شــــــوان خورشـــــــید: پارتی و یەکێتی بۆ ڕێک ناکەون؟
گەر لە هۆکاری ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی بکۆڵینەوە، بزانین ئەو هۆیانە چین کەوا دوو حیزبی باڵا دەستی هەرێمی کوردستان ململانێکانیان ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندان و زیاتر لێک دوور دەکەونەوە، تا بگەینە دەرەنجامی ڕاست. پێویستە خاڵە سەرەکیەکانی ڕێکنەکەوتنیان شیتەڵ بکەین و هۆکاری ڕێکنەکەوتنەکەیان دەستنیشان بکەین. چونکە ئەو دوو حیزبە لەهەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمیان پێک هێناوەو شەریکە دەسەڵاتن. لەگەڵ ئەوەشدا جیهان، هەرێمی کوردستان و کێشەی کورد لە چاوی ئەوانەوە دەبینێ. هەموو لایەک هەڵسوکەوت و تەعامول لەگەڵ یەکێتی و پارتی دا دەکات، دانوسان و گفتوگۆو ڕێکەوتن و سازش لەگەڵ ئەواندا دەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ هێزە بچوک و قەوارە بێ جەماوەریەکان دا بیکات.
یەکێتی و پارتی هێزی سەرەکی کوردستانن، ئەوەش نەک لەبەر ئەوەی خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بن، لەبەر ئەوەی هەردوو حیزب، هێزی چەکداریان هەیە، هەردوو لایەن داهات و سەروەت و سامانی ووڵاتیان لەژێر ڕکێف دایەو هەردوو لایەن هێزی ئیقلیمیان لە پشتەوەیە. هەردوو حیزب سەرچاوەی دارای هەرێمیان بۆ خۆیان قورخ کردوە، هەردوو زلهێزی وەک یەکێتی و پارتی، لە جێگای ئەوەی ئیدارەیەکی دادپەروەرانەی هەرێم بدەن، دەستیان خستۆتە بیناقاقای بازاڕوو بژێوی خەڵکەوە، تەنانەت کرێکاری و بژێوی مەمرەو مەژی خەڵک و بازاڕیان قورخ کردوە،و لە هەوڵی زیاتری برسی کردن و کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو سێکتەرەکانی ژیانی خەڵکی دان، تا زیاتر پرۆسەی برسی کردنی خەڵک بە ئامانج بگرن، تا زیاتر لەشکری بە کۆیلەکردنی خەڵکی کوردستان قەتیس بکەن.کەواتە دوو حیزبی باڵا دەست، پارتی و یەکێتی،کە دوو حیزبی دژبەیەکن و لەسەر حیسابی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دروست بونە، بۆ ڕێک ناکەون و بەرژەوەندی میللەت ناخەنە سەروی بەرژەوەندیە حیزبیەکانی خۆیانەوە، بۆ بیرێک لە خوێنی شەهیدان و جینۆسایدی گەلەکەیان ناکەنەوە، بۆ ئەوە بە خەیاڵیان نایەتەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ خەریکن بچوک دەبنەوە لە چاو عێراق و ناوچەکەو جیهان، بۆ ئەوە نابینن کەوا ئەو حکومەتی عێراقەی تا بیناقاقای لە گەندەڵی دایە؟
سەرەڕای هەموو گەندڵی و دزی و بێ سەروەریەکی، دێت و ئێوەی خاوەن هەرێمی کوردستان لە مەنگەنە دەداو، بەهۆی ئێوەی سیاسەت نەزانیشەوە،خەڵکی کوردستان برسی و داماو دەکات.کەواتە دەپرسین هۆکاری ڕێکنەکەوتنتان واتا چی؟ ئێوەیەک کە هەمان قوزەڵقورت بن، بۆ ڕێک ناکەون؟
ئایا لەسەر ئەوە ناڕێکن کە کامتان زیاتر خزمەتی گەلی کورد بکەن؟ یان کێشەتان لەسەر ئەوەیە کامەتان زیاتر لە هەوڵی دۆزی کوردو کوردستانن؟ یان خۆ کامتان پشتی لە دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان کردوەو گەلی کوردو بزوتنەوە کوردیەکانتان لە باوەش گرتوە. کوردی پارچەکانی تری کوردستانتان بەبراو هاوخوێنی خۆتان زانیوە؟.
لە ڕاستیدا ڕێک نەکەوتنی ئەو دوو حیزبە نە کوردایەتیە، نە پێشکەوتن و زانستیە، جگە لە قوڕخکاری هیچ شتێکی تر نیە، هۆکاری ڕێکنەکەوتنیشیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە پارتی نایەوێت ڕێکەوێت، بەو جۆرەی یەکێتی دەیەوێت، لەبەر ئەوەی پارتی تا ئێستا ئەوەی پێ هەزم ناکرێت، هێزێک، یان حیزبێک لە بەرامبەر خۆی ببینێ، خاوەن نفوزو دەسەڵات بێت. پارتی ئێستاشی پێوە بێت، ئارەزووی حیزبی قائیدو،دەسەڵاتی سەرۆک ئەکات. بڕوای بەو فەلسەفەیە هەیە کە خۆیان، واتا پارتی و خانەوادەی بارزانی خاوەنی کوردن،کوردستان هی ئەوانە، شۆڕش و بزاوتی کوردایەتی هەر دەبێت لەژێر ئیرادەی ئەوان دا بێت،گەر کەسێکی تر دەم لە شتی وا وەربدا،کوفری کردوەو پێویستە لە شانۆی سیاسی دەربکرێت.
ئێوە سەیر بکەن لە دیدی پارتیەوە، پەکەکە خۆفرۆشە، دوژمنی کوردو بزوتنەوەی کوردایەتیە، لەبەر ئەوەی ژێردەستەی پارتی قبوڵ نیە. کوردانی ڕۆژئاوا ئیتهام دەکرێن بە پەکەکە، جاشایەتی سوریا دەدرێتە پاڵیان، سنوریان بەڕودا دادەخرێ،کادیرو گەریلاکانیان دەستنیشان دەکرێت تابکرێنە ئامانج، بۆ؟ چونکە وەک بزوتنەوەکەیان نایانەوێت وابەستەی پارتی بن، بە جدیش کوردایەتی پاک و بێگەردو ڕاستەقینە ڕێبازیانە. یەکێتیش بەهەمان شێوە،خیانەتکارە، جاش سیغەیە بە قەولی خۆیان، بۆ؟ لەبەر ئەوەی بە تەواوەتی تەسلیمی ئیرادەی پارتی نەبونە، وەک حیزبە بچوکە دەسکردەکانی پارتی دەستەونەزەر نەوەستاون لە حزوری. بۆیە بەو میکانیزمە ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی مەحاڵە. ڕاستر بڵێین هۆکاری ڕێکنەکەوتنی ئەو دوو بنەماڵەیە یەکێتیە؟ کورد دەڵێ سەری دوو گا لە مەنجەڵێکدا جێگای نابێتەوە، واتا ئەو عەقڵێتە خێڵەکیە پێمان دەڵێ: یەکێتی و پارتی ڕێکناکەون! لەسەر قەزیە نیشتمانیەکە. چونکە، یان دەبێ یەکێتی دان بە پارتی دا بنێت، وەک چۆن خۆیان دەیانەوێت، یان ئەوەی ناوی دەنێن ڕێکەوتن مەحاڵ دەبێت. بە کوردی و کورتی پارتی هیچ هێزێکی ناوێت بەرامبەری بگرێت، ناوو قەبارەو جەماوەری هەبێت. یەکێتیش خۆی بە حیزبی جەماوەری و خاوەن نفوس و قاڵبوی خەبات دەزانێت، ویستی پارتی لا مەحاڵە.کەواتە ڕێککەوتن ناکرێت و دانیشتن و کۆبونەوەکانیشیان مایەپوچە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی کوردیان بەلاوە هیچە. بەرژەوەندی خۆیان بە دونیا ناگۆڕنەوەو قسەو پەیامی دوژمنانیشیان بەلاوە سەنەدە.
بەداخەوە کۆنتڕۆڵی حیزبی کوردی بەدەستی داگیرکەرانی کوردستانەوەیە، داگیرکەرانی کوردستان ئاراستەیان دەکەن، جا کەی بینراوە ،دوژمن سۆزی بجوڵێ و دەوای دەردەدار بکات. لە کۆتایشدا دەڵێم کاتێ یەکێتی و پارتی ڕێکەوتن دەکەن، یەکێتی تەسلیمی ئیرادەی پارتی ببێت، ئەوکات هیچ نامینێتەوەو کوردستان وەک ماستی مەییوی لێ دێت و حیزبی قائید دەکەوێتە سەر سکەی خۆی، دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانیش چیان بوێت، بە ئارەزووی خۆیان ئەنجامی دەدە.