دکتۆر سه‌ڵاحی گه‌رمیان: گۆڕان، وه‌همێك له‌وێنه‌ی سهراب.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
به‌ر له چه‌ندین ساڵ له‌سه‌رهه‌ڵدانی ” گۆڕان” وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی، بێمتمانه‌یی به ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوی پارتی و یه‌كێتی و بێهیوایی و ناڕوونی ئاسۆی داهاتووی ژیان، خه‌ڵكی له چاوه‌ڕوانی فریادڕهسێكدا هێشتبووه‌وه و خواستی په‌نگخواردووی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، یان گۆڕینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، یان لانیكه‌م په‌ڕوباڵكردنی بوو. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردبوو تاده‌هات ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی خه‌ڵك به‌رفراوانتر ئه‌بوو و به‌شێوازی جۆراوجۆر به‌گژ سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌چوونه‌وه.
من خۆم وه‌ك كه‌سێكی به‌رهه‌ڵستكاری دژ به گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات و نادادپه‌روه‌ری و به‌تاڵانبردنی سامان و داهاتی گشتی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی لیستی گۆڕانه‌وه، بووم به ئه‌ندامی (ده‌سته‌ی پشتیوانی لیستی گۆڕان) له شاری سیدنی و پاشان بووم به ئه‌ندامی (ئه‌نجومه‌نی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) له ئوسترالیا. دواتر، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی چه‌ند هاوڕێیه‌ك، خۆم كاندیدكرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ساڵی 2010 له‌سه‌ر لیستی گۆڕان له شاری كه‌ركوك.
وه‌ك كاندیدێك، هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ كوردستان، چووم بۆ گردی زه‌رگه‌ته و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سێتی سیاسی و ڕشنبیری دیدارم كرد. به‌پێی پێویستی خۆئاماده‌كردن و بۆ شاره‌زابوون له‌به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه، له نزیكه‌وه چاودێری وردی ڕووداوه‌كانم ده‌كرد، به‌تایبه‌تی له كه‌ركوك و له كاتی سه‌ردانی ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان ” نه‌وشیروان مسته‌فا” بۆ شاره‌كه. پاشان له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی لیسته‌كه و سه‌ردانیكردنی شاروچهكهكان و گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانی كه‌ركوك.
ئه‌و ڕۆژانه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕۆژانی دواتر كه له كوردستان به‌سه‌رمبرد تا گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئوسترالیا، هه‌رچه‌نده ڕۆژانێك بوو قورس تێپه‌ڕین و بێزاركه‌ر بوون، به‌ڵام ئه‌زموونێكی گرنگ و پڕبایه‌خ بوو بۆم به تایبه‌ت دوای ساڵانێكی زۆر له‌دووری و دابڕان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و باری سایكۆ- سۆسیۆلۆجی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری و تاكی كورد، كه به‌هۆی ڕه‌وشی سیاسی، ململانێی ده‌سه‌ڵات، شه‌ڕی ناوخۆ، خراپی باری ئابووری، هه‌ژاری و بێكاری، به‌زه‌قی گۆڕانكاریان پێوه دیاربوو.
لێره‌دا، به‌شیاوی نازانم بچمه باس له‌و ورده‌كارییانه. هه‌ڵیئه‌گرم بۆ كاتێكی گونجاوتر تا به ووردی له‌سه‌ر ئه‌و دیارده نامۆ و نه‌شیاو و نا شارستانیانه‌ی كه له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا به‌دیده‌كرا بدوێم. هه‌ر له ئاستی ڕه‌نكی پێشه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه تا ئاستی كاندید و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی. وه‌ك شایه‌تحاڵێكی ناو ڕووداوه‌كان ڕووبه‌ڕووم بوونه‌وه و به بینین و به‌بیستن تێبینم كردن و سه‌رنجم خسته سه‌ریان.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئهیخهمهڕوو، ئه‌و خه‌وشانه‌ی گۆڕانه كه بوونه هۆكاری له‌باربردنی فورسه‌تێكی میژوویی بۆ سه‌رخستنی ئیراده‌ی خه‌ڵك به‌سه‌ر ناڕه‌وایی حكومڕانی و هه‌ژموونی ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه.
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ده‌ست قه‌یرانه‌كانی ژیانی ڕۆژانه و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و هه‌ژاری و بیكاری له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كیتره‌وه، به‌ده‌ست بێباكی و خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنه‌وه دیاناڵاند و له چاوه‌ڕوانیدا بوون تروسكاییه‌ك هیوایان به‌به‌ردا بكاته‌وه. نه‌وشیروان مسته‌فا كه كه‌سی دووه‌می یه‌كیتی نیشتمانی بوو، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك ”جه‌لالی” یه‌ك، چل ساڵی ژیانی سیاسی گوێڕایه‌ڵ و جێبه‌جێكاری سیاسه‌ته‌كانی تاڵه‌بانی بوو، به‌جارێك نا‌ئومێد ئه‌بێت له‌وه‌ی تاڵه‌بانی خواسته‌كانی باڵی ڕیفۆرم بهێنێته‌دی، كاتێك ڕاشكاوانه هۆشداری ئه‌دات، كه ته‌كتول له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا قهبوولكراو نیه و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان هه‌یه له سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی، ئه‌توانن حیزبێكی تر له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی دابمه‌زرێنن.
دیاربوو تاڵه‌بانی ئه‌یویست به‌هه‌ر نرخێك بێت هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت به‌رهه‌ڵستی بكات، له‌هه‌ر پله و پۆستێكدا بێت، دووریخاته‌وه. بۆیه داخوازییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ی به تهحددا ئه‌زانی. له‌هه‌مان كاتیش‌دا، ئه‌وه بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا فورسهتێك بوو، تاكو له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌تی تاڵه‌بانی ده‌رچێت و له‌وه‌ش دڵنیابوو كه تاڵه‌بانی ڕێگا به كه‌سانێك نادات به‌رهه‌ڵستی بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سنووردار بكه‌ن. چاكیش ئه‌یزانی ئه‌و كه‌سانێكی لاوازی ئه‌وێت له‌ناو بازنه‌ی نزیكی خۆیدا، به ته‌واوه‌تی گوێڕایه‌ڵ بن و هه‌رچۆنێك بیه‌وێت هه‌ڵیانسوڕێنێت.
ئه‌وه‌بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا له دوای ڕێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی، ده‌زگای وشه دائه‌مه‌زرێنێت و دهسئهكات به جموجۆڵ و خۆ ئاماده‌كردن. به‌هاوكاری كه‌سانێكی نزیك به‌خۆی، به كۆمه‌ڵێك دروشمی پۆپۆلیستیانه و بانگه‌شه‌ی ئه‌یگۆڕین، زیره‌كانه سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك ئه‌بێت و به‌كاریان ئه‌هێنێت بۆ به‌دیهێنانی تموح و ئه‌جیندای سیاسی خۆی. بڕیارئه‌دات به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بكات به لیستێك به ناوی ”گۆڕان”. ئه‌و لیسته سه‌ره‌ڕای که‌موکوڕییه‌کانی، په‌یتاپه‌یتا خه‌ڵکی ناڕازی له ده‌سه‌ڵات، په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی ئه‌كرد و خۆڕسكانه و زۆر چالاكانه هه‌وڵێان ئه‌دا بۆ سه‌رخستنی. گۆڕان زیاتر خه‌ڵكی ڕاچه‌ڵه‌کاند و ڕێگای خۆشکرد بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیروبۆچونی نوێ و هه‌ستکردن به توانا و باوه‌ڕبه‌خۆبوون و گوڕووتینی خستنه‌به‌ر گه‌لێک له‌وانه‌ی توشی نائومێدی بووبوون، بۆ به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا به حه‌ماسه‌تێكی كهموێنهوه. هه‌روه‌ها ڕاڕایی و دڵه‌ڕاوكێی و ترسی له ناخی زۆرێک ڕه‌وانده‌وه و گیانی ته‌حه‌داکردنی تیایاندا چاند.
راسته، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی له ده‌وری گۆڕان كۆبووبونه‌وه، له‌وانه بوون به‌هۆكاری جیاجیا ڕیزه‌كانی یه‌كێتییان به‌جێهێشت، به‌ڵام لای ڕێژه‌یه‌كی زۆر له كه‌سانی بێلایه‌ن، پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ پاڵپشتی گۆڕان، دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن بوو، به ئامانجی كۆتایهێنان به گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ری، له‌پێناو دابینكردنی ژیانێكی شایسته و ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی بۆ گشت چین وتوێژه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ، دور له حیزبایه‌تی و خزمخزمێنه و قۆرخكاری. به‌ڵام ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئه‌و ڕاستییه بۆ خه‌ڵك ده‌رئه‌كه‌وت كه گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ی یارییه‌كی سیاسییه بۆ تیركردنی ئیگۆ و كه‌سێتی نێرگزی تاكی سه‌ركرده، بزاڤێك نیه بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و نادادپه‌روه‌ر. له‌پاڵ ئه‌و ڕاستییه‌ش، گۆڕان تاده‌هات پاشه‌كشه‌ی ئه‌كرد له‌و دروشمانه‌ی كه له سه‌رەتای دامه‌زراندنیدا بهرزیكردبووه و ده‌ركه‌وت كه ته‌نیا ئامرازێك بوون بۆ به‌لاڕێدابردنی خه‌ڵك له پێناو كۆمه‌ڵێك ئه‌جیندای شاراوه. ئه‌وه‌ش زیاتر له‌وه‌دا ڕوون بووه‌وه كاتێك سه‌رانی گۆڕان ڕێگای سه‌ری ڕه‌شیان گرتبه‌ر و خزانه ناو ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵه‌وه به دروشمی ”چوار ساڵی ئارام”. ئامانجی سه‌ركیش وه‌رگرتنی شایسته‌ی دارایی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارتییه‌وه و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ كۆمه‌ڵێك له كه‌سانی هه‌لپه‌رست بۆ وه‌رگرتنی پۆستی حكومی به موبارهكهتی ڕێكخه‌ری گشتی. له‌و كاته‌وه تا ئه‌مڕۆ، ئه‌وانه‌ی كه پۆستیان وه‌رگرتووه، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاو ئه‌كه‌نه ئاشی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه قه‌راربوو بیگۆڕن.
مۆمه‌كه‌ی گۆڕان بۆچی كوژایه‌وه؟
گۆڕان مۆمی له لۆگۆكهیدا دانا وه‌ك هیمایهك بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی شه‌وه‌زه‌نگی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و هیوای دواڕۆژێكی گه‌شتر. به‌ڵام ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ، دیارده‌ی سه‌یر و نه‌شیاو و هه‌ڵسوكه‌وتی نامۆ به‌دی ئه‌كرا له‌وانه‌ی خۆیان به‌سه‌رمه‌شقی گۆڕان ئه‌زانی، كه ده‌رئه‌نجام بوونه هۆكاری سه‌ره‌كی له ڕه‌وینه‌وه‌ی خه‌ڵك و له‌ده‌ستدانی متمانه به گۆڕان. بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌ركه‌وت كه گۆڕان به‌هه‌مان ڕێچكه‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا ده‌ڕوات به پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌كانی. تاده‌هات، نائومێدی له گۆڕان باڵی ئه‌كێشا به‌سه‌ر لایه‌نگرانی گۆڕان. ئه‌و مۆمه‌ی له‌سه‌رتاوه هه‌ڵكرا، تا ده‌هات كزتر ئه‌بوو و له چاوه‌ڕوانی كوژانه‌وه‌یدا بوون.
ئه‌كرێت لێره‌دا، هۆكاره‌كانی نائومیدی خه‌ڵك و كوژانه‌وه‌ی ئه‌و مۆمه‌ی هیوایان له‌سه‌ری دانابوو له‌م خاڵانه‌دا ده‌سنیشان بكه‌ین:
1- به ده‌یان كه‌سانی هه‌لپه‌رست و ماستاوچی خزابوونه ناو گۆڕانه‌وه له‌ڕێی مه‌حسوبییه‌ت و خزمخزمێنه و په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی، بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌شی له‌ناو یه‌كێتییه‌وه هاتبوون، له‌به‌رژه‌وه‌ندییان درابوو، یان داخۆازییه‌كانیان پشتگوێ خرابوو. بۆ نموونه، كه‌سانی هه‌لپه‌رستی وا هه‌بوون له‌ناو لیستی هه‌ڵبژاردنی گۆڕاندا به باكگراوندی چه‌پ و عه‌لمانی و كۆمۆنیستییه‌وه، بۆ خۆ نزیككردنه‌وه و دڵسۆزی نواندن وه‌كوو توتی وته‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ”پشتیوان به‌خوا ئه‌یگۆڕین” یان به‌رده‌وام ئه‌وته‌وه.
2- گۆڕان چه‌ندین كه‌سی گرتبووه‌خۆ و به‌رپرسیاره‌تیان پێ‌درابوو به‌هۆی خزمخزمێنه‌وه، یان به‌ڕێگای كه‌سانی نزیك له ڕێكخه‌ری گشتی و سه‌رانی تری گۆڕانه‌وه، له‌وانه‌ی به‌ر له‌وه‌ی جێگای خۆیان له‌ناو گۆڕان بكه‌نه‌وه له ده‌رگای هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتیان دابوو بۆ كاندید كردنیان. له‌وه‌ش سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر، كاندیدی وا هه‌بوو له لیستی گۆڕان، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی و له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی گۆڕانه‌وه دانرابوو وه‌ك كاندید، به‌هۆی په‌یوه‌ندی هاوڕێتی نیوانیانه‌وه.
3- خه‌ڵك چاوه‌ڕوان بوو، پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی یه‌كێتی و پارتی له‌داڵده‌دانی تاوانبارانی ئه‌نفال له كۆنه‌جاش و موسته‌شاره‌كان، گۆڕان ببێته داكۆكیكاری كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و قوربانیانی تاوانه‌كانی ڕژێمی سه‌ددام، كاربكات بۆ گه‌یاندنی تاوانباران به دادگا به‌پێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق. گۆڕان نه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌كرد، به‌ڵكو باوه‌شی بۆ چه‌ندین تاوانبار گرته‌وه و له میدیاكاندا وه‌كو گۆڕانخواز ده‌رئه‌كه‌وتن.
4- بڕیار بوو گۆڕان سه‌كۆیه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوانبێت بۆ گشت چین و توێژه‌كان به‌بێ جیاوازی. به‌ڵام گۆڕان به‌پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپ و دروشمه‌كانی، تاده‌هات ئه‌بووه ناوه‌ندی یه‌كگرتنه‌وه‌ی كۆنه ئیخوانه‌كان و پێگه‌و پله‌ی گرنگی پێ ئه‌دان، له‌لایه‌كی تریشه‌وه، بایه‌خ به كه‌سانی سكویلار و ڕۆشنبیرانی ئازادیخۆاز نه‌ئه‌درا و پشتگوێ ئه‌خران و به‌چاوی یه‌كسان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر سه‌یر نائهكران، تا ناچارئهبوون دووكهونهوه.
5- شكستی گه‌وره‌ی گۆڕان زیاتر بهرچهستهبوو، له ده‌ستنیشانكردنی كه‌سانی هه‌لپه‌رستی نه‌شیاو و خاوه‌ن كه‌سێتی لاواز بۆ پۆستی هه‌ستیار له حكومه‌تدا. به‌تایبه‌ت كاتێك تاكلایه‌نانه له لایه‌ن ڕێكخه‌ری گشتییه‌وه بڕیار له‌سه‌ری ئه‌درا. ئه‌و حاڵه‌ته چه‌ندین جار دووباره بووه له وه‌رگرتنی پۆستی حكومی جیاواز. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه ڕێكخه‌ری گشتی وه‌ك سه‌ركرده تاكڕه‌وه‌كانی تر، به‌مه‌به‌سته‌وه كه‌سانی لاواز و گوێڕایه‌ڵی به‌لاوه په‌سه‌ندتر بوو له كه‌سانی به‌توانا و ته‌كنۆكرات و خاوه‌ن كه‌سێتی و پێگه‌ی كۆمه‌لایه‌تی.
6- خه‌وشێكی گه‌وره‌ی تری گۆڕان له‌دوای مردنی نه‌وشیروان مسته‌فاوه ده‌ركه‌وت، به ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی گردی زه‌رگه‌ته و پشكی كارگه‌ی چیمه‌نتۆ و گۆڕینی موڵكیهتیان به میرات بۆ كۆڕه‌كانی. به‌و كاره‌ش، گۆڕان هیچ جیاوازییه‌كی نه‌هێشت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا له بوون به حیزبی بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵێك كه‌سی به‌رژه‌وه‌ندیخواز. ئه‌وه‌ش وه‌ك دواترین فوو بو كه له مۆمه‌كه‌ی گۆڕان بكرێت. ئه‌وانه‌شی ئێستا به‌رژه‌وه‌ندییان ماوه له بوونی گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتدا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیفه‌تی گۆڕانخوازیان نه‌ماوه و ته‌نیا و ته‌نیا گۆڕانبازن.
له ئێستاشدا، گۆڕان له هه‌وڵ و ته‌قه‌لادایه بۆ خۆ ڕێكخستنه‌وه به مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، به ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك. به‌ڵام، ئه‌و ڕۆژه ڕۆیشت و ناگه‌ڕێته‌وه و چیتر ئه‌و متمانه‌یه‌ی گۆڕان له‌ده‌ستیدا، جارێكی‌تر لای خه‌ڵك دروست نابێته‌وه و به‌دروشمه‌كانی فریونادرێن.
ئه‌و مۆمه‌ی چوارده‌ساڵ پێش ئێستا هه‌ڵكرا، دوا فووی لێكرا و كوژایه‌وه، جارێكی‌تر له‌لایه‌ن گۆڕانبازانی گرده‌كه‌وه ههڵكرنهوهی مه‌حاڵه.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە