شێرزاد شیخانی: توو خوا عەیب نیە؟
کە تەماشای وەزعی میللەتانی دونیا دەکەم و لەگەر وەزعی خۆمان بەراوردی دەکەمەوە، گریانم دێ. بڕۆن تەماشای تیکتۆک و یوتیوب و کەناڵەکانی راگەیاندنی دونیا بکەن ببینن گەنجی وڵاتانی دونیا کوو دەژین و گەنجی ئێمەش لەکام بەحرو غاباتی دونیا گیان لەدەست دەدا؟!. ئەمە میللەتەکین لەهەموو میللەتانی دونیا زیاتر قوربانیمان دایە، هەزاران سارە بێ دەوڵەتین، دەیان سارە لەشۆڕش و تێکۆشانداین، ئەنفال و کیمیاباران کراین، تەهجیرو تەعریب کراین، لەئاخیری تەمەنمان حوکمەتەکی سەربەخۆمان دامەزراند، لەجیاتی ئەوەی هەرێمەکەمان بکرایە بەهەشتی سەرزەمین، بوو بە دۆزەخەک هەموومانی سووتاند!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد، دوای هەشتا سار لەحوکمی رژێمە داگییرکەرەکان، رژێمەک دامەزرێنین کە لەوان زاڵمتر و ستەمکارتر بی؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد داگییرکەری عەرەب بگۆرین بە داگییرکاری تورک و عەجەم؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد، موستەشارو ئەنفالچییەکان داڵدە بدەین و ، پێشمەرگەی دێرین لەژێر پێیان پان بکەینەوە؟! . لۆ ئەوەی خەباتمان کرد مندارە بەعسییەکان لەباوەش بگرین، و منداری شەهیدانمان ببنە خۆراکی ماسییەکانی بەحری ئیجە؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد سەروەت و سامانی میللەتەکەمان تەسلیمی دەستی رژێمە داگییرکەرەکان بکەین، خۆشمان نەتوانین معاشەکی شایسستە بە فەرمانبەرو خانەنشینانمان بدەین؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد کوڕو نەوەی شێخەکانمان دەیان مەلهاو دیسکۆو مەساجخانە لەشارەکانمان بکەنەوەو گەنجەکانمان فێری حەشیشەخواردن بکەن؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد گەڕەکە دێرینەکانمان خاپوور بکرێ، گوندی ئەڵمانی و ئیتالێ و ئیسپانی و گەڕەکی وەزیران دروست بکرێ؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد کەرتی پەروەردە وێرانبکرێ، تەندروستی کاوڵبکرێ، خەستەخانەو زانکۆی ئەهلی قییت بکرێتەوە؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد زیندانەکانی بەعس برووخێنین ، دەیان زیندانی زۆر لەوان ترسناکتر دامەزرێنین ؟!.خەباتمان لۆ ئەوەی کرد، خەرکی برسی وڵاتەکەمان نەوێرن بێنە سەر شەقام داوای مافی مووچە بکەن، مامۆستامان بەر شەق بدرێ، گەنجەکانمان لەسەر خۆپیشاندان و کۆمینت نووسین بدرێنە دادگاو بە ساڵان حوکم بدرێن؟!. خەباتمان لەدژی تەعریب و تەهجیری بەعس کرد، ئێستا بە دەستی خۆمان وڵاتەکەی خۆمان تەعریب کردیە بە فرۆشتنی خاکەکەی بە عارەبان؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد مەزڵومیەتی میللەتەکەمان بگەینینە دونیای دەرەوە، ئێستا ناشرینترین لاپەڕەکانی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ باسی زوڵمو زۆرداری دەسەڵاتەکەی خۆمانە دژ بە مافی مرۆڤی کورد ؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد، خزمەتگوزاری ئاوو کارەبا لۆ خەرکی خۆمان دابینبکەین، ئێستا ئاوو کارەبا تەنها لۆ مەزرەعەی بەرپرسەکانە؟! خەباتمان لۆ خۆشگوزەرانی میللەتمان کرد، ئێستا میللەت لەناخۆشترین رۆژگاریدایەو، مەسئولەکانیشمان لەو پەرێ خۆشی ژیان؟!.
شوورەییە دەسەڵاتەک نەتوانی ئاوی خواردنەوە لۆ میللەتەکەی دابینبکاو ژنانی گەڕەک بێنە سەر شەقام خۆپیشاندان دژی بێ ئاوی بکەن!.
مردنە دەسەڵاتەک ئەو هەموو قوربانییەی میللەتەکەی خۆی لەبیر بباتەوە، تەنها خەمی مانەوەی کورسیەکەی بیتن. شوورەییە دەسەڵاتەک ئەوەندە لەبەر چاوی میللەتەکەی ناشرین بی بە تەزویرو ساختەچییەتی خۆی بکاتە نوێنەری خەڵکو بە دەنگی موستەشارو سەرۆک عەشییرەت و کۆیلەو ماستاوچی و هیچوپووچەکانەوە لەسەر دەسەڵات بەردەوام بیتن! زۆر عەیبە دەسەڵاتەکی کوردی خۆماڵی ئەوەندە ناشرین بی خەڵک تەمەننا بکا بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی شۆفینیزمە عەرەبەکانی بەغدا! شوورەییە دەسەڵات نوسەرو رۆژنامەنوس زیندانی بکا لەسەر گۆتنی قسەی حەق و دیفاعکردن لەمیللەتەکەی! زۆر عەیبە دەسەڵاتەک خۆی بە کورد بزانی، نۆکەری تورک و عەجەم بی و چاوساغیان لۆ بکاتن!. ریسواییە دەبابەو فرۆکەی دوژمنی میللەتەکەت بینیە سەر برایەکانت و شانازی بە خیانەتەوە بکەیت!.
ئەوانەمان هەمووی بە چاوی خۆمان دیت، لۆیە خەمبارو خەفەتبارم کە ئەو وەزعەی میللەتەکەم دەبینم کە شایەنی ئەو هەموو زوڵمو ستەمەکارییە نەبوون، چونکی میللەتەکی خەباتکارو قوربانیدەر بوو، بەڵام بەداخەوە رێز لەو خەباتو تێکۆشانەی نەگییرا ئەوەش حاڵی میللەتەکەمە. باقی وەلسەلام ..
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts