عەبدولا کەریم مەحمود: شەقامە خۆڵە سییەکەی سلێمانی.
شاری سلێمانی، لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری و دوای کۆتایی ئەنفال و جەنگی عێراق و ئێران و داگیرکردنی کوێت، دوای راپەڕین و نەمانی سەدام، لە سەردەمی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە بەر شکۆی هەڵویستە بڵندە مێژووییەکانی، تا ئێستا خراوەتە پەراوێزەوە، بە بەردەوامی غەدر لەم شارە مەزنە کراوە، لە ماستەر پلان و پرۆژە خزمەت گوزارییەکانی بێ بەری کراوە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی کۆماری عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام و بەعس و لەسەردەمی حوکمڕانی یەکێتی و پارتی و شیوعی و گۆران و حیزبە راست رەو ئیسلامییە سیاسیەکان، چەقی ململانێ سیاسی و هەمووکێشە ئاڵۆزەکانیان لەم شاردا کۆکردوەتەوە. ئەم شارە پێشەنگی هەڵوێستی عەقڵی سیاسی و فەرهەنگ و کلتورو خۆپیشاندان و راپەڕین و شۆڕش بوو.
بەعس لە کۆتایی حەفتاکاندا، بەشێک لە ماڵەکانی گەڕەکی چوارباخ و جولەکان و شیوقازی و سەرشەقامی روخان، لە فولکەی مامەریشە و ئەو شەقامە سەرەکییە دوو سایدەی تا فولکەی دەساڕەکە دروست کرد، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی جموجوڵ و چالاکی پێشمەرگەی تیا بکات.
سەدام شەقامی شەستیەکەی بۆ ئەوە دروست کرد، شار بکات بە بەندیخانەیەکی داخراو، ئەمنە سوورەکەیان بۆ ئەوە دروست کرد، هەمان تارمایی ترسناک و بڕیاری کۆمەڵکوژی ئەمنی عامەی بەغدادی هەبێت.
زانکۆی سلیمانی، مەڵبەندی هزرو بیری نوێی شاریان، لە سلێمانی یەوە گواستەوە بۆ هەولێر و ناویان نا زانکۆی سەلاحەدین.
لە سەرەتای هەشتاکان، شەقامی سییەکەی سلیمانی تەواو کرد، بەڵام ئەو شەقامە سییەی لە خوار پردی دەباشانەوە، قیرتاو نەکردو بە خۆڵی مایەوە، ئەو شەقامە خۆڵە درێژ دەبێتەوە بۆ پشتی قوتابخانەی موفتی، لەوێوە بە بەردەم ئاسایشی شێخان، بە ناو گەڕەکی شیخاندا تێ دەپەڕێت، بۆ گەڕەکی هاوکاری، تا دەگاتە گەڕەکی کارێزە وشک، لەوێوە شۆڕ دەبیتەوە بۆ گەڕەکی ئاشتی.
ئەو شەقامە خۆڵەی سیییەکەی ناو شار، سەرچاوەی خۆڵ و خاشاک و زبڵدانی گەڕەکەکانی ( شێخان و هاوکاری و کاریزە وشک و ئاشتی)ە، بەزستان و پایزو بەهار قوڕو چڵپاوە و بەهاوێن هەوارگەی خۆڵ و تەپ و تۆز.
پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی شارەوانی، ئەو شەقامە خۆڵەی سیی سلێمانی 40 ساڵە، هەر بە خۆڵی ماوەتە، ئێوە تا چەند ساڵی تر؟ ئەو خۆڵە دەکەن بە قیر.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts