سامانی وەستا بەکر: کورد، کەوا سوری بەر لەشکر.
ئاشکرایە سووکایەتی بە باوەڕ، ئاین، بۆچوون و لایەنداری هەر کەس و گرووپێک ناچێتە چوارچێوەی ئازادی دەربڕینەوە، بەڵام دژیشی ناوەستێتەوە.
لە 57 دەوڵەتکە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئیسلامن نەک موسڵمان و لەژێر چەتری “منظمة التعاون الإسلامي” کۆبوونەتەوە، تەنها دەوڵەتێک هەڵوێستێکی دژ و ڕەقی دژی سوتاندنی قورئان وەرگرت “عێراق” بوو. لەوەش سەیر و سەمەرەتر “کەوا ساری بەر لەشکر” (کورد) بوو کە خۆی لە سعودیە، ئيران، تورکیا، ئەندەنوسیاو… هتد، زیاتر بە خاوەنداری ئیسلام داناوە، لە کاتێکا لای بەشێک لە باوەڕدارانی ئەو وڵاتانە کورد بە تێکەڵەی جنۆکە و مرۆڤ دانراوە.
هەڵبەتە لە هەڵوێست وەرگرتنی عێراق و کورد، کەمترین زەرەرمەند سویدە و پێچەوانەکەشی ڕاستە.
کورد پێش ئەوەی هەڵوێست دژی سوید وەرگرێ، ئەبوو لەو پشتگیری و هاوکاریانە بکاتەوە کە ئەو وڵاتە لە دۆزی ڕەوای کوردی کردووە، هەرچەندە بەندە وەک خۆم پێموایە سوید لەتوانایایە زۆرتر هاوکاری کورد بکا، وەک نەتەوەیەکی چەوساوە کە سوید خۆی بە بەرگریکاری هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک پێناسەئەکا.
تورکیا سودی لە سوتانی قورئان وەرگرت تا تەنازولی زیاتر بە سوید بکات تا ڕێگەی بات ببێت بە ئەندامی ناتۆ، سعودیە کە گەورەترین بازاڕی سویدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوید تێکنەیاوەو بەردەوامە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئێران نە باڵوێزی خۆی کێشایەوە و نە باڵوێزی سویدشی ناردەوە، ئەندەنوسیا و مەغریب و میسر و جەزائیر و ئیمارات و پاکستان و بەنگلادیش و سۆدان و… هتد، کەسیان هەڵوێستی هاوشێوەی کوردیان وەرنەگرت، لەمەوە ئەبێ تێبگەین هۆکار چیە کە کورد ناگاتە مەنزڵ!
بۆ زانیاری سوتاندنی قورئان سیاسەتی حکومەت و دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە نییە و نە حکومەت و نە پۆلیس و نە دادگای سوید توانای ڕاگرتنی ئەو کارەیان نییە، چونکە لەیەکێک لە بەندەکانی دەستوری سویدا ڕێگە بە “ئازادی ڕادەربڕین” یاوە بەهەموو جۆرێک و هیچ کۆت و بەندێکی بۆ دانەنراوە، لەوەش زیاتر ئەو دەستورە تەمەنی 200 ساڵێکە و خەڵکانی سیاسی و دەسەڵاتدار و پۆلیس و دادگای ئێستای سوید، هیچیان ئەوکاتە لەژیانا نەبوون کە دەستورەکە داڕێژراوە.
دەستور و یاسا لەم وڵاتەیا لەسەرو پاشا و سەرۆک وەزیران و پۆلیس و دادگاکانیشەوەیە و کاری ئەوان ئەوان تەنها جێبەجێکردن و ڕێزلێگرتنێتی.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هیچ هەڵەیەک ناکرێ و کەسیش تاوانبار نییە، بەڵکو ساڵانێکە ‘ڕاستڕەوە پەتەڕی و ڕادیکاڵەکان” زۆر بەهێزەوە هاتوونەتە پێشێ و سود لەهەمان دەستور وەردەگرن بۆ جێبەجێکردنی ڕۆژەڤی کارە دژە پەنابەر و خەڵکانی بەڕەچەڵەک ناسویدیەکان، سوتاندنی قورئان لەلایەن پالودان و سەلمان مومیکاوە ئەچێتە هەمان قاڵبەوە.
لەڕاستیا سوید ئەو بەهەشتە نییە کە لەوێیا گورگ و مەڕ لەیەک کانی ئاو بخۆنەوە، بەڵکو گۆڕانکاری زۆر ڕوویاوە لەسایەی هاتنە پێشەوەی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵی پەتەڕی، وە زیاتریش بەڕێوەیە، بەڵام نابێ تەڕ و ووشک پێکەوە بسوتێنرێ.
کاتێ پۆلیسی سویدی مۆڵەت بە داوایەکی هاوشێوەی سوتانی قورئان و تەورات و ئنجیل، یان هەر کارێکی تر نەیات، ئەوا دواتر دادگای دەستوری سوید داوای پیاچوونەوە مۆڵەت ئەیا، چونکە ناتوانن پێچەوانەی دەستور هیچ بڕیارێک دەربکەن، ئەگەرچی هاوشێوەی ئێستا وڵاتەکەش بکەوێتە ژێر هەڕەشەی توندڕە و تیرۆرخوازەکانیشەوە.
زۆرێکی خەڵکی سوید و سیاسی و دەسەڵاتدار و پۆلیس و دادگانیش ئەو کارەیان پێناخۆشەو دژی ئەوەستنەوە، بەڵام هیچیان بەرامبەر دەستوی وڵاتەکە پێناکرێ و بۆ گۆڕینی هەر بەندێکی دەستوری، پێویستی بە ڕاپرسی و دەنگدانی دوو خولی پەرلەمانی هەیە، واتە کارێک نییە کە حکومەتی ئێستای سوید بەبڕیارێک ڕایگرێ، پشووی درێژی ئەوێ کۆبەندە، پێموایە لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە دەستورا لەبەرژەوەندی باوەڕدار و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی سویدا ئەکرێ.
گرنگە تاکی کورد دوور لە هەڵوێستی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم هەڵوێستی نەرمی هەبێت و لەوە تێبگات کە کورد پێویستی بە پشتگیری و دۆست دروستکردن هەیە نەک پێچەوانەکەی.
سوید تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا زۆرترین پەستانی لەسەر داناوە بۆ ڕادەستکردنی زۆرێک لە سیاسی و چالاکوانی دانیشیتووی کوردی ئەم وڵاتە، بەڵام ئامادە نییە بچێتە ژێر خواست و داوای ئەردۆگان و تورکیاوە لەژێر ڕووناکی هەمان دەستورا، کە ڕێ بە سوتانی پەرتوکیش ئەیا. “هەڵبەتە دادگای سوید تا ئێستا ڕێگای بە ڕادەستکردنەوەی سێ کورد داو بۆ تورکیا” بەڵام تۆمەتی تریان لەسەر بووە لەپاڵ کاری سیاسیان، بەڵام تا ئێستاش هەموو ئەو سیاسی و چالاکوانانە کودانەی لە سویدن و تورکیا و ئەردۆگان داوایان ئەکا بە ئازادی لە سوید ئەژین کە ئەبێ سوپاسی هەبوونی دەستوری سوید بکرێ کە هەر ئەوەش هۆکاری ڕێگری تورکیایە لە سوید بۆ بوون بەئەندامی ناتۆ.
تێبینی/ لەکاتی هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر دوو لە مزگەوتەکانی نیوزلەندا لە 15-3-2019 کە لەلایەن مەسیحیەکی توندڕەوەوە کرایە سەر نوێژخوێنانی ناو مزگەتەکە و لە نزیکەی 50 قوربانی لێکەوتەوە، لەوکاتەیا سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە خاتوو “جاسیندا ئەردێرن” هەڵوێستێکی زۆر جوان ناورازەی نواند کە جگە لەسەردانی کەسوکاری قوربانییەکان و دەربڕینی هاوخەمی، لەکاتی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکانا ئامادە نەبوو ناوی کەسە تیرۆرستەکە نهێنێ، ئەیووت ئەو تیرۆرستە ئەوکارەی بۆیە کردووە جگە لە ڕق و کینە مەبەستێتی ناوی بهێنرێ و باسکرێ بۆیە ئامادە نەبوو بەهیچ جۆرێک ناوی تیرۆستەکە بهێنێ.
گرنگ بوو کە هیچ گرنگیەک بەو کەسانە نەیرێ کە بۆ خۆناساندن و بەدەستهێنانی هەر بەرژەوەندییەکی کەسی خۆیان هەڵئەسن بەکاری ناپەسەند و برینارکردنی هەستی خەڵکانی تر هاوشێوەی سوتانی قورئان لەلایەن سەلمان مۆمیکاوە کە بە پێچەوانەی “پالودان”ەوە کە مەبەستی سیاسی و پیشاندانی ئازادی بێ سنوری لەپشتەوە بوو بەڵام مۆمیکا بەرژەوەندی کەسی و بەدەستهێنای سەرنجی مێدیای و وڵاتینامە و بوون بە ئەستێرەی هەیە، ئەبوو وە گرنگە لە داهاتووا بەتەنیا بەجێبهێڵرێ و کەس لێی کۆنەبێتەوە و مێدیاش گرنگی پێنەیا، نەک کار بگاتە ئەوەی وڵاتێک و هەرێمێکیش لەگەڵیا هەڵوێستی سیاسی و دبلۆماسی لەسەر وەرگرن و ببنە هاوکاری کابرای بەرژەوەندی خواست تا بگاتە مەرام.