بورهان شێخ ڕهئوف: گەڕانەوەى بەهێزى ئەمریکا بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست.
جموجوڵە زیادەکانى ئەم دواییەى هەردوو لایەنى ئەمریکاو ئێران ئاماژەگەلێکى ئاشکراى هەڵکشان و خۆسازدانى تێدایە بۆ ئەگەرى بەریەککەوتن، چونکە سوپاى پاسدارانى ئێرانى سەرقاڵى نمایشکردنى هێزەکانیەتى لە کەنداوى عەرەبى بە هۆى درون و ڕۆکێتى کروز و بالیستى، جگە لە بەڕێوەبردنى مانۆڕى سەربازى لە دوڕگەى ئەبوموساى ئیماراتى.
هاوکات لەگەڵ ئەم جموجوڵانەى ئێراندا، ئەمریکاش جموجوڵى خۆى دەست پێکردووە لە ناوچە کەدا بە دوو ئاراستە کە ئامانجى بەربەرچدانەوەى ئێرانە:
1. ئاڕاستەى یەکەم سەربازییە: تائێستا زیاتر لە (3000) سەربازى دەریاوانى و پیادەى ڕەوانەى دەریاى سوور کردووە، بە پاساوى ئەوەى هێزەکانى ئێران گرفت و تەنگژە و گێچەڵیان بە کەشتیە نەوتبەرەکان کردووە لە ساڵانى ڕابردوودا.
بەوتەى سەرکردایەتى ناوەندى هێزە دەریاییەکانى ئەمریکا (سینتکوم) ئێران لە ساڵى 2019 بەدواوە ڕێى لە زۆر کەشتى نەوت بەر گرتووە، یان دەستى بەسەردا گرتووە لە ئاوەکانى کەنداودا، بە مەبەستى فشار خستنە سەر ئەمریکا و خۆرئاواییەکان دواى ئەوەى ئەمریکا یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەى (5+1) تایبەت بە دۆسێیەى ئەتۆمى ئێران کشایەوە، هەروەها وەکو نمایشێک لە هەمبەر دراوسێ عەرەبەکانى لە کەنداودا. بەڵام ئەوەى مایەى سەرسوڕمان و هەڵوەستە لەسەرکردنە دواى نزیک بوونەوەى ئێران و وڵاتانى کەنداو لە یەکترى و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان بە تایبەتى لە نێوان ئێران و عەرەبستانى سعودیەدا، ڕەوانەکردنى ئەو هەموو هێزەیە بۆ کەنداو!
ئەم گرنگیدانەى واشنتۆن بە ئاسایشى دەریایى ئیقلیمى دواى ساڵانێک دێت،کە ئەمریکا پشتى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست کردبوو کێشە و قەیرانەکانى ناوچەکەى لا گرنگ نەبوو، بەڵکو ئیستراتیجیەتى نوێى ڕوو لە خۆرهەڵاتى دوور کردبوو (چین) بەتایبەتى لە سەردەمى ئیدارەى باراک ئۆباماوە دواتریش لە سەردەمى ئیدارەى ئێستاوە جۆبایدن زیاتر هەڵکشا ئەو خواستە، بە تایبەتى تر دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان و کەمکردنەوەى هێزەکانیان لە عێراق و هەندێک بنکەو پێگەى تر لە وڵاتانى کەنداو.
لە ئاکامى ئەو پاشەکشەو گۆڕینى ئیستراتیجیەتەى ئەمریکا لە ناوچەکە، کە دوورکەوتنەوەى ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانە کلاسیکیەکانى بە تایبەتى عەرەبستانى سعودیە، وڵاتانى ناوچەکەش دەستەوەستان نەوەستان بە دواى ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانیانەوە بوون لە گەڵ چین و ڕوسیا و ئێران و تورکیادا، پەیڕەوى سیاسەتێکیان کرد کە دوور بوو لە سیاسەتى ئەمریکا لە ڕووى ئابورى و سیاسى و دیبلۆماسیەوە، بە تایبەتى لە دۆسیەکانى وزە و نرخى نەوت و قەبارەى بەرهەمهێنان.
ئەوەى زیاتر ئەمریکاى نیگەران و قەڵس کردووە ئاشتبوونەوەى ئێران و سعودیەیە بە ناوبژیوانى چین و بوونە ئەندامى سعودیە لە ڕێکخراوى (شنگهاى) بە سەرۆکایەتى روسیاو چین نزیک بوونەوەى وڵاتانى ترى کەنداو لە ئێران بە تایبەتى ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو کە چینیەکان سەرگەرمى دامەزراندنى بنکەیەکى سەربازى گەورەن لە نزیک ئەبوزەبى، ئەمە بۆ ئەمریکا بەزاندنى هێڵى سوورە چونکە سعودیە لە دواى جەنگى جیهانى دووەمەوە دۆست و هاوپەیمانى گوێ لە مشتى ئەمریکا بووە و ناوچەى هەژموون و بەرژەوەندى تایبەتى ئەمریکا بووە، لەلایەکى ترەوە ئەمە ئەوەش دەسەلمێنێت کە چین جێ بە ئەمریکا لێژ دەکات لە ناوچەکەو گرنگى بە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست دەدات.
هەموو ئەمانە واى کرد ئەمریکا بە سیاسەتى خۆیدا بچێتەوە و جارێکى تر بایەخ بە وڵاتانى کەنداو بداتەوە و هێزى زیاتر ڕەوانەى ناوچەکە بکاتەوە، جگە لەو سێ هەزار دەریاوان و پیادانە بنتاگۆن بە نیازە فڕۆکەى هەلیکۆبتەرو کەرەستەو ئامێرى جەنگى وشکاوى زیاتر بنێرێتە ناوچەکە بۆ پشتیوانى دەیان فڕۆکەى (F35) و (F16) و (A-10) و تێکشکێنەرى ڕۆکێتى دەریایى جگە لە چڕکردنەوەى دەوریاتى هاوبەش لە تەنگەى هورمز و دەورو بەرى.
2. ئاڕاستەی دووەم سیاسیە: سیاسەتى ئەمریکا لەگەڵ سعودیە گەیشتنە بە هەندێک لێک تێگەیشتن لە مەڕ دۆسێیەى سودان و سەردانى دیبلۆماسیەکانى ئەمریکا بۆ ریاز لەوانە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوە، پێشتریش سەردانى وەفدێکى دیبلۆماسى پایە بڵند بە سەرۆکایەتى ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکا (جیک سولیفان).
سەربەخۆیى لە بڕیارى ریازدا
ئەو دوورکەوتنەوەو دابڕانەى نێوان ریاز و واشنتۆن بە قازانج و سەرکەوتنى گەورە بۆ عەرەبستان شکایەوە و بوو بە خاوەنى بڕیارى سەربەخۆى خۆى کە لە پاشکۆیەتى و پابەند بوون بە بەرژەوەندى و سیاسەتەکانى ئەمریکا ڕزگاری بوو بە جۆرێک کە پەیڕەوى سیاسەتێکى سەربەخۆ بکات لە دۆسێیەى نەوتدا، لەوەش گرنگتر چارەسەرکردنى هەموو ئەو هەڕەشەو مەترسیانە بکات کەلە سەر ئاسایشى وڵاتەکەى هەبوو بە سیاسەتى پشت بەخۆ بەستن، هەر پەیڕەو کردنى ئەو سیاسەتە سەرکەوتووانەى دەرەوەى سعودیە بوو لە فراوانکردنى پەیوەندییەکانى و دۆزینەوەى دۆست و هاوپەیمانى نوێ، واشنتۆنى ناچار کرد بە سیاسەتەکانى خۆیدا بچێتەوە لە ناوچەى گرنگ و ئیستراتیجى خۆرهەڵات ناوەڕاستدا.
لە لایەکى ترەوە سیاسەتى ئەمریکا هەر بەوەشەوە ناوەستێت متمانە بگێڕێتەوە لە گەڵ وڵاتانى کەنداو، بەڵکو خوازیارە سعودیە پەلکێشى ڕێکەوتنى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل بکات، بەو پێیەى وڵاتێکى سوونى گەورەیەو هەموو مەزارە و پیرۆزییەکانى ئیسلام لەوێیە، لە هەمانکاتدا دوورى بخاتەوە لە جەمسەرى چینى لە بەرامبەر ئیمزاکردنى ڕێککەوتنێکى ئاسایش و کۆمەکردنى لە دامەزراندنى وێستگەیەکى ئەتۆمى شارستانى، چونکە ئەمریکا دەزانێت هاوپەیمانى گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنى نەوت لە گەڵ دووەم گەورەترین ئابورى جیهان گەورەترین کارەساتە لە بەردەم سەرکردایەتى یەک جەمسەرى ئەمریکادا.
جگە لەوانەش نزیک بوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا جۆبایدن هاندەدات کە نمایش هیزو تواناى وڵاتەکەى بکات لە هەمبەر ئەو هەڕەشانەى کە بەرەو ڕووى وڵاتەکەىو هاوپەیمانەکانى دەبێتەوە بە تایبەتى پاراستنى تەنگەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتیەکان گرنگى و بایەخێکى زۆرى بۆ ئەمریکا هەیە وەکو سیمبولێکى دیارو بەرچاوى سەرکردایەتى جیهان.
ئێران و ئەمریکا
سەرەڕاى هەموو ئەو ناکۆکیانەى نێوانیان و چەقبەستنى وتوێژەکانى تایبەت بە دۆسێیەى ئەتۆمى، ڕێککەوتنێکى تر هاتۆتە ئاراوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە ئازادکردنى هاوڵاتیە ئەمریکیەکان کەلاى ئێران زیندانین لە بەرامبەر ئازادکردنى دەملیار دۆلارى پارەى بلۆک کراوى ئێران لە کۆریاى باشوور بە گوێرەى ڕێککەوتنێک کە بە ناوبژیوانى قەتەر لە دۆحە ئەنجامدراوە، ئیتر نازانرێت لەم سازش و ساتو سەودادا کێ دەبێت بە قوربانى؟
عێراق و ئەمریکا
بەهۆى زۆر فاکتەرەوە عێراق لە چەقى ململانێی ئەمریکاو ئێراندایە، سەرەڕاى ئەوەى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەوڵى ئەوەیان داوە بێ لایەن بن و هاوسەنگى بپارێزن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان عێراق هەر تێوەگلاوەو زیانى ئابورى سیاسى بەرکەوتووە، ئەوەى ئەمڕۆژانە بە گەرمى باس دەکرێت هاتنى هێزى زۆرى ئەمریکایە بۆ عێراق، هەرچەندە ئەمە بە رەسمى پشتڕاست نەکراوەتەوەو، جگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى سۆشیال میدیاوە بە فراوانى فیدیۆ و وێنەى هەمەجۆر بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام سەردانى وەفدى رەسمى عێراق بۆ واشنتۆن بە سەرۆکایەتى وەزیرى بەرگرى عێراق (سابت عەباسى) کۆبوونەوەیان لە گەڵ بنتاگۆن کە هەردوولا جەختیان لە سەر بەردەوامى هاوکارى سەربازى کردۆتەوە لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتى بەگژاچوونەوەى داعش و کارکردن بۆ ئەوەى جارێکى تر نەتوانن بگەڕێنەوەبۆ کارى تیرۆریستى، ڕاهێنانى هێزە ئەمنیەکانى عێراق، ئەوەى شایانى باسە ئەم سەردانە لە دۆخێکى ئاڵۆزو نالەباردا ئەنجام دراوە بێ هیچ ئامادەکارییەکى پێشوەختە.
لە لایەکى ترەوە زۆر سیناریۆو بابەتى باس دەکرێت لە کۆنتڕۆڵکردنى سنوورى عێراق و سوریا و تێکدانى هیلالى شیعى و پاڵپشتى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا و پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل و زۆر بابەتى تر، کە ئەمەش لێکەوتەى خراپى بۆ عێراق دەبێت، ئەگەر میلیشیا چەکدارەکانى عێراق ببنە بەشێک لەو ئاڵۆزییە چاوەڕوان کراوانە کە چاوەڕوان دەکرێت لە سەر سنوورى عێراق و سوریا ڕوو بدەن.
لە کۆتاییدا لە دواى گەڕانەوەى باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق لە واشنتۆنەوە بۆ بەغدا کە بۆ خۆشى بەشدارى کۆبوونەوەکانى هەردوو لا بوو، کۆبوونەوەى لە گەڵ سەرۆک وەزیران سودانى و بەشێکى زۆر لە سەرکردە سیاسیەکان، جگە لە عامرى و خەزعەلى لە ماوەى 48 سەعاتدا لە بارەگاکانى خۆیاندا لە جموجوڵێکى نائاساییدا زیاتر لە گەیاندنى پەیام و مەسج و گشتاندن و هۆشدارى دەچێت نەک دانوستان و وتوێژ.
کوردو ئەمریکا
هەرچەندە دۆخى ناوخۆیى هەرێمى کوردستان لە خراپترینیدایە لە دواى شەڕى ناوخۆ، بەڵام گەڕانەوەى ئەمریکا بەهێزەوە بۆ عێراق و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لە قازانجى کوردەو مەترسیەکانى سەر قەوارەى هەرێمى کوردستان و خۆرئاواى کوردستانیش بۆ ماوەیەکى تر دوور دەخرێتەوە.
ماوەتەوە بڵێم دەنگۆ و پڕوپاگەندەى سۆشیال میدیاو گۆڕانکارى لە عێراقدا دڵەڕاوکێ و دۆخێکى سیاسى نیگەرانکەرى هێناوەتە گوڕێ، بە تایبەتى گەڕانەوەی تاڵیبان دواى بیست ساڵ بۆ سەر حوکم لە ئەفغانستان و هۆشداریەکانى بۆ ریفۆرم و چاکسازى و بنبڕکردنى گەندەڵى دەبێت بە هەند وەربگیرێن و هەوڵ بدرێت دەوڵەتى دامەزارەوە هاوڵاتى دابمەزرێنرێت.