تالیب محەمەد: ژێرخانی پەروەردەیی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
کاتێک باس لە ژێرخان دەکەین، هەرلەبینای قەتابخانەو سیستەمی دیجیتاڵی و تەواوی ئەو دامەزراوە پەروەردەیانە ئەگرێتەوە کە دەچنە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەوە، ئێمە لەداهاتودا یەک بە یەک ئەچینە سەرڕونکردنەوەیان، لەبەر ڕۆشنای ئەوەی کە ژێرخانی ئابوری پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هزر و بیر و سەرخانەوە هەیە، پەیوەندیەکی پتەویان بەیەکەوە هەیە، بۆیە ئێمە لەم نوسینەدا هەردوکیان بە پێویست ئەزانین و باسیان دەکەین.
قسەیەک هەیە، ئەڵێ: سەردەمی نەبونی ئامێرەکان و کەرەستە سەرەتایەکانم بدەرێ، سەردەمی کۆیلایەتی و کۆمۆنی سەرەتایت ئەدەمێ. زەویوزار و ئامێری سەرەتایم بدەرێ، سەردەمی دەرەبەگایەتیت ئەدەمێ. مەکینە و ماشێنم بەرێ، سیستەمی سەرمایەداریت ئەدەمێ. سیستەمی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنیات و تەکنەلۆژیام بدەرێ، جیهانگیری و سەردەمی گڵۆباڵ و پۆست مۆدێرنێتت ئەدەمێ.
ئەمە ئەوەمان بۆ ڕون دەکاتەوە کەمادە و ئابوری لەگەڵ هزرو سیاسەت و دەوڵەت تەواو یەکانگیرن و لە بۆتەی یەکدیدا تواونەتەوە، مارکس و ئەنجلس پێیان وایە ( کاتێک مرۆڤەکان پەرە بەبەرهەم هێنانی ماتریاڵی خۆیان و پەیوەندیە ماتریاڵیەکانیان دەدەن، ئەوا لە هەمان کاتدا هزرو بەرهەمەکانیان لە گەڵ ئەم واقیعە دەگۆڕن کە خاسێتی تایبەتی خۆیانە).
هەموو ئەمانە ئەوەمان بۆ دەرئەخەن کە مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵگاکان، پەیوەندی بە ژێرخانەکەیانەوە هەیە، وەک لەپێشەکیەکەوە هاتوە باسی هەریەکە لەبینای قوتایخانەو سیستەمی دیجیتاڵی و دامەزراوەکانی تردەکەین کە دەچنە چوارچێوەی ژێرخانی پەروەردەییەوە.
بینای قوتابخانە
ئیمە کەباس لەژێرخانی پەروەردە ئەکەین زۆربەمان ئەوەمان بەخەیاڵدا دێت کە ژێرخانی پەروەردەیی پێکهاتوە لە قوتابخانەیەکی نەریتی کە دەیان ساڵە ئێمە ئەو جۆرە قوتابخانەمان بەر چاو ئەکەوێت و تیایدا خوێندومانە تەنانەت ئەو خوێندنگایانەی کە تازەن و لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دیزاینیان بۆ دەکرێت هەر لەشێوازی قوتابخانە کۆنەکاندان، بەداخەوە لە ئاستی باڵاش هەر بەو جۆرە بیری لێدەکرێتەوە تەنانەت تەرخانکردن و پیشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵیش هەرخۆی لەم جۆرە بینایانەدا دەبینێتەوە. ئەو لێدوانەی بەرێز وەزیری پەروەردەش کەلەساڵی ( 2019 )دای کەتیایدا ئاماژەی بەوەدا ( بۆ تەواوکردنی ژێرخانی پەروەردە لەهەرێمی کوردستان پێویستمان بە ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دۆلار دەبێت) هەر لەژێر ڕۆشنایی قوتابخانە تەقلیدیەکان بووە تا ئێستا بیر لە دروست کردنی قوتابخانەی مۆدێرن نەکراوەتەوە کەجیهانی تازەو وڵاتانی پیشکەوتوو دەیان و سەدان ساڵە ژیرخانی پەروەردەیان ئەم جۆرە قوتابخانانە دەگرێتەوە.
بەکورتی ئەگەر پێناسەی قوتابخانەی مۆدێرن یاخود قوتابخانەی ئاڵۆز بکەین ئەوەیە کە ئەم جۆرە قوتابخانانە ڕوبەرێکی زۆر لە زەوی داگیردەکەن زۆربەی بەشەکانی وەک (پۆل، کتێبخانە، بنکەی تەندروستی، مەلەوانگە، چێشتخانە، تاقیگە و گەنجینە) لەخۆ دەگرێت جگە لەوەی ئەم جۆرە قوتابخانانە بەسیستمێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو دەبێت بەڕێوە ببرێت، دواتر زیاتر باسی دەکەین.
ئەگەربتەوێت ئاستی پەروەردە و فێرکردن لەئامانج و ستراتیجی خۆی نزیک بێتەوە کەئامانجی دروستکردنی تاکێکی بوێر و ئازاو ئازادو ڕەخنەگرو باوەڕبەخۆبو بەرهەمدارو بەهرەدارو نیشتیمان پەروەر بنیاد بنێیت کەخودی ئامانجی پەروەردە لە سەرزەوی بەدرێژای مێژوو ئەمە بەدروست کردنی مرۆڤێکە بەم تایبەتمەندیانە دوای ئەوەی قۆناغەکانی ڕەوڕەوەی مێژوی بڕیوەو گەیشتۆتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کەبەداخەوە ئەمڕۆ ئەوەی سەرنج دەدرێت ئامانجی پەروەردە کۆبۆتەوە لە تەنها خۆندەواربونی کۆمەڵگە ئەوەی لەبیرکردنەوەی مامۆستا و قوتابی و دایبابان و تەواوی بەرپرسانی پەروەردەیی دروستبووە تەرکیز وتیشکخستنە لەسەر زانست و کەمترین بیرکردنەوە بۆ سەر ئامانجە پەروەردەیەکانە کەدروست کردنی مرۆڤە بەهەموو ماناکانیەوە، بۆ ئەوەی زۆر لە تەوەرەکە دوور نەکەوینەوە جارێکی تر ئەگەڕێمەوە بینای قوتابخانە، لەگەڵ ئەوەی کەلەناو بینای قوتابخانە ئەو بەشە سەرەکیانە پێویستن بێگومان لایەنێکی ترکە نابێت فەرامۆش بکرێت تیایدا ئەویش سودی بۆ خزمەتی پەروەردە و سەرنج ڕاکێشانی قوتابیان هەیە، بابەتی جوانکاری و دیکۆراتی قوتابخانەیە کەخۆی لە ڕوناکی و فراوانی سەوزای و باخچەکان و هەموو ئەوڕەنگ و نوسینانەی کەلەسەر دیوارو بینای قوتابخانە دەکرێن بەشێوازێکی هونەری و کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆمانەوە و بەجێنەهێشتنی قوتابخانە لەلایەن خوێنکارانەوە وە هاندانی دایبابانە بۆ ناردنی ئەو قوتابخانەنەی کەژینگەکەیان لەم جۆرەیە.
هەروەها تازەترین لێکۆڵینەوەی دامەزراوەیەکی پەروەردەی بەریتانی کەئەنجامی داوە لەسەر ژینگەی قوتابخانە و دیزاین کردنی ژێرخانی قوتابخانەکان بە یەکەوە، ڕونكردنەوەی جیاوازی لە سەدا (16%) پێشکەوتنی ئەکادیمی خوینکارانی بنەڕەتی ئەدات. ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە نیشان ئەدا کەدیزاینی ژێرخانی پەروەردە کاریگەری لەسەر فێربوون دەبێت.
سیستمی دیجیتالی
سیستمی دیجیتاڵی یەکێکە لەو سیستمانەی کە ئەچێتە چوارچێوەی ژێرخانی پەروەردەییەوە کە هاوکارێکە بۆ کرانەوەی ئینتەرنێتی خوێدنگاکان و سیستمی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو وەبەشێکی دانەبڕاوە لەقوتابخانەی ئاڵۆز، گرنگی ژێرخان بۆ بۆشایی پەروەردەی دیجیتاڵ لەو ڕاستیە دایە کە پێویستە دیمەنی قوتابخانە نەریتیەکان بەرز بکرێتەوە لەگەڵ بەرەو پێش چونی کات و دروست کردنی شوێن بۆتەکنەلۆژیا وە بەدیهێنانی گۆڕانکاریە پێویستیەکان لەهەر کات و شوێنێکدا کەپێویست بێت. ئەمەش بەهۆی ئەو ڕاستیەوە یارمەتی دەرئەبێت کەتەکنەلۆژیای نوێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نەوەی ئێستای تەکنەلۆژیای پەروەردەیی. ئێستا ئەم پێشکەوتنی سیستمی دیجیتاڵیە لەسەرکردایەتی ئەوشۆڕشەدایە کەڕێبەرایەتی دەکات بەرەو داهاتویەکی سەلامەتترو گشتگیرتر بۆ پەروەردە. یەکێکیتر لەسودەکانی ئەوەیە کەئەم فێرکردنە پلاتفۆڕمێکی قوتابخانەی یەکخراو پێشکەش دەکات کە هەموو ئامرازە پێویستیەکانی تێدایە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون خۆشتر و سەرنجڕاکێشتر بکات. هەروەها بەڕێوبردنی دامەزراوە پەروەردەییەکان ئاسانتر و کاراتر ئەکات.
کاریگەری تەواوی ئەبێت لەسەر کۆی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەشێوازی چارەسەری مامەڵەو وەرگرتن و کتێبخانە وە پێدانی کۆنتڕۆڵی باشتر بە مامۆستایان بەسەر پۆلەکەیاندا بۆ یارمەتیدانی بەدوادا چونی ئامادەبوان، پۆلەکانی ڕاستەوخۆ، ڕاپرسی ڕاستەوخۆ و تۆمارکردنی پۆلی ڕاستەوخۆ و پەیوەندی بەردەوام ڕاستەوخۆ لەگەڵ باشترین و پێشکەوتوترین پۆل و قوتابخانە پێشکەوتوەکان ئەمە جگە لەوەی کەهەموو لایەنەکان بەڕێوەبردنی قوتابخانە لەژێر یەک سەقفدا کۆدەکاتەوە.
ج- دامەزراوەکانی تری پەروەردە:
لەڕاستیدا دامەزراوەکانی تری پەروەردەیش ئەچنە چوارچێوەی ژێرخانی پەروەردەییەوە کەئەمانیش چەند کوالێتی و پۆلێنکردنیان گرنگە لە ڕوی شێوازی دیزاینکردنی بیناکانیانەوە، هەروەها بەو هۆیەوە ئەتوانرێت باشتر چاودێری پڕۆسەی خوێندن بکەن، لە ناوەندەکانی خوێندن بەڵام لێرەدا لەبەر ئەوەی کەسەرنجی نوسینەکەمان لەسەر گۆڕانکاریە لەسیستمی پەروەردە و فێرکرن، زیاتر شاڕێی کارەکەمان سەرنجدانە لەسەر ناوەندەکانی خوێندن کە لە ئێستادا زۆر ڕەخنەی لێ دەگیرێت بەهۆی ئەوەی کەئێستا نەتوانراوە ئەم پڕۆسەیە لەژێر دڵخوازی خەڵکانی دڵسۆزی نیشتیمانپەروەر و بەرپرسان و ڕۆشنبیران و کاربەدەستاندا بێت.
بۆیە کەسەرنج دەدرێتە دامەزراوە باڵاکان ئەویش پێویستیەکە بەڵام ئاسانتر دەتوانرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بخرێتە ژێرکۆنترۆڵەوە بەسیفەتی ئەوەی لە گروپێگی دەسەڵاتەوە نزیکترە.
ئەنجام
لەکۆتای ئەم بەشەدا ئەوەی ماوە بیڵێین کە ئەگەر بیربکرێتەوە لەژێرخانی پەروەردەی ئەم زانیاری و پێشنیارانە نەخشە ڕێگای زانستی گەیشتنە بە قوتایخانەی پەروەردەی نوێ و مۆدێرن، ئەوەی لەجیهاندا ناسراوە بەقوتابخانەی ئاڵۆز. کەهەتا قوتابخانەکانمان کوالێت و ژێرخانیان بەم شێوازە نەبێت ئەستەمە بتوانرێت پەروەردەیەکی جێی دڵخوازبێت کەپێشکەش بەکۆمەڵگەی کوردی بکرێت، لەئەنجامدا کاریگەری ئەبێت لەسەر گەورەترین سێکتەر کەئامانجی بەرهەمهێنانی سەروەتێکی نیشتیمانی مرۆیی گەورەیە کە چارەنوسی میلەتێک یان بڵێن دەوڵەتێک لە ئایندەدا کەبەستراوەتەوە بە سیاسەت و فەلسەفەی پەروەردە. بەپێی ئەم تەواوکاریانە سیستمی پەروەردە ئەتوانین بڵێین کە کەمایەسیە و چاوەڕێی ئەنجامی نایابی لێ ناکرێت، دیارە ئەم نەخشە ڕێگایە حوکمەت و بەرپرسانی پەروەردەیی و حوکمی ئەخاتە ژێر ئاڵانگاریەکی گەورەوە، بەوسیفەتەی ئەم ڕێکارە بودجەو پارەیەکی زەبەلاحی دەوێت بۆی تەرخان بکرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت بە تەواوی فەرامۆش بکرێت ئەتوانرێت بەشێوازی پلەبەندی کاری لەسەر بکرێت و دیزاین و پلان و پڕۆپۆزەڵی درێژخایەن دابنرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ دەساڵ ستراتیژی بۆ دابڕێژرێت بۆ داهاتوو ئەو بینایانەی دروست دەکرێن لەڕوی ڕوبەر و دیزاینەوە ڕەچاوی قوتابخانەیەکی ئاڵۆزی تیابکرێت کە لەم قوتابخانانە نەبێت خویندنی درێژخایەن واتا تا سەعات ٣بۆ٤ی ئێوارە دەوامی تێدا بکرێت ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئامەنجەکانی تێدا بەدی بهێندرێت.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە