حەمەئازاد بەرزنجی: وەیڕۆ.
ناسیاوێکمان هەبو ژنێکی سەرە بو، کە لە مەجلیسیکدا دادەنیشت ( بێگومان ئەوسا لە زۆر مەجلیسدا بە تایبەتی لە دیوەخانەکانیشدا زۆر جار ژنانیش بەشداری کۆڕیان دەکردو قسەی خۆشیان هەبو )، کە گوێی لە قسەیەکی سەیر دەبو، یان بەسەرهاتێکی ناخۆش، لەبەر خۆیەوە زوزو دەیوت وەیڕۆ، یان ئەیەڕۆ. ( وەیڕۆش ) لە دو وشە پێکهاتوە و بۆ ناخۆشی و سەرسوڕمان بەکاردەهێنرێ. (وەی ) بەواتای ( شین، شەپۆڕ، کۆستکەوتن، ناخۆشی، مردولێمردن، گریان و لەخۆدان ). وەک دەوترێ بێوەی بی، واتە بێ ناخۆشی بی، بێ کارەسات بی، (جوانێ خوا بتکات بێوەی ). (ڕۆ)، لە ڕۆیشتن و نەگەڕانەوە هاتوە، زۆر جار بەواتای مردن. وەک براڕۆ ، باوکەڕۆ، نەنکەڕۆ. ). (وەیڕۆ )وەک زۆر وشەی تر زیاتر ژنانیش بەکاری دەهێنن وەک ( ئەیەڕۆ، ئێسکت مرێ، ڕەزات خواتەوە، چاوزەق، بە ساقە سەرت بم )، چەندانی دیکە.
زۆر بەداخەوە ئیستا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، بەتایبەتی کەنالەکانی ڕادێۆ و تەلەفزێۆندا هەڵەی زمانەوانی زۆر دەکەن. لێرەدا چەند نمونەیەکی دیاریکراو دەهێنینەوە، کە تەنها مەبەستمان ڕاستکردنەوەی هەڵەکانە، ئەگەر خۆشمان نەکەوینە هەڵەوە، نەک بۆ تانە و تەشەر. بەڕاستی وا پیویست دەکات لە هەمو کەناڵێکدا لیژنەیەکی چاودیری زمانەوانی هەبێ، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە نەیەڵن بە ئاسانی تێپەڕن. چونکە ئەو کەناڵە بەڕێزانە هەریەکەی لەیەک کاتدا چەندەها بینەرو بیسەر، سەیریان دەکەن و گوێیان لێدەگرن. وە من وا پێشنیار دەکەم هەر چەند مانگ جارێ خولیکی فێرکردن و، گەشە پێدانی زمانەوانی بۆ بێژەر و ئامادەکەری بەرنامەکان بکرێتەوە، وە هەر کەناڵێکیشیان کتێبخانەیەکی بچوکیشی هەبێ و ( لەو باوەرەشدام کە هەندێکیان هەیان بێ )، کۆمەڵێ کتێبی بەنرخی تیادابێ، کە لەخزمەتی بەرنامەکانیان و پێشکەوتنی زمانەکەماندا بێ. هەر نەبێ دیوانی تەڕی جەند شاعیرێکی هەست ناسکی تیادابێ، بۆ ئەوەی سەرنجی کارمەندەکانیان زیاتر ڕاکێشێ و چێژی لێببینن. گەر دیوانی (گۆران و بێکەس و ئەحمەد موختار جاف و دڵزار و ع ح ب و شێرکۆ و ئەژی و فەرەیدون بەرزنجی و لەتیف هەڵمەت و چەندانی دیکە ) لەو کتێبخانەیەدا هەبێ، لەو بڕوایەدام گەشەیەکی باش دەدات بەرەوتی پێشکەوتنی زمانی بێژەرەکان و وایان لیدەکات خۆیان زیاتر هەوڵ بدەن بەدوای سەرچاوەی دیکەدا بگەڕێن. هەر سەیری دیوانەکەی گۆران بکەی گوڵزارێکە بۆخۆی، دەڵێی پیشانگای گوڵ و وشەی جوانە لە کۆن و نوێ و هەڵبەستراو و دروستکەر و زیندوکەرەوەی خودی گۆران خۆی. ( هەرزەگۆییم کر ، هەرچیم وت، وا ئەو ئەو چڵکەم بە فرمێسک شت )، زۆرمان وشەی هەرزەکارمان بیستوە، زیاتر بۆ تەمەنی هەرزەکاری ( مراهق ) بەکاردێ، واتە لەو تەمەنەدا کارەکان کاری گەنجی و بە پەلە و هەرزەییە. جا گۆران هاتوە، (هەرزەگۆیی ) لەسەر کێشی (هەرزەکاری ) داڕشتۆتەوە. کە تا ئێستاش کەم کەس درکی پێکردووەو بەکاری هێناوە، بە واتای قسەی بێ پلان و بە پەلەو قسەی هەرزەکارانە و ناماقوڵی، دەڵێ من لەو قسانەی پێشوم پەشیمانم. بێگومان قسەی پێشوی چیە هۆنراوەیەکە لە دژی دڵدارەکەی نوسیوە بە ناوی ( هەڵبەستی ڕەنجاو ) کە دەڵێ: ( کەی تۆم دیوە کەی ئەتناسم کەی کەی کەی، دڵداری چی پەیمانی چی حەی حەی حەی ). خوا لێخۆشبو تایەر تۆفیقیش کردویەتی بە گۆرانی. لەو هۆنراوەیەی پەشیمان دەبێتەوە و هۆنراوەیەکی دیکە دەنوسێ بە ناوی (هەڵبەستی پەشیمان ) کە پێشتر نمونەکەمان لێوەرگرت دەنوسێ: ( کفرە لای من لە یار ڕەنجان، پێی لێ ئەنێم ئەی زوهرەی جوان ). کە سەید ڕەحیمی قوڕەیشی کردویەتی بەگۆرانی و دواتر خوا لێخۆشبو عەتا چاوشینیش وتویەتیەوە.
لەناو ئەم هەمو گوڵزاری وشە جوانانەدا لە کەناڵی کوردساتی هێژا لە بەرنامەی ( فایل و دیاردە ) لە کاتی باسکردن لە گۆرینی پاسپۆرتی کۆن، بۆ نوێ و ڕێوشوێنە نوێکاندا خوشکی بێژەرو پێشکەشکەری بەرنامەکە، کە ئەفسەرێکی بەڕێزی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتیشی هێنابو بۆ چاوپێکەوتنەکە ، ئەیەڕۆ دەیوت بێجگە لە ( پەنجە مۆر ) ئێستا ( پەنجەمۆری چاویش وەردەگیرێ ). وەیڕۆ. ئەمە چیم دەهێنێتەوە یاد هەر لە سایتەکاندا چەند ساڵێ لەمەوپێش بە وێنەوە سەیرم کردو خوێندمەوە، لە یەکێ لە کتێبخانەو کتێبفرۆشەکانی هەولێری دێرین و زێدە ئازیزدا دا نوسیبویان (تەختەڕەشی سپیمان ) لادەستدەکەوێ. ئەیەڕۆ کو قسەی وا دەگۆترێ.
جا نازانم لە رونکردنەوەو نوسراوەکانی بە ڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتیشدا نوسراوە (پەنجەمۆری چاو ) یان پەرچڤەی ئەوخوشکە خۆیەتی. هەندێ وشە هەیە پێویست ناکات، دەقاودەق ( تەرجومەی حەرفی ) بکرێ، بەڵکە دەبێ واتەکەی وەرگیرێ، ئەوسا لە زمانێکەوە بگۆڕدری بۆ زمانێکی دیکە. بەڕای من گەر هەڵە نەبم، تا زمانەوانانی شارەزا وشەیەکی گونجاو دەدۆزنەوە، یان دایدەنێن وای بەباش دەزانم بنوسرێ، ( ناسینەوەی چاویی، یان چاوە مۆر، لەسەر شێوە داڕشتنی. ( ناسینەوەی پەنجەیی و پەنجەمۆر)، یان بوترێ ( شوێن پەنجە ، یان شوێن چاو ، جێ پەنجە، جێ چاو ی لێوەردەگیرێ، لەسەر شێوازی داڕشتنی ( شوێن پای هەڵدەگیرێ ). ( مۆریش، بێجگە لە واتا ڕەنگیەکەی، بە واتای ئیمزاو، شوێن پەنجە دێت. لەو بروایەدام لەمەشیاندا هەر ڕەنگەکە کاری خۆی هەبوە، چونکە لە کۆندا و هەندێجار لە ئێستاشدا نەخوێندەوار پەنجەیان دەسون لە ئستەمپایەک کە ڕەنگەکەی مۆرەو لەکاتی شوین پەنجە وەرگرتنەکەدا، بەڕەنگی مۆر لەسەر پەڕە کاغەزەکە دەردەکەوت. یان هەندێ جار بە هۆی نەخوێندەواریەوە هەندێ لە کوێخاو موختارو شێخ و خاوەن زەویەکان، هەریەکەیان مۆری تایبەتی خۆی هەبو، کەلەسەر پارچە کانزایەک هەڵکەندرابو لەباتی ئیمزا بەکاریان دەهێنا، وە هەندێکیان لەترسی بزر بون کردبوی بە ئەنگوستیلەو کردبویانە پەنجەیان. بێجگە لە واتای کڵۆم کردن و داخستن، دەرگایان مۆر کراوە، واتە دایانخستوەو کەس بۆی نیە بچێتە ژورەوە، یان بەواتای کۆتایی هێنان بە کارێک، یان مۆری لگاو کەبۆ یاریکردن بەکاردەهات.
لەلایەکی دیکەوە ئێستا هەندێ سایتی تایبەت هەیە بەکۆچکردوان و مردوان، ناسیاوان و هاوڕێیانی کۆچکردو هەندێ پەیڤ دەنوسن. هەندێ جار جوان نەینوسی لەوانەیە واتاکەی پێچەوانەوە بێتەوە، بەنمونە دەنوسی ( ڕۆحی کۆچکردو شاد بێت و هاوبەشی خەمتانین ). (خەمتانین ) دەبێ بەیەکەوە بنوسرێ، جیای کەیتەوەو واتەکەی پێچەوانە دەبێتەوە دەبێ بە ( هاوبەشی خەمتان نین )، بەواتای پێمان ناخۆش نیە، جا بۆیە دەبی ئاگاداری شوێنی وشەکان و واتاکانیان بین تا مەبەستەکە بەتەواوی بپێکین.
لە چاوپێکەوتنێکی نوسەر و شاعیری بەناوبانگی نەتەوەکەمان ( لەتیف هەڵمەت ) کە بەمزوانە کراوە، دەڵێ ڕازی نەبوم چاوپێکەتن لەگەڵ کەناڵێ بکەم و بۆ چەندین ساڵیش وازم لە چاوپێکەوتن هێنا. خۆی دەڵی بە شێوازێ پێشکەشکەری بەرنامەکە پرسیاری لێکردم توڕەی کردم و وتم من نامەوێ تۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مندا بکەی، چونکە تۆمن ناناسی، ئیتر وەڵامی چیت بەمەوە. دیارە لە کەم ئاستی پێشکەشکەرەکەدا بوە.