بەهرۆز جەعفەر: نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێر؛ بۆسەدانان یان کاری هاوبەش؟
هەرێمی کوردستان پێش ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی بۆڕیی جەیهانەوە، رۆژانە 430 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. لە دوای راگرتنەکەیەوە، لە ئازاری 2023وە نەوتی هەرێمی کوردستان، فرۆشتن و بەبازاڕکردنی رادەستی سۆمۆ کراوە، هەرێمی کوردستانیش رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا کردووە. ئەگەر سۆمۆ نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان بفرۆشێت، یان هەر کۆمپانیا و لایەنێکی دیکە، هەر دەبێت لە رێگەی بەندەری جەیهان و هەمان بۆڕیی پێشووترەوە هەناردە بکرێ. ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە بەغدا، دەبێت بە تەنکەر بێت؛ هەر تەنکەرێک بە لای زۆرەوە 36 هەزار لیتر دەگوێزێتەوە، هەر بەرمیلێک نەوتی ستانداردیش 159 لیترە، بۆ ئەوە پێویستە رۆژانە نزیکەی 1900 تەنکەر نەوت بە رێگاوە بن بۆ بەسرە!
بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و پاشان لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس (ICC)، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیان راگیراون، یان کەمبوونەتەوە. ئەمە بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکان و دۆخی کێڵگەکان. لە گەرمیانەوە پێت ئۆیەڵ Pet Oilـی تورکی لە کێڵگەی چیاسورخ کارەکانی وەستاندووە، کێڵگەی تەق تەق کە بە لوولەیەک بەستراوە بە کێڵگەی خورمەڵەوە، بە هۆکاری جیاجیا بەرهەمهێنان لە 145 هەزار بەرمیلی رۆژانەی ساڵی 2014ـەوە گەیشتووە بە تەنیا 3500 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە (2023) دا. هەریەکە لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی، شامارانی کەنەدی، دی ئێن ئۆی نەرویجی، مۆڵی هەنگاری، گەڵف کیستۆنی بەریتانی لە کێڵگەکانی شێخان و ئەترووش و تاوکێ دا، یان کارەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو وەستاندووە و دەستیان لەکار هەڵگرتووە، یان بەرهەمیان کەمکردووەتەوە. هەرچەندە بەم دواییانە بەشێکیان بەرهەمیان وردە وردە زیادکردووەتەوە.
پێویستە راستی وەک خۆی بگوترێ و ببینرێت، تورکیا لە ساڵی 1977ـەوە هێڵێکی بۆڕی لە سلۆپییەوە تاوەکو بەندەری جەیهان لە خاکی خۆیدا بونیادناوە کە درێژییەکەی 595 کیلۆمەترە، بێگومان مافی خۆیەتی باج وەربگرێ، بەپێی رێککەوتنی واژۆکراوی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی 1973 دا بۆ ئەوە ئەو هێڵە دانراوە کە نەوتی کەرکووکی پێدا بڕوات، نەک ئەوەی نزیکەی شەش مانگە هەوای پێدا دەڕوات! بۆچی لە ساڵی 2020 دا، بەپێی داتای کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک رۆژانە (320 بۆ 340) هەزار بەرمیل بەرهەم هێنراوە، بەڵام لە 2023 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووکیان داگرتووە بۆ 80 تاوەکو 100 هەزار لە رۆژێکدا! ئەو بڕەش رەوانەی پاڵاوگە نێوخۆییەکان دەکەن.
حکومەتی عێراق، لە (2023) دا رۆژانە بە تەنکەر 15 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی ئوردن دەکات بە نرخی نزیکەی 16 دۆلار کەمتر لە بازاڕ. لەکاتێکدا لە سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادی تەنیا چەند هەزار بەرمیل نەوتێکی کەم و کەمتریش لە ئێستای رەوانە دەکرد، دەیان تەنکەر لە رێگەدا تووشی کارەسات و گڕگرتن بوون و هەناردەکردنەکە راگیرا. چۆن چۆنی ئێستا نزیکەی 1900 تەنکەر رۆژانە بە رێگەوە بن و نزیکەی 900 کیلۆمەتر ببڕن تاوەکو دەگەنە ناسریە یان بەسرە؟
بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان، نزیکەی پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلار زیان بەر بودجەی عێراق کەوتووە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بیفرۆشێ، یان بەغدا هەر دەبێ لە رێگەی هەمان بۆری و هەمان بەندەرەوە بێت!
ئێستا پرسیارەکە لەوە دەرچووە هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستکردووە یان نا، بەڵکو ئەوەیە بەغدا چۆن نەوتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت؟ سەرباری هەموو ئەمانەش، لە هیچ شوێنێکی یاسای بودجەدا ئاماژە بەوە نەکراوە، ئەگەر گرفتێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ببڕدرێن.
لە بنچینەدا، بەغدا خەریکی کات کوشتنە، چونکە لە سەرێکەوە سەرقاڵی رێگەی گەشەپێدانە کە سعودییەکان 17 ملیار دۆلاری تێدا بەگەڕدەخەن و بە 1200 کیلۆمەتر بەندەری فاو لەڕێگەی هێڵێکی شەمەندەفەر و بۆڕییەوە دەگەیێنێت بەسەر سنووری تورکیا لە رۆژئاوای پارێزگای دهۆک، هێڵەکە بەناو 10 پارێزگای عێراقدا دەڕوات و، دواجار دەروازەیەکی وشکانی بەناوی ئاڤا کۆیی لەنێوان تورکیا و عێراقدا دەکرێتەوە کە لێدانە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل. ئینجا قەتەر 5 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری دەکات لە عێراقدا، چینییەکان 2000 خوێندنگە لە عێراقدا دروست دەکەن، ژێر بە ژێریش بەغدا لەگەڵ ئیمارات خەریکە تاوەکو وەبەرهێنانی گازی سرووشتی لەگەڵ هەرێمدا لە بەزمێکەوە بگلێنێت، هەروەک چۆن حکومەتی بەغدا لە سەرەتای شوباتی 2023وە، لێدانی چەند بیرێکی لە پارێزگای بەسرە و دیالە داوە بە کرێسنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی.
هاوتەریب، بەغدا مەبەستیەتی بە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق، بێ ئەوەی نوێنەری کورد بەشداری لە نووسینی رەشنووسەکەدا کردبێت، تێیپەڕێنن و هەموو کەرتی وزەی کوردستان بخەنە ژێردەستی ئەنجوومەنێکی ئیتیحادییەوە کە لە 12 ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە تەنیا یەک کەسی کورد دەبێت. دەبێ یەکێک هەبێت ئەوەی لێکدابێتەوە کە نەوت نەوتی کوردستانە، لەژێر خاکی کوردستان و ناوچەکانی زاگرۆسدایە؛ ئەم نەوتە لەخۆوە دروست نەبووە، 80 بۆ 100 ملیۆن ساڵی پێویست بووە تا لە قووڵایی زەویدا پێکهاتووە. ئێستا بگاتە ئەوەی نەوتەکەش رادەست بکرێت، بەغدا دەستوور و یاسای بودجەش پێشێل بکات، مووچە بە قەرز بدات بە هەرێمی کوردستان! لە کوێی گۆی زەویدا هەیە دەوڵەتێك مووچە بە قەرز بداتە هاووڵاتییانی خۆی؟ ئایا هەرێمێک، کانتۆنێک هەیە بە قەرز مووچە لە دەوڵەتی ناوەندی وەربگرێت؟
ئایا سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری داد و ئاوەدانکردنەوە و جێگرانی وەزیری دارایی و نەوت، هەروەها سەروو 60 پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەر ئاوها سەیری گۆڵەکە دەکەن و گۆڵیان لێ بکرێت؟ بێگومان پێویستە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد شێوازی تێگەیشتنیان بگۆڕن. تاکە هەنگاوێک پێویستی بە دەیان لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و فیلتەری جۆراوجۆری بیرکردنەوەیە. پێکهاتەی ئەو شاندانە بگۆڕن بۆ کەسانی کاراتر و بە ئەزموونتر، بەشداری بە خەڵکی دیکە بکەن، ئەوانە لە بەغدان بۆ ئەوەی نوێنەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک بن، نەک نوێنەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان بن، پێویستە هێزی دەوڵەتییانەی عێراق بەکاربهێنن لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە واشنتنەوە بۆ کەنداو لۆبی بکەن.
قسەی کۆتایی ئەوەیە، نەوت لە عێراقدا نابێتە مایەی هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوام لەگەڵ کورد، چونکە تەواو روون نییە لەسەر چی بنەمایەک تائێستا کورد کابینە لەدوای کابینە بەشداری دەکات و لە پۆستە باڵاکانی عێراقدایە؟ ئایا بنەمای دەستوورییە؟ هاوبەشییە؟ رێککەوتنی پێشوەختە؟ یان بەرژەوەندیی حیزبیی و حەزی کەسەکانە لە پۆست و پایە؟ هەرهیچ نەبێت دەبێت لە خۆی بپرسێت؛ ئایا کورد لە عێراقدا بە دوای چییەوەیە؛ خاکی کەرکوک یان بارەگاو پۆستەکانی؟ کێشەی ماف و خاک و زمان و ئاسایش یان مووچە و بودجەیەک بە قەرز؟! بۆیە بەردەوام گرفتەکان دووبارەدەبنەوە. هەر هیچ نەبێ دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن کە چەند ساڵێکی دیکە؛ هیچ وەفد یان مێژوونوسێکی بیانی باوەڕ ناکات کورد لە عێراقدا ستەمی لێکرابێت، لەکاتێکدا لەو ماوەی بیست ساڵەدا چوار سەرۆک کۆماری عێراق یەک بەدوای یەک کورد بوونە!
لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا، بەردەوام گرفتەکان دووبارە دەبنەوە، چوونکە ژمارەیەک گرێبەستی گوماناوی و خراپ واژۆکراون لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا، کە تێچوویان زۆرەو نازانرێ کێ هاوبەشیانە تا هەرێمی کوردستانیان ئاوها لە ڕووی ئابورییەوە لاواز کردووە!
بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی نێودەوڵەتی، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی- MIRS.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts