نیاز سەعید عەلی: سەلەفیزم، پڕۆژەیەکی پاوانخوازی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەوانی تر!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- زاراوە و چەمکی سەلەفیزم
2- قۆناغی سەلەفیزم لەمێژووی ئیسلامدا
3-کورتەیەکی مێژوویی رێبازی سەلەفیزم
4- رێککەوتننامەی دەرعیە؛ دەوارنشینێک بۆ میرنشینێکی سەلەفیزم !
5- پەلهاویشتنی پڕۆژەی سەلەفیزم بە شەڕ
6- سەلەفیزم چەکێکی گەرم بۆ ململانێکانی جەنگی سارد
7- پیشەسازیی سەلەفیزم و ناردنە دەرەوەی
8- شۆڕشی ئیسلامیی ئێران
9- سەلەفیزم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی
10- ئاراستەکانی کارکردنی رێبازی سەلەفیزم
11- غەریزەی ململانێ لای رێبازی سەلەفیزم
12- ناکۆکی و ململانێی نێوان رەوتەکانی سەلەفیزم
13- سەلەفیزم لەبەردەمی پێرۆستەریکای شازادەدا

1- زاراوە و چەمکی سەلەفیزم
سەلەفیزم و سەلەفیست، لەزمانی کوردیدا دوو زاراوەی تازەی داتاشراون؛ لەڕووی ڕەچەڵەکی زمانییەوە، ئەگەڕێنەوە بۆ سەر وشەی (السلفية) و (السلفي)ی عەرەبی. یەکەمیان بە مانای (پێشینەخوازی)، دووەمیشیان بە مانای (پێشینەخواز) دێن.
لەم سۆنگەیەوە وشەی سەلەفیزم، ئەبێتە ناوێکی واتایی دیاریکراو بۆ ناساندنی رێبازی پێشینەخوازی. وشەی سەلەفیستیش ئەبێتە ناوێکی واتایی دیاریکراو، بۆ ناساندنی شوێنکەوتەی رێبازی پێشینەخوازی.
بەکارهێنانی ئەم دوو وشەیە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەزمانی کوردیدا؛ بۆ بەشێک لەزاراوە سیاسییەکان، کە ڕەچەڵەکیان کوردی نیە، پشت بە زمانی ئینگلیزی بەستراوە؛ زۆرینەی زاراوە سیاسییەکانیش، بە هەر دوو پاشگری (یزم) و (یست) کۆتاییان پێهاتووە، ئەو دوو پاشگرەش، رێباز و پەیڕەوکەر لەسەر هەمان وشە لەیەکتر جیا ئەکەنەوە؛ لەنمونەی (سۆشیالیزم و سۆشیالیست، ناسیونالیزم و ناسیونالیست، سیکۆلاریزم و سیکۆلاریست، ئەنارشیزم و ئەنارشیست و… هتد).
لەسەرەتای هاتنی ئەم رێبازەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی لەهەشتاکانی سەدەی رابردوودا؛ زیاتر وشەی (وەهابی یان وەهابییەکان) بۆ ناساندنی رێبازی سەلەفیزم بەکارهاتووە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991)ەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی کاری ئاشکرای ئەو رێبازە لەکوردستان؛ ئیتر زاراوەی (سەلەفی) تەنگی بە زاراوەی (وەهابی و وەهابییەکان) هەڵچنی و زاراوەی (سەلەفی) بەکارهات، لەپاڵیشیدا بەڕێژەیەکی سنووردار؛ زاراوەی (مەدخەلی) بەکارئەهات، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک کەسی نەیاری رێبازی سەلەفیزم؛ لەناو هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی کوردستان، لەنمونەی (مەلا کرێکار)، کە زنجیرە وتارێکی بەناونیشانی (بارە زەلی کەرێکی شەلی مەدخەلی)، لەگۆڤاری (ڕێگا) و لەکەناڵی یوتیوبی خۆیدا بڵاوکردەوە.
ئەتوانین بڵێین لەئێستادا لەڕووی سادەیی چەمک و ئاسانیی تێگەیشتن؛ زاراوەکانی (سەلەفیزم و سەلەفیست)، بۆ بەکارهێنان لەزاراوەکانیتر گونجاوتر و شیاوترن.
زۆربەی نەتەوەکانیتر لەجیهاندا، بۆ ناولێنانی ئەو رێباز و دیاردەیە؛ پشت بە بەکارهێنانی هەمان زاراوەی عەرەبی ئەبەستن، بۆ نمونە لەزمانی ئینگلیزیدا، پشت بە وشە عەرەبییەکە بەستراوە و وشەی (salafism)، یان (salafi) بەکارئەهێنرێت، هۆکاری ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە رەچەڵەکی وشەکە عەرەبییە و خودی دیاردە و رێبازەکەش؛ هەر بەرهەمی کۆمەڵگەی عەرەبییە و لەناو کۆمەڵگەی ئەوانەوە سەریهەڵداوە و بە هەوڵ و کۆششی بانگەوازکارانی سەلەفیستی عەرەب، گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەی نیمچەی دوورگەی عەرەبی.
بۆ ناولێنانی ئەو دیاردەیە؛ کەم تا زۆر، چەندین زاراوەیتر بەکارهاتوون، لەنمونەی سەلەفی و ئیسلامی سەلەفی و وەهابی و موەحەدون و… هتد، بەڵام زاراوەی سەلەفیزم، ئاسانترینیانە بۆ ناساندن و تێگەشتن لەچەمکی زاراوەکە.
سەلەفیزم وەکو ئیجتیهادێکی ئایینیی تازە، سەرەتا بوەتە رێبازێک بۆ ناساندن و بانگەشە، پاشان بوەتە کۆڵەکە و دامێنێکی ئایدیۆلۆژی بۆ بنیاتنانی قەوارەیەکی سەلەفیزم و سیستەمێک بۆ هەژموون و پاوانخوازیی دوو گروپی کۆمەڵایەتی لەنیمچە دوورگەی عەرەبیدا، بەسەر تیرە و هۆزەکانیتردا کە دواتر ئاماژەیان پێئەکەم، ئەویش پاش بڕینی چەندین قۆناغ و تێپەڕاندنی چەندین رووداو و ململانێ و شەڕ و وەرچەرخان.
ئەم رێبازە لەسەرەتاکانەوە، بەهۆی قەوارەی بنیاتنراوی سەلەفیزم، زیاتر لەڕێگەی هێرش و پەلامار و داگیرکردن، پەلیهاویشت و بووە دیاردەیەک لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، دواتر بوو بە یەکێک لەبزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسییەکانی ناو جیهانی ئیسلامی کە بەشداربووە لەچەندین گۆڕانکاری و رووداو و پێشهاتی سیاسیدا, دیارترینیان رووداوەکانی (بەهاری عەرەبی !).
رێبازی سەلەفیزم لەبنەڕەتدا هەوڵدانێکی رادیکاڵیزمی بوو بۆ سەپاندنی ئیجتیهادێکی تازە،کە پەیوەستکراوە بە چۆنیەتیی لێتێگەیشتن و چۆنیەتیی پەیڕەویکردن و مامەڵەکردنێکی جیاوازتر، لەگەڵ دەقەکانی ئیسلام، بەگوێرەی تەنها پێوەرێک, ئەویش بریتییە لەداڕشتنێکی ئەندێشەیی بۆ پابەندبوونێکی رەها و گشتگیر. بە بۆچوون و جیهانبینی و تێگەیشتن و مامەڵەی گروپێکی دیاریکراوی پێشینەی مێژوویی موسڵمانان لەگەڵ ئایینی ئیسلام کە بە (پیاوچاکان) لەقەڵەمدراون و لەگەڵیدا هەوڵدان بۆ گەڕانەوە، بۆ دۆخی ئەو قۆناغە پێشینەییەی کە لە سێ سەدەی یەکەم و دووەم و سێیەمی کۆچیی ئیسلامیدا، لەسایەی (پیاوچاکان)دا، ئایینی ئیسلام و کۆمەڵگەی ئیسلامی پیا تێپەڕیوە!

2- قۆناغی سەلەفیزم لەمێژووی ئیسلامدا
سەلەفیزم ئیجتیهاد و ڕێبازێکە لەچوارچێوەی یەکێک لەئیجتیهادەکانی ناو ئایینزای سووننە، کە کار بۆ جڵەوکردن و گێڕانەوە و گۆڕینی کۆمەڵگە ئەکات، بۆ مۆدێل و ستایلی ئەو قۆناغە مێژووییەی کە لەلای ئەوان، بە باشترین قۆناغی ئیسلام دائەنرێت و بە سەردەمی (پێشینەی پیاوچاکانی ئیسلام) ناساندویانە!
سەلەفیزم بەگوێرەی جیهانبینی و تێگەیشتنی خۆی؛ کار بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ئایینی ئیسلام ئەکات؛ ئەوەی کە پەیوەندی بە فەرمانڕەوایان و ئەوەشی کە پەیوەندی بە تاکەکان و بە کۆمەڵگەوە هەیە.
دیاریکردنی قۆناغی پێشینەی پیاوچاکان لەمێژووی ئایینی ئیسلامدا، لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی، یان لەسەر بنەمای سیستەمی بەراوردکاری و پێوەری لۆژیکی و بابەتی دیارینەکراوە، بەڵکو تەنها پشت بە یەک بنەما و رێسا و پێوەری گواستراوەی وەرگیراو بەستراوە؛ ئەویش بریتییە لەبوونی فەرمودەیەکی گێڕدراوەی دەماودەمی تەمەن نزیکەی دوو سەدەی پەیامبەری ئیسلام، کە لەدوای دەوروبەری (200) ساڵ لەپاش مردنی؛ لەسەر بنەمای (گێڕانەوەی زارەکیی پشتاوپشتی چەندین نەوەی یەک لەدوای یەک)، بۆ یەکەمجار لەلایەن (ئیمامی بوخاری 810- 870 ز)ەوە تۆمارکراوە و بوەتە یەکێک لەفەرموودە هەرە بەناوبانگ و کاریگەرەکان کە نەخش و شوێنەواری لەسەر ئیسلام و کۆمەڵگەی ئیسلامی بەجێهێشتوە و بوەتە ئەو بنەمایەی کە بەشێوەیەکی رەها و گشتگیر، بۆ بنیاتنانی رێبازی سەلەفیزم پشتی پێبەستراوە، ئەمەش بەدیاریکراوی بە مانای ئەوە دێت؛ کە تیۆریزەکردن و رەواییپێدانی ئایینیی بە ڕێبازی سەلەفیزم، لەڕووی پشتبەستن بە دەقی ئایینی، سەرچاوەکەی تەنها ئەگەڕێتەوە بۆ دەقی فەرموودەیەک، نەک دەقێکی ناو قورئان!
لەلای ئەوانەی کە کاریان لەسەر کۆکردنەوە و بژارکردن و رێکخستنەوەی فەرمودە گێڕدراوەکانی پەیامبەری ئیسلام کردووە، هەندێک جیاوازیی وشە و بڕگە لەتۆماری ئەو فەرمودەیەدا هەیە، بەڵام لەسەر ناوەرۆک و واتاکەی کۆکن.
ئەو فەرمودەیە لەلای (ئیمامی بوخاری)، لەکتێبی (صحيح البخاري – کتاب الشهادات، لاپەڕە 1161)دا؛ بە دوو فەرمودەی نیمچە جیاواز لەڕووی داڕشتنەوە تۆمارکراوە و بریتین لەفەرمودەکانی ژمارە (2651، 2652). لەیەکەمیاندا هاتووە؛ (خيركم قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم). لەدووەمیشیاندا هاتووە؛ (خير الناس قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم)، هەر دوو بڕگەکە؛ لەڕووی مانا و ناوەرۆکەوە، لەگەڵ یەکتر ناکۆک نین و مانای هەردووکیان بەسەر یەکەوە بریتییە لە (باشترین خەڵک، خەڵکی ئەو سەدەیەیە، کە من تیایدا ئەژیم، پاشان سەدەی دواتر، ئینجا سەدەی دوای ئەوانیش).
بەگوێرەی ئەم فەرمودەیە؛ باشترین قۆناغ و سەدەکان، لەمێژووی ئایینی ئیسلامدا؛ بریتییە لە سێ سەدەی یەکەمی مێژووی ئیسلام، بەپشتبەستن بەو پێوەرەی کە پەیامبەر و هاوەڵان و هەر چوار جێنشینەکانی راشدی و جێنشینەکانی دواتر و پیاوچاکانی دوای ئەوان، لەو قۆناغەدا ژیاون. قۆناغەکەشیان بە لوتکەی یەکتاپەرستی و دوور لەبیدعە و سازش و گومڕایی و دوور لەلادان و دەستکاریکردنی دەق ناساندووە.

3-کورتەیەکی مێژوویی رێبازی سەلەفیزم
رێبازی سەلەفیزم رەگ و پێشینەیەکی مێژوویی هەیە، لەڕووی فیقهییەوە سەرەتاکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی ئەهلی سوننەت کە زۆر گرنگییان بە فەرمودەکانی پەیامبەر ئەدا، هەروەها لە رەهەندێکیترەوە، ریشەی سەلەفیزم ئەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن و راڤەکردن و رێنوێنییەکانی (ئەحمەدی کوڕی حەنبەل 780– 855ز)؛ لەبارەی چۆنیەتیی تێگەیشتن و مامەڵەکردن بە دەقەکانی قورئانەوە.
ئەم ئیجتیهادە بە رێبازی حەنبەلی ناسراوە و بریتییە لەچوارەمین رێبازی فیقهیی ئایینزای سوننە و لەئەدەبیاتی ئایینزای سوننەدا، بە (رێبازەکانی ئەهلی سوننەت و جەماعەت) ناسێنراون و سێ ڕێبازە فیقهییەکەیتریش؛ بریتین لە (حەنەفی و مالیکی و شافیعی).
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە(450) ساڵ؛ بەسەر پەیدابوونی (رێبازی حەنبەلی)، لەقۆناغێکی مێژووییتردا، لەسەر کەلەپووری (ئیبن تەیمییە 1263– 1328ز)، رێبازی (سەلەفیزم) ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندی لەفیقهی نەگۆڕی چەسپێندراو، فەتوای رەها و گشتگیر، میتۆدی نەقڵانی ناچاریی دەقەکانی قورئان، دید و جیهانبینی دۆگمایی و دەمارگیرانەی بۆ بەجێماو توانی لەتیۆریزەکردن و داڕشتنی ئەدەبیات، پشتی پێببەستێت و بیکاتە مانیفیستۆی بانگەشە و کار بۆ رێبازی سەلەفیزم، بەتایبەتی لەچۆنیەتیی پابەندبوون بە چەسپاندنی زۆرەملێی جێبەجێکردنی پیت بەپیتی وەکخۆیی و نەگۆڕی دەقەکان، بۆ گواستنەوە و پراکتیزەکردن لەسەر زەمینەی واقیع، دوور لە تەئویلی عەقڵانی، دوور لەفیقهی واقیع و بێ پشتبەستن بە ئیجتیهادی گونجاندن، لەگەڵ زەمان و زەمینی جیاواز و تازەی دوای قۆناغی پێشینەی پیاوچاکانی ئیسلام.
هاوتەریب لەگەڵ (ئیبن تەیمیە)؛ (ئیبن قەیم جەوزی 1292– 1350ز)یش، لە داڕشتنی ئەدەبیات و دانانی بناغە و کۆڵەکەکانی رێبازی سەلەفیزم بەشداربووە.
بزووتنەوەی سەلەفیزم، بە رەتکردنەوەی دەقە تەئویلکراوە کارپێکراوەکانی ئیسلام و کارکردن بە بنەما فیقهییە جێگیر و نەگۆڕەکان و فەتوا و ئەدەبیاتەکانیتری (ئیبن تەیمییە) و (ئیبن قەیم جەوزی)، لەدژی فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی عوسمانی؛ لەسەدەی هەژدەدا چووە ناو قۆناغی کاری جوڵانەوە و بووە رێبازێکی ڕێکخراو و ئاراستەکراو؛ بەرەو ململانێ و هەوڵدان، بۆ بانگەوازکردن و کارکردن بۆ چەسپاندنی رێبازەکە، بەسەر کۆمەڵگە و بەسەر سیستەمی فەرمانڕەواییدا؛ بەرەو بنیاتنانی قەوارەیەکی سەلەفیزمی، لەسەر بنەمای دروشمی (یەکتاپەرستی).

4- رێککەوتننامەی دەرعیە دەوارنشینێک بۆ میرنشینێکی سەلەفیزم!
بزووتنەوەی سەلەفیزم لەچلەکانی سەدەی هەژدەدا و بە پێشەوایەتی (شێخ محەمەد عەبدولوەهاب نەجدی 1703-1701)، لەشاری (نەجد) لە نیمچە دوورگەی عەرەبی؛ وەکو بزووتنەوەیەکی ئایینیی رادیکاڵ و رزگاریخواز، لەبیدعە و خورافیات و بەرەنگار لە دژی لادانی دەسەڵاتداران و موسڵمانان؛ لەشەرع و لەدەقەکان و لە دژی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئایینیی، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی سەریهەڵدا و خۆیان وەکو بزووتنەوەی (ئەلموەحەدون) ناساند و دروشمی (یەکتاپەرستی)یان بەرزکردەوە.
بزووتنەوەی (ئەلموەحەدون) بە پشتیوانیی (بنەماڵەی ئالسعود)؛ یاخیبوونێکی لەڕێگەی بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ، لەدژی دەوڵەتی عوسمانی بەرپاکرد و توانی هەندێک ناوچە بخاتە ژێر ركێفی خۆی و بیکات بە چەقی بنیاتنانی قەوارەیەکی سەلەفیزمی.
شایەنی باسە بەهۆی سەرهەڵدانی لەشاری (نەجد)، بزووتنەوەکە بە (بانگەوازی نەجدی) و بە (بانگەوازی وەهابی)یش ناو ئەبرا.
بزووتنەوەکە و پێشەواکەی، لەشاری (دەرعیە) لە نیمچە دوورگەی عەرەبی لەساڵی (1744)دا، لەگەڵ (محەمەد سعود)ی (میری دەرعیە)؛ رێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد و بووە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی یەکەمین قەوارەی سەلەفیزمی، رێککەوتننامەکە بە ناوی (رێککەوتننامەی دەرعیە)ەوە بوو، تیایدا هەر دوولا لەنێوان خۆیاندا، لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی فەرمانڕەوایی سیاسی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کاروباری ئایینی پێکهاتن.
بەگوێرەی ناوەرۆکی رێككەوتننامەکە؛ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی سیاسی لە(دەرعیە)، بەر (محەمەد سعود) کەوت، لەبەرامبەردا بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کاروباری ئایینی، بە هەموو جومگە و پێگە و کایەکانییەوە، بەر (شێخ محەمەد عەبدولوەهاب) کـەوت. بەگوێرەی ئەم رێککەوتننامەیە، (شێخ محەمەد عەبدولوەهاب) بووە پێشەوای ئایینیی قەوارەی میـرنشینەکە، (محەمەد سعود)یش بووە میری قەوارەکە.
ئەم بزووتنەوەیە چ لەڕێگەی بانگەواز و پەیام، چ لەڕێگەی بەکارهێنانی زەبروزەنگ و هێز، پێداگری و داوای گەڕانەوەی زۆرەملێی رەوشی کۆمەڵگە و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ قۆناغی سەلەفیزمی ئیسلامی ئەکرد، چونکە پێیوابوو سەرجەم موسڵمانان لە رێبازە ڕاستەقینەکەی ئیسلام دوورکەوتوونەتەوە و تووشی بیدعە و جەهل و چەواشەبوون و گومڕایی و کافربوون و تاوانی دروستکردنی هاوبەش بۆ خودا (شیرک) بوون، هەر بۆیە گەڕانەوەیان بۆ (یەکتاپەرستی) و جێبەجێکردنی رێبازە راستەقینەکەی ئیسلام، لەچوارچێوەی پڕۆژەی سەلەفیزمدا، بە ئەرکێکی شەرعی و سەرەکیی ئیسلام زانیوە!
ئەم بزووتنەوەیە بەهەمانشێوە پێیوابووە؛ دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی عوسمانی، لەخەلیفە و والی و کاربەدەستانیتری عوسمانی و تەنانەت ئەوانەی قۆناغەکانی پێشووتریش؛ لەشەریعەتی ئیسلامی و لە رێبازی ڕاستەقینەی ئیسلام و لە رێبازی پێشینەی پیاوچاکان لایانداوە و بوونەتە تاغوت و سیستەمەکەیان بەرەو سیستەمی جاهیلی و هاوبەش دروستکردن بۆ خودا گۆڕیوە، بەچەشنێک لەبری دامەزراندن و چەسپاندنی (دارولئیسلام)؛ بە پێچەوانەوە (دارولکوفر)یان بنیاتناوە.
شایەنی باسە ئەم بزووتنەوەیە، بەهەمانشێوە زۆرینەی مەلا و زانا و پیاوانی ئایینیی ئەو قۆناغە و زۆرینەی ئەوانەی پێشووتریشی؛ بە لادەر و بیدعەچی، بە چەواشەکەر و کەمتەرخەم و پاشکۆی دەسەڵاتداران تاوانبارکردووە.
(ڕێککەوتننامەی دەرعیە) بەدەر لەوەی بووە بناغە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سەلەفیزمی بە ناوی (میرنشینی دەرعیە)، هاوکات بووە بنەمایەک بۆ دروستبوونی دەوڵەتێک بە ناوی سعودیە لەسەدەی بیستدا.
ئێستا ئەو میرنشینە، لەلایەن توێژەران و مێژوونووسانەوە، بە دەوڵەتی سعودیەی یەکەم (1774-1818) ناسراوە، جێی ئاماژەیە دەوڵەتی سعودیەی ئێستا؛ بریتییە لەچوارەمین و دوایەمین هەوڵ، بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی سعودیە و هاوکات بە درێژکراوەی دەوڵەتی یەکەم لەقەڵەم ئەدرێت.
رێبازی سەلەفیزمی ئیسلامی، لەدوای جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە؛ بەڕەسمی بووە ئایدیۆلۆژیای (میرنشینی دەرعیە – دەوڵەتی سعودیەی یەکەم).
بە چاوپۆشی لەژمارەیەک هەنگاو و رێکاری ئەم ساڵانەی دوایی (شازادە محەمەد سەلمان)ی جێنشین؛ بۆ بەرتەسککردنەوەی رۆڵی سەلەفیزم لەناو کایە و جومگەکانی سیستەمی فەرمانڕەوایی سعودیەدا؛ ئەمە سێیەمین سەدەیە، بەدرێژایی قۆناغەکانی هەر چوار دامەزراندنەکەی دەوڵەتی سعودیە؛ سەرجەم دامودەزگاکانی تایبەت بە جومگە و کایە جیاجیاکانی ئیسلام و سیستەمی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتەدا؛ لە(پەروەردە و خوێندن و فەتوا و فیقهی ئیسلامی و شەریعەتی ئیسلامی و بانگەوازی ئیسلامی و دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری شەرعی و… هتد)، لەسەر بناغە و پایەکانی سەلەفیزم بنیاتنراون و خراونەتە ژێر جڵەو و رکێف و بەڕێوەبردنی کەسایەتی و بانگخوازە سەلەفیستەکان.

5- پەلهاویشتنی پڕۆژەی سەلەفیزم بە شەڕ
دوای ئەوەی (بنەماڵەی ئالسعود) و بزووتنەوەکەی (شێخ محەمەد عەبدولوەهاب)، توانییان قەوارەیەکی سەلەفیزمی بە ناوی (میرنشینی دەرعیە)، لەناوەڕاستی نیمچە دوورگەی عەرەبی دابمەزرێنن، بەدوایدا کەوتنە کارکردن بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم و پەلهاویشتن بۆ فراوانکردنی قەوارەکە. لەم سۆنگەیەوە کەوتنە هەوڵدان بۆ خستنەژێر رکێفی تیرە و هۆزەکانیتر، لەنیمچە دوورگەی عەرەبی و هەندێک ناوچەیتری کەنداو، ئەگەر بە بانگەواز و بانگهێشتی ئاشتی بێت، یان بە پەلاماردان و شەڕ و داگیرکردن، یان بەگوێرەی رووداوە مێژووییەکان، ئەتوانین بڵێین بژاردەی دووەم زیاتر گیراوەتە بەر بۆ سەپاندنی سەلەفیزم!
پاش پەلاماردانی لەشکری (محەمەد عەلی پاشا)ی والی میسر، لەسەر داوای دەوڵەتی عوسمانی؛ بۆ سەر (میرنشینی دەرعیە)، لەلایەک و لەلایەکیتر بەهۆی نەگونجان و ناکۆکی و ململانێ، هەروەها بەهۆی ئاژاوە و شەڕ، یان هێرش و پەلهاویشتن و پەلاماردانی قەوارە سەلەفیزمییەکە، بۆ داگیرکردنی ناوچەکانیتری ژێردەستی تیرە و هۆزەکانیتر، لەناوەوە و لەدەرەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبی، لەدەرەنجامدا قەوارە سەلەفیزمییەکە لەدوای دامەزراندنی یەکەمی بە ناوی (میرنشینی دەرعیە)؛ دوو جار تووشی داگیرکردن و هەڵوەشانەوە، تێکشکان و هەڵهاتن و ئاوارەبوون بووەتەوە. بەڵام کۆڵی نەداوە و لەماوەی نزیکەی (90) ساڵدا، دوو جاریتر بە دوای یەکدا، قەوارەکەی بە زەبری شەڕ و پەلاماردان، یان بە زەبری خۆسەپاندن و پاوانخوازی دامەزراندۆتەوە. دووەم جار لەنێوان ساڵانی (1824-1891)، کە بە دەوڵەتی سعودیەی دووەم ناسراوە، سێیەمجار لەنێوان ساڵانی (1902-1932)، کە بە دەوڵەتی سعودیەی سێیەم ناسراوە. دواجاریش هەر لەهەمان ساڵدا؛ دوای ئەوەی کە (پادشا عەبدولعەزیز عەبدولڕەحمان فەیسەڵ ئالسعود)ی پادشای (میرنشینی حیجاز و نەجد و ناوچە پاشکۆکانی)؛ بەهۆی شەڕ و هێرش و پەلاماردانەوە، توانی چەندین ناوچەیتری نیمچە دوورگەی عەرەبی داگیربکات و بیخاتە ژێر جڵەو و قەڵەمڕەویی میرنشینەکەی خۆی، ئەوەبوو بەدوایدا لەڕۆژی (23/ 9/ 1932)؛ بە مەرسومێکی پادشایەتی، بڕیاری یەکخستنی هەموو ئەو ناوچانەی دەرکرد؛ لەژێر ناوی (شانشینی عەرەبی سعودی).
شایەنی باسە راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە، لەڕووی مێژووییەوە بە چوارەم دامەزراندنی دەوڵەتی سعودیە ئەژمار ئەکرێت، دەوڵەتی ئێستای سعودیەش؛ لەسەر بنەمای سیستەمی پادشایەتیی بۆماوەیی، بە درێژکراوەی هەمان ئەو دەوڵەتە لەقەڵەم ئەدرێت.
(بنەماڵەی ئالسعود) و هاوپەیمانە سەلەفیستەکانی؛ لەپاش راگەیاندنی چوارەمی دەوڵەتی سعودیە، توانییان بنەمایەکی سەلەفیزمیی پتەو و بەهێز و ڕەگداکوتراو؛ بۆ دەوڵەتی تازە بنیاتبنێن. هاوکات چاوی فراوانخوازی و پەلهاویشتن ببڕنە وڵات و ناوچەکانیتری دەرەوەی سعودیە، بەڵام ئەمجارە جیاوازتر، دوور لەپەلاماردان و لەشکرکێشی و داگیرکردنی خاک. بەڵکو لەڕێگەی پرۆسەی داگیرکاریی ئایدیۆلۆژی و ناردنە دەرەوەی سەلەفیزم، لەژێر دەمامکی سەرلەنوێ گەیاندنەوەی رێباز و پەیامی پیرۆز، یان بە پاساوی ڕاستکردنەوەی رێبازی راستەقینەی ئیسلام، یان بە بیانووی رابەرایەتیکردنی فیرقەی رزگارکەر و تایەفەی سەرکەوتوو، لەژێر سیناریۆی پەیڕەوکردنی رێبازی ئەهلی سوننەت و جەماعەت !

6- سەلەفیزم چەکێکی گەرم بۆ ململانێکانی جەنگی سارد
ئامانج و پاساوی گواستنەوەی ئەزموونی سەلەفیزم بۆ دەرەوەی سعودیە، لەسەرەتاکاندا و بەگوێرەی زەمینە و هەلومەرج و قۆناغەکان، بریتیبوو لەکارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوە و رەتکردنەوەی فەلسەفە و کولتوور و مەعریفە و سیستەمی پەروەردە و خوێندنی رۆژئاوایی بەگشتی و سیکۆلاریزم و مۆدێرنە بەتایبەتی لەجیهانی ئیسلامیدا کە لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانییەوە لەبرەودا بوون.
لەقۆناغێکیتردا و لەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارد، لەنێوان (پەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ)، بە رابەرایەتیی ئەمریکا و (پەیمانی وارشۆ)؛ بە رابەرایەتیی یەکێتیی شورەوی، لەنیوەی یەکەمی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، سعودیە بە ئایدیۆلۆژیا و بانگەوازکارە سەلەفیستەکانییەوە، خۆی لەپاڵ بەرەی (پەیمانی ناتۆ)دا ساغکردەوە و بووە هاوکار و بەشدار لەجێبەجێکردنی نەخشە و پلانەکانی (ناتۆ)، بۆ خزمەتکردنی ئەو ئامانجەی کە (جۆن فۆستەر دالاس 1888- 1959)ی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا (1953- 1959)، لەکتێبێکیدا دایڕشتبوو، بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارد، لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی (پەیمانی وارشۆ) بەگشتی و یەکێتیی شورەوی بەتایبەتی.
(دالاس) لەچوارچێوەی تێزەکەیدا بەناونیشانی (جەنگ، یان ئاشتی)، دوو بژاردەی بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ بەرەی (پەیمانی وارشۆ)ی بەرامبەردا خستبووەڕوو، ئەویش بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی پێگە و هەژموون و پەلهاویشتنی شورەوی و ئایدیۆلۆژیا کۆمۆنیزمیەکەی لەجیهاندا و دروستکردنی فشار و گوشار لەدژی و تەنگپێهەڵچنینی، بەتایبەتی کە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە شورەوی لەبرەو و لەبەرەوپێشچووندا بوو.
ئەو بەرەوپێشچوونەی شورەوی بووبووە هۆی خوڵقاندنی هەڕەشە و مەترسی، لەسەر پێگە و هەژموون، سیستەم و قەوارە، ستراتیژ و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی گەورە سەرمایەدار، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا.
(بەرپاکردنی جەنگی ڕاستەوخۆ، یان بەڕێوەبردنی ململانێ و ناکۆکی بە ئاشتی)، ئەو دوو بژاردەیە بوون، کە (دالاس) خستبوویەڕوو، بەڵام بژاردەی دووەمی بە پێویست و گونجاو و پراکتیکی زانیبوو، هەر ئەو بژاردەیەش لەدەرەنجامدا، بووە میکانیزمی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارد و کۆتاییهێنان بەو جەنگە، بە ئاشتیانە!
یەکێک لەپرانسیپەکان، کە (دالاس) بۆ کارکردن لەدژی (پەیماننامەی وارشۆ) و شورەوی و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی دایڕشتوە، بریتییە لەیەکخستنی هەوڵ و هەنگاوەکان و بەکارهێنانی رۆڵ و تواناکانی سێ ئایینە سەرەکییەکەی (مەسیحی و ئیسلام و جوو)، بۆ بەرپێگرتن و بوون بە لەمپەر، لەبەردەم پێشڕەوییەکانی شورەوی و بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیاکەی، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکی ئایدیۆلۆژیی گەورە، لەنێوان ئەو سێ ئایینە و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمیدا، لەسەر چەمک و رۆڵی ئایین، زەمینە و هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی ئایین، دەستنیشانکردنی سەرچاوەی بـاوەڕی ئایینی و سەرچاوەی گەردوون و مەسەلـە میتافیزیکییەکان و… هتد.
ئەمریکا هەنگاوی گەورەی نا، بۆ دۆزینەوە و بنیاتنانی بەرژەوەندی و دەستنیشانکردنی دوژمنی ستراتیژی هاوبەش لەجیهانی ئیسلامیدا، بەتایبەتی لەگەڵ سعودیە و پاکستان و میسر، وردتر لەقۆناغی تەشەنەسەندنی ململانێکانی جەنگی سارددا، بەدیاریکراوی لەحەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەو کاتەی کە (برژنیسکی 1928–2017)ی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکای سەردەمی (جیمی کارتەر 1924)ی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، (1977- 1981)، میکانیزم و پرانسیپێکیتری پەیوەست بە فاکتەری ئایینیی داڕشت، بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکان لەگەڵ (پەیمانی وارشۆ)، ئەویش بریتیبوو لەبەکارهێنانی فاکتەری ئایینی، بۆ بەشداریکردن و رۆڵگێڕان، لەهەرەسپێهێنانی قەوارەی شورەوی و هاوپەیمانێتییەکەی و ئایدیۆلۆژیاکەی.
ناکۆکی و ململانێ و هەوڵەکانی پاپای فاتیکان و دامەزراوە ئایینیەکانی فاتیکان، بۆ دژایەتیکردنی ئایینیی حکومەتی کۆمۆنیستی لەپۆڵەندا و بەرەنگار بوونەوەی توندی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی لەئەوروپا بەگشتی و لەئەوروپای رۆژهەڵات بەتایبەتی، هەروەها لەئەفریقیا و ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و لاتین، ئەچنە خانەی بەرجەستەبوونی بەکارهێنانی فاکتەری ئایینی مەسیحی لەململانێکانی جەنگی سارددا.
لەلایەکیتر بەشداری و رۆڵ و کاریگەریی وڵاتانی سعودیە و میسر و پاکستان و لەدروستکردنی دیاردەیەک بە ناوی (جیهادی ئەفغانستان) و دەرکردنی فەتواکان، بۆ سەپاندنی جیهاد بەسەر هەموو موسوڵمانانی جیهان و پێدانی ڤیزا و تیکتی فڕۆکە بەخۆڕایی و گواستنەوەی هەزاران موسڵمان، بۆ ئامانجی جیهادکردن بەرەو شاری پیشاوەری پاکستان و مەشقپێکردنیان و ناردنیان بۆ ناو خاکی ئەفغانستان، بۆ بەشداریکردن لەشەڕی ئەفغانستان، لەدژی سوپای شورەوی و سوپای ئەفغانستانی وابەستە بە شورەوی، لەگەڵ دابینکردنی هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی شەڕ، بۆ هێزە شەڕکەرەکانی ئەفغانستان، لەتوانای مرۆیی و خەرجی دارایی و چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازی و لۆجستیکی و ڕێکخراوی خێرخواز و فریاگوزاری ئیسلامی و… هتد، بەرجەستە بوونێکی تری بەکارهێنانی فاکتەری ئایینی بوو، لەململانێکانی جەنگی سارددا، ئەویش ئایینی ئیسلام.
هاوتەریب لەگەڵ تەشەنەسەندنی ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارد، ناکۆکی و کێشە و ململانێی توند، لەنێوان سعودیە و میسری سەردەمی سەرۆک جەمال عەبدولناسر سەریهەڵدا، هەروەها لەپاش بڵاوبوونەوەی ڕەوتەکانی ناسری و ناسیونالیستی و کۆمۆنیستی لەجیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، سعودیە درکی بە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە کرد، لەسەر ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتەکەی و بەرژەوەندییەکانی و ستراتیژ و رۆڵ و پێگەی لەجیهانی ئیسلامیدا، بەتایبەتی کە سعودیە خۆی بە دڵ و ناوەند و مەرجەعی جیهانی ئیسلامی ئەزانێ و لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، پێشبینیی ئەوەی کردووە تووشی بەریەککەوتن و ململانێ و پێکدادان ئەبێت، لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمیدا!
سعودییەکان لەداڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و بۆ کارکردن بۆ ئامانجەکان و بۆ بەهێزکردنی پێگە و رۆڵ و هەژموون لەجیهانی ئیسلامیدا، لەو قۆناغانەدا لەلایەک پشتیان بەستبوو بە بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم و گواستنەوەی بۆ وڵاتان و ناوچەیتری جیهانی ئیسلامی، لەلایەکیتریش کەوتبوونە پشتیوانی و هاوکاری و کۆمەککردنی هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی لەدەرەوەی سعودیە، بەتایبەتی رێکخراوی ئیخوان موسلمینی میسر، کە بەهۆی تەشەنەسەندنی ناکۆکی و ململانێکانی لەگەڵ جەمال عەبدولناسر، بەشێک لەسەرکردە و کادیر و ئەندامانیان، بەناچاری میسریان بەرەو سعودیە بەجێهێشتبوو.
جێی باسە (شازادە محەمەد سەلمان)ی جێنشینی پادشای سعودیە کە ئێستا لەبری باوکی بە پراکتیکی دەسەڵاتی پادشایەتی پەیڕەو ئەکات، لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست)دا، لەمانگی (3)ی ساڵی (2018)دا، لەوەڵامی پرسیارێکدا لەسەر رۆڵی سعودیە لەبڵاوکردنەوەی سەلەفیزم لەجیهاندا، دانی بەوەدا ناوە کە سعودیە لەسەر داوای هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، لەسەردەمی ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارددا، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی رێبازی سەلەفیزم لەجیهانی ئیسلامیدا، بەشداریی کردووە لەململانێ لەدژی شورەوی و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی.

7- پیشەسازیی سەلەفیزم و ناردنە دەرەوەی
دەوڵەتی سعودیە و سەلەفیستە خاوەن دەسەڵات و دامودەزگە ئایینیەکان لەو وڵاتەدا، لەنیوەی دووەمی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە، بۆ بوونە ناوەند و مەرجەع لەجیهانی ئیسلامی و بۆ بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم لەدەرەوەی سعودیە، هەروەها بۆ بەهێزکردنی رەوتی ئیسلامی سیاسیی دۆست و وابەستە و نزیک لەخۆی لەجیهانی ئیسلامیدا، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژ و رێکخراو و ئاراستەکراو، بەپشتبەستن بە توانا داراییەکانی دەوڵەت، بە قۆستنەوەی رۆڵ و هەژموون و کاریگەری و پێگەی ئایینیی دەوڵەتی سعودیە، لەناو وڵات و کۆمەڵگە موسوڵمانەکاندا، چەندین ڕێگا و میکانیزم، هۆکار و ئامراز، ناوەند و دامودەزگای دەوڵەتیی بەکارهێناوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- دروستکردنی رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە کۆکردنەوەی وڵاتان و ناوچەکانی جیهانی ئیسلامیی لەژێر چەتری خۆیدا، بە ناوی (رابیتەی جیهانی ئیسلامی – 1962).
2- دامەزراندنی چەندین دامودەزگا و رێکخراوی خێرخوازی و فریاگوزاری نێودەوڵەتیی ئیسلامی، کە نووسینگەیان لەدەیان وڵاتی ئیسلامیدا هەیە، لەنمونەی (دەستەی فریاکەوتنی ئیسلامیی جیهانی – 1979)، (دەزگای مەککەی موکەڕەمەی خێرخوازی – 1987)، (نەدوەی جیهانیی لاوانی موسڵمان – 1972) ، (دەزگای حەرەمەینی خێرخوازی 1988 – 2004) و… هتد.
3- بەخشینی هەزاران کورسیی خوێندن لەزانکۆ ئایینیە پەیڕەو سەلەفیزمیەکاندا، بە خۆڕایی و بە دیاری، یان بە نرخێکی کەم، بە شوێنکەوتە و ئەندام و لایەنگرانی رێبازی سەلەفیزم لەدەرەوەی سعودیە، بەتایبەتی لەلایەن (زانکۆی ئیسلامی لەمەدینە منەوەرە – 1961)، (زانکۆی ئیمام محەمەدی کوڕی سعود لەڕیاز – 1951)، (زانکۆی ئووملقورا لەمەککە – 1950).
رێبازی سەلەفیزم لەسەر دەستی بەشێک، لەدەرچووانی ناوخۆیی و دەرەکیی ئەم زانکۆیانە، گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەی سعودیە، بەتایبەتی لەلایەن دەرچووانی (زانکۆی ئیسلامی لەمەدینەی منەوەرە)، کە رۆڵی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە لەبڵاوکردنەوەی رێباز و بانگەوازی سەلەفیزم، لەناو وڵات و لەناوچەکانی خۆیان، هەروەها لەجیهانی ئیسلامی و لەناو رەوەندی موسڵمانان لەڕۆژئاوا.
ژمارەیەک لەدەرچووانی زانکۆی ئیسلامی لەشاری مەدینەی منەوەرەوە کە لەئاستی باڵا، یان وەکو دامەزرێنەر و گەورە بانگەوازکاری سەلەفیزم لەدەرەوەی سعودیە ناسراون، بریتین لە (حامید عەبدوڵلا ئەحمەد ئەلعلی)ی ئەمینداری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی سەلەفیزم لەکوەیت، (رەبیع مەدخەلی)ی دامەزرێنەری رێبازی سەلەفیزمی مەدخەلی لەناوەوە و لەدەرەوەی سعودیە، (فارس ئەحمەد زەهرانی)ی تیۆریسێنی لقی رێکخراوەیی قاعیدە لەدوورگەی عەرەب (لقی قاعیدە لەسعودیە و یەمەن)، (ئەبو محەمەدی مەقدیسی)ی تیۆریسێنی رێبازی سەلەفیزمی جیهادی، (مەلاعومەر چنگیانیی سەلەفی)، کە لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، پاش تەواوکردنی خوێندن لەزانکۆی ئیسلامیی مەدینە منەوەرە و گەڕانەوەی بۆ کوردستان، یەکەم کەس بوو کە دەستیکرد بە بانگەواز و کارکردن بۆ رێبازی سەلەفیزم لەسلێمانی و… هتد.
4- هاوکاریکردنی چەندین زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگە و خوێندنگەی ئایینیی خاوەن پرۆگرامی سەلەفیزم لەجیهانی ئیسلامیدا، چ لەڕووی داڕشتنی پرۆگرامی خوێندن، یان لەبواری دارایی، یان دابینکردنی سەرچاوە و کتێب، یان ناردنی مامۆستای پسپۆڕ، لەنمونەی (زانکۆی سەلەفیزم) لەهیندستان، زانکۆی سەلەفیزم لەپاکستان، (کۆلێژی شەریعەت) لەزانکۆی دهۆک، زانکۆی ئیسلامی لەغەزە (فەڵەستین)، زانکۆی قورئانی پیرۆز و زانستە ئیسلامییەکان لەسودان، زانکۆی شاری جیهانی لەمالیزیا، کۆلیژی کراوەی لەندەن بۆ لێکۆڵینەوەی ئیسلامی، زانکۆی ئیمان لەیەمەن، زانکۆی فەیحاء لەتەرابلوس (لوبنان) و… هتد.
5- قۆستنەوەی بەردەوامی پرۆسەی حەج و عەمرە، لەمڕووەوە سعودیەکان بە بەردەوامی، ژمارەیەکی بێشومار لەبانگهێشتنامەی حەج و عەمرەیان، بە دیاری بەخشیوە بە شوێنکەوتە و لایەنگران و ئەندام و بانگەوازکارانی رێبازی سەلەفیزم، شانبەشانی ژمارەیەکی زۆریتری سەرکردە و کادیر و ئەندامی هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی، ئەمە سەرەڕای بەخشینی ژمارەیەکی زۆری نامیلکە و کتێبی تایبەت بە ئەدەبیاتی سەلەفیزم، بە حاجی و عەمرەکاران، کە ساڵانە ژمارەیان لەچەند ملیۆنێک تێئەپەڕێت، تاکو لەڕێگەی ئەوانەوە بە جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبێتەوە.
6- سازدان و بەستنی چەندین کۆنگرە، کۆنفرانس، خێوەتگەی لاوان، گردبوونەوە، میهرەجان و چالاکیی ئیسلامیی فراوان و نێودەوڵەتی و بانگهێشت کردنی شاندی سەلەفیست و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی وڵاتان و ناوچەکانی جیهانی ئیسلامی، بۆ بەشداریکردن تیایدا.
7- دامەزراندن و کۆمەککردنی چەندین رێکخراو و کۆمەڵەی تایبەت بە بانگەوازی سەلەفیزمی ئیسلامی، لەناوەوە و لەدەرەوەی سعودیە، بۆ کارکردن لەپێناوی بانگەشە و بڵاوکردنەوەی رێبازی سەلەفیزم.
8- کردنەوەی دەیان کەناڵی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی و ئاسمانی، بۆ بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ سەلەفیزم، لەناوەوە و لەدەرەوەی سعودیە، لەگەڵ کۆمەککردنی دەیان کەناڵیتری سەلەفیست لەدەرەوەی سعودیە.
9- چاپکردنی ژمارەیەکی زۆر، لەکتێبی قورئان، کتێبی ئایینی، نامیلکە و گۆڤار، کە زۆرینەیان خزمەتی ئایدیۆلۆژیا و ئەدەبیاتی سەلەفیزم ئەکەن و بڵاوکردنەوەی بە جیهانی ئیسلامیدا، لەمڕووەوە سعودیە ناوەندێکی تایبەتی تەرخانکردووە بۆ چاپکردنی کتێبی قورئان؛ بۆ ناوەوە و دەرەوەی سعودیە، بە ناوی (کۆمەڵگەی پادشا فەهد بۆ چاپکردنی قورئان).
10- کردنەوەی پەیمانگەیەک بە ناوی (پەیمانگەی پێگەیاندنی ئیمام و بانگەوازکاران)؛ کە تەرخانکراوە بۆ پەروەردەکردن و ئامادەکردنی بانگەوازکارانی سەلەفیزم؛ بۆ ناوەوە و دەرەوەی سعودیە، ئەمە سەرەڕای ناردنی ژمارەیەکی زۆری بانگەوازکاری سعودی بۆ وڵاتانیتری جیهانی ئیسلامی، بۆ ناساندن و بانگەوازکردن بۆ رێبازی سەلەفیزم.
11- کارکردن بۆ دروستکردنی هەماهەنگی و راوێژ، یان داڕشتنی پلان بۆ کاری هاوبەش و بەستنەوەی دامودەزگا ئایینیەکانی وڵاتانی ئیسلامی، بە چەندین دەزگا و ناوەندی سەلەفیزم لەسعودیە، لەنمونەی (دەستەی گەورە زانایانی ئیسلامی، وەزارەتی کاروباری ئیسلامی و بانگەواز و ئیرشاد، ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و فەتوادان و بانگەواز و رێنمایی، ئەنجومەنی باڵای جیهانیی مزگەوت، ناوەندی بانگخوازان و مورشیدان، کۆمەڵەی هۆشیارکردنەوەی ئیسلامی، ناوەندی راهێنانی بانگەوازکاران، کۆمەڵگەی فیقهی ئیسلامی، دەستەی فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لەخراپە و… هتد).
سعودیە لەچوارچێوەی ناردنە دەرەوەی پرۆژەی سەلەفیزم و کۆمەککردنی رەوتی ئیسلامی سیاسیی وابەستە و پابەند بە خۆی، چەندین ئامانجیتری دەرەکی و ناوخۆیی، بە خزمەتی پێگە و هەژموون، ئامانج و ستراتیژ، لەپێناوی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسەتی دەوڵەتی سعودیە داڕشتووە، بۆ نمونە یەکێک لەئامانجە گەورەکانی سعودیە ئەوە بووە، لەڕێگەی بانگەوازکارە سەلەفیستەکان و هێزەکانی ئیسلامی سیاسییەوە، کار بۆ دروستکردن و بەرفراوانکردنی دیاردەیەک بکات، بە ناوی (دیاردەی بووژاندنەوەی میللیی ئیسلامی – بێداربوونەوەی ئیسلامی!)، تا ببێتە پاڵنەر و هاندەر، بۆ گەڕاندنەوەی موسڵمانان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئایینیەکان، لەناویاندا بەجێهێنانی حەج و عەمرە، کە قازانجێکی دارایی گەورەی بەردەوام و مسۆگەر بۆ سعودیە دابین ئەکات!
سەرچاوەی داهاتی حەج و عەمرە، بە یەکێک لەسەرچاوە بنەڕەتییەکانی سعودیە لەقەڵەمئەدرێت، داهاتی ساڵانەی چەندین ملیار دۆلارە، سەرەڕای دابینکردنی دەرفەتی کارکردن، بۆ دەیان هەزار هاووڵاتیی سعودی.
(شازادە محەمەد سەلمان)ی جێنشین؛ ئەخوازێت بۆ پلانی ستراتیژی ساڵی (2030)، کە ناسراوە بە (دیدگای 2030)، ژمارەی گەشتیارانی سعودیە بەگشتی بگەیەنێتە (30) ملیۆن، بە گەشتیارانی نائایینی و سەردانیکەرانی حەج و عەمرەوە، تاکو بەهۆیەوە ڕێژەی داهات چەندین هێندە بەرز ببێتەوە.
(دکتۆر عومەر ئەلعەبیدلی)ی بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە لە(سەنتەری بەحرەین بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێونەتەوەیی و وزە)، لەوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، داهاتی حەج و عەمرە بۆ سعودیە، جیاوازتر لەهەموو سەرچاوەکانیتری داهات، هیچ رکابەرێکی نیە، بەڵام تەنها هەڕەشە و مەترسی، ئەگەر ڕووبەڕووی ئەو سەرچاوە سەرەکییەی داهاتی سعودیە ببێتەوە، ئەوەیە ئەگەر هەست و بیروباوەڕی ئایینپەروەریی موسڵمانانی جیهان ڕوو لەکزی و کەمبوونەوە بکات و کاربکاتە سەر خاوکردنەوەی بەجێهێنانی ئەرکی حەج و عەمرە!
لەڕابردوودا و تا ڕادەیەک لەئێستاشدا، چەندین کەسایەتی و بانگخوازی گەورە و بەناوبانگی سەلەفیستی خاوەنی پێگە و هەژموون، خاوەنی پلە و پۆستی باڵا و پایەدار و بەهێز لەناو دامودەزگاکانی سعودیە، سەرقاڵن بە درێژەپێدان بە کارکردن بۆ بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی پرۆسەی بانگەوازی سەلەفیزم، لەوڵاتان و لەناوچەکانیتری جیهانی ئیسلامی، بەتایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی لەڕووی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری، یان لەڕووی رۆڵ و پێگەی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیژییەوە، بۆ سعودیە جێی گرنگی و بایەخن، یان لەچوارچێوەی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ ئیقلیمیەکاندا، زۆر پێویستن بۆ دروستکردنی پێگە و هەژموون، یان بۆ بەکارهێنانیان وەکو کارتی گوشار بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و هاوکێشە سیاسییەکان، یان بۆ دەستتێوەردان و خوڵقاندنی رووداو و پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، یان بۆ بەهێزکردن و دەرخستنی رۆڵی گەورە و قورسایی دیبلۆماسیی سعودیە، لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهانی.
سعودیە لە رابردوودا بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە، پشتی بە رەوتی سەلەفیزم و بەشێک لەهێزەکانی ئیسلامی سیاسی بەستووە، بەتایبەتی لەدوای رووداو و گۆڕانکارییەکانی (بەهاری عەرەبی!) و تەشەنەسەندنی کێشە و ناکۆکی و ململانێکانی سعودیە، لەگەڵ ئێران و سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێ نوێیەکانی لەگەڵ وڵاتانی قەتەر و تورکیا.
سعودییەکان تەنانەت لەچەکدارکردنی رەوتی سەلەفیستی تەقلیدیی بانگەوازکاری و سەلەفیستی جیهادی و هەندێک لەگروپیتری ئیسلامی سیاسی سڵی نەکردۆتەوە، بەتایبەتی لەچەکدارکردن و کۆمەککردنی رەوتی سەلەفیزم لەیەمەن و لیبیا کە بە سەلەفیستە مەدخەلییەکان ناسراون، ئەو سەلەفیستانەی کە مەرجەعە فیقهی و فەتواییەکەیان، بریتییە لە دوو بانگەوازکاری بەناوبانگی گەورە لەسعودیە، یەکەمیان بە ناوی (محەمەد ئەمان جامی 1930_ 1995)ی بە رەچەڵەک ئەسیوبی، کە هاوکات مامۆستای بانگەوازکاری دووەمیش بوو، بە ناوی (رەبیع هادی محەمەد عەمیر مەدخەلی – 1932)، کە مەرجەعی فیقهی و فەتوایی و سەرچاوەی دارایی، ژمارەیەکی زۆری گروپ و دەستە و تاقمیتری رێبازی سەلەفیزمی مەدخەلیە، لەمۆریتانیا و مەغریب و سودان و یەمەن و جەزائیر و عێراق و هەرێمی کوردستان و فەلەستین و لوبنان و میسر و تونس و ئەردەن و ئەوروپا و … هتد.
بەدەر لە(رەبیع مەدخەلی) و (جامی)، لە رابردوودا و لەئێستادا، ژمارەیەکیتری بانگەوازکاری ناودار و گەورەی سعودی کە خاوەنی پلە و پێگەی ئایینیی دیار و بەهێزن، بەتایبەتی لەناو (دەستەی گەورە زانایان)ی سعودیە و لەناو ناوەند و دامودەزگایتردا، بوونەتە خاوەنی رێچکەی تایبەت بەخۆیان، لەلایەن دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە کارئاسانی و پشتیوانی، هاوکاری و کۆمەکی داراییان پێشکەش ئەکرێت، بۆ بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم و دروستکردنی گروپی سەلەفیزمی تایبەت بە خۆیان؛ بەڵام تەنها لەدەرەوەی سعودیە!

8- شۆڕشی ئیسلامیی ئێران
پشتکردنە پادشای ئێران و کارکردن بۆ لاوازکردن و دابڕان و دوورخستنەوەی لەسیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران؛ بە هیوای ئەوەی ئەلتەرناتیفەکەی ببێتە دەوڵەتێکی ئایینیی ناکۆک لەڕووی ئایدیۆلۆژی و کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پەلهاویشتنی شورەوی بۆ ناو ئێران و ناوچەی کەنداو؛ کە دوو سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی وزەن لەجیهاندا؛ نمونەیەکیترە لەقۆستنەوە و سوودوەرگرتن لەفاکتەری ئایین، لەناو ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارددا، ئەمە لەکاتێکدا حکومەتی شورەوی بۆ شکاندنی ئەو ئابڵۆقەیەی لەلایەن (ناتۆ)ەوە خرابووە سەری؛ لەنیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لەهەوڵی ئەوەدا بوو لەڕێگەی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک لەگەڵ پادشای ئێران و مۆرکردنی پەیماننامەیەک لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستانی وابەستە بەخۆی؛ بە ناوی (پەیماننامەی هاوڕێیەتی و هاریکاری)، نزیکبێتەوە لەئاوە گەرمەکان (دەریا نابەستەڵەکییەکان) و ناوچەی کەنداوی دەوڵەمەند بە کانزای نەوت.
پاش هاتنە سەرکاری ئەفسەرە کۆمۆنیستەکان؛ بە کودێتای سەربازی و بە هاوکاری و نەخشە و پلانی دەزگای هەواڵگریی شورەوی؛ حکومەتی شورەوی ئەو پەیماننامەیەی لەمانگی (12/1978)دا، لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا مۆرکرد .
پاش رووخاندنی رژێمی پادشایەتیی ئێران، لەسەرەتای ساڵی (1979) و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک لەچاوەڕوانیی هێوربوونەوەی رەوشی ناوخۆیی ئێران، دەرەنجام دەرکەوت گۆڕانکاری و سیاسەتە نوێیەکانی فەرمانڕەوایانی تازەی ئێران؛ لەئاستی خواستی شورەویدا نەبوو، هەر بۆیە حکومەتی شۆرەوی لەبێئومێدیدا، رۆژی (27/12/1979) و بە قۆستنەوەی ناوەرۆکی (پەیماننامەی هاوڕێیەتی و هاریکاری)؛ لەژێر سیناریۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی ئەفغانستان؛ لەشکرکێشییەکی سەربازیی فراوانی کردە ناو خاکی ئەفغانستان، چونکە بەگوێرەی ناوەرۆکی ئەو پەیماننامەیەی نێوانیان و پاش تێکچوونی رەوشی ناوخۆی ئەفغانستان، بەهۆی کودێتای ئەفسەرە کۆمۆنیستەکان و سەرهەڵدانی لێکەوتە و دەرهاویشتەکان؛ لەئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، بەتایبەتی دروستبوونی کاردانەوە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان و دەستتێوەردانە دەرەکییەکان؛ لەدژی حکومەتی تازە و هەڵگەڕانەوەی بەشێک لەتیرە و هۆزەکان و پیاوانی ئایینی؛ حکومەتی ئەفغانستان داوای لەشورەوی کرد، بەهانایەوە بچێت و سوپای وڵاتەکەی بۆ پاراستنی سەقامگیری و رەوشی ئاسایشی وڵات بۆ رەوانە بکات !
جێی ئاماژەیە تیرە و هۆزەکان و پیاوانی ئایینی ئەفغانستان، پاش کودێتای ئەفسەرە کۆمۆنیستەکان و لەشکرکێشیی سوپای شورەوی بۆ ناو خاکی ئەفغانستان؛ کەوتنە ژێر کاریگەریی ناکۆکی و ململانێکانی جەنگی سارد و دەستتێوەردانە ناڕاستەوخۆ و شاراوەکانی (ناتۆ)، شانبەشانی دەستتێوەردانە راستەوخۆ و ئاشکراکانی وڵاتانی پاکستان و سعودیە و میسر؛ بۆ شەڕکردن بە ناوی جیهادی ئیسلامی، لەدژی سوپای شورەوی و سوپای ئەفغانستان، ئەوەبوو شانبەشانی (عەرەب ئەفغان)ـەکان کەوتنە شەڕکردن لەدژی سوپای شورەوی و سوپای ئەفغانستان؛ بەو پاساوەی لەشکری وڵاتێکی بێ باوەڕ، خاکی وڵاتێکی موسڵمانیان داگیرکردووە و لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە موسوڵمانان جیهاد رابگەیەنن و بە کردار بەشداری جیهادی سەربازی بکەن، شایەنی باسە ئەم شەڕە لەبنەڕەتدا بریتیبوو لە (شەڕکردن بە نوێنەرایەتی)، ئەویش بە نوێنەرایەتیی (پەیمانی ناتۆ)؛ بۆ ئامانجی شکستهێنان بە سوپای شوڕەوی و رێگریکردن لەپەلهاویشتن و نزیکبوونەوەی لە(ئاوە گەرمەکان) !
لەلایەکی تر گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی لەئێران، بۆ دەوڵەتێکی ئایینی، هاوکات هیوایەکی تریشی بەخشی بە (ناتۆ)، ئەویش بریتی بوو لەپێشبینی و چاوەڕوانی، بۆ دروستبوونی کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەسەر کۆماری ئازەربایجانی ئایینزا شیعە و کۆمارە موسڵمانە ئایینزا سوننەکانی ئاسیای ناوەڕاست لەیەکێتیی شورەوی کە بریتیبوون لە (ئۆزبەکستان و کازاخستان و تاجیکستان و تورکمانستان و قەرغیزستان)، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەم شەش کۆمارە لەڕابردوودا، لەسایەی سیستەمی کۆمۆنیستیی بەزۆر سەپێندراو بەسەریاندا، دژایەتیی ئایینەکەیان کراوە و ئازادیی ئایینییان لێ بەرتەسککراوەتەوە، بەڵکو لەدەرهاویشتە و پڕیشکی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ئەم رەوشە ببێتە پاڵنەر و هۆکار و زەمینەیەک، بۆ دروستبوونی بووژانەوە و جووڵانەوەیەکی بەرهەڵستکاریی ئایینی لەدژی حکومەتی شورەوی، بەتایبەتی کە فەرمانڕەوایانی ئایینیی تازەی ئێران، دوای ئەوەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان راگەیاند؛ بانگەشەیان بۆ ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی کرد، بۆ ئەو وڵات و ناوچانەی جیهانی ئیسلامی، کە داگیرکاری و چەوساندنەوە و ستەمیان لەدژ پەیڕەوکراوە، بە بێ جیاوازی ئایینزایی.

9- سەلەفیزم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی
لەپاش راگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرزکردنەوەی دروشمی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی، لەلایەن فەرمانڕەوایانی ئێران و بەهۆی جیاوازیی گەورەی ئایینزایی و بەهۆی خۆناساندنی ئێران، وەکو ناوەند و مەرجەعێک بۆ گەلانی ئیسلام و جیهانی ئیسلامی، سعودیە کەوتە ناو ناکۆکی و ململانێیەکی تازە، لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، بەتایبەتی لەسەر پێگە و هەژموون و مەرجەعیەت، هەروەها لەسەر جیاوازی و ناکۆکیی بەرژەوەندیی نێوانیان لەناو جیهانی ئیسلامیدا، بەمەش ئەرکی سعودیە لەبەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ دەرەکییەکاندا، ئاڵۆزتر و قورستر بوو، هەر بۆیە سعودییەکان درێژەیاندا بە گواستنەوەی رێبازی سەلەفیزم و پشتیوانی و کۆمەکی رەوتی ئیسلامی سیاسی ئایینزای سوننە بەگشتی و رێکخراوەکانی ئیخوان موسلمین بەتایبەتی.
جێی ئاماژەیە لەدوای رووداوەکانی (بەهاری عەرەبی!)؛ پەیوەندیی نێوان ئیخوان موسلمین و دەوڵەتی سعودیە، ڕووی لەگرژی و تەشەنەسەندنی ناکۆکی و ململانێ کرد، پەیوەندیی نێوانیان وەرچەرخا بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و ململانێی پێگە و هەژموون و سەنگەر لەیەکترگرتن، ئەمە لەکاتێکدا سعودیە بە تەواوی پشتی نەکردۆتە هەموو هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی، بەڵکو لەڕێگەی کەناڵە هەواڵگرییەکانیەوە، ئەلتەرناتیفیتری جیاواز لەئیخوان موسلمینی بەکارهێناوە!
ململانێی ئێران و سعودیە، لەئەفغانستانەوە درێژ ئەبێتەوە بۆ عێراق، کوردستانی باشوور و بەحرەین و یەمەن و لوبنان و سوریا و فەلەستین، ژمارەیەک لەوڵاتانی ئەفریقیا و ئاسیا و بۆ ناو رەوەندی موسڵمانان لەڕۆژئاوا.
بڵاوکردنەوە و پشتیوانیکردن و کۆمەککردنی دارایی رەوتی سەلەفیزم و کۆمەکی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی ئایینزای سوننە و دژایەتیکردنی ئایینزای شیعە لای سعودیە، بەشێک بووە لەئامرازی ململانێ لەدژی ئێران. بەهەمان شێوە پشتیوانیکردن و کۆمەککردنی دارایی پرۆژەی پان شیعیزم و کۆمەکی هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی ئایینزای شیعە، لەگەڵ هەندێک هێزیتری رەوتی ئیسلامی سیاسیی ئایینزای سوننەی پاشکۆ و وابەستە بە ئێران، لای ئێرانییەکان بەشێک بووە لەئامرازی ململانێ لەدژی سعودیە و وڵاتیتریش.

10- ئاراستەکانی کارکردنی رێبازی سەلەفیزم
رێبازی سەلەفیزم بەگشتی، بۆ بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی خۆی، زیاتر پشت بە توێژی هەرزەکار و گەنج و لاوی هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ ئەبەستێت، ئەوانەی کە ئاستێکی نزمی خوێندەوارییان هەیە، یان هەر لەبنەڕەتەوە نەخوێندەوارن، یان ئەوانەی لەقۆناغی خوێندندان، یان ئەوانەی لەناو چین و توێژە هەژار و کەمدەرامەتەکانی ناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی دێهاتنشین و خێزانی جوتیار و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە سادە و بەڕەچەڵەک دێهاتنشینەکانی ناو شارەکاندان، کە بە خۆڕسک و بەڕێژەیەکی بەرز، خاوەنی هەست و سۆز و بیروباوەڕی ئایینین، بەڵام تێگەیشتنیان بۆ مەسەلە ئایینی و بابەتە فیقهییەکان قووڵ نیە، بەڵکو هەمیشە چاوەڕێی مەلا و وتاربێژ و بانگەوازکاری ئیسلامین، تاکو لەڕووی ئایینیەوە ڕێنمایی و ئاراستە و جۆشیان بـدەن.
رێبازی سەلەفیزم لەڕێگەی بەکارهێنانی میدیا و سۆشیال میدیاوە، یان بەهۆی وتاری سەر مینبەری مزگەوت و وتنەوەی وانەی ئایینییەوە، یان لەڕێگەی پەیام و پەخشنامە و بانگەواز و فەتواوە، یان بەهۆی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانەوە، یان بەهۆی قۆستنەوەی بۆنە و مەراسیم و چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانەوە، ئەتوانێت بە ئاسانی و بەخێرایی، بە بەربڵاوی، ئایدیۆلۆژیا و ئەدەبیاتەکەی بە بێ کۆسپ بڵاوبکاتەوە.
رێبازی سەلەفیزم بە هەموو رێکخراو و پارت، بە هەموو رەوت و ڕێچکە و ئاراستە جیاجیاکانی کارکردنیانەوە، بە کۆی گروپ و دەستە و تاقمەکانیانەوە، سەرجەمیان لەئەدەبیات و جیهانبینی و فیقهی ئیسلامیی خۆیاندا؛ بەڕەهایی سیستەمی فەرمانڕەوایی سیکۆلاریزم و پارتە سیکۆلارەکان، مۆدێل و ستایلی ژیانی کراوە و مۆدێرن و پێشکەوتووی باوی کۆمەڵگە، یاسا مەدەنییەکان، مافی ژنان و رۆڵی پێشەنگی ژنان لەناو کۆمەڵگە، دیموکراسی و ئازادی، فرەیی و لێکبووردنی ئایینی و ئایینزایی، مافەکانی مرۆڤ، کەلتوور و فەلسەفە و مەعریفەی رۆژئاوایی و… هتد، رەتئەکەنەوە.
جێی باسە سەرجەم ئاراستە سەرەکییەکانی کارکردنی رێبازی سەلەفیزم، هیچ جۆرە ئایدیۆلۆژیا و تەنانەت هیچ جۆرە گروپ و پارت و ئیجتیهادێکیتری ئایینزایی ناو خودی ئایینزای سوننەیان، وەکو هێزی راستەقینەی ئیسلام، لەدەرەوەی خۆیان پێ پەسەند ناکرێت و بە توندی و دەمارگیرانە رەتی ئەکەنەوە، هەروەها هیچ جۆرە یاسا و رێسایەک، یان سیستەم و قەوارەیەکیان لەدەرەوەی سەلەفیزم، پێ رەوا و پێویست نییە بۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی، بۆیە هەموویان کۆکن لەسەر رەتکردنەوە و دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ئەوانیتر و کارکردن بۆ بەئەلتەرناتیڤکردنی سەلەفیزم بەسەریاندا، بەڵام بە جیاوازی ئامراز و میکانیزمی کارکردن و بە جیاوازی شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ.
هاوکات هیچ رابەرێک، یان پێشەوا و گەورە بانگەوازکاری هیچ ئاراستە و گروپ و رێچکەیەکی رێبازی سەلەفیزم، پێشەوایەتی و رابەرایەتیی ئەویتری پێ پەسەند ناکرێت و رەتی ئـەکاتەوە و ئامادە نین بەیەکەوە کار بـکەن و بەیـعەت بە یەکتری بدەن.
رێبازی سەلەفیزم بەگشتی، میکانیزمی بەکافرکردن و رەتکردنەوە بەکارئەهێنێت، بۆ گۆڕین و بوونە ئەلتەرناتیڤ، بەسەر نەیارانی سیکۆلاریزم. چونکە بە تاغوت و جاهیل و دوژمنی شەریعەتی ئیسلامیان لەقەڵەم ئەدا، بۆ ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە زەمینەیەکی رەوایی ئایینیی، بە پاساو بۆ ئەهێنێتەوە.
لەگەڵ بوونی دەیان گروپ و رێکخراو و پارتی سەلەفیزم، یان بوونی چەندین رێچکە و دەستە و تاقمیتری سەلەفیزم لەجیهانی ئیسلامی و لەناو رەوەندی موسوڵمانان لەجیهاندا، لەڕووی ئاراستەی کارکردنەوە، ئەتواندرێت رێبازی سەلەفیزم دابەش بکرێت، بەسەر سێ رەوتی سەرەکیدا، بەم شێوەیەی خوارەوە:

A- رەوتی سەلەفیزمی تەقلیدیی بانگەوازکاری:
بانگەوازکارانی ئەم رەوتە، نازناوی سەلەفیزمی زانستیشیان لەخۆیان ناوە، خۆیان بە خاوەنی شەرعی و راستەقینەی پڕۆژەی سەلەفیزم و درێژەپێدەری رێبازی راستەقینەی پێشینەی پیاوچاکان و ئەهلی سوننەت و جەماعەت ئەزانن.
ئەم رەوتە بەشێوەیەکی سەرەکی لەناو ناوەند و دامودەزگای ئایینیی کاریگەری ناو دەوڵەتی سعودییەوە سەرچاوەی گرتووە و نێردراوەتە دەرەوەی سعودیە، لەنمونەی (دەستەی گەورە زانایان، وەزارەتی کاروباری ئیسلامی و بانگەواز و ئیرشاد، دەستەی فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خراپە، سەرۆکایەتیی گشتیی توێژینەوەی زانستی و دەرکردنی فەتوا، موفتی گشتیی سعودیە، زانکۆ سەلەفیستەکان، ئەنجومەنی باڵای دادوەری و… هتد).
رەوتی سەلەفیزمی تەقلیدیی بانگەوازکاری، بەگوێرەی زەمینە و هەلومەرج و قۆناغەکان، بانگەوازکاری پایەدار و گەورە و ناودار، یان رێچکە و گروپ و تاقمی جیاواز، هەندێکجار ناکۆک و دژ بە یەکتری لەنێوان خۆیاندا، بۆ دروستبووە و گەیشتۆتە ئاستی جیابوونەوە و لێکترازان، یان رقلێبوونەوە و سووکایەتیکردن بەیەکتر و بڵاوکردنەوەی لێدوان و وتار و کتێب و نامیلکە لەدژی یەکتری.
ئەم ئاراستەیەی کارکرنی سەلەفیزم، لەچەندین وڵات و ناوچەی جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبووەتەوە و دروستکردنی پارت و رێکخراوی سیاسی و ململانێ و دژایەتی و تەکفیری نەیاران، بە ئاشکرا و بە ڕاستەخۆ و ڕووبەڕوو ڕەتئەکاتەوە، لەبەرامبەردا بەشێنەیی و بە ناڕاستەوخۆ و بە قۆناغبەندی؛ هەوڵئەدات بە دەستی دوو، سیاسەت بکات، ئەویش لەڕێگەی خۆبردنەپێش و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتداران و حکومەت و دامودەزگا کارگێڕییەکان، ئەویش بۆ هێنانەدی ئامانجی دروستکردنی پێگە و دەسەڵات و هەژموون، لەناو مزگەوتەکان و ناوەند و دامودەزگا ئایینی و پەروەردەییەکان، تاکو بەهۆیانەوە بە ئاسانی بتوانێت، (دیاردەی بووژانەوەی میللیی ئیسلامیی – بێداربوونەوەی ئیسلامی)ی، ناو کۆمەڵگە قۆرخ بکات، هاوتەریب بە ناڕاستەوخۆش، کاربکات بۆ ئەوەی خۆی بکاتە مورشید و موفتی و ئامۆژگاریکەری حکومەت و لێپرسراوان.
ئەم ئاراستەیە وا بانگەشە بۆ خۆی ئەکات، کە بڕوای بە کاری سیاسی نییە و ململانێی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایان ناکات، بەڵام لەبەرامبەردا هەوڵئەدات لەڕێگەی بانگەواز و پەروەردەی ئایینیەوە، کۆمەڵگە لەژێر دەسەڵات و ئاراستە و جڵەوی حکومەت و پارتە سیکۆلارەکان دەربکات و دایببڕێت لێیان، ئەویش لەڕێگەی تەشەنەپێسەندن بە ڕێبازەکەی و کۆنتڕۆڵکردنی (دیاردەی بووژانەوەی میللیی ئیسلامی – بێداربوونەوەی ئیسلامی!) و کۆشش و کاری جدیی چڕوپڕ بۆ ڕاکێشانیان، بەرەو جیهانی تایبەتیی ناو دەوارنشینیی سەلەفیزم.

B- رەوتی سەلەفیزمی سیاسی:
ئەم ئاراستەیەی کارکردن، پێیوایە ئەتوانێت لەڕێگەی دروستکردنی رێکخراو و پارتی سیاسی و بەشداریکردن لەچالاکییە سیاسیەکان و پرۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکان، بەر بە پڕۆژەی سیکۆلاریزم بگرێت و وردە وردە تەنگی پێهەڵچنێت و هەراسانی بکات، هاوکات بەم ڕێگەیە و بەشێنەیی کار بۆ پڕۆژەی بەسەلەفیزمکردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بکات.
رەوتی سەلەفیزم لەوڵاتی کوەیت، لەساڵی (1981)ەوە، لەڕێگەی ئەم پارت و گروپە سیاسییانەوە؛ (پارتی ئوممە و تەجەموعی ئیسلامیی سەلەفیست و بزووتنەوەی سەلەفیست) و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەلەفیستی سەربەخۆ، پەیڕەوی ئەم ئاراستەیەی لەکاری سیاسی و پەرلەمانی کردووە و بەردەوامن.
بەهەمان شێوە رەوتی سەلەفیزم لەبەحرەین و لەساڵی (2002)ەوە، لەڕێگەی (کۆمەڵەی ئەساڵەی ئیسلامی)ی سەلەفیست و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەلەفیستی سەربەخۆوە، پەیڕەویی کاری سیاسی و پەرلەمانی کردووە و بەردەوامن.
لەدوای رووداو و پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی (بەهاری عەرەبی!)، چەندین پارت و رێکخراوی سەلەفیست، لەناو وڵاتانی میسر و تونس و سوریا و سودان و فەلەستین و مەغریب و جەزائیر و مۆریتانیا، لەناو رەوتی سەلەفیزمی تەقلیدیی بانگەوازکاریدا سەریانهەڵدا. ئەویش بەهۆی ناکۆکی و ململانێ و جیابوونەوە، یان بەهۆی قۆستنەوەی دەرفەت و هەل، یان بەهۆی کاریگەریی فاکتەری دەرەکی و دەستێوەردانەکان. ئەوەبوو بەشێکیان بەشدارییان لەپرۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکاندا کرد، تیایاندا بوو ژمارەیەک کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لەنمونەی (پارتی نور)ی سەلەفیست لەمیسر. هاوکات هەندێکیشیان وەرچەرخان بۆ هێزی چەکدار و بوونە خاوەنی میلیشیا، لەنمونەی رەوتی سەلەفیستی تەقلیدیی بانگەوازکاری ناسراو بە (رەوتی سەلەفیستی مەدخەلی) لەلیبیا و یەمەن، کە بەهۆی دەستتێوەردان و هاندان، یان کۆمەکی سعودیە، چوونە پاڵ یەکێک لە دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی ناو ململانێ و بەرەی شەڕ لەو دوو وڵاتەدا، بە خزمەتی سیاسەت و بەرژەوەندیی سعودیە.
رەوتی سەلەفیستی تەقلیدیی بانگەوازکاریی یەمەنی، کە ناسراوە بە (مەدخەلی)، چووە پاڵ جەمسەری (عەبد رەبە مەنسوور هادی)ی سەرۆکی حکومەت لەدژی حوسییەکان، کە ئێران کۆمەک و پشتگیرییان ئەکات. بەهەمان شێوە لەلیبیاش رەوتی سەلەفیستی تەقلیدی بانگەوازکاریی ناسراو بە (مەدخەلی)؛ چووە پاڵ جەمسەری (ژەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر)ی فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا  کە خۆی لەپاڵ حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیادا ساغکردۆتەوە و چووەتە بەرەی شەڕەوە لەدژی حکومەتی رۆژئاوای لیبیا  کە رێکخراوی ئیخوان موسلمینی لیبیا تیایدا بەشدارە و تورکیا و قەتەر، کۆمەک و پشتگیرییان ئەکەن.

C- رەوتی سەلەفیزمی جیهادی:
ئاراستەی کارکردنی ئەم رەوتە؛ بریتییە لەگرتنەبەری ئامراز و میکانیزمی جیهاد، کە خۆی لەبەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ، شەڕ و تیرۆر ئەبینێتەوە، ئەویش بۆ گێڕانەوەی شێوازی فەرمانڕەوایی و رەوش و ستایلی ژیانی کۆمەڵگە، بۆ قۆناغی سەلەفیزم.
ئەم ئاراستەیە لەهەندێک وڵات و ناوچەدا بە شاراوەیی و نهێنی کار ئەکات، لەهەندێک ناوچەی تردا بە پاساوی (دارولئیسلام)، قەوارەیان بۆ فەرمانڕەواییکردن دامەزراندووە و لێیان هەڵوەشاوەتەوە، لەنمونەی (میرنشینی ئیسلامی لە هەورامان و شارەزووری ئەنسارولئیسلام لەکوردستان، دەوڵەتی ئیسلامیی خەلافەتی داعش لەسوریا و عێراق) و… هتد.
ئەم رەوتە بۆ ئامانجی بەتاغوتکردن و بەکافرکردنی فەرمانڕەوایان و نەیاران. بانگەواز بۆ بەرپاکردنی جیهادی سەربازی و سەپاندنی بەزۆری (دارولئیسلام). بەسەر (دارولکوفر)دا ئەکات، بۆ ئەمە تەنها خۆی بە شایستە و بە رەوا ئەزانێت، بۆ ئەوەی پێشەوایەتیی جیهاد و چەسپاندنی (دارولئیسلام) بکات.
ئاراستەی کارکردنی سەلەفیزمی جیهادی، وەکو ئاراستەیەکی نوێی کارکردنی رەوتی ئیسلامی سیاسیی توندڕەو و چەکدار. سوودی لەئەزمونی کاری رێکخراوی (کۆمەڵەی جیهادی ئیسلامیی میسری) و جیهادی ئەفغانستانی (1980-1992) وەرگرت، بەتایبەتی کە لەئەزمونی جیهادی ئەفغانستاندا. بەهۆی تێکەڵاوبوونی ئایدیۆلۆژیا و ئەزموونی کار و جیهانبینی هاوبەشی نێوان رێکخراوی ئیخوان موسلمین و (کۆمەڵەی جیهادی ئیسلامیی میسری) و رەوتی سەلەفیزم. لەدەرەنجامدا رێبازی سەلەفیزمی جیهادی چەکەرەی کرد و بووە رێبازێکی نوێی کارکردنی رەوتی ئیسلامی سیاسیی چەکدار و توندڕەو.
ئاراستەی سەلەفیزمی جیهادی. لەڕووی ئایدیۆلۆژی و فیقهی و ئەدەبیاتی جیهادەوە. کەوتبووە ژێر کاریگەریی تێز و بەرهەم و بڵاوکراوەکانی (سەیدقوتب 1906_1966)، (ئەبوئەعلای مەودودی 1903_1979) و ئەدەبیات و بڵاوکراوەکانی (کۆمەڵەی جیهادی ئیسلامیی میسری)، بەتایبەتی نووسین و بڵاوکراوەکانی (سەید ئیمام ئەلشەریف – 1950)، کە بە (دکتۆر فەزڵ)یش ناسرابوو، هەندێکجاریش نووسینەکانی بە ناوی (عەبدولقادری کوڕی عەبدولعەزیز) بڵاوکردۆتەوە.
لەڕووی کاری تیۆریسێنی و داڕشتنی بنەما سەرەکییەکانی کاری رێکخراوەیی و سیاسی و سەربازی؛ لای رەوتی سەلەفیی جیهادی، ئەتوانین بڵێین هەوڵ و کۆششەکەی بە پلەی یەکەم، ئەگەڕێتەوە بۆ (دکتۆر عەبدوڵڵا عەزام 1941-1989)ی بە رەچەڵەک فەڵەستینی و خاوەن رەگەزنامەی ئوردنی.
(عەبدوڵڵا عەزام) رۆڵی پێشەوایەتیی بەرچاوی بینی، لەبانگەوازکردن و بانگەشە، لەهاندان و راکێشان، لەکۆکردنەوە و رێکخستن و پەروەردەکردن، لەئاراستەکردن و سەرکردایەتیکردنی ئەو هەزاران شەڕکەرە ئیسلامی سیاسییە نائەفغانیانەی، کە زۆرینەیان عەرەب بوون و دواتر بە (عەرەب ئەفغان) ناسران، رۆیشتبوون بۆ ئەفغانستان بۆ بەشداریکردن لەشەڕ، تاکو لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی تری ئەو وڵاتەدا کە زۆرینەیان هێزی ئیسلامی سیاسیی خاوەن میلیشیابوون، بجەنگن لەدژی سوپای شورەوی و حکومەتی ئەفغانستانی وابەستە بە یەکێتیی شورەوی.
لەدوای کۆتاییهاتنی جیهادی ئەفغانستان و لەنەوەدەکانی سەدەی رابردوو بە دواوە، لەسەر دەستی ژمارەیەک سەرکردە و موفتی و نووسەر و بانگەوازکاری سەلەفیستی جیهادی. لەنمونەی (ئەیمەن زەواهیری، ئەبو موسعەب سوری، ئەبو محەمەد مەقدیسی، ئەبوبەسیری تەڕتوسی و… هتد)؛ فیقهی ئایینی و سیاسی و سەربازی، هەروەها ئەدەبیاتی ئایدیۆلۆژیی ئەو رێبازە دەوڵەمەندتر و کاریگەرتر بوو، بووە یەکێک لەفاکتەرە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی دروستبوونی دوو رێکخراوی نێودەوڵەتیی پەیڕەوکەری رێبازی سەلەفیی جیهادی، لەسەر ئاستی جیهان؛ ئەویش (رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە) و دواتریش لەقۆناغێکی مێژووییتردا و پاش جیابوونەوە و لێکترازان لە (رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە)؛ ڕێکخراوێکیتری نێودەوڵەتی، بە ناوی (داعش – دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام)، لەساڵی (2013)دا راگەیەندرا و پاش داگیرکردنی شاری موسڵ و دەیان شار و شارۆچکەیتر لەسوریا و عێراق؛ رۆژی (29/6/2014)، لەشاری موسڵ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند و بەیعەت درا بە (ئەبوبەکر بەغدادی)؛ وەکو خەلیفەی دەوڵەتەکە و ناوەکەی لە(داعش)ـەوە گۆڕدرا بۆ (دەوڵەتی ئیسلامی).
ئەم دەوڵەتە لەناوەوە و لەدەرەوەی دەوڵەتەکە، سیستەمی ولایەتی پەیڕەوکرد و بووە خاوەنی ژمارەک لق لەجیهانی ئیسلامیدا، بە ناوی ولایەتی جیاجیا.
ئاراستەی سەلەفیزمی جیهادی، وەکو هێز و رێکخراوێکی تازەی کاری سەلەفیزم، لەکۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، وردە وردە سەریهەڵدا و نەشونمای کرد.
لە دوای کۆتاییهاتنی جیهادی ئەفغانستان لەبەهاری (1992)؛ چەندین رێکخراو و گروپ، رێبازی سەلەفیزمی جیهادییان کردە رێبازی سەرەکیی کارکردن، لەنمونەی (کۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی میسری)، (کۆمەڵی سەلەفیستی جەزائیری بۆ بانگەواز و شەڕکردن) و (کۆمەڵەی جەنگاوەرانی ئیسلامی لیبیایی)، شانبەشانی دروستبوون و سەرهەڵدانی چەندین گروپ و رێکخراویتری سەلەفیستی جیهادی، لەسەر دەستی (عەرەب ئەفغان)ـەکان و بەشدارانی تری ئەو شەڕە، لەنمونەی لقەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە، لقەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش، لقەکانی رێکخراوی ئەنسارولشەریعە لەدوای (بەهاری عەرەبی!) و چەندینیتر لەباکوور و کەناری ئەفریقیا و لەناو رەوەندی موسوڵمانان لەڕۆژئاوا.

11- غەریزەی ململانێ لای رێبازی سەلەفیزم
بەدەر لەبوونی ناکۆکی و ململانێی رێبازی سەلەفیزم لەگەڵ سیکۆلاریزم، بەدەر لەبوونی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان سێ رەوتە سەرەکییە جیاجیاکانی کارکردنی رێبازی سەلەفیزم، بەدەر لەبوونی ناکۆکی و ململانێی نێوان بانگەوازکارە سەلەفیستەکانی ناو هەر رەوتێکی سەلەفیزم؛ ئەم رێبازە بەگشتی ناکۆکی و ململانێیتریشی هەیە لەگەڵ ئایینزای شیعە، لەگەڵ هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی، لەگەڵ ڕێچکەکانی سۆفیزم و هەر گروپێکیتری ئایینیی جیاواز؛ لەچوارچێوەی ئایینی ئیسلامدا، هۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تەنها خۆی بە خاوەنی رێبازی راستەقینەی ئیسلام ئەزانێت، هەر بۆیە ئەوانیتر ڕەت ئەکاتەوە و ئامادە نییە دانیان پیابنێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکات، بەڵکو ململانێیان لەگەڵ ئەکات، ئەویش بۆ قۆرخکردنی رۆڵی پێشەوایەتی لەئیسلامدا بۆ خۆی، یان بۆ سەپاندنی پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەی و سەپاندنی بنەما فیقهییەکانی بەسەر هەموواندا؛ یان بۆ چەسپاندنی چۆنیەتیی تێگەیشتن و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئیسلام؛ لە روانگەی تێگەیشتن و دید و جیهانبینی خۆیەوە، یان بۆ جڵەوکردنی (دیاردەی بووژانەوەی میللیی ئیسلامی – بێداربوونەوەی ئیسلامی !)؛ لەناو کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا.
رێبازی سەلەفیزم بە هەموو ئاراستەی کارکردنە جیاوازەکان، بە هەموو جۆر و گروپ، دەستە و تاقمە جیاواز و لێکترازاو و ناکۆک و دژبەیەکەکانی ناو خودی رێبازەکە؛ بە یەکێک لەئیجتیهادە داخراو و دۆگماتیست، کۆنەپارێز و دەمارگیرەکانی پڕ لەناکۆکی و ململانێ و بەریەککەوتن و کێشمەکێشەکانی ناو ئایینی ئیسلام بەگشتی و ئایینزای سووننە بەتایبەتی لەقەڵەمئەدرێت.

12- ناکۆکی و ململانێی نێوان رەوتەکانی سەلەفیزم
هەر سێ رەوتە سەرەکییەکانی رێبازی سەلەفیزم؛ (سەلەفیزمی تەقلیدیی بانگەوازکاری، سەلەفیزمی سیاسی و سەلەفیزمی جیهادی)، یەک چاوگی سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژی، یەک سەرچاوەی مێژوویی و یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە؛ ئەویش گێڕانەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی و کۆمەڵگەیە بۆ قۆناغی سەلەفیزم و چەسپاندنی ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم، بەڵام بە میکانیزم و ئامرازی جیاواز!
ئاراستە و رێچکە و گروپەکان، لەناو گێژاوی ناکۆکی و کێشمەکێشی جیهانی سەلەفیزمدا، لەیەکتری ترازاون و جیابوونەتەوە و بە توندی یەکتری رەتئەکەنەوە. لەسەر زەمینەی واقیع، ناتوانن پرانسیپی فرەیی و پەسەندکردنی بیروڕا و بۆچوونی جیاواز، لەگەڵ یەکتری پەسەند و پەیڕەو بکەن، یەکتری تاوانبار ئەکەن؛ بە هەڵگەڕاوە و سەرلێشێواو، بە لادەر لەئیسلام و لادەر لەپڕۆژەی سەلەفیزم.
هیچ یەکێک لە هەر سێ رەوتە سەرەکییەکەی سەلەفیزم؛ پڕۆژەی سەلەفیزمیان رەتنەکردۆتەوە، بەڵکو هەر یەکێکیان، تەنها خۆی بە شۆڕەسوار و درێژەپێدەر و خاوەنی راستەقینە و میراتگری شەرعیی رێبازی سەلەفیزم ئەزانێت.
رەوتی سەلەفیزمی جیهادی؛ بۆ بانگەوازکردن و بۆ تەشەنەسەندن بە رێبازەکەی، زیاتر چاوی بڕیوەتە بنکەی جەماوەریی هەر دوو رەوتەکەیتر؛ هەوڵئەدات بە نهێنی دزە بکاتە ناویانەوە. سوود لەو ئەدەبیات و فیقهە ئیسلامییە هاوبەشە وەربگرێت کە هەر سێ ئاراستەکە لەسەری کۆکن. تەنها ئەوەی کە لەسەری ناکۆکن؛ بریتییە لەمەسەلەی بەکافرکردن و جیهاد، بۆ چارەسەری ئەمەش پشت بە دەیان فەتوا و بڕگە و دەقی ئایینیی ئەبەستێت کە تیایدا ئاماژەیان بە مەسەلەی بەکافرکردن و جیهاد کردووە، لەمڕووەوە هەوڵئەدات رایانکێشێت بۆ بڕوابوون بە مەسەلەی بەکافرکردن و جیهاد، بەرەو ژێر سایەی بەیداخە رەشەکەی رەوتی سەلەفیزمی جیهادی!
جێی باسە هەر دوو رەوتەکەیتری کارکردنی رێبازی سەلەفیزم و تاڕادەیەکیش، هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسیی ئایینزای سوننەش، شوێنکەوتە و ئەندام و لایەنگرەکانیان، وەکو هەویرێکی ئامادە و هەڵهاتوو و خۆشەکراو، کەوتونەتە بەردەستی ئاراستەی کارکردنی سەلەفیزمی جیهادی!
لەم دۆخەدا گریمانەیەک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە رەوتی سەلەفیزمی جیهادی بەگوێرەی زەمینە و دەرفەت و توانا، چیان بوێت و چۆنیان بوێت؛ نان و سەمون و کولێرە، یان هەر بەرهەمێکیتری هەویرەمەنی بە دڵ و بە خواستی خۆیان، لەو هەویرە دروست بکەن، یان بە دیوێکیتر، ئەگەر هەر دوو رەوتەکەیتری کارکردنی رێبازی سەلەفیزم و تاڕادەیەکیش، هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسیی ئایینزای سوننە، لەلێخوڕین و ئاراستەکردنی لایەنگر و ئەندام و شوێنکەوتەکانیان لەناو ماشێنی سەلەفیزم و ماشێنی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیدا، بە گێڕی دوو، یان بە گێڕی سێ، یان بە گێڕی چوار؛ بە هەورازی بانگەوازی سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسیدا سەربخەن؛ ئەوا رەوتی سەلەفیزمی جیهادی، لەچوارچێوەی رکابەری و ململانێکانی نێوانیاندا، ئەیەوێت لەوێستگەیەکدا هەڵوێستەیەکیان پێ بکات و دایانبەزێنێت، سەریانبخات بۆ ناو ماشێنەکەی خۆی و بە گێڕی فولی زۆر خێرا و تیژڕەوی، بیانگەێنێتە نشێوی سەلەفیزم.
لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە جیاوازی لەنێوان ئاراستەکانی کارکردنی رەوتەکانی سەلەفیزم؛ لەئامانجی بانگەواز و پرۆسەی هۆشیارکردنەوە و رێکخستنی ئەندام و شوێنکەوتەکانیدا، بریتییە لەدیاریکردنی کام جۆر لەبەرهەمی هەویرەمەنی، تاکو لەهەویرە شێلدراو و خۆشەکراوەکە دروستبکرێت، یان کام گێڕ بەکاربهێنرێت، لەماشێنەکەی سەلەفیزمدا، بۆ گەیشتن بە دوا وێستگە، ئەویش نشێوی سەلەفیزم !

13- سەلەفیزم لەبەردەمی پێرۆستەریکای شازادەدا
دوای ئەوەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە لە رۆژی (23. 2/ 1998)، لەژێر ناوی (بەرەی جیهانیی ئیسلامی بۆ جیهاد لەدژی جوو و خاچپەرستەکان) خۆی راگەیاند. لەهەنگاوی یەکەمدا لەدوو کردەوەی تیرۆرستیدا و لەیەک رۆژدا، توانی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە(کینیا) و (تەنزانیا)؛ لە رۆژی (7. 8. 1998)دا بتەقێنێتەوە.
پاش تێپەڕبوونی (3) ساڵ و نزیکەی مانگێک بەسەر ئەو دوو کردەوە تیرۆریستییەدا، رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە، کردەوە تیرۆریستییەکانی (11)ی سێپتەمبەری (2001)ی ئەمریکاشی ئەنجامدا.
ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوێستەبوو، لەکۆی ئەو (19) گەنجەی کە لەڕێگەی فڕۆکە ڕفێندراوەکانەوە، لەکردەوە تیرۆریستییەکانی (11)ی سێپتەمبەر خۆیان تەقاندەوە؛ (15)یان خاوەنی رەگەزنامەی سعودی بوون!
پاش ئەو کردەوە تیرۆریستییانە، دەوڵەتی سعودیە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی تری رۆژئاواوە، ڕووبەڕووی فشار و گوشار و رەخنەی گەورە بووەوە، ژمارەیەک ناوەندی توێژینەوەی سیاسی و ئاسایش و ستراتیژی، دەوڵەتی سعودیەیان بە کارگەیەکی پیشەسازیی بەرهەمهێنەری ئایدیۆلۆژیای تیرۆر شوبهاند و بەوە تاوانباریانکرد کە بە ناڕاستەوخۆ. رۆڵ و بەشداری و کاریگەریی هەیە لەو کردەوە تیرۆرستییانەدا. بەتایبەتی لەڕووی پاڵنەری ئایدیۆلۆژی و پەروەردەی ئایینیی توندڕەوانەی گەنجەکان، شانبەشانی بڵاوکردنەوەی رێبازی سەلەفیزم بەگشتی و سەلەفیزمی جیهادی و دروشمی بەکافرکردنی نەیاران. بەتایبەتی لەناو گەنج و لاوەکانی وڵاتانی ئیسلامی و لەناو رەوەندی موسڵمانان لە رۆژئاوا و دابینکردنی خەرجییەکانی کردەوەی تیرۆر، لەڕێگەی رێکخراوە خێرخوازە ئیسلامییەکانی سعودیەوە.
بەدەر لەکایەی تیرۆر و توندڕەویی ئایینی؛ دەوڵەتی سعودیە بەردەوام لەلایەن ئاژانس و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر ئەبووەوە. لەسەر نەبوونی دیموکراسی و ئازادی و خراپیی رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی و زەوتکردن و پێشێلکردنی ئازادی و مافی ژنان بەتایبەتی.
لەدەرەنجامی فشار و گوشار و رەخنەکان، ناوەندی بڕیاڕ و دەسەڵات لەسعودیە؛ هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە پێویستە، پیاچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی گشتیی وڵات بکات و هەنگاو بنێت، بەرەو ریفۆرم و گۆڕانکاری.
لەدوای هاتنەسەرکاری (پادشا سەلمان عەبدولعەزیز) لەساڵی (2015)، ویستێکی بەهێز و رادیکاڵ بۆ پیاچوونەوە و ڕیفۆرم هاتەئارا و چەندین رێکار و هەنگاو نران؛ لەنمونەی رێپێدان بە بەشداری ژنان لەهەڵبژاردنەکاندا، ئەوەبوو بۆ یەکەمینجار لەمێژووی ئەو وڵاتەدا، بۆ پرۆسەی دەنگدان و خۆپاڵاوتن، لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی (2015)؛ (21) پاڵێوراوی ژن، بە دەنگدان بوونە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەکان.
سنووردارکردنی کارەکانی (دەستەی فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لەخراپە)، یەکێکیترە لەڕێکارە بنەڕەتییەکان، بۆ پیاچوونەوە بە رەوشی ئایینی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی کۆتوبەندی ئایینی لەسەر هاووڵاتیان، ئەم دەستەیە لەژێر هەژموون و سەرپەرشتیی سەلەفیستەکاندا بەڕێوەئەبرێت، خاوەنی نزیکەی (4000) فەرمانبەری چاودێرە. پیشەکەیان ئەوەیە، لەشەقام و بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، بسووڕێنەوە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام و جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان و هۆشداری و رێنماییەکانی دەستەکە. بەتایبەتی بۆ جەختکردنەوە لەتێکەڵاونەبوونی هەردوو رەگەز و چاودێریکردنی هاووڵاتییان لەکاتی بانگدان و نوێژکردندا. بۆ دڵنیابوون لەئەنجامدانی نوێژ و راگرتنی کاروباری کڕین و فرۆشتن لەبازاڕەکاندا لەکاتی نوێژ و… هتد.
(شازادە محەمەد سەلمان)؛ لەساڵی (2017)ەوە، بەهۆی نەخۆشکەوتنی باوکی. بووە جێنشینی پادشا و دەسەڵاتەکانی پادشایەتیی پێبەخشرا، ناوبراو بەپشتبەستن بە دەسەڵاتەکانی، سەرەڕای ئەرکی بەڕێوەبردنی دەوڵەت. سەرقاڵی داڕشتنی هەنگاوی نوێ و درێژەدانە بۆ بەجێهێنان و تەواوکردنی ئەو بەرنامانەی کە دایانڕشتووە، بۆ ئامانجی ریفۆرم و گۆڕانکاری. لەناویاندا گرنگیدان بە ماف و رۆڵی ژنان لەکۆمەڵگە و دەوڵەتدا. لەم سۆنگەیەوە لەساڵی (2018)، بە بڕیارێک ڕێی بە ژنان دا، ببن بە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری، هەروەها چەندین بڕیاریتریشی لەخزمەتی پێگە و ماف و ئازادییەکانی ژناندا دەرکرد.
جێی ئاماژەیە زۆرینەی رەهای سەلەفیستەکان و بەشێکی زۆر لەپیاوانی ئایینی کۆنەپارێز و سەرۆکی تیرە و هۆزەکان، لەدژی زۆربەی ئەو هەنگاو و رێکارانەی (شازادە محەمەد) راوەستاونەتەوە، بەتایبەتی لەمەسەلەی پیاچوونەوە بە پەیوەندیی نێوان ئایین و دەوڵەت و بەخشینی رەهەندێکی میانڕەوی و ڕیفۆرمخوازی بە ئایینی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم و رێبازی توندڕەوی ئایینی.
(شازادە) ئەیەوێت بە وردی پیاچوونەوە بە ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزمی فەرمیی دەوڵەتدا بکات و لەدەوڵەتی دابماڵێت، هاوکات پێگە و رۆڵ و بەشداری سەلەفیستەکان و مەلا و کەسایەتییە توندڕەوەکان، لەناو دامودەزگانی دەوڵەتدا پەراوێزبخات و نادیدەیان بکات. شایەنی باسە (شازادە) بۆ چاوترساندنی سەلەفیستەکان و کەسایەتییە توندڕەوەکان کە ئەیانەوێت بەرەنگاری هەنگاوە ڕیفۆرمخوازی و پیاچوونەوەکانی ببنەوە، ژمارەیەکی لێ دەستگیرکردوون و بەتۆمەتی تیرۆر و تاوان، زیندانی کردوون.
ئێستا (شازادە)ی سعودیە بەردەوامە لە ریفۆرم و گۆڕانکاری، توانیویەتی چەندین قۆناغی سەخت و ئاڵۆز ببڕیت، لە ریفۆرمی یاسایی و لە لابردنی کۆسپ و لەمپەرەکان، لەبەردەم چالاکی و جموجۆڵی هونەری و کولتووری کراوە و مۆدرێن، لەنمونەی کۆنسێرتی گۆرانی و سەمای بالیە، یان بۆ گرنگیدان بە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاریی نائایینی.
سعودییەکان لەدوو دەیەی ڕابردوودا، زۆر بە توندی کەوتنە بەرەنگاربوونەوەی (رەوتی سەحوە) و رەوتی سەلەفیزمیی جیهادی لەناوخۆی سعودیە و لقی سعودیەی ئیخوان موسلمین کە لە رابردوودا رۆڵی گەورەی هەبووە، لەداڕشتنی پرۆگرامی خوێندن لەو وڵاتە، هەروەها دەستکاری پرۆگرامی خوێندنیان کردووە و تیایدا بژاری بەشێک لەبابەتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە کە بە سەرچاوەی ئیلهامی توندڕەوی و تیرۆر لەقەڵەمئەدرێت، هاوکات لەسەر ئەرزی واقیعیش توانیان لقی سعودیەی رێکخراوی نێودەوڵەتی قاعیدە، لەناو سعودیە ریشەکێش و قەڵاچۆ بکەن.
یەکێکیتر لەهەنگاوە گرنگەکانی (شازادە)ی جێنشین، بریتییە لەدامەزراندنی ناوەندێک بە ناوی (کۆمەڵگەی خادم ئەلحەرەمەین ئەلشەریفەین پادشا سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز بۆ فەرمودەی پەیامبەری شەریف)، ئەویش بۆ پشتڕاستکردنەوە و پیاچوونەوە بە سووننەت و فەرمودەکانی پەیامبەری ئیسلام.
بەگوێرەی لێکدانەوە و شیکردنەوەی چاودێرانی رەوشی ناوخۆی سعودیە، پێشبینی ئەکرێت (شازادە محەمەد)؛ لەڕێگەی ئەو ناوەندەوە، هەوڵی ریفۆرمێکی ئایینی بدات، بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی سوننەت و فەرمودە لەئەدەبیاتی ئیسلامدا، کە رێبازی سەلەفیزم زۆر پشتی پێ ئەبەستێت، بەتایبەتی ئەو فەرمودانەی کە هیچ پشتیوانییەکیان لەناو قورئاندا نیە.
هەندێک لەچاودێران پێیانوایە، (شازادە محەمەد) لەژێر کاریگەریی پەیڕەو (قورئانییەکان) ئەم هەنگاوەی ناوە، جێی باسە پەیڕەو (قورئانییەکان) ئاراستەیەکن، تەنها بڕوایان بە قورئان هەیە و پێیانوایە نابێت پشت بە سوننەت و فەرمودە ببەسترێت، چونکە قورئان بێ کەموکوڕییە و بۆشایی تیا نییە، تاکو فەرمودە و سوننەت پڕی بکاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تێبینییان لەسەر سوننەت و فەرمودەکان هەیە، لەڕووی ژمارە و ناوەرۆک و شێوازی کۆکردنەوە و ساغکردنەو و تۆمارکردنیان.
لێرەدا بە پێویستی ئەزانم، تیشکبخەمەسەر لێدوانێکی (عەبدوڵڵا سلێمان ئەلمەنیع)ی راوێژکار، لەدیوانی پادشایەتی و ئەندامی (دەستەی گەورە زانایانی) سعودیە، کە بە بەهێزترین و کاریگەرترین ناوەندی سەلەفیست لەقەڵەم ئەدرێت لەسعودیە، لەکاتی بەشداریکردنی لەبەرنامەی (فەتواکان)ی کەناڵی یەکی سعودیە لەساڵی (2018)، کە تیایدا بێ بەریبوونی دەوڵەتی سعودیەی لە (وەهابیزم – سەلەفیزم) راگەیاند، ناوبراو بەو لێدوانەی پەیامێکی فەرمییدا؛ بە ناوەوە و بە دەرەوەی سعودیە بەم جۆرە، چیتر سعودیە شەمەندەفەری فەرمانڕەواییەکەی، لەسەر هێڵی سەلەفیزم لێناخوڕێت و لە وێستگەکانیشدا چیتر رێ بە سواربوونی سەرنشینە سەلەفیستەکان نادات!
لەکۆتاییدا ئاماژەکان ئەوە دەرئەخەن؛ بەهۆی رەهەندی ریفۆرمە ئایینی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ریفۆرمەکانیتری بواری پەروەردە و خوێندن و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری و کردنەوەی شاری (نیۆم) لەسەر دەریای سوور و پرۆژەی (دیدگای 2030)؛ دەرەنجام (شازادە محەمەد) ئەکەوێتە بەردەمی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە، لەگەڵ هەندێک لەتیرە و هۆز و بنەماڵەی کۆنەپارێز و مەلا و بانگەوازکارە توندڕەوەکانی رێبازی سەلەفیزم بەگشتی و سەلەفیزمی جیهادی بەتایبەتی؛ (شازادە)ش رەنگە ناوبەناو وچانـێک بدات، بەڵام وەک دەرئەکەوێت خۆی بـۆ پاشەکشە و سازش دانەناوە!

سەرچاوەکان
یەکەم / کتێب :
1- كتاب صحيح البخاري؛ الجامع للمسند الصحيح المختصر من أمور رسول الله (ص) – محمد بن إسماعيل أبوعبدالله البخاري، تحقيق / محمد زهير بن ناصر، دار طوق النجاة، الطبعة الأولى، (1422) هجرية .
2- الخيارات السياسية للتيارات السلفية – أحمد عمرو، المركز العربي للدراسات الإنسانية، قاهرة .
3- التيار السلفي؛ الخطاب والممارسة – عمار علي حسن، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الإستراتيجية، سلسلة محاضرات الإمارات .
4- الظاهرة السلفية؛ التعددية التنظيمية والسياسية – تحرير/ بشير موسى نافع، عزالدين عبد المولى، الحواس تقية، مركز الجزيرة للدراسات، الطبعة الأولى، دوحة، (2014) .
5- السلفية في الفكر والتأريخ السياسي – د. برهان رزيق، الطبعة الأولى، دمشق، (2016) .
6- السلفية العالمية؛ الحركات السلفية المعاصرة في عالم متغير – تحرير/ رول ميير، ترجمة / محمد محمود التوبة، الشبكة العربية للأبحاث والنشر، الطبعة الأولى، بيروت، (2014) .
7- الوهابية والسلفية؛ الأفكار والآثار؛ أوراق بحثية قدمها المشاركون في مؤتمر الوهابية والسلفية، الذي نظمه منتدى العلاقات العربية والدولية في (21-22/ 12/2013) – تحرير/ رائد السمهوري، الشبكة العربية للأبحاث والنشر، الطبعة الأولى، بيروت، (2016) .
8- السلفية في المجتمعات المعاصرة – د. محمد فتحي عثمان، الطبعة الثانية، كويت، (1981) .
9- السلفية المعاصرة؛ جذورها التاريخية وتمددها الجغرافي – الشيخ كاظم الصالحي، المركز الإسلامي للدراسات الإستراتيجية، نجف .
10- موسوعة تأريخ المملكة العربية السعودية؛ الحديث والمعاصر – د.مفيد الزيدي، دار أسامة للنشر والتوزيع، الطبعة الأولى، عمان (‌‌أردن)، (2004) .
11- إبن تیمية؛ حياته، عقائده، موقفه من الشيعة وآهل البيت – صائب عبدالحميد، مركز الغدير للدراسات الإسلامية، الطبعة الأولى، قم (إيران)، (1994) .
12- الدعوة الوهابية والمملكة العربية السعودية – ديفيد كمنز، ترجمة / عبدالله إبراهيم العسكر – جداول للنشر والترجمة والتوزيع، الطبعة الثانية، بيروت، (2013) .
13- مملكة الكراهية؛ كيف دعمت العربية السعودية الإرهاب العالمي الجديد – دور غولد، ترجمة / محمد جليد، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، بيروت، ( 2014) .
14- الإخوان المسلمون وآل سعود؛ من التخادم الى التصادم – فؤاد إبراهيم، دار المودة للترجمة والتحقيق والنشر، الطبعة الثانية، بيروت، ( 2019) .
15- التيارات الدينية في السعودية؛ من السلفية الى جهادية القاعدة وما بينهما من تيارات – خالد عبدالله المشوح، مؤسسة الإنتشار العربي، الطبعة الثانية، بيروت، (2012) .
16- المجتمع والدولة في السعودية – مسيرة نصف قرن – د.قيس محمد نوري، د.مفيد الزيدي، بيت الحكمة، الطبعة الأولى، بغداد، (2001) .
17- صفحات من تأريخ الجزيرة العربية الحديث – د.محمد عوض الخطيب، دار المعراج للطباعة والنشر، (1995) .
18- شجرة نسب السلفية الجهادية؛ دراسة أيديولوجية مع ملاحق وثائقية – بروفيسور كوينتان فيكتور فيتش، إعداد وترجمة وتعليق/ د.محمد عيسى، مؤسسة الإنتشار العربي، الطبعة الأولى، بيروت، ( 2015) .
19- السلفية الجهادية؛ دار الإسلام ودار الكفر – مجموعة باحثين، مركز المسبار للدراسات والبحوث، الطبعة الأولى، (2010) .
20- دراسات في السلفية الجهادية – د.أكرم حجازي، مدارات للأبحاث والنشر، الطبعة الثالثة، القاهرة، (2013) .
21- نقد الخطاب السلفي – محمد حافظ دياب، رؤية للنشر والتوزيع، الطبعة الأولى، القاهرة، (2016).
22- ضوابط في النقد؛ دراسة في عقل ابن تميمة النقدي – عبدالله رفود السفياني، منتدى المعارف، الطبعة الأولى، بيروت، (2014) .
23- الوهابية؛ مذهب الكراهية – سعد الشريف، دار الميزان، الطبعة الأولى، بيروت، (2012) .
24- السلفية الوهابية؛ أفكارها الأساسية وجذورها التأريخية – حسن بن علي السقاف، دار الإمام النووي، الطبعة السابعة، بيروت، (2013) .
25- الصراع على السلفية؛ قراءة في الأيديولوجيا والخلافات وخارطة الإنتشار – د. محمد أبو رمان، الشبكة العربية للأبحاث والنشر، الطبعة الأولى، بيروت، (2016) .
26- السلفيون والربيع العربي؛ سؤال الدين والديمقراطية في السياسة العربية – د. محمد أبو رمان ، مركز دراسات الوحدة العربية، الطبعة الأولى، بيروت، (2013) .
27- جهود المملكة العربية السعودية في خدمة الدعوة السلفية – د. محمد حافظ الشريدة النابلسي السلفي، الرياض، (1432) هجري .

دووەم / ڕاپۆرت :
1- خريطة القوى الدينية والفكرية في المملكة – إعداد / فريق التحرير، المعهد المصري للدراسات السياسية والاستراتيجية، (2016) .
2- رؤية 2030؛ إصلاح التعليم الديني في المملكة العربية السعودية، تقرير خاص – نجاح العتيبي، مركز الملك فيصل للبحوث والدراسات الإسلامية، (2020) .
سێیەم / ماڵپەڕی ئینتەرنێت :
1- الوهابية والوهابيون – مصطفى الخطيب، موقع الموسوعة العربية / (arab-ency.com.su) .
2- التيار السلفي في دولة الكويت؛ الواقع والمستقبل – محمد بدري عيد، موقع مركز الجزيرة للدراسات /
(studies.aljazeera.net) .
3- النزاع في اليمن؛ جرح ينزف، من هم أطراف الحرب؟ – يورو نيوز مع رويترز، موقع يورو نيوز العربية / (arab.euronews.com) .
4- مكة – معهد إعداد الأئمة؛ مسيرة دعوية مضيئة على 32 عاماً – موقع اليوم / (alyaum.com) .
5- كيف تتحكم السعودية في التيار السلفي في العالم العربي؟ – سفيان مزجي، موقع / (france24.com) .
6- تأريخ تأسيس المملكة العربية السعودية – موقع الموضوع -/ (mawdoo3.com).
7- موسم الحج؛ خطة طموحة وأرقام قياسية للسياحة الدينية في السعودية – موقع العين الإخبارية / (al-ain.com)
8- هل جنت السعودية الأموال من الحج ؟ – عباس اللواتي – موقع سي ان ان عربي / (Arabic.cnn.com) .
9- السلفية السعودية في ميدان السلطة – هشام بن غالب، موقع الجزيرة للدراسات / (studies.aljazeera.net)
10- عومەر چنگیانی – ماڵپەری ویکیبیدیا / (wikipedia.org) .
11- السلفية في السعودية – خضر عواركة، صافي محمد سعيد، د. علي جمعة، د. زينة يوسف، موقع وكالة أنباء آسيا / (asianews.com)
12- تمكين المرأة السعودية في عهد الملك سلمان – موقع جريدة الرياض / (alriyadh.com) .
13- التطور السياسي للفكر الوهابي في السعودية وأثره على التيارات السلفية – أحمد فتحي الهنداوي، موقع الحنفاء للدراسات السياسة والشرعية / (honfaa.com)
14- الأزمة الأفغانية؛ تأريخياً .. وسياسياً .. وعسكرياً – موقع موسوعة مقاتل من الصحراء / (moqatel.com)
15- السعودية رسمياً تحل مؤسسة الحرمين الخيرية – موقع الجزيرة /aljazeera.net )
16- موقع منظمة الندوة العالمية للشباب الإسلامي / (wamy.org) .
17- الدولة السعودية الأولى وعلاقة الشيخ محمد بن عبدالوهاب بها – منى عبدالله العمري، موقع /
(dr-aysha.com)
18- ملخص قصير من تأريخ السعودية – موقع الحقائق / (hakaek.net)
19- جامعة المدينة المنورة؛ ثورة سعودية ناعمة – يوسف الشيخ، موقع الأخبار/ (al-akhbar.com)
20- جماعة أهل الحديث – موقع صيد الفوائد / (said.org)
21- ما الجامعات الإسلامية التي تدرس على نهج أهل السنة والجماعة ؟ – أ.عائشة الحكمي، موقع الآلوكة / (alukah.net)
22- بن سلمان لواشنطن بوست؛ نشرنا الوهابية بطلب من الحلفاء لمواجهة الإتحاد السوفيتي – موقع العربي الجديد / (alaraby.co.uk)
23- ماذا تعرف عن إبن قيم الجوزية؟ – موقع المرسال / (almrsal.com)
24- جماعة أهل القرآن وراء محمد بن سلمان الجريئة في السعودية – موقع إنديا ناريتيف /
(indianarrative.com) .
25- السعودية بلا سلفية؛ بن سلمان سيتخلص من الوهابية لإبعاد المتشددين عن سياسة المملكة – موقع كوثر تي ڤي / (alkawthartv.ir) .
26- إنقلاب ديني؛ هيئة كبار العلماء في السعودية تتبرأ من الوهابية – موقع وكالة انباء التقريب / (taghribnews.com) .
27– من هو مؤسس الدولة السعودية الأولى؟ – موقع الموضوع / (mawdoo3.com)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت