بەختیار نامیق: نەبونی دڵنیایی ئابوری و فرۆشتنی داهاتومان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستەمی نوێی جیهان و سەرمایەداری، تەنها وەک کڕیار و بە پێوانەی هێزی کڕین، دەڕوانێتە دەوڵەتان و مرۆڤی جیهانی سێهەم. بەڵکو وەک میکرۆئیکۆنۆمی بە ژمارەی قازنج و کەڵەکەبونی سەرمایە پێوانەی دەکات، هەم لەسەر ئاستی تاک و هەم لەسەر ئاستی دەوڵەت بە پێوانەی بەرژەوەندی و چەندێتی و چۆنییەتی سامانی سروشتی دەیبینێت.
هەرێمی کوردستان دوای قوناغی سەدام و دەرهێنانی نەوت و ئابوری سەربەخۆ و بە ناوی کرانەوەوە بوە بە بەشێک لەو سیستەمی سەرمایەداریە قازانج ویستە، بە جۆرێک نەک هێزی ئێستامان، بەڵکو داهاتوشمان فرۆشراوە، لە بەرامبەردا لە ڕوی ئابوری و داهاتەوە فرە سێکتەر نین، ئەگەر چی ژینگەی فرە سێکتەری ئابوری لەبارە، بەڵام بوین بە هەرێمێکی نەوتی. لێرەوە وەک هێزی کار و هێزی ئابوری تاک و داهاتومان لەژێر کۆمەڵێک مارکێتینی ئابوری و بانکیدا فرۆشراوە.
تاک و خێزان نیە قەرزاری قیست نەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک، بە تایبەت لە شارەکاندا. وەک حکومداری هەرێمیش هەمان گیرۆدەی ئابورین. حکومەتی هەرێم نەک خۆمان، بەڵکو نەوەکانی دوای خۆمانیشیان قەرزار کردوە، لەسەر ئاستی سایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵگاش دڵنیایی و ئاسودەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بونی نیە. خۆ ئەگەر کورد لە ڕووی ئابوری قەرزەوە، دۆخی پێداویستی لە قۆناغەکانی ڕابردوو باشتر بێ. ئەوا لە ڕوی سایکۆلۆژیای تاک و دامەزراوەییەوە تەواو وێرانین، نە تاک و نە حکومەت هەست بە دڵنیایی ناکات. بەڵکو لە ژمێریارییەکی ماتماتیکیدا و ژێرخانێکی ئابوری لەرزۆکدا هەمومان ئێستا و داهاتوشمان فرۆشراوە.
بە مانایەکی تر ئەوەی لە بواری ئابوریدا پێی دەوترێ خەرجی گیرفان، بە گیرفانی تاک و حکومەتەوە نەک ئەوەی لەناو گیرفاندایە. بەڵکو ئەوەشی لە داهاتودا دێتە ناو گیرفانەکانەوە، خەرج کراوە و قەرزاری داهاتویش بوین. هێز و تەمەنمان لە ژێر حکومی قەرزی گیرفاندا فرۆشراوە. هەمو ئەم قەرزاریانە لە سایەی حکومێکی نەشارەزا لە دەوڵەتداری و کاگێڕی و سەرمایەیی هێزی مرۆییدا بوە. نەشارەزایی لە دۆسیەی نەوت و قۆناغەکانی لە دەرهێنانەوە تا فرۆشتن و گرێبەستەکان بوە، پاشان نەزانین لە بەڕێوەبەریدا، کە ئەم عەقڵیەتە زیاتر شوانکارەیی و خێڵەکییە و کاتێک بە دنیایەک سەرچاوەی سروشتیەوە دەچێتە ناو کۆشکی سیستەمی سەرمایەدارییەوە، دەچێتە ناو قومارخانەی بازاڕی نێودەوڵەتییەوە. هەر لە دەرگاکەدا دەخەڵەتێنرێت و ناچار بە داخڵ بون دەبێت. هەر هەنگاوێکی بە ناشارەزایی بۆ ناو ئەم کۆشکە زیاتر فێڵی لێدەکرێت و کات و وزە و بەرهەمی لێدەسێنرێت بە هەراج، بێ ئەوەی بزانێ داهاتوی خۆی و خەڵکەکەشی دۆڕاندوە. بازاڕی سەرمایەداری بە تایبەت بازاڕی ڕەشی نێودەوڵەتی وەک قومارخانەی نێودەوڵەتی گەر وریا و شارەزا نەبیت بە زیندوی نەک هەر خۆت، بەڵکو داهاتوشی بردوەتەوە و تۆش دۆڕاوی، دواتر ئاسودەیی و دڵنیایی کۆمەڵایەتیشت نامێنێ، ئێستا دۆخێکە هەم تاک هەم حکومەت داهاتوی فرۆشراوە و دڵنیایی سفرە و ئابوری لەرزۆک و یەک سێکتەرە، بۆیە لای هەمو تاکێک ترسێکی گەورەی نا دڵنیایی ئابوری هەیە و حکومەتیش بەردەوامە لەسەر فرۆشتنمان و فرۆشتنی داهاتوی دوریشمان، وەک بەدیل فریادڕەس لە ڕوی سیاسی و حیزبیەوە خاڵین لە ڕابەرایەتی و دۆخی نائومێدی لە ئێستا و داهاتوو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت