شـــــــوان خورشید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە کەرکوک – بەشی هەشتەم.
لەهەموو سەردەمە داپڵۆسێنەرەکاندا کەمتر، سەدای ئازادی دەربڕین بیستراوە، چونکە دەسەڵاتی ناشەفاف و سەرکوتکەر هەرگیز ڕێگەیان بە دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتیان نەداوە، ئەوەی لە هزریان دایە دەریبڕن و دەربڕینەکانیان بە مەترسی سەر دەسەڵاتی خۆیان داناوە، بۆیە دەبینین هەر لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی بەعس و ئازادی عێراق لەسەر دەستی ئەمەریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لێشاوێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوە هاتنە دەرچون و هەریەک بە بیرو بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی ڕای بەڕوونی دەردەبڕی، لەشارو ناوچەی کەرکوکیش بەهەمان شێوە، دەتوانین بڵێین زیاتریش ئەو جۆش و خرۆشە بۆدەرچواندنی بواری ڕۆژنامەگەری چەکەرەی کرد،چونکە کەرکوک بەهۆی شوێنە ستراتیژیەکەیەوە، هەردەم لەلایەن دەسەڵاتەوە لەژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنیەکاندا بون و بەوردی نیشانەی هەموو ئەگەرێکیان دەگرت، لێرەش دا کۆمەڵێک ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی تر بەسەر دەکەینەوە کە مێژووی دەرچونیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە دووبارە هەناسە بەبەرگەروی خەڵکی ئاشنا بوەوە.
* ڕۆژنامەی سیدة النساء
ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی ئافرەتانە بوە لەلایەن رابطة المرٱة التركمانیة في العراق وە دەردەچوو، بەهەشتلاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ، ژمارە چواری لە ئەیلولی 2004 بڵاوبویەوە.
* رۆژنامەی النور
مانگانەیەکی سەربەخۆ بوو، بەهەشت لاپەڕە بەزمانی عەرەبی دەردەچوو، یەکەم ژمارەی لە 15ی ئەیلولی 2004 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەکەش رنا الزبیدی بوو.
* چالاکیەکانی مین
پاشکۆی ڕۆژنامەی هەواڵ بوو، لەلایەن دەزگای ڕۆژنامەی هەواڵەوە بڵاو دەکرایەوە، سەبارەت هۆشیاری مین هەڵگرتنەوە، ژمارە یەکی لە ئابی 2004 بەچاپ گەیشت و بڵاوکرایەوە.
* گۆڤاری الشجرە
زانکۆی کەرکوک وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری هونەری گشتی مانگی جارێک دەری دەکرد، ژمارە سفری لە تشرینی یەکەمی 2004 بڵاوکراوەتەوە.
* گـــزنگ
گۆڤارێک بوو لقی کەرکوکی یەکێتی نوسەرانی کورد، لە ساڵانی حەفتاکان ژمارە یەکیان لێ دەرکردوە لە شاخ تا ژمارە حەڤدەی بەرهەمی نوسەرانی سەردەمی شاخ بوە، تا تشرینی یەکەمی 2004 ژمارە 18یان دوبارە دەرچواندوە، بەشێوەی جیاوازوو بەرگی ڕەنگاوڕەنگ و قەبارەی گەورەتر لەسەردەمی شاخ،دەستەی نوسەرانی گزنگ بریتی بون لەهەریەک لە جەلیل کاکەوەیس، نەجیب گەرمیانی، ئەحمەدعارف، محەمەد زیاد تەهــاو سەرنوسەری حەمەکەریم عارف بوو.
* ڕۆژنامەی الشـــعب
ڕۆژنامەیەکی گشتی نیو مانگی بوو دەزگای ڕەعد بۆ ڕاگەیاندن بڵاوی دەکردەوە، ژمارە یەکی لە تشرینی دوەمی 2004 بەهشت لاپەڕە بڵاوکرایەوە، سەرەتای ئەم ڕۆژنامەیە بەناسنامەی سبورە دەردەچوو،پاشان بۆ الشعب، بە ئیمتیازی عیرفان کەرکوکلی و سەرنوسەری سلوان گیلانی.
* ڕۆژنامەی کەرکوکی سبەی(کرکوک الغد)
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سەربەخۆ بوو،ژمارە یەکی لە کانونی یەکەمی 2004 بەهەشت لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ بە عەرەبی بڵاودەکرایەوە، تا وەستانی 28ژمارەی لێ دەرچوو، سەرنوسەری ڕۆژنامەکە وریا عەلی و دەستەی نوسەرانی حبیب مال اللە، سەردار ڕەشید زەنگەنە، محەمەد نورەدین بون،بەشی کوردی لە شوباتی 2005 بۆ زیاد کراوبە چوارلاپەڕەی ڕەش و سپی دەردەچوو.
* گۆڤاری کـــەلار
شارەوانی کەلار وەک گۆڤارێکی وەرزی دەریدەکرد، تایبەتی کردبوو بەکارو چالاکی و خزمەتگوزاری شارەوانی و بابەتە هونەری و ئەدەبی و کەلتوریەکان، خاوەنی ئیمتیازی حەسەن جیهاد وسەرنوسەری سەرکۆ محەمەد ڕۆستەم بون، لەگەڵ دەستی نوسەرانی سروە جەوهەر،سالار مەحمود، ساڵح هەلاج.
* گۆڤاری الاقمار sat
تایبەت بوو بە کەناڵە ئاسمانیەکان، ناوە ناوە بڵاودەکرایەوە ماوەی ساڵێک تا ساڵی 2005 پانزە ژمارەی لێ دەرچوە.
* ڕۆژنامەی النصف الاخر
تایبەت بوو بەکاروباری ژنان و خێزان،لەلایەن الرابطة الاسلامیة لنساء العراق لقی کەرکوکەوە وەک بڵاوکراوەیەکی نیو مانگی ڕۆشنبیری گشتی دەردەکرا،بە چوار لاپەڕەی دوو ڕەنگ و بە زمانی عەرەبی،ژمارە یەکی لە 16/ 5/ 2005 بڵاوکراوەتەوە،تا ساڵێک 10 ژمارەی لێ دەرچوو، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرێتی سندس شکرنوری و سەرنوسەری ملیکە البیاتی و بەڕێوەبەری نوسینی زرار عوسمان بون.
* المشـــکاه
ڕۆژنامەیەکی ڕەنگاوڕەنگی چوار لاپەڕەیی، مانگانەی زانستی ڕۆشنبیری پەیوەند بە کاروباری کارەباوە بوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکوکەوە، ژمارە سفری لە شوباتی 2005 دەردەچوو.
* الدیـــار
ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری گشتی سەربەخۆ بوو، بە 8لاپەڕە بە زمانی عەرەبی، ژمارە یەکی لە شوباتی 2005 بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازی عەباس جەعفەر جەباری و سەرنوسەری تەلال هاشم بیرقدار بوون.
* بەرەو شــــار
لەقەزای کەلار کۆمەڵێک گەنج، وەک ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆی ئازاد، ژمارە یەکی لە شوباتی 2004 بەڕەش و سپی و 8لاپەڕە دەریان دەکرد،سەرنوسەری ڕۆژنامەکە عەدنان سەید حوسێن و بەڕێوەبەری نوسینی سامان عەزیز بون، لەگەڵ هەریەک لەدەستەی نوسەرانی ئەرکان محەمەد ڕەشید، سەباح عەلی جاف، محەمەد حوسێن، مژدە محەمەد جاف، پشتیوان حەمە سەعید.
* ڕۆژنامەی المجلس
زمانحاڵی رئاسة مجلس التركمان في العراق بوو، بەزمانی عەرەبی و تورکی لاتینی دەریان دەکرد، ژمارە سفری لە ئاداری 2005 بە 8لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ مانگانە بڵاویان دەکردەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەکە تاریق زەینەڵ کۆپرلو، دەستەی نوسەرانیشی سەمعان کەنعان کۆپرلو، لەیلا فەخرەدین عەلوەچی، ئایدن کەرکوکی، دکتۆر نەجیب سابونچی بوون.
* المختار
ڕۆژنامەیەکی نیو مانگی 8 لاپەڕەیی زانستی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی سەربەخۆ بوو، ژمارە یەکی لە ئاداری 2005 بلاوکرایەوە، بە ئیمتیازو سەرنوسەری قەیس الرزوانی و سکرتێری نوسینی عادل ئەدهەم.
* ڕۆژنامەی کـــۆست
لێژنەی باڵای یادکردنەوەی حەڤدەهەمین ساڵیادی ئەنفالی گەرمیانەوە ئامەدەو دەرکراوە،بە 12لاپەڕەو قەبارەی بچوک و ڕەنگی ڕەش، وەک هێمایەک بۆ ئەو ڕۆژە شوومە، ژمارە یەکی لە 14/4/2005 بڵاوکرایەوە.
* ڕۆژنامەی الصراحــة
ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی بوو، بە زمانی عەرەبی لەلایەن هاوبەندی نەتەوەکانی شاری کەرکوک، ژمارە سفری لە تشرینی یەکەمی 2005 دەرکرا، خاوەنی ئیمتیازی نەجات حەسەن و سەرنوسەری وریا جاف و جێگری سەرنووسەری سامان بابان بون.
* ڕۆژنامەی ئاســــۆ
سەرەتای بڵاوبونەوەی هەفتانیەکی ڕەنگاوڕەنگ بوو،پاشان دوو ڕۆژ جاڕێک ژمارەیەکی لێ بڵاودەکرایەوە لەلایەن دەزگای خەندان بۆ وەشاندن و ڕاگەیاندن،سەرەتا لە سلێمانی دەردەچوو، پاشان لە کەرکوک بە دوانزە لاپەڕە بڵاودەکرایەوە، سەرنوسەری ئاسۆ ستران عەبدوڵا بوو.
* زەنــــگ
وەک ڕۆژنامەیەکی گشتی ئازاد پانزە ڕۆژ جارێک لەکفری بڵاو دەکرایەوە بە شێوەی ڕەش و سپی،بە دوانزە لاپەڕە، ژمارە یەکی لە تشرینی یەکەمی 2005 بەچاپ گەیشتوە، خاوەنی ئیمتیازی سامان گەرمیانی و سەرنوسەری خالید عەبدولکەریم حەمەلاو، و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن شاخەوان سابیر، فاتیح سەلام،سامان کەریم، هیوا عەلی و دەستەی هاوکاران عەلی کەریمی و شاعیری بە ئەزمون لەتیف هەڵمەت بوون.
* تەکیـــە تایمز
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی کۆمیدی ڕەخنە ئامێز بوو، ژمارە یەکی لە تشرینی یەکەمی 2005 بڵاوکراوەتەوە.
* ڕۆژنامەی نــــەوا
پانزە ڕۆژ جارێک دەردەچوو لەلایەن ڕێکخراوی فەرەح ەوە، وەک بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری گشتی، بەهەشت لاپەڕەو شێوەی ڕەنگاوڕەنگ، لە ساڵی 2005 بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازی ڕێکخراوی فەرەح و سەرنوسەری شوان ئیسماعیل و جێگری سەرنوسەری سیروان رەشید بوون.
* ڕۆژنامەی ڕاستی
دەزگای سبەی بۆ رۆشنبیری و ڕاگەیاندن بۆلاوان دوو هەفتە جارێک دەری دەکرد،وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی گشتی هزری سەربەخۆ، سەرنوسەری ئازاد محەمەد گەرمیانی و بەڕێوەبەری نوسینی گۆران فەتحی بوون ژمارە سفری لە مانگی نۆی 2005 بڵاوکراوەتەوە.
* بڵاوکراوەی شـــۆک
پاشکۆی لاوانی هەفتەنامەی ڕۆژنامەی هەواڵ بوو،بەڕەش و سپی بە چوار لاپەڕە، بەسەرپەرشتی موعتەسەم نەجمەدین بڵاودەکرایەوە.
* گۆڤاری کیمیاگەری
سەندیکای کیمیاگەرانی کوردستان،لقی کەرکوک بەکوردی و عەرەبی دەریان دەکرد،وەک بڵاوکراوەیەکی وەرزی،ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2005 بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری گۆڤارەکە سەباح بازرگان،دەستەی نوسەرانی هوشیار کاکەیی، عەبدوڵا کەریم،فواد ئەحمەد هەمەوەندی بوون.
* گەرمیانی وەرزش
ڕۆژنامەیەکی وەرزشی بوو بە زمانی کوردی،ژمارە یەکی لە 2005 لەناوچەی گەرمیان دەرەدچوو.
* ڕۆژنامەی ئاشتی
مانگانەیەکی ڕێکخراوی ئاشتی B.C.R بە 8لاپەڕە بەکوردی و عەرەبی دەریدەکرد،ژمارە سفری لە ئاداری 2005 بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری ئاشتی سۆزان ڕەمەزان و بەڕێوەبەری نوسینی عەبولقادر ئەحمەد بوو.
* چەمچـــەماڵ
ڕۆژنامەیەکی گشتی ڕۆشنبیری سەربەخۆی مانگانە بوو،بە 8لاپەڕەو قەبارەی گەورە، بە زمانی کوردی،ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2005،کۆمەڵێک گەنجی خوێن گەرمی چەمچەماڵ دەریان دەکرد،خاوەنی ئیمتیازی فاتیح عەبدوڵا و سەرنوسەری ئارام شوانی بوون.
* قورتولوش
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی گشتی بوو،کۆمەڵەی زیندانە سیاسیەکان و شەهیدانی تورکمانی عێراق، دوو هەفتە جارێک.بە زمانی عەرەبی و تورکمانی دەریان دەکرد،ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2005 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەرەکەشی هاشم موختار ئۆغڵو بوو.
* ڕۆژنامەی داینەمۆ
دەنگی پاشماوەی ئەنفالەکانی گەرمیانە،ژمارەیەک لاوو خوێن گەرمی ناحییەی ڕزگاری دەریان دەکرد،وەک بڵاوکراوەیەکی مانگانەی گشتی سەربەخۆ،بەشێوەی ڕەش و سپی و بە8 لاپەڕە،ژمارە یەکی ئازاری 2005 بڵاوکراوەتەوە کە زوربەی بابەتەکانی پەیوەستن بە ئازاری پاشماوەی ئەنفالەکانەوە، سەرنوسەری ڕێبین تەهاو،دەستەی نوسەرانی ئاکۆ عوسمان و سوران محەمەد سەعید و دیاری ئەسعەدو ئەرکان عومەر رەشید بوون.
* النجــــاح
ڕۆژنامەیەک بوو دوو هەفتە جارێک دەستەی پیشەکارانی نەجاح دەریان دەکرد،ژمارە یەکی لە تشرینی دووەمی 2005 بە چوار لاپەڕە بڵاویان کردەوە.
* ڕژنامەی شــــێواز
ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری کشتی بوو،لەلایەن پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوکەوە دەردەچوو،ژمارە سفری لە کانونی یەکەمی 2005،بە چوار لاپەڕە بە زمای کوردی بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری شێواز عارف معروف داود،جێگری سەرنوسەری حبیب مال اللە بوون.
* ڕۆژنامەی دەنگ
هەفتەنامەیەکی سیاسی ڕوناکبیری لاوان بوو، کۆمەڵێ لاوی خۆبەخش،بەچوار لاپەڕەی ڕەش و سپی، ژمارە سفریان لە نیسانی 2005دەرکرد، ستافی نوسینی دەنگ هەریەکەلە عومەر سەیدە،کاوەحوسێن،هێمن حەسیب،ژووان کەریم،عومەر جەلال،ئاسۆ جەوهەر بوون،خاوەنی ئیمتیازیش ستافی دەستەی نوسەران بوو.
* ڕۆژنامەی الولایە
دەزگای خەندان وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی گشتی لە کەرکوک،هەر دوو هەفتە جارێک بە 8لاپەڕە بڵاوی دەکردەوە،بە شێوەی ڕەش و شپی،ژمارە تێستی لە نیسانی 2005بڵاوکرایەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی دەزگاو سەرنوسەری ستران عەبدوڵاو جێگری سەرنوسەری کاروان عەلی بوون.