شێرزاد خدر حیدر: هەرێمی کوردستان لە لێواری کەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەڵێن” مانگەشەو سەر لە ئێوارەوە دیارە”، هەر بەوجۆرەش حکومڕانی شکستخواردووی 30 ساڵەی حیزبی لە باشوری کوردستان، هەر لەسەرەتاوە دیاربوو بەهۆی دەرەنجامی گەندەڵی و بێ پلانی و تەماحی بەرپرسانی حیزبی لە داگیرکاری و تاڵانی موڵکی گشتی ڕۆژێک دێ لەوپەڕی لاوازی و شتکستخواردوویی کۆتایی پێ دێت، ئەوەی ئێستا لە بێ موچەیی و گرفتاری لە نەبوونی خزمەتگوزاری و شکستخواردنی زۆربەی بوارەکانی ژیانی خەڵک کەڵەكە بووە، بەرئەنجامی ئەو کارە چەوتانەیە کە دەسەڵاتی حیزبی بێ گوێدانە هیچ بەهایەیکە ئەخلاقی و نیشتامنی ئەنجامی لەماوەی چەندین ساڵی ڕابدوو ئەنجامی داوا.
زۆر و زەوەندی هەموو ئەو دەرفەتانەی هاتە پێش بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو چەوتی و هەڵانەی هەبوون لە حکومڕانی دەیان ساڵەی ڕابردوو، یەک لەدوای یەک بە ئاسانی بەهۆی سەرمەستی بەرپرسان بە دزین و بادەی دۆلارەوە لەدەستچوون، بەشێوەیەک تا هەنوکەش لەگەڵ بوونی هەرێم لە لێواری کەوتن، بەڵام هەر بەهۆش خۆیان نەهاتوونەوە و وەک کاری هەمیشەیان بەردوامن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی و داگیرکاری موڵکی گشتی!.
ئەم ڕۆژانەی ئێستا دەیگوزەرێنین ڕاستی ئەو واقیعەمان پیشاندەدات، کە ئەم دەسەڵاتە هەرچەند بار و گوزەرانی خەڵک لە خراپی دابێت، هیچ بەلایەوە گرنگ نیە. بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگە مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی و کەسیەکانی خۆیەتی، بۆیە هەرهەنگاوێک دوور لە بەرژەوەندیەکانیان بێ ئەوا دەبن بە ڕێگر لە دژی دەوەستنەوە وەک ئەوەی ئاشکراکردنی داهاتی ناوخۆ و وازهێنان لەوکارانەی کە ڕێگرا لەبەردەم هەناردەکەردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی ناوەندەوە.
کۆتایی پێهێنانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیاری دادگای ناوبژی پاریس و پێ هەژماردای بڕی (1.5)میلیار دۆلار، بە دەوڵەتی تورکیا کە هاوبەش بووە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بێ ڕەزەمەندی حکومەتی عێراق، گورزێکی کەمرشکێنە بۆ پڕۆژەی بەناو ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، کە دەسەڵاتی حیزبی چەندین ساڵە بانگەشەیەکەی فروانی بۆ دەکات!، ئەم سیاسەتی ئابوری سەربەخۆیە لە جیاتی لێکەوتەی خۆشگوزەرانی پاشترکردنی گوزەرانی خەڵک، بە پێچەوانەوە وای کرد هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر قەرزی زیاتر لە 30 ملیار دۆلار و گەڕانەوەی باری گوزەرانی خەڵک بۆ خراپتر و خراپتر.!
هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەند و وڵاتانی خاوەن هەژموون لە عێراق لە ئێستا لە یەک خاڵدا کۆبووەتەوە، کە ئەویش بچوکردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئاستێک دەسەڵاتێکانی زیاتر نەبێت لە پارێزگاکانی تری باشور و ناوەڕاستی عێراق، یەکەم هەنگاویش دەرهێنانی مەلەفی فرۆشتنی نەوتبوو هەنگاوی دووامیش وەرگرتنەوەی تەواوی داهاتە نا نەوتەیکان دەبێت، کە حکومەتی هەرێم بەدەستی دێنێت. ئەم کارەش حکومەتی هەرێم وەک نوسینگەیەکە حەواڵەی لێدێت لە دابەشکردن و موچە و ڕوانەکردنی داهات دەبێ بۆ حکومەتی ناوەند.
دوای هەنگاوی دەرهێنانی مەلەفی ئابوری و فرۆشتنی نەوت، هەنگاوێکی تر لە ڕێ دەێت ئەویش دەرهێنانی مەلەفی سەربازیە لە دەستی هەردوو حیزبی حاکم لە هەرێمی کوردستان، کە چەندین ساڵە هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵی بۆ دەدەن لە ڕێی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گۆڕینی لە هێزێکی میلشیای ژێر هەژموونی حیزبیەوە بۆ هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو، لێ ئەم هەنگاوە دوای چەندین ساڵ بە دانپێدانی خودی هەردوو حیزب و نێونەری هێزەکانی هاوپەیمانان شکستی هێناوە، وادیارە چ ئەمریکا و وڵاتانی تری ئەورووپی بەژدار لە هێزەکانی هاوپەیمانان گەشتوونە ئەو باوڕەی بێ دەرهێنانی مەلەفی ئابوری، ئاسان نابێت بتوانن ئەم هێزە سەربازیەی لەچوارچێوەیە هێزێکی نیشتمانی ڕێکبخەن. هەربۆیە دەبین لە بێدەنگبونیان لە گوشارەکانی حکومەتی ناوەند بۆ سەر حکومەتی هەرێم بێدەنگ، بەڵکو خۆیان دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە بتوانرێت بە نەتوانینی نەدانی موچەی ئەو هێزانە لەلایان هەردوو حیزبەوە ئیتر دەرچەیەکیان نەمێنێ بۆ ڕازی نەبوونی بۆ وەی هێزێکی نیشتمانی. بەڵام لەگەڵ ئەم هەنگاوەش هێشتا ئەم دوو حیزبە ڕازی نەبن بەدەستبەرداربوون لە هێزە چەکداریەکانیان مەگەر مەرگی حیزبی و بنەمەڵەیان پێ باشتر بێ وەک ئەوەی دەستبەرداربوون لە هێزە سەربازیەکانیان، کە تا هەنوکەش بە درێژەی سی ساڵەی ڕابردوو لەپاڵ مەلەفی ئابوری بوونی هێزی سەربازی لەدەستیان گرنگتین هۆکار بوون بۆ مانەوەیان وەک حاکم و کاربەست لە هەرێمی کوردستان.
هەرچۆنێک بێ دەرهێنانی مەلەفی ئابوری و سەربازی لەدەستی هەردوو حیزبی حاکم لە هەرێم، کۆتایی هێنانە بە هەژموونی زۆرەمەلێی یەکێتی و پارتی کە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لەڕێی سەربازی و کۆتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئابوریەکانەوە بۆ بەرژەوەندی حیزبی وبنەماڵەیی درێژەی پێدراوە، لێ ئەگەر هاتوو ئەم دوو حیزبە کۆڵیان نەدا بەشێوەیەکی ئاسان، ئەوا لەگەڵ کۆتایی خۆیان هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دەستوری و دانپێدانراو لە چوارچێوەی عێراق کۆتایی پێ دێنن و ئەم هەرێمە لە لێواری کەوتنەوە بەرەو کەوتنی هەمیشەیی دەبەن.
جیا لەمە دەبێ هەمووان درک بەو ڕاستیە بکەین، حکومەتی ناوەندی کە هەژموونی دەسەڵاتی میلشیایی و هێزی ناوچەیی بەتەواوی تێدا زاڵە بەهیچ شێوەیەک نابێتە ئەو فریاد ڕەسەی کە بتوانێ ژیانی میللەتی بەشمەینەتی کورد لەباشوری کوردستان باشتربکات، بۆیە هەرچەندە گەڕانەوە لەم لێواری کەوتنەی کە لێیەوە نزیک بووین کارێکی ئاستەمە، بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە ئەگەر بێت و هەردوو حیزبی حاکم سود لەم دەرفەتانە وەرنەگرن بۆ گەڕانەوەی داهاتی دزراو و ئاشتکردنەوەی مەیللەت لە ڕێی باشکردنی باری ئابوری و گەڕانەوەی دادپەروەری و دروستکردنی هێزێکی سەربازی نیشتمانی فەراهەمکردنی ئازادی ڕادەربرین و لە کۆتاییشدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، ئەوا خۆیان بۆ دوو هەڵبژاردە لە داهاتووی ژیانی خۆیان ئامادە بکەن ، ئەویش دەبێ ئەو کەسانەی ئێستا بێ منتانە حاکمیەتێکی پڕ لە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ڕاکردن بۆ دەرەوەی وڵات یاخود زیندانێک ناوخۆیی!.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت