عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: نان له گه‌رووی مه‌رگدا بوو – دووا دیمەن.
کفری لە نێوان عێراق و هەرێمدا
شاری کفری، وەک لە نەخشەی جوگرافیایەکی ئەم نیشتمانەدا نەبێ وایە، نە دەوڵەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ کامیان، کفرییان بە خاک و شاری خۆیان دانەناوە.
خەڵکی ئەم شارە دێرینە، بەو هەموو شەهیدو ئەنفال و جینۆسایدەوە، بەجۆرێک خراونەتە پەراوێزی غەدری نەتەوەیی و نیشتمانی یەو ، هیچ جۆرە مافێکی سەرەتایی هاوڵاتییان پێ رەوا نەبنراوە.
به پێی ئه‌و به‌دواداچوون و لێکۆڵینەوە مه‌یدانییانه‌ی لە 1993 تا 2003. ژن و پیاو منداڵ و گەنجی ئەم شارە، لە ماوەی ئەو ( 10 )ساڵە، بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی رۆژانەیان لەسەر سنووری کفری نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێم ی کوردستان، بە بەردەوامی جینۆساید کراون و کۆمەڵکوژ دەکرێن.
گه‌یشتمه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له سه‌رده‌می قاتوقڕی، دوو ئابڵۆقه‌ی ئابوری په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، نزیکه‌ی( 500 ژن و منداڵ و گه‌نج و پیاو )، له هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵەکاندا، کاری قورسی تا قه‌ت پروکێنی جه‌سته‌یی، کۆڵ به‌کۆڵیان کردوه، به چەندان شێوه‌ی تراژیدیا،کۆمەڵ کوژ کراون.
ئه‌و منداڵ و ژن و پیاو و گه‌نجانه، له ناو کفرییه‌وه به‌شه‌و روویان کردوه‌ته ناو جه‌رگه‌ی ره‌بایه‌و سه‌ربازگه‌و لە ناو بۆسه‌ی سوپای عێراق و له سه‌ر جاده‌ی کفری دوزخورماتوو، کفری و گونده‌کانی خوارو رۆژئاوایی کفری، سوپای عێراق به پاڵپشتی ئیستخباراتی عه‌سکه‌ری و ئه‌من، به به‌رده‌وامی بۆسه‌ی بۆ ئه‌و ژن و منداڵ و پیاو و گه‌نجانه داناوە، جلیکانه‌یه‌ک ( نه‌وت، یا به‌نزین) یان به کۆڵه‌وه بوو.
ئه‌و که‌مینانه‌ی سوپای عێراق، له قه‌راغ جاده‌و نزیک رێگا و توله رێگا خۆڵه‌کان و له نزیک گونده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کفری داده‌مه‌زران، به چه‌کی کڵاشینکۆف و بی که‌ی سی و ئاربی جی و ئه‌و که‌سانه‌یان ده‌کرد به‌نیشانه‌وه، که به‌شه‌و له‌و ناوه‌دا تێ ده‌په‌ڕین، له بری نان، مه‌رگیان بە فیشەک ده‌کرد به به‌ریان.
زۆرجار خه‌ڵکی ئه‌وشاره، له‌کاتی که‌وتنه بۆسه‌ی سوپای عێراق، به ناو قوڵایی ئه‌و شه‌وه زه‌نگه‌دا هه‌ڵ ده‌هاتن، منداڵه‌کانیان له رێگا‌و بانه‌کان ون دەبوون، ده‌بوون به‌خۆراکی دڕنده‌ی کێوی، یا به فیشه‌کی بی که‌ی سی و پارچه‌ی ئاربی جی ده‌پێکران و بریندار ده‌بوون، لهوشهوهزهنگهدا، توشی خوێن به‌ربوون ده‌بوون، به‌ده‌م ئازارێکی به سوێی بێ چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی، گیانیان ده‌سپارد.
ئه‌و ژن و پیاو و گه‌نجانه‌ی که پارووه نانیان بۆ خانه‌واده‌کانیان په‌یدا ده‌کرد، له‌و کەمینانەدا دەکران بە نیشانەو زۆر ئاسایی ده‌کوژران، ده‌بێ دواتر چاره‌نوسی ژیانی ئەندامانی خانه‌واده‌کانیان رووبه‌رووی چ تراژیدیایه‌کی تر ببوبێتهوه، له مهرگێکهوه بۆچارهنوسێکی نادیار‌و دژوارتر، بۆ مه‌رگێکی به‌رده‌وام بۆ نان.
له ساڵی 1995دا، جێبه وازه‌کان به دوو دوو و سێ سێ، به‌کاروانی 10- 12 جێب، به باری( ده‌بوه به‌نزین و نه‌وت )، (سندوقه ته‌ماته‌و پرته‌قاڵ) فافۆن (کارتۆنه بیره‌و عه‌ره‌ق و ویسکی ) له جاده‌ی قیرو خۆڵه‌کانه‌وه، به ناوقوڵایی تاریکایی و ره‌بایه‌و سه‌ربازگه‌و که‌مینی سوپای عێراقدا، روویان ده‌کرده رێگای هات و نه‌هات، زۆرجار، ئه‌و جێبه وازانه ده‌که‌وتنه بۆسهکانهوه، ده‌که‌وتنه به‌ر ئاگری گوله‌ی ئاربی جی، جێبه‌کان و سه‌رنشینه‌کانی ده‌کران به خه‌ڵوز.
گه‌ر بڕوانینه زنجیره جینۆسایدیه‌کانی کورد، پێش ئه‌نفال و کاتی ئه‌نفال دوای ئه‌نفال، راپه‌رین و دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، زنجیرە جینۆسایدەکانی کورد هه‌ر به‌رده‌وامە.
گه‌ر ساڵانی زوو، نان لە نێوان مه‌رگ و ئەو ژیانە پڕ لە ترژیدییادا بوبێ، ئه‌و ژن و منداڵ و پیاو و گه‌نجانه له ژیانێکی نه‌هامه‌تی بێ سنووردا. نه‌دار بوون. به‌ڵام له 1991- 2023 ئه‌وه نزیکه‌ی 33ساڵه نان له قورگی ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبه‌کانی کوردستان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم دایه.
ئەوەتا خەڵکی شاری کفری، خاوەن قوربانی شەهیدو ئەنفال و جینۆسایدی کورد، بەم گەرماو گڕە سوتێنەرەی گەرمیان، لە ناو خێمەی عیزەتی نەفس و لە لوتکەی هەڵوێستی گەریانانەدا، داوای مافە سەرەتاییەکانی خزمەتگوزاری لە حکومەتی هەریم دەکەن، دەسڵاتداران وەک لە ئەستێرەیەکی تر بژین، تا ئیستا نە گوێ لە داواکانیان دەگرن، نە لە ئازارەکانیان تێ دەگەن.
+ سوپاس و پێزانینم بۆ په‌رۆشی و دڵسۆزی هاوڕێ ی به‌رێزم، خاتوو تریفه عه‌لی سه‌عید چالاکوانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هه‌یه، له سه‌ره‌تای 2000دا،کاری له‌سه‌ر كچان و ژنانی ئه‌نفالی گونده‌کانی، (که‌لار، سه‌رقه‌ڵا، کفری و گه‌رمیان )ده‌کرد. به ئۆتۆمۆبیلی رێکخراوەکەی، چه‌ند جارێک منی له گه‌ڵ خۆیدا برد بۆ کفری، لەوێ چه‌ندان توێژینه‌وه و به دواداچون و کاری مه‌یدانیم، له‌سه‌ر ئه‌نفال و کاریگه‌رییه‌کانی دوای ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌رمیان کرد. له ئەو زنجیرە جینۆسایدەی کفری کرد، بۆ پرۆژه‌ی کتێبی ( ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال)، یه به‌رگی سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م، تا ئێستا نەتوانراوە چاپ بکرێت.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts