شاخەوان سەنگاوی: پەیمانێکی دیکە بۆ مەرگی کورد. هاوشێوەی (لۆزان).
ئەگەر تەماشایەکی دۆخی سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستان بکەیت، کە بێگومانم ئاوات بە سەروەختی ئیمزاکردنی ڕێکەوتنامەکانی ( سایکس- بیکۆ و سیڤەر و لۆزان) دەخوازیت. کەواتە دەبێت بپرسین بۆ دەبێت تاکی کوردی لە سەدەیی بیست ویەک دا ئاوات بەڕۆژگارێک بخوازرێت جگە لە قسەی دیوەخان و ئاغا و کوێخاکان هیچ قسەیەکی دیکە نەبووە؟ کە ئەوانیش دنیابینیان بۆ پرۆسە حکومڕانی و سەربەخۆیان تەنها لە سنوری قەڵەم ڕەووی خۆیاندا بووە. کەواتە کورد لە پاش سەد ساڵ لە خۆ ڕۆشنبیرکردن و کرانەوە بە ڕووی دنیایەی دەرەوەی خۆیاندا، لە هەمان کاتیشدا بوون بەخاوەن ئەم هەموو زانکۆ و ناوەندی توێژینەوە و توێژەری سیاسی و پارتی سیاسی و کەسایەتی سەرکردە و سەربازی و سەرچاوەی ئابووری زۆر و زەوەندە، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا نەیتوانیووە تەوقی بیرو و ڕوئیایی ئاغایەتی و کوێخایەتی خێڵ گەرایەتی بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی و حکومڕانی تێپەڕێنێت، بەڵکو بەهەمان ئەو ئەقلیەتەوە کاردەکات لە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەی، پارتەکەی، دەزگاکانی دەوڵەتداریدا.
کەواتە بۆیە ئەوە دەبینین لە پاش سەد ساڵ لە هەموو ڕووەکانەوە کورد لە ژمارەدا لە پێشکەوتندایە. بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە لە پاشەکشێکی بەردەوام دایە بەتایبەتی تر ڕووە سیاسیەکەی هەرچەندە لە ئێستادا خاوەنی سەدا پارت و ڕێکخراوی سیاسین، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ناکۆکی و ناتەباییەکانمان لە ترۆپکی خۆ خۆری دایە، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو خاوەنی ژمارەیەکی زۆر سەرکردە بووە کە دەتوانین سەدان ناو بەدوایی یەکدا ڕێز بکەین، بەڵام هیچ یەک لەمانە نە لە ڕابردوو نە لە ئێستادا نەیان توانیوە چوار چێوەی بیرو و ڕوئیایی ئاغای خێڵ گەرایەتی و سەرکردایەتی تێپەڕێنن و وەکو ڕابەر شان بەشانی نەتەوەی کورد هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆی کوردی.
کەواتە 24 تەموزی 2023 ساڵ ڕۆژی ئیمزا کردنی پەیمانامەی (لۆزان)ـە کە لە شاری لۆزانی سویسرا پەیمانێکی تر لە نێوان دەوڵەتانی وەکو ( بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سڕبیا و سلۆنیا و تورکیا) ئیمزا کرا بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی تورکیا لە هەمان کاتیشدا پێداچوونەوەیەک بوو بە هەڵ وەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەردا، کە پەیماننامەی سیڤەر لە 10 ئابی 1920 لە نێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیکا و یۆنان و پۆڵندا و پورتوگال و ڕۆمانیا و سڕبیا و سلۆانیا چیکۆسلۆڤاکیا و تورکیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا- وەک چاودێر ) مۆر کرا کە ( شەریف پاشا) وەکو نوێنەری کورد ڕێگایی پێدرا بەشداری ئەم پەیماننامەیە بکات، ئەم پەیماننامەیە وەکو چارەسەر بۆ کێشەی ووڵاتانی ژێر هەیمەنەی خەلافەتی عوسمانی کە دۆڕای دوای جەنگ بوو کە لە لایەن بەرەی هاوپەیمانانە داگیریان کردبوو بەسترا، چونکە لە پەیماننامەی سیڤەردا نەک تەنها مافی کورد، بەڵکو مافی کەمە نەتەوایەتیەکانی دیکەشی دەستەبەر کردبوو، وە بۆ کوردیش مادەکانی (62-63-64) سەرجەم مافەکانی کوردی تێدا جێگیرکرابوو تا ڕادەی سەربەخۆیش، لە کۆی (422) مادەکەی پەیماننامەی سیڤەر. چونکە پەیماننامەی سیڤەر یەکێک بوو لەو پەیماننامانەی کە بەزۆر لە سەروەختی خۆیدا بەنوێنەرانی تورکیا واژۆ کرابوو ئەویش بەرئەنجامی دۆڕانی بوو لە جەنگدا هەربۆیە دەبینین ڕابەرانی کەمالیستەکان هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان هێندە بیر لە دۆڕانی لایەنی جێۆسیاسیەکەی دەکەنەوە نیو هێندە بیر لە دۆڕانی جێۆسەربازیەکەی ناکەنەوە. بۆیە دەبینین تورکەکان وەکو کوردەکان کە بڕاوەی دوای جەنگ بوون و سیڤەر لە بەرژەوەندیان بوو دەستیان نەخستە ژێر سەریان وچانیان نەدا تاڕۆژگارێک تورکیایان کردەوە بە تورکیا بە سەرکردایەتی کەمال ئەتاتورک، بەسیاسەتی کەمالیستانەی دەوڵەت تورکیا توانیان دەوڵەتانی ئەندام لە پەیماننامەی سیڤەریان ناچار بکەن کە دووبارە پەیماننامەیەکی دیکە واژۆ بکەنەوە لە ژێر ناوی پەیماننامەی (لۆزان) بە نوێنەرایەتی ( عیصمەت ئینونو)ی سەرۆک وەزیرانی تورکیا وەکو نوێنەری تورکیا (لۆرد کرزن) سیاسەتمەداری ئینگلیز وەکو نوێنەری بەریتانیا لە سەر بابەتی ویلایەتی موصل کەوتنە گفتوگۆیەکی درێژخایەن کە سەر ئەنجام پەیماننامەی (لۆزان) لە 24تەموزی 1923 ئیمزا کرا کە لەم پەیماننامەیدا بەوشەیەکیش باسی مافەکانی کوردی تێدا نەبوو لە هەمان کاتیشدا دەسڵات دەدات بە دەوڵەتی تورکیا دوای سەد ساڵ ئەو زەویانە وەربگرێتەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، وەکو ویلایەتی موصل کە هەرێمی کوردستانی ئێستا لەو چوارچێوەدایە.