سەرکۆ یونس: ماددەی هۆشبەر، مەترسییە گەورەکە.
هەرێمی کوردستان، دەرئەنجانی کرانەوەی سنورەکانی و تێکەڵاوبوون بەکلتورە جیاوازەکان، لەهەندێ لایەن و ڕووەوە سوودو کەڵکمان وەرگرتووە و لەزۆر لایەنی ترەوە تووشی داڕمانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و لێکترازانی خێزان و کۆمەڵگا بووینەتەوە.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرو جۆرەکانیەتی، کەبەداخەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئامارەکان گەورەتر و مەترسیدارتر دەبن.
ئێراق بەشێوەیەکی گشتی، ژینگەیەکی لەبارو گونجاوە بۆ ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەری هاوردەکراو، چ وەک بەکارهێنان و چ وەک ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی، چونکە سنورێکی بەرفراوانی لەگەڵ دوو لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر و دروستکەری ماددەی هۆشبەرەکان هەیە، ئێران و سووریا.
لەدوای پرۆسەی ئازادی ئێراق لەساڵی 2003 ەوە دەرگای سنورە فەرمی و نافەرمی وڕێگاقاچاخییەکان کرانەوە، ئەم کرانەوەیە دەرچەیەکی گونجاو بوو بەڕووی بازرگانانی ماددەی هۆشبەردا، ئێراق بوو بەبازاڕێکی قازانجهێنەر. ئێراق لەوڵاتێک کەپێشتر تەنها ڕێرەوی بازرگانی بووە، گۆڕا بۆ وڵاتێکی بەکارهێنەری سەرجەم جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، تەنها لە2022دا ژمارەی ڕاگەیەنراو بەفەرمی زیاتر لە 14 هەزار کەس دەستگیراون لەبەکارهێنەرو بازرگانان، لەنێویاندا 500 کەس لەڕەگەزی مێ بوون، ئەمانە لەلایەن باندە بازرگانییەکانەوە بەکاردەهێنرێن بۆ مەبەستی گواستنەوە.
هەروەها دەرکەوتووە کەماددەی هۆشبەر زیاتر لەناوچە هەژارنیشینەکان بەربڵاوە، کەڕێژەی بێکاریان لەئاستێکی بەرزدایە، بەپێی راپۆرتەکان ڕێژەی بەکارهێنەرانی گەنجان لەناوچە زۆر هەژارەکاندا گەشتووەتە 70%.
مەترسییەکە زیاتر ئەوەیە کەزۆرترین بەکارهێنەران، تەمەنیان لەنێوان (15 -30) ساڵیدایە، ئەمەش دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر داهاتوی سەرمایەی مرۆیی لەئێراقدا.
لەهەرێمی کوردستانیشدا، تۆروباندەکانی بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر و تەنانەت بەکارهێنانی لەهەرێمدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەزیاد بووندایە، ئامارو داتای ساڵ لەدوای ساڵ، گەورەترو زیاتر دەبن. تەنها لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا بەپێ ی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی پارێزگای هەولێر 999 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان وبازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگاکان. لەئەمساڵدا پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زۆرترین حاڵەتی بارزگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری تۆمارکردووە، بەشێوەیەک تەنها لە هەشت مانگی 2023دا 514 کەس بەکارهێنەرو بازرگانی ئەم ژەهرە کوشندەیەن.
هەرێمی کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی و هەوڵی دوژمنکارانەی وڵاتانی ئیقلیمی هەمیشە و بەردەوام لەبەردەم مەترسی لاوازکردن و لەناوبردندایە، لەئێستادا ماددەی هۆشبەر یەکێکە لەو چەکەشاراوە و کاریگەرەی کەبەکاردەهێنرێت. بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبێتە دەردێکی کوشندەی بێ چارەسەر و کۆمەڵگای کوردی بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر لەئێستادا بەپلان و یاسا و هێزێکی تۆکمەی ڕاهێنراوەوە ڕێگری لێ نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە داهاتوومان مەترسیدارو دژوارتر دەبێت.
بەداخەوە بەهۆی لاوازی لەیاسا و ئاسایش و نەبوونی هەلی کارو زۆری ڕێژەی بێکاری و گرانی بژێوی ژیان و کێشەکۆمەڵایەتییەکان و دەردە دەروونییەکان، کۆمەڵگای کوردی لەئێستادا بەرەو ڕووی شەپۆلێکی گەورەی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووەتەوە، کەلەوانەیە بەرنامە بۆداڕێژراوو بێت!
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا، هەرێم زیاتر وەک ڕێڕەوی بازرگانی ئەژمار دەکرا، کەمادەی هۆشبەر هاوردە دەکراو پاشان بەڕێگای جیاواز و تایبەت ڕەوانەی ناوەڕاست و باشوری ئێراق و وڵاتانی تر دەکرا بەتایبەت ئەوروپا.
ئامارەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەهەرێمدا، مەترسیدارن و لەحاڵەتەوە بووە بەدیاردەو دۆسیەکانی دادگاکانی هەرێم شاهێدی ئەم ڕاستیەن. راستە شارەگەورەکانی هەرێم زۆرترین بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکانن، بەڵام ئەم دیاردەیە لەشارو شارۆچکە بچوک و گوندەکان، کەبەدەست نەبوون و کەمی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی هەلی کار دەناڵێنن، بوونی هەیە و ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم، زیاتر لە 75 هەزار كەس ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، زۆرینەیان لەنێوان تەمەنەكانی 18_64 ساڵیدان، شایانی باسە نزیكەی 23% یان ئافرەتن!
لەلایەکی ترەوە، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەر تەنها زەرەر و زیانی تەندروستی بەکەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکو زیانی ئابوری و دارایی گەورە لەتاک و خێزان و کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی دەدات، بەتایبەت سەرمایەی مرۆیی، چونکە کەسی ئالوودەبوو، توانای کاری نامێنێت و ناچار دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ماددەی هۆشبەر پەنا بۆ کاری ناپەسەندی وەک دزی و بەدرەوشتی و ئەگەر بەکارهێنەر لەرەگەزی مێ بێت، بەدڵنیاییەوە لەو پێناوەدا کاری لەشفرۆشی دەکات.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەندکراوانی بەکارهێنەرانی ماددەهۆشبەرەکان، تێچونێکی گەورە لەسەر دارایی حکومەت دروست دەکەن، سەرەڕای تێچونی چارەسەرکردنی ئالودەبووان لەستافی پزیشکی و داودەرمانی پێویست وگونجاو.
سەرەڕای گەورەیی ئامارەکان، بەڵام دەتوانین بڵێن، هێشتا کات ماوە بۆ ڕێگریکردن و سنوردانان بۆ زیاتر بڵاو نەبوونەوەی ئەم ژەهرە کوشندەیە، هەر بۆیە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی و ئایینی هەموو لایەکە، هەنگاوی پێویست و گونجاو بنێن، ئەم هەنگاوە تەنها بە حکومەت و دامەزراوەکانی ناکرێت، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی، بەپلان و بەرنامەی زانستی و واقیعی کار بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی چیین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لەماڵ وخێزانەکان و مزگەوت قوتابخانەو خوێندنگەکان و زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، بەگژ ئەم مەترسییە گەورەییە ببینەوە، تا ئایندەی نەوەکانمان و کۆمەڵگاکەمان بپارێزن.
* ئابوریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts