بەهرۆز جەعفەر: چارەسەر چی یە، ئایا دەرفەتێک ماوەتەوە بۆ ئەوەی بازێک بدەین؟
ئێستا ئەگەر هەموو لایەنەکان، هەموو نوخبەی هەرێمی کوردستان لەهۆڵێکی زۆر گەورەدا کۆبکەیتەوە، پێیان بڵێی ئێوە کۆکن کە سەرانسەری کێشەکان لە ڕابردوەوە تا ئێستا لە نەبوونی دەستورێک بۆ کوردستان، هێزێکی یەکگرتووی سەربازیی نیشتیمانیی- سەردەمیانەی پاڵپشتیکراو بە یەکەی هەواڵگریی پێشکەوتوەوە سەرچاوە دەگرێ، لە نەبوونی ئابورییەکی بەهێزی فرەچەشنەوە دێت، هەر هەموو ئەوانەی لە هۆڵەکەدان دەستی “بەڵێ” بەرز دەکەنەوە.
ئەگەر هەموو پسپۆڕانی بواری وزە لەو هۆڵەدا کۆبکەیتەوە، هەر هەموویان کۆکن کە پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە بە هەڵەی کوشندە دەستی پێکردوە، چونکە لەبری کۆمپانیای نەوتیی نیشتیمانیی کوردیی درووست بکرێت، دەیان گرێبەستیان لەگەڵ هەندێ کۆمپانیا واژۆکردوە (هێشتا خەڵک هەیە بە ناڕاستەوخۆ دەستی لەناو کەرتی وزەی کوردستاندایە بێ ئەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگیرەکەی لێی ئاگاداربن!)، بەگشتی هەموان دەستی “بەڵێ”بەرز دەکەنەوە کە دامەزراوەی زانستی و توێژینەوەی قووڵ لە پشت پرسی وزەی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆڵی نەبوە.
ئێستا با واز لە بۆڵە بۆڵ و تۆمەتبارکردنی ئەم و ئەو موزایەداتی سیاسیی و ئایدۆلۆژی بهێنین. چوار ڕۆژ بەر لە ئێستا لە جادە حەولییەکەی کەرکوک مێرمنداڵێک بەنزینی فرۆشتوەو ئاڵایەکی کوردستانی پێ بوە، وەکو ڕۆژی دواتر لەو جێگایە هاوڕێکانی پێیان وتم؛ حەشدەکان تەقەیان لێی کردو کوشتیان، چونکە”کورد”بو!
لای منەوە، ئەم ڕێگایانەی خوارەوە چارەسەرن:
یەکەم/ ئەوە ڕاستە سووننەکان دۆستی کورد، یان لایەنێکی کوردین، بەشێک لە شیعەکانیش دۆستی لایەنێکی دیکەی کوردین، بەڵام کە هاتە سەر بەرژەوەندیی خۆیان، یان وڵاتێکی هەرێمیی ئاماژەیەکی پێدان، ئەوان بە دوای کاری خۆیان دەکەون. بۆیە باشترین دۆست کورد و کورد (کوردەکان) خۆیانن. بۆ وامان لێ هات؟ چوونکە بیرکردنەوەی تەسکی حیزبی و کینەو بیری ئەوەی چۆن پاشەقول لە یەک بگرن، ئاوهای لێکردین. کەواتە سەرەتای ڕێگەی قوتار بوونەکە، بە درووستکردنی دوو ئەنجومەنی کوردیی کە کەسی یەکەمی حیزبە کوردییەکان تیایدا بەشدار بن [نەک ئەم و ئەوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی، هێشتا لە لۆفەکانی پیرمام نەهاتونەتە خوارەوە قسەوباسی ناو کۆبونەوەکان لە سۆشیال میدیاو لە شاشەی ڕووداو ئاگر دەکاتەوە!].
ئەنجومەنی دووەم/ ئەنجومەنێکی ئابورییە، بۆ نموونە لە ( 12 ) کەس پێک دێن. چوار دیسک پێک دێێن لە ناوخۆیاندا، کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابوری و بازاڕ و دارایی هەوڵ دەدەن، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
A- دیسکێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ملیاردێر و ملێۆن نێرەکانی کوردستان تا هاوکار بن.
B- دیسێکێک بۆ پاراستنی سامانی ئاو و دەرامەتە کشتوکاڵییەکان.
C- دیسکێک بۆ گفتوگۆ و ڕاکێشانی پارەو بەخشین لە کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان و دەوڵەتانی دونیا.
D- دیکسێک بۆ ئەوەی چیمان لە بەغداوە دەست دەکەوێ؟
دووەم/ لەگەڵ ئەمانەدا، پێویستە هەمانگی میدیایی هەبێت [نابێ کەسێ لەناکاو بێت بڵێ ساڵی هەشتاکان ئەو لوتکەیە ئێمە گرتمان نەک ئەوان، ئیتر هەفتەیە بەمەوە سەرقاڵ بن]. بەڵکو پێویستە نیشانی بدەن، کە دەستوری عێراق پێشێلکراوە، سەدان لادێ داگیرکراون و هەزاران جوتیاری کورد لە زێدو جێگەی خۆی هەڵکەنراوە، ئەوان ئەوەتا لە کەرکوک هێزی ئەوەیان هەیە ڕێگەی هەولێر- کەرکوک دابخەن، بەڵام ئێمە لە کەرکوکدا نەمانتوانیوە ڕێگەی بەغدا- کەرکوک بگرین. بڕیار بوو بە پێی یاسای بودجە ( 16 ) تریلیۆن پشکی کورد بێت، کردویانە بە ( 8 ) تریلیۆن و ئەوەش بە باشی نانێرن!
داوای مەلەفی نەوتیان کرد، ڕادەست کرا، داوای وردبینی و بەدواداچوونی داهاتی نا-نەوتیان کرد، پێیان درا. ئێستا دەیانەوێ بە دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق ( بێ ئەوەی یەک نوێنەری کورد ڕەشنووسەکەی بینی بێت) تێی پەڕێنن و هەموو کەرتی وزەی کوردستان بخەنە ژێر دەستی ئەنجومەنێکی ئیتیحادییەوە کە لە ( 12 )ٚ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە ( 1 ) تەنها یەک کەسی کورد دەبێت.
سێهەم/ کە ئەوانەی لای سەرەوە دەستی پێکرد، یەک لێشاو کاری لۆبی جۆراوجۆر لە کەنداو (ئیمارات بە پلەی یەکەم، پاشان سعودییە ئینجا قەتەر) دەست پێ بکات، بە درووستکردنی سێگۆشەی تورکیا- کەنداو- هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی بە هۆی گازی سرووشتییەوە دێتە ئارا ( ساڵێکە ناوەندە کەنداوی و تورکییەکان دنەی ئەمە دەدەن). ئەمەش وا دەکات سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بوێرتر بکرێ. هەروەها بێ سێ و دوو لەمکاتەدا کە جەنگی ئۆکراین و قەیرانی گرانی وزەو سوتەمەنی لەئارادایە، پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئەم هەنگاوە هەیە.
نابێت ئیتر شانی لێ بدەنەوە و جووکە جووک بکەن: دۆخەکە ئاڵۆزە! دۆخەکە ئاڵۆزە، ئەی بێگومان ئاڵۆزە، ئەی ئیشی ئێوە چییە!