شێرزاد شێخانی: شکست و ئیفلاس بوون.
هەولێریات
بابوباپیرانمان بە خۆشمانەوە خاوەن کەڕامەت بووین. لۆیە هەمیشە یەک دوعامان هەبوو کە لەخوا دەپاڕاینەوە” موحتاجی دەستی پیاوی نامەردمان نەکات. ئەوە دوعای هەموو کەسەکی بوو کە هەست بە کەڕامەتی خۆی بکات. ئەوەی ئێستا لەو دەسەڵاتە دەبینرێ، ئەو حاڵەتەیە کەوا میللەتەکەمانی موحتاجی دەستی نامەردانی بەغدای کردین. ئەوە خۆتان دەبینن لەحەفتەیەکدا چەند وەفد دەنێرنە بەغدا، لۆ سواڵی تیکە نانەک و بڕە پارەیەکی مووچە کە بە هەزار پیینەوپەڕۆش هێشتا پێیان نادرێ. بەوەش هەموو میللەتەکەی خۆیان سووکو ریسوا کرد لەبەرچاوی دۆستو دوژمنان.
لەبن سەری ئەو دەسەڵاتە شکستخواردییەی هەرێم، بەغدای موفلیس، سواری سەری میللەتەکەمان بووە. زۆر بێ ئەخلاقانە شەڕی برسیکردنی لەگەر دەکا، ئەگەرنا خۆ ئەمەش بەشەکین لەو عیراقە بە زۆر سەپێنراوە بەسەرمانەوە، دەستوورەکیش هەیە کە زامنی مافی هاوڵاتیبوونمان دەکات، ئەدی لۆ وەکی هەر هاوڵاتیەکی عیراقی لەجنوب و وەسەت حیسابمان لۆ ناکرێ؟!.
ئەوە هەڵوێستی ناشەریفانەی بەغدایە، بەڵام خۆ بەشەکی زۆری ئەو نەهامەتی و کەڕامەت شکاندنەش دەکەویتە سەرشانی دەسەڵاتە شکستخواردووەکەی خۆمان. ئەو هەرێمەی مە، ئەوەندە دەوڵەمەندە لەسامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کە نەک بەشی خۆمان، بەڵکو بەشی نەوەی نەوەکانیشمانی دەکرد، ئەگەر هەندەک بە عاقڵانە ئیدارەی ئەو سامانە بکرابوایە.
شکستی دەسەڵات ئەوەیە: ئەتوو لەسەر بەحرەکی نەفت بی، کەچی نەتانی ساری جارەک یەک بەرمیل نەفتی سپی بدەیە هاوڵاتیەکانت، زستانی سەختی پێ بەڕێ بکەن!.
شکست ئەوەیە: لەسەر دەریایەک غازی سروشتیدا بیت، نەتانی رۆژانە لە 10 سەعات زیاتر کارەبا لۆ میللەتەکەت دابینبکەی!.
شکست ئەوەیە: بە هاوین نەتانی ئاوی خواردنەوە لۆ میللەتەکەت دابینبکەی، زستانیش لافاو گەڕەکەکانت ببات!.
شکست ئەوەیە: خۆت وڵاتەکی بەرهەمهێنەری نەفت بیت، بەڵام بەنزین لەدەرەوەی وڵات هاوردە بکەی!.
شکست ئەوەیە: باری سەرشانی خەرک بە سەتان نەوعە باجو سەرانەو رسومات و غەڕامە قوڕس بکەی، لەدواییشدا هەموو پارەکەی تەسلیمی دەستی بەغدا بکەی!.
شکست ئەوەیە: ملیۆنەک عارەب لەشارەکانی کوردستان نیشتەجێ بکەی، بەڵام لەسەر داگییرکردنی هەزار مەتری بارەگایەکی حزبی میللەتەکەت تووشی شەڕەکی بێ ئامانی وێرانکەر بکەی!.
شکست ئەوەیە: کەرتی تەندروستی وێرانبکەی، خەستەخانەی ئەهلی و بازرگانی دەرمانی قاچاغ، بەسەر میللەتەکەت وەرکەن!. کەرتی پەروەردە کاولکەی زانکۆی بێ مستەوا بەپارە بەسەر میللەتەکەت فەرز بکەی!.
شکست ئەوەیە: دەست لەهەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری هەڵگری و رادەستی کۆمپانیای مافیاکان بکەی!.
شکست ئەوەیە: لەترسی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی شەقام، دەیان کەسایەتی رۆشنبیرو نوسەرو رۆژنامەنوس لەزیندان بکەی و، لەسەر کۆمینت نوسین پەلاماری گەنجانی میللەتەکەی خۆت بدەی!.
ئیدارەدانی دەسەڵات تەنها ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی و ماتەمینی نیە، نوسینی دوو وتاری قەڵەمفرۆشەکانی سایتە حزبیەکان نیە، لێدوانی دوو بەرپرسی کۆیلەی دەسەڵات نیە. ئیدارەدانی دەسەڵات هونەرە، عەقڵە، شارەزاییە، پسپۆرییە، ئەوانەش هیچیان لەو دەسەڵاتەدا نابینرێ. دەسەڵاتی ئەو هەرێمە ئێستا لەدەست کەسانێکی بێعەقل و کاڵفامی حزبی و نەشارەزا لەئیدارەی دەوڵەت لەبەرامبەر ئیهمالکردنی خەڵکی پسپۆرو ئەکادیمی و کەسایەتی بەتواناو خەمخۆرانی میللەت، هەڵبەت بەرهەمی ئەو نەوعە دەسەڵاتەش هەر شکستو ئیفلاس بوونو زەلیلیە بەرامبەر بەغدا. سووکایەتیشە بە رۆحی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی و ئیهانەیەکی گەورەشە لۆ خوێنی هەزاران شەهیدو قوربانیانی ئەو میللەتە.
ئەو زەلیل بوونەی ئێستای میللەتەکەمان بەرامبەر بە بەغدا لەتاریخی کورددا رووینەداوە، سەبەبکاریشی دەسەڵاتەکی ملهوڕو مەغرورو نەزان و هیچ لەبارنەبووە کە هیچ شتەکی پێ عەیب نیە، تەنانەت دەست پانکردنەوەش لەبەر دوژمنانی گەلەکەمان.
باقی وەلسەلام ..
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts