شێرزاد شێخانی: کشانەوەی پارتی لە بەغدا و کشانەوەی یەکێتی لەهەولێر.
کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ تووندتر و ئاڵۆزتر دەبن. بەغدا زۆر بە جیدی کار لەسەر قاڵبدانی دەسەڵاتی هەرێم دەکات، هەرێمیش دەست بۆ پووشێک دەبات تاکو لەنغرۆبوون دەربازی بێت!.
بەغدا زیرەکانە کارتەکانی خۆی بەکارهێنا بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی هەرێم ئەویش لەرێگەی دادگای فیدرالی عیراق کە چەند بڕیاڕێکی کەمەرشکێنی دەرکرد دژ بە حکومەتی هەرێم. ئەم بڕیاڕانەش بواری تانەلێدان و رەفزکردنەوەیان بۆ نیە، چونکی ئەم دادگایە بەپێی دەستور باڵاترین دەسەڵاتە لەعیراق کوردیش بەشێک بووە لەدارشتن و دەنگدان لەسەر ئەم دەستورەو هیچ لایەنێکی ناوخۆو دەرەکیش ناتوانن دژی بڕیارەکانی بوەستنەوە.
لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی بەغدا سەرکەوتوانە هەوڵیداوە هێزە ئیقلیمی و دەولیەکانیش بۆ لای خۆی رابکێشی بۆ بڕیارەکانی دژی هەرێم. بڕیاڕی دادگای پاریس سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، سەردانەکانی بەرپرسانی تورکیاو هەڵوێستی نەرینی تورکیا بەرامبەر بە قەوارەی هەرێم دوور نیە تای تەرازووەکە بەلای حکومەتی ناوەندیدا بشکێنێتەوە، چونکە عیراق بەهەموو پێوەرێک دەوڵەتەو، هەرێمیش تاکو ئێستا لەلای تورکیاوە دانی پێوەنەنراوەو وەکو بەشی باکووری عیراق مامەڵەی لەگەڵدا ئەکرێ.
سەرباری ئەمەش زیادبوونی هەژمونی ئێران لەناو عیراقدا لەبەرامبەر بێ ئومێدبوونی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەدەسەڵاتی هەرێم بە تایبەتیش لەمەسەلەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، ئەمانە هەمووی هاوکێشەکە بەلای حکومەتی ناوەندا گۆڕیوە. ئێستا دەسەڵاتی بەغدا لەوپەرێ بەهێزیدایە لەبەرامبەر ئەوپەڕی بێهێزی دەسىەڵاتی هەرێم کە ناتوانی بەبێ بەغدا تەنانەت مووچەش دابینبکات.
ماوەیەکە سەرانی پارتی و حکومەتەکەی باس لەبەکارهێنانی کارتی کشانەوە دەکەن لەپرۆسەی سیاسی عیراقدا وەکو فشارێک بەسەر حکومەتی بەغدا. بەڵام من پێموایە ئەم کارتەشیان زۆر لاوازەو هیچ بەهایەکی نیە لەبەر چەند هۆکارێکی مەنتیقی، لەوانەش:
1- ئەزموونێکی پێشترمان هەیە لەمبارەیەوە، ئەویش کشانەوەی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول بوو لە ساڵی 1974، کاتێک حکومەتی عیراق تاکلایەنە یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان راگەیاندو سەرکردایەتی کورد پێی رازی نەبوو جارێکیتر رێگای شاخی گرتەبەر. لێرەدا حکومەتی بەغدا بێمنەتانە یاساکەی جێبەجێکردو هەردوو ئەنجومەنی تەنفیزی و تەشریعی بە دامودەزگا یاساییەکانیەوە دامەزراند، لەولاشەوە شەڕی لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش کردو نەتیجەکەش بینیمان هەرەسی شۆڕش و مانەوەی ئۆتۆنۆمیەکەی بەعس بوو بە هەموو کەموکورتییەکانیشیەوە. بۆیە گریمان سەرکردایەتی پارتی لەپرۆسەی سیاسی ئێستادا بکشێتەوە ، گومانێکی زۆر گەورە هەیە یەکێتی و تەنانەت حزبەکانیتریش هەمان هەڵوێستی پارتی بنوێنن و ئەوانیش بچنە ژێرباری هەڵویستەکانی پارتی لەپرۆسەکە بکشێنەوە!. ئەمەش لەبەر دەیان هۆکاری پەیوەست بە پەیوەندی پارتی بە حزبەکانی کوردستانەوە کە لەخراپترین دۆخیدایە بە تایبەتیش یەکێتی کە ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتیدا لەئەزمەیەکی زۆر قووڵدایە.
2- لەپرۆسەی ریفراندۆمی ساڵی 2017 پارتی تاکلایەنە بڕیاری سازدانی دا، ئەگەر لەبەر هەندێ ئیعتباراتی نەتەوەیی نەبوایە و لەبەر ترس وعەیبە نەبوایە کە حزبەکانی کوردستان بە خائین وەسف بکرێن، زۆربەی هەر زۆری حزبەکانو جەماوەریش پشتگییری ریفڕاندۆمیان نەدەکرد، چونکە زۆربەیان قەناعەتیان وا بوو ئەم پرۆسەیە سەرناگرێ بە تایبەت دوای پشتێکردنی ئەمریکاو وڵاتانی زلهێز لەپرۆسەکە. ئەمجارەش هیچ دوور نیە لەکارێکی ئاوادا حزبەکان بە جورئەتتر بن لەرەفزکردنی کشانەوە لەپرۆسەی سیاسی عیراق لەسەر داوای پارتیەوە.
3- بارودۆخی ئێستای نێوەدوڵەتی و ناوچەکە زۆر جیاوازە لەقۆناغەکانی پێشتر. ئێستا دونیا سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینایە، ئەمریکاش هێزی زیاتری هێناوەتە ناوچەکەو بە نیازی گۆڕانکارییە، بۆیە مەحاڵە ئەمریکاو هاوپەیمانانی رێگەبدەن کێشەیەکی گەورەی ناوخۆیی لەعیراقدا سەرهەڵداو وەزعەکە ئاڵۆزتر بکات . بۆیە لەم بارودۆخە هەستیارو ئاڵۆزەدا پارتی ناتوانێ لەپرۆسەی سیاسیدا بکشێتەوەو هەموو حزبەکانیش لەگەڵ خۆیدا ببات.
لەبەرامبەر ئەو کارتە لاوازەی پارتی بۆ کشانەوە لەپرۆسەی سیاسی عیراق، ئەگەری تریش هەیە کە دوور نیە بێتە پێشەوە. ئەویش کشانەوەی یەکێتییە لەپرۆسەی سیاسی هەرێم!.
بە ڕای خۆم، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە لەمانگی شوباتی ساڵی ئاییندە بەڕێوە دەچیت، هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازو کاریگەری زۆر گەورەی بەسەر پڕۆسەی سیاسی کوردستان دەبێت. وەکو ئەبینین پەیوەندی یەکێتی و پارتی رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێ ، کار گەیشتە ئەوەی دوای نزیکەی 25 ساڵ لەهاوپەیمانی ئەم دوو حزبە ئێستا لەخراپترین رۆژگاری پەیوەندییەکانیانن. ناتەبایی ئەم دوو حزبە گەیشتۆتە تڕۆپکەوە تا ئەو ئاستەی لەدژی یەکتری کار دەکەن، تەنها تەقەی یەک گولە ماوە ئەگینا هەموو ئاماژەکان روو لەوەن شەڕی ناوخۆ جارێکیتر سەرهەڵداتەوە. ئەگەر ترسی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبێ دەمێک بوو شەڕەکە هەڵگیرسابوو. بۆیە ئەو خراپی پەیوندیانە لەکۆتاییدا حەتمەن دەگاتە ئاستی لێکترازان.
بەپێێ تەوەقوعاتی خۆم، ئەگەر لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا پارتی زۆرینەی کورسییەکانی هێنا، چ بەتەزویرو چ بە دەستکاری ئەنجامەکانی، لەبەرامبەریشدا یەکێتی قەبارەکەی خۆی لەدەستبدات، بەدووری نازانم ئەو کاتە یەکێتی لەپرۆسەی سیاسی هەرێم بکشێتەوەو بە یەکجاری روو لەبەغدا بکات و مامەڵەی راستەخۆی لەگەڵدا بکات. لێرەشدا رەنگە یەکێتی هەوڵی بەهەرێمکردنی سلێمانی بدات و بەیەکجاری لەدەست پارتی خۆی نەجاتبدات. چونکە قەناعەتی تەواوم هەیە نە ئێستاو نە لەئاییندەشدا یەکێتی ناتوانی لەگەڵ پارتیدا هەڵکات و رازی بێت جارێکیتر بکەوێتەوە ژێردەستی حکومەتەکانی پارتی.
پێموایە یەکێتی دۆڕانی هەڵبژاردنی داهاتووی پێ هەزم ناکرێ بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کەوا لێکترازانێکی گەورەی هێزە سیاسییەکان لەداهاتوودا روودەدات، ئەگەری هەرەسی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا زۆر بەهێزترە لەهەرەسی پرۆسەی سیاسی عیراق. لەهەردوو حاڵەتیشدا بەرپرسیاریەتیە مێژووییەکە دەکەوێتە ئەستۆی پارتی و سەرکردەکانی.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts