ڕەئوف محەمەد ئالانی: ئەرک و ماف، لەتەرازووی ناڕەزایی و بایکۆتکردند.
(دەسەڵات مافەکان نادات و نایسەلمێنێت، بەبێ ئەوەی داوای لێبکرێت و فشاری لێبکەیت، وەک چۆن ئەم کارەی نەکردووە و هەرگیز نایکات – فرێدریک دۆگلاس)
هەموو مرۆڤێک کاتێک ئەرکێکی پێدەسپێردرێت لەبەرامبەر ئەو ئەرکە مافی بۆ دیاریدەکریت، بەپێی ئەرکەکە مافەکەشی گۆڕانی بەسەردادێت.
لەم هەرێمی کوردستانەی کە تەمەنی حوکمڕانیەکەی سی و دووساڵە، زۆر قۆناغی سەخت و ناخۆش و ئاستەنگی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی هاتوونەتە بەردەم حکومەت و خەڵکەکەی، هەندێکیان دەرەکی بوون، کە لەدەرەوەی هەرێم کاریان بۆکراوە، ئەتوانم بڵێم تەڵەوداوی ڕاوچی ئاساییانە کە بکەرەکانی دوژمنانی کورد پێی هەستاوون، ئەنجامەکەشی زیانی گەورەی بۆ خەڵک و سوودەکەشی بۆ بکەرەکان بووە، بەشێکیشیان ناوخۆیی و بەهۆی نەزانی و بێپلانی و دەستوەردان و بەرژەوەند پەرستی کەس و لایەنە دەسەڵاتدارو حیزبە حومڕانەکانەوە کراوەو ڕوویانداوە.
شێوازی حوکمڕانی نادادپەروەرو قۆرخکاری هەموو جومگە سەرەکیەکانی ژیان و بەکارهێنانی پۆست و پلە بۆ بەرژەوەندی کەسی لەم هەرێمەدا وایکردوە، هیچ تاکێکی ئاسایی هەست بە ئارامی دەروونی خۆی نەکات، بگرە ئەو هەستەی بەرامبەر خاک و نیشتمان هەیان بووە لە پێشوودا بگۆڕێت بۆ ڕق و بێمەیلی و نەمانی خۆشەویستی و سۆز.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت و سامانی سرووشتی ئەم هەرێمە و پەیدابوونی داعش و پەلاماردانی ئەو هێزە توندڕەو و تیرۆریستە بۆ سەرهەرێمی کوردستان، قەیرانی دارایی سەریهەڵداو خەڵک ماندوو کرا بەهۆی بێپلانی و نەزانینی حوکمڕانی و ئیدارەدان، لەو سەروبەندەدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بەگشتی وتوێژی مامۆستانیان بەتایبەتی خۆپیشاندانیان بردە سەرشەقام و پاشان بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، چونکە لەبەرامبەر ئەرکەکانیان مافەکانیان نەدەدرایە و پێشێل دەکرا.
دوابەدوای ئەو هەموو کارەساتە ڤایرۆسی کۆڕۆناش یەخەی جیهان و ئەم هەرێمەشی گرت، لەو کات و ساتانەدا حکومەت دەستیکرد بەلێبڕین و پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بارگرانی و ژیانی سەخت و کولەمەرگی پێشکەشی خەڵکەکەی خۆیکرد.
لەم سەروبەندەی ئێستاشدا کە بەبڕیاری دادگای پاریس لەسەر سکاڵای حکومەتی ناوەندی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆو بێڕەزامەندی ناوەند قەدەغە کراو ڕاگیرا، حکومەتی هەرێم ناچار بەڕێکەوتن کرا لەگەڵ ناوەند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنەکەو دەنگنەدان لەسەریاسای بودجە و یەکتر تۆمەتبارکردن لەلایەن هەرێم و ناوەندەوە، وەک پێویست بڕی داهاتی دیاریکراوی هەرێم نەنێردراوە، لەم کاتەشدا ئەوەی زیانی زۆری بەردەکەوێت خەڵکی هەرێم بەگشتی و موچەخۆرانن بەتایبەتی.
چەند ڕۆژیکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 – 2024 لەئێستاشدا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی 7و 8 ی دابەشنەکردووە، دەنگۆی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و بایکۆتی دەوامی مامۆستان هەیە کە تاکاتی کردنەوەی دەوام مووچەنەدرێت، ئەوانێش هەڵوێست وەردەگرن.
ئەوەی بۆتە مایەی خەم و بێزاری خەڵک لەم دەسەڵاتەی هەرێم، بێمنەتی و نەخوێندنەوەی ئەو هەموو داواو و ڕەخنەو ناڕەزایەتیەیە، بەڵام خۆیان و مناڵەکانیان و کۆمپانیاکانیان مێش میوانیان نیە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەوڵەمەندتر ئەبن لەسەرحسابی خەڵک، دڵنیام بەم کارانەشیان جامی ڕقی خەڵک زیاتر پڕدەکەن، کەڕژا لافاو خۆیان دەبات، بەو هیوایەم نەگاتە ئەو ڕۆژەو بەخۆیاندا بچنەوە.
ستەمکردن لەخەڵک بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی دەرخەری نادادی دەسەڵاتی خۆسەپێنە، بۆیە دەڵێم خۆسەپێن لەم هەرێمە هیچ مانایەک بۆ ئازادی و دیمۆکراسی و هەڵبژاردن نەماوەتەوە، چونکە هەموو ئەوانە تەنها ووشەن و ناچنە ناو خانەو ڕەفەکانی خۆیانەوە، ئەم چەند گوتارو ناڕێکی و ناتەباییەی هێزە دەسەڵاتدارەکان درز و کەلەبەرو تەنانەت دەلاقەی گەورەی دروستکردوە، لەبەردەم نەیارانی کورددا، بۆیە ئەوانیش هیچ مافێک بەم هەرێمە بەڕەوانابینن کەپێی بدەن، دڵنیام ئەوانەی جاران دۆستی کوردبوون ئەوانیش پشتیان تێکردووین و لەگەڵمان نین، بەهۆی سیاسەتە هەڵەو پڕ خەوشەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لە داهاتوودا ئەوانە باشتر بۆ هەموومان ڕوون دەبنەوە.
لەمسەر و بەندەی بێڕێزیکردن بە مووچەخۆران و پێنەدانی مافەکانیان، ناکرێت هەموو کارو کردەوەیەک بەدڵی ئەوان بێت، بۆیە دەکرێ هەڵوێستەیەک بکەین و ئەو ناهەقی و ستەمە بوەستێنین، بەوانەی ئەم هەرێمەیان گەیاند بەم ڕۆژە ڕەشە بڵێین: ئاغاکانی ناو دیواخانە کۆشک بلووریەکان، فەرموون ئێوەش کەمێ قوربانی بە سامانەکانتان بدەن و بیدەن بەخەڵک، وەکچۆن خەڵک زیاد لەسێ دەیەیە، بە هەموو جۆرێک قوربانی بۆ ئێوە دەدات، بۆ ئەم داوایەشم ئەزانم مێش میوانتان نیە، ببینن زۆر لەستەمکارەکانی دەوروبەرمان بەرشاڵاوی تووڕەیی خەڵک کەوتن و هیچ فریایان نەکەوت، ووتوویانە هەق ئەسەنرێ و نادرێ، زوو ئەوانەی ژیرانە؟تر مامەڵەیان لەگەڵ ئەزموونەکان و ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان کردبوو، ووتیان دوای سەدامیش خراپتر روو ئەدات، هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایە، هەربۆیە ووتارەکەم بە ووتەیەکی (ڕۆبێرت فرۆست) کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت: (پێم وایە مافی سروشتی مرۆڤە کە بە شێوازی ئاسایی خۆی بژی کەئەویش وەک دۆزەخە).