عەبدوڵا کەریم مەحمود: دوانزە روسی یەکە!
لە 9. 8. 1980، 40 پێشمەرگەی هەرێمی 5ی قەرداغ، لە جولەدا بوون لە گوندی دێلێژە، نیوه‌ڕۆ بوو پاسەوانەکە چەند کەسێکی لە دۆڵەکەی خوار دێلێژەوە بینی، هەنگاویان بەرەو ناو ئاواییەکە دەنا، بە خێرایی هەواڵی بە پێشمەرگەکان گەیاند، پێشمەرگەکان بروسکە ئاسا خۆیان بەست و لەم لاو ئەولای گوندەکە لێی دامەزران.
مامهریشهو مه‌فره‌زه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی جه‌باری بوو، به 12 ڕوسییه‌وه، گه‌یشتنه ناو گوندی دێلێژه، ئه‌و روسییانهیان له کاتی راوه ماسیدا، له چه‌می باسه‌ڕه ده‌سگیر کرد بوو.
مسته‌فا چاوره‌ش و ئازاد هه‌ورامی و مام رۆسته‌م و شیخ جه‌عفه‌ر و گۆران تلە زەیتی و پێشمه‌رگه‌کانی هه‌رێمی 5ی قه‌ره‌داغ، ده‌ست خۆشیان له مامهریشهو مه‌فره‌زه‌که‌ی کرد و پێیان وتن: ئەم چالاکیەی ئێوە، سەرکەوتنێکی گەورەیە، هەواڵی گرتنی ئەم روسییانە، میدیا کانی ناوەوەو دەرەوە دەهەژێنی، دەنگی پێشمەرگە و شۆڕش و کورد بە دنیا دەگەیەنێ.
دوای نیوه‌ڕۆکه‌ی مامه ریشه و مه‌فره‌زه‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ سنووری جه‌باری، مسته‌فا چاوڕه‌ش و ئازاد هه‌ورامی و پێشمەرگەکان روویان کردە گوندی قازانقایە، شەوەکەی خۆیان گەیاندە گوندی خاوێ، لەوێ نوستن.
تاریک ولێڵی بەیانی، پێشمەرگەکان لە خاوێیەوە روویان کردە سەر (کانی سەرچاوە )ی نێوان قازانقایەو خاوێ و مێوڵی. دەمەو بەیانی 10. 8. 1980 بوو ، تازە خۆرهەڵاتبووە، پێشمەرگەکان روویان کردە ناو داربەڕوەکانی (کانی سەرچاوە ) ی نێوان مێوڵێ و خاوێ. لە ناکاو چەند کۆپتەرێکی حەماڵ و جەنگییان بینی، بەسەر ئاسمانی دۆڵانی سەرو و خوارو، هۆمەرمان و کەس نەزان و چەولک و فیکە ێیرە و مریەم بەگ و هەرگێنە و ئیبراهیم ئاوا و کانی رۆشنایی و گەرە زیل و باخی سەروو تیمار و قارەمان و خاوێ و قازانقایە و تەنگی سەر و کونە کۆتر و دێلێژە و چەمی باسەرە و سەرزەل و داریکەلی و باڕۆیی سەروو خوارو) دا دەسوڕانەوە، بست بە بست، کێوماڵیان ناوچەکەیان دەکرد، بە دوای (پێشمەرگەو روسەکان)دا دەگەڕان.
کۆپتەرە حەماڵەکان لە (تەنگی سەر)و (قازانقایە)دا نیشتنەوەو سەربازو جاشیاندا دەبەزاند، پێشمەرگەکان بە دووربین، هیزەکانی سوپا‌و جاشیان دەبینی، سەراپا ناوچەکەیان تەنی بوو.
لەدوای سەعات 12ی نیوەڕۆ، هێزەکانی سوپای عێراق و جاش و کۆپتەرەکان، لە سەرپا ناوچەکە کشانەوە و نەمان. پێشمەرگەکان مەڕێکیان سەریان بڕی و ئاگریان کردەوە، دەستیان کرد بە گۆشت برژاندن، دوکەڵێ ئاگرەکە بەرەوقوڵایی ئاسمان بەرزبوەوە، لەوکاتەی خەریکی گۆشت برژاندن بوون.
ئازد هەورامی و سوهام ی کادر لەپەنا دووگابەردی گەورەدابوون، روسییەکان لەولاولایانەوە بوون، پێشمەرگان لە دەوروبەری کانییەکە، لە نزیک یەک دانیشتبوون. خالید عه‌باس و هیوا نوری ره‌باتی و به‌هادین قازانقایی له به‌رزاییه‌که‌ی سه‌روکانی یه‌که به ده‌م قسه‌کردنه‌وه گۆشتیان ده‌برژاند.
خالید ده‌رزی و ده‌زووی پێ بوو، چەند پارچە ئیسقا نێکی لە بەردەم خۆیدا کۆکردبوەوه، زه‌رده‌واڵه‌یه‌کی زۆری له‌سه‌ر نیشت بوو ، چه‌ند زه‌رده‌واڵه‌یه‌کی کوشت و چزووه‌که‌ی لێ دەکردنه‌وه، به ده‌رزی دەیکرد به دهزووییەکهوه، ملوانکه‌یه‌کی لە زه‌رده‌واڵه دروست کرد. لە ناکاو دووکۆپتەری حەربییان بینی، بەرەو ئاراستەی دوکەڵەکە، بەسەرئەوانا بەرەو ئەودیوو زنجیرە چیاکەی پشتیان لە چاو ون بوون، لە لای کەسنەزانەوە گەڕانەوە، بەسەر ئاسمانی برایم ئاوا و هەرگێنە وکانی رۆشنایی دا تێپەڕین. جارێکی تر کۆپتەرێکی تریان، بەسەر ئاسمانی سەرزەلەوە بینی، خالید رووی کردە هاوڕیکانی و پێ ی وتن: با بە خێرایی خۆمان بگەیەنینە، بن گا بەردەکان.کۆپتەرەکە لەسەرئاسمانی تەنگی سەرەوە، بە تیژیی و بە نزمی، بە سەلیەی دۆشکە شوێنی دوكەڵەکەی سەر ( کانی سەرچاوە )ی بێژا.
له یه‌که‌م ده‌سڕێژا ( به‌هادین قازانقایهیی و هیوا حاجی نوری ره‌باتی و ئه‌حمه‌د حارس و ئه‌سعه‌د دێوانه‌یی و گۆران تله‌زه‌یتی و دکتۆر عه‌لی قادر جافه‌رانی ) و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی پێکا.
چه‌ند کۆپته‌رێک ناو بەناو، دەیان سەرباز و جاشیان له قازانقایەو سۆڵەو سهرشاخهکهی ( پشتی سۆڵه‌و کونه کۆتر)و ئەو دەوروبەرە دادهبهزند.
شەڕ بەرپا بوو، روسییه کان بۆ ئەوەی دەسڕێژی گوله‌کان نەیانپێکێ، له ناو دەمی کانیەکەدا خۆیان حهشادا. خالید لە کاتی کشانەوەی کۆپتەرەکەدا، بە خێرایی خۆی گه‌یانده لای، ( هیوا حاجی نوری ره‌باتی و به‌هادین قازانقایی)، هه‌ردووکیان به پشتا که‌وتبوون خوێن له جەستەیان ده‌ڕۆیشت.
( هیوای حاجی نوری ره‌باتی) گه‌نجێکی باڵا به‌رزی چاوشینی گه‌ش و هێمن و وریا و زیره‌ک و ئازا‌و بەجەربەزە بوو، ماوەیەکی کورت بوو، ببوو به پێشمه‌رگه، فیشه‌کێکی دۆشکه له پشتی دابوو، به کزییه‌وه چاوە شینەکانی بڕییە خالید و وتی: بمخه‌ره سه‌ر پشت.
خالید ده‌ستی برد بۆ شانی ویستی بیجوڵێنێ، له تاو سوێی ئازاری برینەکەی سه‌رسنگی، به کزی یه‌که‌وە وتی: نا تکایه مهمجوڵێنه ئازارەکەم زۆرە!
له دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک، چاوه شینه‌کانی بۆ یه‌کجاری لێک نا. (به‌هادین قازانقایی )، بێ ده‌نگ بوو، له‌یه‌که‌م چڕکەی دەستڕیژەکەدا، رۆحی سپاردبوو.
کۆپتەرەکان کشانەوە، خالید بە خێرایی رووی کرده لای به‌رده گه‌وره‌که‌ی کانیه‌که، (گۆران تله زه‌یتی) بینی. ئەو فهرمانەدە ئازا‌و به جهربهزو لێهاتوەی کەرتی هەرێم، بە رەشاش برنەوەکەیەوە رووبەرووی کۆپتەرکە ببوەوە، لە یەکەم دەسڕیژدا چه‌ند پارچه‌یه‌ک جه‌سته‌ی پێکابوو، خوێن له ده‌مارێکی پاژنه‌ی پێی ده‌چۆڕا، رەشاش بڕنەوەکەی لە تەنیشتییەوە تێک شکابوو.
خالید‌و دلاوه‌ری ئه‌حمه‌د مه‌جید به‌خێرایی جامانه‌که‌ی( گۆرا ن ) یان کرد به چه‌ند پارچه‌یه‌ک و برینه‌کانی جه‌سته‌یان پێ به‌ست، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی زۆری لێ نه‌ڕوات، له‌و ساتانه‌دا زهردهواڵەیەکی زۆر نیشتبووه سه‌ر برینه‌کانی جەستەی، لە تاو ئازاری برینەکانی رووی کرده پێشمەرگەکان
– هاوڕێیان فریام کەون، زەردەوڵە خواردمی. چۆڕاوگه‌ی خوێنی جه‌سته‌ی گۆران نهدەوهستا، ره‌نگی زه‌رد زه‌رد بوو، تا به‌ته‌واویی کزبوو، دڵی له لێدان که‌وت.
ئەحمەد حارس پێشمەرگەیەکی نمونەیی بوو، گەنجێکی باڵا بەرزی چاو سەوزی قژ زەرد بوو، لە خانەوادەیەکی جوتیاری رەنجدەربوو، کەسێتیەکی بە ئەدەب و دەروون پاک و رووخۆش بوو، لەیەکەم سەلیەی دۆشکەکان پێکراو، دواهەناسەی سپاردبوو.
دکتۆر عه‌لی قادر جافه‌رانی دکتۆری هه‌رێم بوو، گەنجێکی قژ لول و کەسایەتیەکی تایبەتمەندی دیار بوو، پارچەی ساروخ بەر ناوسکی کەوتببوو، خوێنی تیا نەمابوو، لە یەکەم چرکەدا، گیانی سپاردبوو. جانتا دەرمانەکەی لەتەنیشتەوە کەوتبوو، دکتۆر ساجید تازە ببوو بە پێشمەرگە، بەخێرایی جانتا دەرمانەکەی دکتۆر عەلی جافەرانی هەڵگرتەوە، بە پەرۆشەوە ته‌داوی برینداره‌کانی دە کرد.
عه‌باس چاوشین و ئازای شێخ رەوف و ئاواتی شیخ جەناب، پێشمەرگەی مەکتەبی عەسکەری بوون، بە جەولەیەک روویان کردبووە سنووری هەرێمی 5ی قەرەداخ، لە گردەکەی سەرووی قازانقایەدا بوون، کۆپتەرە حەمەڵەکانیان بینی هێزی سەربازی لە ناو قازانقایە دابەزاند، سەربازەکانیان بینی لە قازانقایەوە بەرەو لای ئەوان سەردەکەوتن، کە لێیان نزیک بونەوە، دایان گرتنەوە، سەرەو خوار راویان نان.
سەربازەکان بە گولە ئەو شوێنەی ئەوانیان بێژا،کۆپتەرەکان بە نزمی دەسڕیژیان لێ دەکردن، لەو کاتەدا پێشمەرگەیەک بریندار بوو، داوای ئاوی دە کرد. عەباس گیان، زۆرم تینوە بە قومێک ئاو لێوم تەربکە. عەباس سەیری مەتارەکەی کرد، بەتاڵ بوو، خۆی گەیاندە لای کانیەکە، لە گەڕنەوەدا، دکتۆر عەلی جافەرانی، بەبریندار بینی، خوێنی لە بەر دەڕۆێشت، سەری دکتۆر عەلی خستە سەر ڕانی، دەستی هێنا بە چاوەکانیدا، رۆحی سپارد، سەری بە ئەسپایی لە سەر زەویەکە دانا. سەراپا ئەو دەوروبەرە بەردەڵانی و گابەر بوو، سەلیەی فیشەکی دۆشکەکان دەیدا لە گابەردەکان، دەیان پارچە بەردی تیژی لێ دەبوەوە، وەک گولەکان پێشمەرگەکانی بریندار دەکرد.
هێزەکانی سوپای عێرا ق و جاشەکان هەموو زنجیرە چیاکانی سەرووی خاوێ مێوڵییان تا سەروی دێلێژە تەنی بو، بە دۆشکەو بی کەی سی و قەناس و هاوەن و كڵاشینکۆف، کانیەکەو دەوروبەریان داگرتبوەوە، کۆنترۆڵی کانی سەرچاوەیان کردبوو‌و. چوار کۆپتەر بە نزمی تا باڵی تاریکایی بە سەر ناوچەکەدا کشان، دەسڕێژوگولەبارانیان دەکرد. شەوەکەی تەرمی شەهیدەکانیان گواستەوە بۆ ژێردارو چنارەکانی میوڵی و لەوێ حەشاریاندان.
پارچەیە ک بەرمیزەڵانی سەرحەد دیوانەیی کەوتبوو، میزەڵانی بریندکردبوو، ئازارکەی بێ سنووربوو ، سوهامی کادریان خستە سەر ئێسترێک و سەرحەدیان بەپشتییەوە بەستەوە، بۆ ئەوەی لە مێوڵییەوە بیگەیەننە گۆرباز، رێگاکە زۆسەخت و لێژ بوو، سەربازەکان لەو شەوەزەنگەدا ناوبەناو تەلقە تەنورەکەیان بەرەو ئاسمانی ناوچەکە هەڵدەدا، ئەو ناوەیەیان دەکرد بە رۆژی رووناک.
ئێسترەکە، لە لێژیەکاندا بەلەسە دەبوو، تەوازنەکەی نیوان سەرحەدو سوهامی تێک دەدا، سەرحەد لە تاوا ئازار خۆی بۆ رانەدەگیرا، چەند جاریک خەریک بوو، خۆی و سوهام لەسەر ئێسترەکە بخاتە خوارەوە. سوهام کۆنترۆڵی ئێسترەکەی بە زەحمەت بۆ دەکرا، گەر بەسەر ئەو گابەردانە بکەوتنایە، ژیانیان رووبەرووی مەرگ دەبوەوە.
هێزەکانی سوپای عێراق بە دووربین، هەر تارماییەکیان ببینایە، بە هاوەن و دەسڕێژ دایان دەگرتنەوە، سەرحەدیان گەیاندە گوربازو لەئێسترەکە دایان گرت، پشتی سوهام ئیسراحەتی کرد، بە خیرایی سەرحەدیان لەناو کایەنی ماڵێکی گوربازدا حەشاردا، دوای ماوەیەک، چون تەداوی برینەکەی بکەن، خوێنێکی زۆری لە بەر رۆیشتبوو،گیانی سپاردبوو.
پێشمەرگەکان بە چەکی سادەو فیشەکی کەمەوە، تا ئێواره‌یه‌کی درەنگ، لەو جوگرافیا دیاری کراوەدا، رووبە رووی کۆپتەرەکان لە ئاسمانەوەو هێزەکانی سوپای عێرا ق و جاش لە زەمینەوە بوونەوە.
بەو چلەی هاوینە گەرمە، بە برینداره‌کانه خۆیان گەیاندە دۆڵهکەی نێوان دێلێژه‌و گوڕباز، لە ناو باروت و خوین و ئاگرو دوکەڵی دارودرەخت و پوش و پەڵاش و گرمەی تەقینەوەی هاوەن و ورەی کۆپتەر، شپرزەو برسی و تینوو وروو کاس کاسو تێک شکاوبوون، لە بارێکی دەروونی گومان و دوو دڵی زۆر خراپ‌دا بوون.
پێشمەرگەکان لەودۆڵەدا. چاوەڕوان بوون ئەو سوپا زەبەلاح و جاشەکان، بە پاڵپشتی ئەو هەموو کۆپتەرە کۆنترۆڵی هەموزنجیرە چیاکان و هەموو گوندەکانیانیان بست بەبست کردبوو، لە ئان وساتدا، بگەنە سەریان، تا دوا فیشەک بەرگری بکەن.
کە دنیا تاریک بوو ئازاد هەورامی بە عەباس چاوشینی وت: ئەو جامانە رەشەت بکەرەوە، پێشمەرگەیەک لایتی داگیرسان، ئازاد نامەیەکی بۆ سەفیری روسیا نوسی و لەگەڵ 12 روسییهکەدا، بە دوو پێشمەرگەدا، ناردنی بۆ گوندی خاوێ، لەوێ تەسلیمی حاجی رەشیدی موختاری گوندی خاوێیان کرد، تەنیا یەک روسیان برینداببوو. حاجی رەشید، روسییەکانی تەسلیم بە هیزەکانی سوپای عێراق کردەوە، هیزەکانی سوپای عێراق، لە سەرپا ناوچەکە کشانەوە، پێشمەرگەکان و بریندارەکان بە جلی خویناوی و برسێتی و تینویەتی، روویان کردە ناو گوندی دێلێژە.
سه‌رچاوه:
1- دیدارێک له گه‌ڵ خالید عه‌باس له سلێمانی.
٢- دیداریک لە گەڵ سوهامی کادر، ناسراو بە (هاوڕێ بەهێز) لەسلیمانی.
٣- دیدارێک لە گەڵ کاک عەباس عارف ناسراو بە ( عەباس چاوشین) لە سلێمانی.
٣- مسته‌فاچاوڕه‌ش، یاده‌وه‌ریه‌کان، چ1،چاپخانه‌ی سه‌رده‌م ،2014، ل 188-193