حەمە ساڵح فەرهادی: هەندێک کەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵ کارێکی ئاسانە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
نووسەری دیاری کوردستان (حەمە ساڵح فەرهادی) ساڵانێکە لە بواری منداڵاندا دەنووسێت، خاوەنی چەندین کتێبە لە چەند گۆڤاری منداڵان، وەکو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر کاری کردوه، لەم بوارەدا خزمەتێکی زۆری منداڵانی کوردستانی کردووە، هەر بۆ ئەم مەبەستە پێمان باش بوو لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەری بکەینەوە.
– هەرچەندە بەرێزتان نووسەرێکی دیاری کوردستانن، بەڵام پێمان باشە بەکورتی باس لە ژیانی ئەدەبی خۆت بۆ خوێنەرەکانمان بکەیت.
* ناوم (حەمە ساڵح مەلاسادق فەرهادی)یە بەڵام بە (حەمە ساڵح فەرهادی) ناسراوم لە ساڵی 1949 لە دایک بووم، سەبارەت بە ژیانی ئەدەبیم یەکەمین بەرهەمی بڵاوکراوەم لە گۆڤاری (تیشک) بوو لە ساڵی 1969 دا بووە، وەکو رۆژنامەنووس لە چەندین دەزگادا کارم کردووە، وەکو: رادیۆی دەنگی هەولێرو رادیۆی گوڵان لە ساڵانی 1992- 1994، گۆڤاری (هەنگ) ی منداڵان لە 1993- 2011) ئەندامی دەستەی نووسەران و پاشانیش بۆماوەی (13) ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەکە بووم، وەکو ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێک و بڵاوکراوەدا کارم کردووه، وەکو گۆڤاری (گوڵزار) گۆڤاری (چرۆ)، گۆڤاری (نووسەری نوێ) وەکو دەستەی نووسەران پاشانیش سکرتێری نووسین، بڵاوکراوەی (لانە) ی منداڵان، بەشداریم لە کۆنگرەی دامەزراندن و کۆنگرەی دووەمی رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە لە هەولێر.
هەروەها،بەشداریم لە کۆنگرەی شەشەمی یەکێیتی نووسەرانی کورد کردووە کە لە ساڵی 2010دا لە سلێمانی بەستراو بە ئەندامی مەڵبەندی گشتی و پاشانیش بە سکرتێری کارگێری یەکێیتیەکە هەڵبژردرام، ساڵانی (1997-2006) بەربەردەوامی بەرنامەیەکی هەفتانەی منداڵانم بۆ رادیۆی(هەرێم) ئامادەکردووەو لەوماوەیەدا (445) ئەڵقەی بڵاوکرایەوە، تائێستا (20) کتێبم بەچاپ گەیاندووە، چەند کتێبێکی تریشم ئامادەن، چاوەڕەیی دەرفەتی چاپکردنن، بەشداریم لە وەرگێران و ئامادەکردنی(8) کتێبی بەرنامەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی کشتوکاڵیداکردووە، پێداچوونەوەی زمانەوانیم بۆ (8) کتێبی دیکەش کردووە، بەربەردەوامی لە زۆربەی لەرۆژنامە و گۆڤارەکاندا دا بابەت بڵاو دەکەمەوە.
– چۆن بوو، بواری ئەدەبی منداڵانت هەڵبژارد؟
* من هەر لە منداڵییەوە سەودای خوێندنەوەم هەبوو، پاشانیش کە دەستم بە نووسین کرد،بابەتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رۆژنامە نووسیی کوردییەو هەم هەڵبژارد، پێش ئەوەی هیچ بابەتێکی تایبەت بە منداڵان بڵاوبکەمەوە، دوو کتێبیشم لە بارەی رۆژنامەنووسیی کوردییەوە بە چاپ گەیاندبوو. پێش ئەوەی گۆڤاری (هەنگ)یش دەربچێت لەسەر داوی هاورێی دێرینم کاک (مەولوود ئیبراهیم حەسەن) و بە هاندانی ئەو، چەند بابەتێکی کورتم لە هەفتەنامەی (پەریستان)ی منداڵاندا بڵاوکردەوە. ئەو هەفتەنامە یە پاشکۆیەکی تایبەت بە منداڵان بوو،کە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) دەریدەچواند.
کەگۆڤاری (هەنگ)یش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەرچوو و دکتۆر مەولوود ئیبراهیم حەسەن بوو بە سکرتێری نووسینی گۆڤارەکەو لەسەر داوای ئەو لەیەکەم ژمارەی گۆڤارەکەدا بابەتێکم بە ناونیشانی (هەنگ)نووسی و ئەو بابەتەلە دوای سەروتاری گۆڤارەکە، یەکەم بابەتی گۆڤارەکە بوو تێیدا چەند زانیارییەکەم لە بارەی هەنگەوە بۆ منداڵان بڵاوکردەوە.
لە ژمارە(2)ی گۆڤارەکەشەوە بەفەرمی کرام بە ئەندامی دەستەی نووسین، ئیتر تادوا ژمارەی گۆڤارەکە کەلە ساڵی (2011 دا تێیدا بەردەوام بووم، پێنج ساڵ وەکو ئەندامی دەستەی نووسین و سێزدەساڵیش وەکو سەرنووسەر.
– ئەو بنەمایە سەرەکییانە چین،کە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی مناڵان دەبێ رەچاو بکرێت؟
* هەندێک بنەمای سەرەکی هەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵانداڕەچاو بکرێت لە مانە:
1- بابەتەکە بە زمانێکی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەکەی لەگەڵ ڕێنووسی کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکان بگونجێت، وشەکان لە فەرهەنگی منداڵەوە هەڵقوڵابن، بابەتەکە کورت بێت و درێژداریی تێدا نەبێت، بابەتەکان لە هەرجۆرێک بن، دەبێ بەشێوەیەکی پەروەردەییانە بخرێنە بەرچاو.
2- ئامۆژگارییەکان، ئەگەر هەبێ ،راستەوخۆ و لە شێوەی ئەمر و نەهیدا نەبێت، رەچاوی ئەو بەهایانەی تێدا بکرێت، کە بوونەتە بنەما لە ئەدەبی منداڵاندا، بایەخ بە سایکۆلۆجییەتی منداڵ بدرێت، دابونەریتی رەسەنی کوردەواری و جیهانی بە منداڵان ئاشانا بکات.
3- متمانە بە خۆکردن لای منداڵ بەهێز بکات، مێژوو و شوێنەوار و ناودارانی و ڵات بە منداڵان بناسێنێت، بەتایبەتی ئەو ناودارانەی خزمەتێکی بەرچاوی منداڵانیان کردووە،بەها رۆحییەکان لای منداڵ خۆشەویست بکات، بایەخێکی تەواو بە منداڵە بەهرەدارەکان بدات و بەهەرمیان بڵاوبکرێتەوە،گەورەو بچووکیی پیتەکانی لە گەڵ تەمەنی مەندال بگونجێت.
4- بابەتەکان نەتەوەیی بێ و جیهانی بێت، بەڵام نەخرێتە ناو قاڵبی حزبایەتییەوە، بایەخدان بە بابەتەکانی خۆ خافڵاندن و زاخاوی مێشک و کات بەسەربردن بدرێت، دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە گیانی دووبەرەکی و شەڕخوازی و تاوان لە ناخی منداڵدا زیاد دەکات.
5- باشتر وایە لاپەرەکانی بڵاوکراوەکان ڕەنگاوڕەنگ و وێنەداری بن و نرخی چاپەمەنییەکان گونجاو بێت و زۆربەی منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن.
– نووسەرانی تێکستەکانی ئەدەبی مەنداڵان (هۆنراوە، چیرۆک، ئۆپەرێت، شانۆگەری.) لە کوردستان چۆن هەڵدەسنگێنیت؟
* دیارە تێکستەکانی ئەدەبی منداڵان، بە تایبەتی ئەو ژانرە ئەدەبییانەی کەباست کردوون (هۆنراوە، چیرۆک، ئۆپەرێت، شانۆگەری)، وەکو هەموو تێکستە گشتییەکانی دیکەی ئەدەبی کوردی، هەموویان لەیەک ئاستدا نین، تێکستی باش و سەرکەوتوو و منداڵامان هەیە، هەروەکو بە پێچەوانەشەوە تێکستی ئاست نزمیشمان هەیە، تەنانەت، لەم چوار جۆرە تێکستەشدا، هۆنراوە، چیرۆک، پێش ئۆپەرێت و شانۆگەری کەوتوون و ئەم دووانەی کۆتایی هێندە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ناتوانین بڵێین ئەو بڕیارە رەهایە و بۆ بڕیاری وردتر، پێویستە بابەتەکانی هەرنووسەر و شاعێرێکی بواری منداڵان بە جیا هەڵبسەنگێندرێت.
بەگشتی ئێمە شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارەی منداڵان نییە، تەنانەت ژمارەیان لە ژمارەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش کەمترە کە کار بۆ ئەدەب بەگشتی دەکەن.
ئەگەر دەزگایەکی بە توانای فەرمی هەبێت و بایەخ بە بەرهەمی سەرکەوتووی تایبەت بە منداڵان بدات و کێشەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەدەبی منداڵان هەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێش.
– لەوماوەیەدا چەند نووسەرێکی منداڵ لە کوردستان بەرهەمەکانیان لەچوارچێوەی نامیلەکەدا بڵاوکردەوە، پێتان وایە ئەگەر نووسەر منداڵ بێت بۆ منداڵ بنووسێت کاریگەری زیاترە لەوەی گەورە بنووسێت؟
* ئەگەر داتایەکی ورد و ڕاست هەبێت سەبارەت بەو کەسانەی کە بۆ مندڵان دەنووسن، چ گەورە بن یان منداڵ، بەدیار دەکەوێت کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەسەرکەوتوویی بۆ منداڵ دەنووسن زۆرکەمە! چونکە بەپێی بەندی یەکەمی مافەکانی منداڵان، کە پێناسەکراوە (منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە 18 ساڵ تێنەپەریبێت).
کەواتە بەپێی ئەو پێناسەیە، زیاتر لە چواریەکی دانیشتووان منداڵن و پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆر لە ئێستا زیاتر هەیە کە کاری بۆبکەن. دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا گەورە بۆ منداڵ بنووسێت باشترە، یان منداڵ بۆ خۆیان بنووسن.دەتوانین بڵێین، ئەگەر ئەو ژمارە پێویستەمان لە منداڵی بەهرەمەند و بەتوانا هەبێت، باشترە مەنداڵ بنووسێت، بەڵام ئایا ئەو ژمارەپێویستەمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
هەندێک کەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵ کارێکی ئاسانە! بەڵام وانییە زۆر زەحمەتترە لە نووسین.
بۆ گەورە، بەرپرسیارییەتیشی زیاترە. بەپێی ئەزموونی بەندە لەو ڕووەوە، زۆر جار هەست دەکرێت، کەئەو نووسینانەی بەناوی منداڵان بڵاو دەکرێنەوە، دەستی گەورەشی تێدایە. تەنانەت وەکوو ئەزموون لەوماوە زۆرەی کە لە گۆڤاری (هەنگ) دا کارم کردووە، زۆرجار باوکێک یان دایکێک، چەند بابەتێکی منداڵانی هێناوەو گوایەهەر بابەتێک یەکێک لە منداڵەکانی نووسیویەتی!
لێرەدا ئەمە دەبێتە مایەی پرسیار، کەئەو ماڵە چۆن لەیەک کاتدا ئەو هەموو نووسەرە منداڵەی لێ هەڵکەوتووە؟! پێویستە بوار بە منداڵ بدرێت کە ئەوەی دەیەوێ بینووسێت لەو رووەوە هان بدرێت و هەوڵ بدرێت پەرە بە بەهرەکانی بدرێت، بەڵام چاودێریش بکرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ناتوانین نووسینی گەورە بۆ منداڵان فەرمۆش بکەین و بەهەند وەرینەگرین، بە تایبەتی ئەو نووسەرانەی کە توانیویانە بە سەرکەتوویی بچنە ناوجیهانی منداڵانەوە.لەلایەکی دیکەوە، گەورە بەرپرسیارە لە زۆربەی شتەکانی تایبەت بە منداڵ “ناوی، پەروەردەی، خوێندنی ، ژیانی، جل و بەرگی،پێداویستیەکانی و چەندین شتی دیکەش، چی تێدایە، ئەگەر بتوانێت بەرپرسیارییەتیی نووسینیشی بۆ بخاتە ئەستۆی خۆی.
– سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تاچەند لە خزمەت پەروەردەی منداڵان دایە؟
*ئەمە پرسیارێکی گرنگە، منداڵ وپەروەردەی دروست، واتە ئایندەیەکی گەش و ڕووناک. بەداخەوە ئێمە سیستەمی پەروەردەمان بەو شێوەیە نییە کە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی سەردەم بگونجێت.
ئەگەر بەراودێک لە نێوان ئێستاو(25-30) ساڵ لەمەوپێش بکەین، پێشکەوتنێکی ئەو تۆ نابینین، چ لە ڕووی بینای قوتابخانە و چی لەڕووی بەرنامەکانی خوێندن و چ لە ڕووی ژمارەی مامۆستایان و چ لەڕووی کردنەوەی خولی بەردەوام و شیاندن بۆ مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی پەروەردە و چ دانانی بەرپرسانی پەروەردە لەسەر بنەمای ئەزموون و لێهاتووییان، ئێستاش دوو دەوامی لە بینایەی قوتابخانەکاندا زۆرە و ژمارەی قوۆتابییانی هەرپۆلێکیش زۆر لە پێویست زیاترە، چەند ساڵە وە کوو پێویست مامۆستا دانەمەزراون و جێی ئەوانەی خانەنشین دەکرێن بە مامۆستای تازە دامەزراو پڕ ناکرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین قوتابخانە ئەهلییەکان بەردەوام لە زیادبوون دان، ئەمەش هەر بۆ منداڵە دەستڕۆیشتووەکانە، نەک بۆ هەمووان.
بەڕای من پێویستە پێداچوونەوەیەکی خێرا بۆ چاکسازی لە کەرتی پەروەدەدا بکرێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی خێرای سەردەم دا بگونجێت. بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەی نەخوێندەوارانمان لە پێشان زیاترە.
– چۆن منداڵان رابهێنن لە خوێندنەوە، رۆڵی قوتابخانە و خێزان دەبێ چۆن بێت؟
* قەیرانی کەم خوێندنەوە قەیرانێکی گشتییە و تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان. ئێستا بە هۆی زۆری ژمارەی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و ئینتەرنێت و فەیسبووک و لقوپۆپەکانی و هەموو هونەرە تازەکانی ئەم بوارەوە،کە منداڵان بەتەواوی خوویان پێوە گرتووەو بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا،ئاگایان لە خوێندنەوە نەماوە. سەرەرای ئەمە منداڵ ئەگەر لە خێزانێک بێت کە گەورەکانی کتێب نەخوێننەوە، دەبێ چاوەڕێی چی لێبکرێت؟!
بەداخەوە زۆربەی گەورەکان ئامادەن دەیان جۆری دیاری بۆ منداڵەکانیان بکڕن، کە هەندێکیان زیانیشیان پێدەگەێنێت، وەکو یاریی چەک و تەقەمەنی و جۆرەکانی تر، بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە کە جارێک کتێبێک، یان گۆڤارێکی منداڵانەیان بە دیاری بۆ ببەنەوە و لەسەر خۆشەویستیی کتێب خوێندنەوە رایان بهێنن.
– تاچەند لەگەڵ ئەوەی لە قوتابخانە لە ماڵ،کتێبخانە هەبێت؟
* کتێبخانە یەکێکە لە پپێداویستییەکانی سەردەم، دەبێ هەرماڵێک کتێبخانەیەکی ئاسایی تێدا بێت و بتوانرێت سوود لە کتێبخانە وەربگیرێت، ئەگەر وابێت ئەو ماڵە بە ماڵێکی زیندوو ئاوادەن و پێشکەوتوو دادەنرێت.
قوتابخانەش، کە ماڵی دووەمی منداڵەو شوێنی پەروەردەو فێرکرنیەتی و منداڵ کاتێکی زۆر لەوێ بەسەر دەبات، پێویستە کتێبخانەیەکی هەبێت و ژمارەی کتێبخانەکەش لەگەڵ ژمارەی قوتابییانی قوتابخانەکە بگونجێت.
– چیرۆک خوێندنەوە بۆمنداڵ پێش خەوتن تا چەند گرنگ و پێویستە؟
* چیرۆک یەکێکە لەو ژانرە ئەدەبییانەی کە کاریگەریی زۆری لەسەر منداڵدا هەیە. ئێمە لەبیرمانە لەسەردەمی منداڵیمان، چۆن شەوان پێش خەوتن،دایک و داپیرە، یان هەرکەسێکی دیکەی هەندێک بەتەمەن و ئەزموون، چیرۆکیان بۆ دەگێراینەوە و ئێمەش بە تاسەوە گوێمان لێ ڕادەگرتن، هەتالە ناوکەشوهەواو کاریگەریی چیرۆکەکەدا خەومان لێدەکەوت. جاران بەهۆی ئەوەی هۆیەکانی کات بەسەر بردن و خافڵاندن وەکوو ئێستا نەبوون، ئەندامانی خێزان، هەموویان لە کاتێکی گونجاو و زوودا، دەچوونە سەرجێگا و دەخەوتن. بەڵام ئێستا باردۆخەکە بەگشتی گۆڕاوەو دەتوانین بڵێین ئەندامانی خێزان وەکوو جاران ئاگایان لەیەکتر نییە و هەریەکەو لە ژووری خۆیەتی، خەریکی یارییە سەردەمەکانەو ئاگای لە دەرەوە نییە.
ئەو دووجۆرە ژیانە، دووجۆری جیاوازن و ئەگەر خێزانێک بتوانێ هەردوو جۆرلەیەکتر نزیک بکاتەوەو لەگەڵ یەک بیانگونجێنێت، کارێکی باشە، دەنا لەوانەیە پاش چەند ساڵێکی دیکە پێوەندییە ئاساییەکانی نێوان ئەندامانی خێزان، وەکوو ئێستاش نەمینێت.
– ئامۆژگاری و رێنمایی بەرێزتان، بۆ منداڵان چیە؟
* بەهۆی ئەوەی ئەم بڵاوکراوەی ئێوەزیاتر تایبەتە بە گەورە، نەک منداڵ پێموانییە منداڵ زۆر بیبینێت، بۆیە رووی دەمم دەکەمە خوشک وبراگەوەرەکان، نەک خوانەخواستە وەکوو ڕینماییکردنیان، بەڵکو بۆ زیاتر بەبیرهێناوەو دیارخستنی ڕاستییەک لە بارەی منداڵانەوە، ئەویش ئەمەیە: ئەگەر ئێمە دەمانەوێ ئاییندەمان لە ئێستادا باش و ڕۆشنتر بێت، با بەهەموومان،چ تاک، چ رێکخراو، چ دەزگا پێوەندیدارەکانی حکومەت بەشێوازێکی سەرەدمییانە و پەروەردەیەکی ڕەسەن و گیانێگی نەتەوەیی و دوور لە دەمارگیری، مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا بکەین، چونکە پاش چەند ساڵێکی دیکە، منداڵانی ئەمڕۆ گەورە دەبن و جێگەی ئێمەی ئێستای گەورە دەگرنەوە، لە بەرزترین پلەوە تا دواترینیان.
لە کۆتاییدا بەهیوای ژیانێکی شەڕەفمەندانەو پەروەردەیەکی ڕەسەن بۆ منداڵان و ئاییندەیەکی گەش و ڕووناکیش بۆ کوردستان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە