بەهرۆز جەعفەر: لە عێراقدا کێشەکە بەرهەمهێنان نییە، هەناردەکردنە.
وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ لە (2022) ەوە، بەردەوام وەک موژدەیەک ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراقدا بەرز دەکەنەوە. ئەمە وەک بیانوویەکی لاواز بۆ ئەوەی شەقام و ناوەندە- ناشارەزاکانی پێ فریو بدەن دێتە پێش چاوان. وەک ئەوە وایە کەسێکی قەڵەو ڕێژەی چەوری زۆر لە لەشیدا بێت، پێی دەڵێن “کەباب” مەخۆ، ئەو دەڵێ بیبەری توندم تێکەڵ کردوە چەورییەکە دەتوێنێتەوە.
عێراق نەک پێنج ملێون، دەتوانێت ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت بگەیەنێت بە حەوت ملێۆن بەرمیل. بەڵام گرفتەکە لە هەناردەکردندایە:
یەکەم/ عێراق خۆی خستۆتە ناو گێژەنگێکی جیۆپۆڵەتیکییەکەوە، کە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاست (بەندەری جەیهان) ەوە خستۆتە مەترسییەوە. لە ساڵی (1977)ەوە عێراق تووشی ڕووداوی وەها نەبووە (ماوەیەکی کەمی جەنگی کەنداو نەبێت). ئەوەش ڕۆژانە ڕێگیریی کردوە لەهەناردەکردنی (500) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان.
دووەم/ عێراق تووشی گۆڕانێکی ژینگەیی ترسناک بۆتەوە. بە گشتی لە ئێستاداو لە ئێستا بەدواوە کەشوهەوای خراپ چ لە عێراق و چ لە دەوروبەری کاریگەریی دەخاتە سەر هەناردەکردنی نەوت.
سێهەم/ عێراق، بەتایبەتی سۆمۆ یەکێک لە عەیبە سەرەکییەکانیان ئەوەیە هەر نەوتی خاو هەناردە دەکەن، لەبری ئەوەی پاڵیوگە و پیشەسازیی نەوت بینا بکەن و پێکهاتە نەوتییەکانی دیکەش هەناردە بکەن، بە پێچەوانەوە هەموو ساڵێک لە بودجەی عێراقدا ملیارەها دۆلار تەرخان دەکرێ و کراوە بۆ هاوردەکردنی پێکهاتە نەوتییەکان و پێداویستییەکانی لە هیند و ڕووسیاو چین و… تادوایی. دەبوایە عێراق ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان بفرۆشێت نەک بکڕێت!
چوارەم/ عێراق دەبێ پابەند بێ بە بڕیاری ئۆپیک پڵەسەوە، کە وڵاتانی ئەندام ملیۆنێک و 200هەزار بەرمیل کەمتر بخەنە بازاڕەوە. بەتایبەتی ئۆپیک لە عێراق دامەزراوە و عێراق پێویستە پابەندێتی هەبێت هەر نەبێت بۆ ئەوەی نیشانی بدات توانای سەرکردایەتیی کردنی پرسی نەوتی هەیە.
سەرباری هەموو ئەمانە، عێراق تەنانەت وڵاتانی وەک چین و ئێران و هیندیش، کە نەوت یان هەر کاڵایەکی دی دەفرۆشن، لەبەرانبەردا دۆلار وەردەگرن! کێ کۆنترۆڵی بەسەر دۆلاردا هەیە؛ بێگومان بانکی ناوەندی و خەزێنەی ئەمریکا. کەواتە هاوسەنگ ڕاگرتنی بازاڕ نەک لە دەست عێراق بەڵکو لە دەستی ئۆپیکیشدا ڕێژەییە.
ئەی بۆچی لە ناو سۆمۆ و وەزارەتی نەوت و ڕاوێژکارە ئابورییەکاندا، هەیانە (40 بۆ 50) ساڵ ئەزموونی هەیە لەو جێگایانەدا، ئەو جۆرە قسەو بانگەشانە دەکەن!؟ یان ئەوەیە دەوڵەتەکە ڕووئیایەکی نیە، یان بۆ ئەوەیە بەشبەشێنەی لایەنە سیاسیی و دەستی میلیشیاکان لەو سێکتەرەدا بشارنەوە، کە مانگانە لە دەرەوەی سۆمۆ هەر لایەنەو پشکێکی هەیە بۆ خۆی لە دەرەوەی سۆمۆ دەیفرۆشێت!