌ندكردنی شوێن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ناویدا ده‌ژی. به‌هه‌مان شێوه‌ دیواری خه‌فه‌ت‌و ئازار ئه‌می شاعیر له‌وانی تر په‌رت ده‌كاتواته‌ لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شی خه‌فه‌ت‌و مه‌ینه‌ته‌ ته‌نیا هه‌ر ئه‌وی شاعیره‌. ئه‌م ئێستا له‌ ئه‌نجامی عه‌شقبوونیه‌وه‌ بۆ جوانی‌و بۆ زوهدو بۆ راستی‌و بۆ دڵسۆزى، چوارده‌وری گیراوه‌و دووكه‌ڵی خه‌م‌و ئازار سه‌رسه‌ری گرتووه‌و دنیای لێ بچووك كراوه‌ته‌وه‌و وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ نێو ده‌وارێكدا دیل كرابێت، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ سایه‌ى عیشقدایه‌و له‌ پێناوى عیشقدا دووچاری ئه‌م ده‌رده‌ سه‌رییه‌ بووه‌. هه‌روه‌ك ئه‌گه‌رێكی لاوازیش هه‌یه‌ كه‌ وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ ئه‌م له‌ سایه‌ی عیشقدا بووبێته‌ خاوه‌نی ده‌وارو ئه‌و ده‌واره‌ش سه‌رتاپای به‌ خه‌م‌و خه‌فه‌ت‌و به‌دبه‌ختی‌و دووكه‌ڵی ئاه‌و ناڵین ده‌وری گیرابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ى دووه‌م راست بێت ئه‌وا ته‌نیا خۆی به‌رپرسیاره‌ له‌و باره‌ى تێیكه‌وتووه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامی عیشقه‌، كه‌واته‌ له‌ بارێكی وه‌هادا پێویست ناكات باسی كه‌سی تر بكات‌و به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ گوێی خه‌ڵكی تردا بچڕێنێت‌و بڵێت (براله‌ ئه‌م هه‌موو ئۆباڵه‌ بێ به‌و گه‌ردنه‌ حه‌یفه‌). لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌شێ مرۆڤ رێگایه‌ك هه‌ڵبژێرێت یان تێڕوانینێكی هه‌بێت‌و له‌ هه‌موو رێگاو تێڕوانینێكی تری به‌لاوه‌ راستترو درووستتر بێت، ئه‌مه‌ش شتێكی سرووشتیه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و بۆچوونه‌شی هه‌بێت كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو خه‌ڵكی تر ئه‌و رێگاو تێڕوانینه‌ی ئه‌میان به‌لاوه‌ راست‌و درووست بێت، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكات كه‌سانێكی تر هه‌بن نه‌ك له‌گه‌ڵ رێگاو تێڕوانینی ئه‌مدا ناكۆك بن به‌ڵكو ده‌شێ دژیشی بن. بێگومان ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌م شێوه‌یه‌ سه‌یری دنیای كرد ئه‌وا هه‌موو شته‌كان به‌ ئاسایی وه‌رده‌گرێت‌و به‌وجۆره‌ى مه‌حوی تووشی هه‌ڵچوون یان كاردانه‌وه‌ى تووند نابێت.

-9-
چلۆن ئه‌و دێته‌ چاوى من كه‌ یه‌كسه‌ر عونصوری ئاوه‌
مه‌حاڵه‌ من كه‌ بچمه‌ دڵیه‌وه‌، دڵ كیشوه‌ری به‌رده‌
مه‌حوی باسی خۆی‌و یار ده‌كات‌و ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئه‌م‌و یار له‌ دوو توخمی جیاوازن، ئه‌م له‌و وه‌سفه‌یدا كه‌ بۆ خۆیی ده‌كات وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی وه‌سفی خۆی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وى یار به‌ دوو جۆر وه‌سف ده‌كات له‌ یه‌كه‌میاندا وای نیشان ده‌دات یار له‌ توخمی ئاوه‌، له‌ دووه‌میشیاندا وه‌كو مرۆڤ نیشانی ده‌دات كه‌ دڵی هه‌یه‌و ئه‌و دڵه‌ش سه‌رباری ره‌قی هێشتا دڵی مرۆڤه،‌ چونكه‌ ده‌شێ ئه‌م بچێته‌ دڵییه‌وه‌. سه‌ره‌تا مه‌حوی ئه‌وی یار ده‌باته‌وه‌ سه‌ر ره‌گه‌زى ئاو كه‌ ئاویش چه‌ند خاسێتێكی هه‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى ناگیرێت‌و ته‌نیا به‌هۆی شتێكی تره‌وه‌ ده‌توانرێت به‌رجه‌سته‌ بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش رێگره‌ له‌وه‌ى كه‌ چاوى ئه‌م بتوانێت وێنه‌ى ئه‌م به‌رجه‌سته‌ بكات، لێره‌شه‌وه‌ مه‌حوی ده‌مان گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ باسی بینین‌و به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ى شته‌كان ده‌كات، كه‌ گوایه‌ چاو تیشكێك ئاراسته‌ى ئه‌و شته‌ ده‌كات‌و به‌وه‌ش وێنه‌ى ئه‌و شته‌ له‌ چاودا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌ڵام لێره‌دا وێنه‌ى ئه‌وى یار له‌ چاوى ئه‌مى شاعیردا به‌رجه‌سته‌ نابێت هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وى یار له‌ توخمی ئاوه‌و وێنه‌‌و ره‌نگی ئاویش به‌رجه‌سته‌ نابن له‌ چاوى ئه‌مدا. لێره‌دا ره‌گه‌زى ئاو ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ ئه‌وى یار ته‌نیا له‌ خه‌یاڵدا بوونی هه‌یه‌و پێناچێت بوونێكی واقیعی هه‌بێت ماده‌م نه‌ له‌ چاوى ئه‌مدا ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌و نه‌ ره‌نگیشی جێگیریشی ده‌بێت. ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م دێڕه‌دا زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كاتێ شاعیر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌رچۆن وێنه‌ى یار له‌ چاوى ئه‌مدا به‌رجه‌سته‌ نابێت به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌میش ناتوانێت له‌ دڵی ئه‌ودا جێگا بگرێت، چونكه‌ ئه‌وێك كه‌ وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ى نه‌بێت مانای وایه‌ ته‌نیا له‌ خه‌یاڵ‌و وه‌همدا بوونی هه‌یه‌‌و ناشێت دڵی هه‌بێت هه‌تا ئه‌م بچێته‌ دڵیه‌وه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌وی شاعیر جۆرێك له‌ یۆتۆپیا درووست ده‌كات كه‌ ئه‌ویش یۆتۆپیای به‌ ئاوبوونی یاره‌، ئاویش توخمێكی بێڕه‌نگ‌و بێ بۆن‌و بێ تام‌و بێ شێوه‌یه‌.
له‌ رووى زانستیه‌وه‌ بوونی مرۆڤ دابه‌ش ده‌بێت له‌ نێوان دنیای ( مێشك)عه‌قڵ‌و دنیای (دڵ) واته‌ دنیای حه‌زوو ئاره‌زووه‌ دنیایی‌و غه‌ریزه‌ییه‌كانی مرۆڤ. دنیای عه‌قڵ، دنیای كۆنترۆڵ كردن‌و دیسپلین كردن‌و جوڵه‌یه‌ به‌ پێی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌. دنیای دڵیش دنیای حه‌زوو ئاره‌زووه‌ غه‌ریزى‌و دنیاییه‌كانی مرۆڤه‌ كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌شێ پێیان بگوترێت دنیای غه‌ریزه‌ ئاژه‌ڵییه‌كانی مرۆڤ. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ باڵاده‌ستبوونی ئه‌م دنیایه‌ واته‌ دنیای غه‌ریزه‌ ئاژه‌ڵیه‌كانی مرۆڤ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت كه‌ دیسپلین‌و كۆنترۆڵی ئه‌و رووبه‌ره‌ له‌ بوونی مرۆڤدا بكات ئه‌وا خاسێته‌ دڕنده‌ییه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌ر لاوازبوونی خاسێته‌ مرۆییه‌كانی مرۆڤ باڵاده‌ست ده‌بێت. دڵ كه‌ هه‌ستیارترین به‌شه‌ له‌ پێكهاته‌ى مرۆڤدا چ له‌ رووى فیسیۆلۆجی‌و چ له‌ رووى حه‌زوو ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كانه‌وه‌، كه‌چی ئه‌وى شاعیر به‌ كیشوه‌ری به‌رد ناوی ده‌بات. به‌ردیش هێمای وشكی‌و ره‌قی‌و بێبه‌رهه‌میه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌ گه‌ڵ خاسێته‌كانی دنیای دڵدا ناگونجێت، به‌ڵكو ناكۆك‌و دژیشه‌ له‌ گه‌ڵیدا.
دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ ئاو بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و چوار توخمه‌ سه‌ره‌كیه‌ى كه‌ به‌پێی لێكدانه‌وه‌ كلاسیكییه‌كان بۆ درووستبوونی گه‌ردوون، گه‌ردوونیان پێكهێناوه‌، دیسان سه‌رچاوه‌ى ژیانیشه‌و ناتوانرێت به‌ بێ بوونی ئاو ته‌سه‌وری بوونی ژیان بكرێت. جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ هیچ زینده‌وه‌رێك نییه‌ به‌ بێ ئاو بژی، به‌ گوێره‌ى هه‌موو زینده‌وه‌رانیش كه‌ زۆربوون به‌رهه‌می جووتبوونی نێوان نێرو مێیه‌، پیتاندن له‌ ناو ئاودا رووده‌دات، چونكه‌ هێلكه‌و كرۆمۆسۆمه‌كان له‌ كاتی جووتبووندا له‌ ناو ئاودا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن‌و هه‌ر له‌ ناو ئاویشدا پیتاندن رووده‌دات‌و له‌ زۆربه‌ى زینده‌وه‌رانیشدا كۆرپه‌له‌ تا ئه‌و كاته‌ى له‌ دایك ده‌بێت هه‌ر له‌ ناو ئاودا ده‌مێنێته‌وه‌و گه‌شه‌ ده‌كات. ئه‌وى یار له‌ توخمی ئاوه‌، ئه‌مه‌ش لێكچوونێكی جوانه‌، چونكه‌ هه‌ر چۆن ئاو سه‌رچاوه‌ى ژیانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وى یاریش كه‌ له‌ ره‌گه‌زی مێینه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیان‌و به‌رهه‌مهێنانه‌، هه‌رچۆن ئاو سیمبوڵی خاوێنی‌و جوانی‌و ناسكیه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وى یاریش كه‌ له‌ ره‌گه‌زى مێینه‌یه‌ سیمبوڵی خاوێنی‌و بێگه‌ردی‌و جوانی‌و ناسكیه‌. هه‌موو ئه‌م خاسێتانه‌ى ئاو یان یار كه‌ وه‌سف ده‌كرێن ته‌نیا ده‌بینرێن‌و هه‌ستیان پێده‌كرێت‌و ئه‌وی شاعیر نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ى كه‌ ناتوانێت به‌رجه‌سته‌یان بكات یان بیانگرێت‌و گازه‌نده‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كات ئه‌وێك كه‌ له‌ توخمی ئاو بێت ناشێت چاوی ئه‌م وێنای بكات‌و وه‌كو بوویه‌كی به‌رجه‌سته‌ رامی بكات. لێره‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌می شاعیر به‌ ناوى یار وه‌سفی ده‌كات ته‌نیا بوویه‌ك بێت له‌ خه‌یاڵدا وێنه‌ى كێشابێت‌و بوویه‌كی مادیانه‌ى نه‌بێت.
له‌ وه‌سفه‌كه‌ى شاعیردا جۆرێك له‌ دژیه‌ك هه‌یه‌ كاتێ كه‌ ئه‌وى یار خۆی له‌ ره‌گه‌زى ئاو بێت بۆچی ده‌بێ دڵی به‌رد بێت؟ دڵ له‌رووی فیسیۆلۆجیه‌وه‌ له‌ ماسولكه‌و گۆشت پێكهاتووه‌و له‌ هه‌ستیار ترین به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى زینده‌وه‌رانه‌و سه‌رچاوه‌ى ژیان‌و له‌ هه‌مان كاتدا دڵ له‌به‌رامبه‌ر عه‌قڵدا داده‌نرێت كه‌ ئه‌وی دووه‌میان به‌ مانای مێشك دێت كه‌ له‌گه‌ڵ دڵدا جۆرێك له‌ رێكه‌وتن له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ بۆ رێكخستنی ژیانی تاكه‌ كه‌س، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كام له‌م دووانه‌ باڵاده‌ست بێت به‌سه‌ر ئه‌وى تریاندا ئه‌وا جۆرێك له‌ ناهاوسه‌نگی له‌ بوونی ئه‌و كه‌سه‌دا درووست ده‌بێت. به‌هه‌رحاڵ مه‌حوی دڵی ئه‌وی هاوشێوه‌كراو له‌گه‌ڵ ئاودا هاوشێوه‌ ده‌كات به‌ به‌رد‌و پێیشی وایه‌ دڵێك كه‌ وه‌كو به‌رد ره‌ق بێت ناشێت جێگای خۆشه‌ویستی تێدا بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ واهه‌ست بكات ئه‌و دڵه‌ له‌رووى ئه‌مدا داخراوه‌، بۆیه‌ ده‌گات به‌ جۆرێك له‌ بێ ئومێدبوون بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌وى یاری له‌ ره‌گه‌زى ئاو. جگه‌ له‌وه‌ش ده‌شێ مه‌حوی له‌وه‌دا مافی خۆی بێت كه‌ دڵی ئه‌وی یار به‌ به‌رد هاوشێوه‌ بكات چونكه‌ له‌ ئاستیدا ناكرێته‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ مه‌حوی به‌ گشتی دڵ به‌ ره‌ق‌و بێبه‌زه‌یی وه‌سف ده‌كات كاتێ ده‌ڵێت: دڵ كیشوه‌ری به‌رده‌. له‌ پشتی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ جیاوازییه‌ك له‌ ره‌گه‌زی پێكهێنه‌ری ئه‌وی یارو ئه‌می شاعیردا هه‌یه‌، ئه‌و له‌ ره‌گه‌زی ئاوه‌و ئه‌میش مرۆڤه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز پێكهاتووه‌ كه‌ ته‌نیا یه‌كێكیان ئاوه‌و له‌و به‌راوردكردنه‌شدا ده‌لاله‌تی هه‌ست به‌ به‌رزی كردنی ئه‌وی یار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌می شاعیردا به‌رهه‌م دێت‌و ناراسته‌وخۆش له‌ ئاستێكی قوڵتری ده‌قه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ده‌بینرێت كاتێ كه‌ ئه‌وی یار نایه‌ته‌ ناو چاوی ئه‌مه‌وه‌و ده‌رگای دڵیشی بۆ ناكاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یار له‌ توخمی ئاوه‌و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ خۆی به‌ به‌رزتر بزانێت‌و ده‌رگای وڵاتی دڵی له‌ رووی ئه‌مدا نه‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ هاوشانی خۆیی نازانێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ خۆشه‌ویستی نه‌ سنوور ده‌ناسێت‌و نه‌ جیاوازى كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌هیچ بنه‌مایه‌كی عه‌قڵی ده‌توانێت رێگای لێیگرێت چونكه‌ خۆشه‌ویستی‌و عیشق “هه‌ست” درووستكه‌رو رێكخه‌ریانه‌ نه‌ك عه‌قڵ‌و ئه‌و پێودانگانه‌ى تر كه‌ عه‌قڵ‌و هوشیاری رێكیان ده‌خه‌ن‌و ده‌یان جوڵینن‌و به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت