پیتەر سینگەر: ئاکاری بێخودا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێرانی: دڵشاد حامید دروێش
ئاخۆ ئایین بۆ ئاکار پێویستە؟ هەندێک كه‌س نکۆڵیکردن لە ڕیشە یەزدانییەکانی ئاکار بە سووکایەتی و تەنانەت بە کوفریش دەزانن. هەستی ئاکاریمان خودایەک ڕسکاندوویەتی یاخود لە فێرکارییەکانی ئایینێکی ڕێکخراوەوە وەرمان گرتووە. لە هەردووکیاندا ئێمە پەنەواز (موحتاج)ی ئایینین بۆ سنووردارکردنی خراپییەکانی سروشت. بە داڕشتنەوەی پەیڤینێکی كاسرین هیبۆرن له‌ فیلمی شاژنی ئه‌فریکیدا، ئایین وا دەکات ئێمە بەسەر دایکە پیر و بەدەکەی سروشتدا زاڵ ببین؛ قیبله‌نمایه‌كی/ ڕێنمایه‌كی (compass) ئاکاریمان پێ دەدات.
سەرەڕای ئەمە، ئەو دیدەی کە خودا بە سەرچاوەی ئاکار دادەنێت، لە گرفت بەدەر نییە. یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە ئێمە ناتوانین بەبێ هەڵخزانە نێو هەمانگۆیی (tautology)یەوە لە هەمان کاتدا بڵێین خودا باشە، هەروەتر هەستی باشە و خراپەشمان پێ دەدات. لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا زۆر بە سادەیی وتوومانە خودا پێوەرەکانی خودای تێدایە.
گرفتی دووەم/ نەبوونی هیچ بنەواشەیەکی (principles) ئاکارییە کە تەنها ئاییندارەکان بە چاوپۆشین لەوەی چ بیروباوەڕێکی تایبەتیان هەیە، لەسەری کۆک بن. ڕاستییەکەی، ڕەوتاری نازانمگەرا (agnostics) و خوداناباوەڕەکان (atheist) لە هیی ئاییندارەکان کەمتر ئاکارییانە نییە، با چاکەکارییەکانیان بە بنەماگەلێکی جیاوازیش پشتئەستوور بن. زۆر جار بێباوەڕان وەک هەر کەسێکی دیکە هەستێکی بەهێز و دروستیان بە چاکە و خراپە هەیە. هەروەها لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیدا جەنگاون و بەشداری چەندین هەوڵی دیکە بوون بۆ دامرکاندنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ.
بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، ئایین دەستگیرۆیی مرۆڤی بۆ زنجیرەتاوانێکی ترسناک کردووە، یەکێک لە فەرمانەکانی خودا بۆ مووسا، سەربڕینی میدیانییەکان بوو بە ژنان و پیاوانەوە، بە کوڕان و کچانی ناپاکیزەوە. بە تێپەڕین بە نێو شاڵاوەکانی خاچییەکان و دادگاکانی پشکنین و ململانێی نەبڕاوەی نێوان شیعە و سوننە، تا دەگاتە ئەو خۆکوژانەی لەو باوەڕەدان شەهیدبوون بە بەهەشتیان دەگەیەنێت.
گرفتی سێیەمی ئەو دیدەی ڕیشەکانی ئاکار دەباتەوە نێو ئایین، ئەوەیە کە هەندێک ڕەگەزی ئاکاری پێ دەچێت گەردوونی بن، ئەمە سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک جیاوازیی باوەڕییانەی قووڵ لە نێو ئایینە مەزنەکانی دونیادا. ڕاستییەکەی، ئەم ڕەگەزانە درێژ دەبنەوە بۆ نێو کولتوورگەلێکی وەک کولتووری چین کە تێیدا ئایین بەراورد بە بۆچوونە فەلسەفییەکانی وەک کۆفۆشیانیزم (Confucianism)، لە پەراوێزدایە.
ڕەنگە خودایەک ئەم ڕەگەزە گەردوونییانەی لە ئافراندندا پێ دابین. وەلێ ئەو ڕاڤەیەی زیاتر لەتەک ڕاستییە بایۆلۆگی و جیۆلۆگییەکاندا گونجاوە، ئەوەیە بە ملیۆنان ساڵ ئێمە په‌ره‌مان به‌ فاکڵتییەکی ئاکاری داوه‌ کە حەدەسگەلێکمان لەبارەی چاکە و خراپەوە دەداتێ.
توێژینەوەکانی بواری زانستە ئیدراکییەکان پاڵپشت بەو ئارگیومێنتە تیۆرییانەی لە نێو کایەی فەلسەفەی ئاکارەوە سەریان هەڵداوە، بۆ یەکەم جار توانستی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە دێرینەی پێ داوین کە لەبارەی ڕیشەی ئاکار و سروشتەکەیەوە هەیە.
لەم سێ سیناریۆیە ڕابمێنن، لە پاڵ هەر یەکێکیاندا بۆشاییەک هەیە، بە یەکێک لەم وشانە پڕیان بکەرەوە، (پێویستە)، (ڕێگەپێدراوە)، (قەدەغەیە).
1- واگۆنێکی بارهەڵگر (Boxcar) دەرچووە و خەریکە پێنج کەس کە لە سەر هێڵە ئاسنینەکە ڕێ دەکەن، بشێلێت. کرێکارێکی هێڵی ئاسن لە تەنیشت گۆڕەری ئاڕاستەکەوە وەستاوە، دەتوانێت واگۆنەکە بخاتە سەر ڕێڕەوێکی لاوەکی، ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتنی کەسێک و قوتارکردنی پێنج کەس لە مەرگ. گۆڕینی ئاڕاستەکە کارێکی ____.
2- بە تەنیشت تەنکە گۆماوێکدا دەڕۆیت، دەبینیت زارۆکێک وا نوقم دەبێت، تۆش تاکە کەسیت لەو دەوروبەرەدا، ئەگەر منداڵەکە دەربهێنیت، ژیانی دەپارێزیت، بەڵام پانتۆڵەکەت لە کەڵک دەکەوێت. هەڵگرتنەوەی منداڵەکە کارێکی ___.
3- پێنج کەس لە دۆخێکی خراپدا گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، هەریەکەیان بۆ ئەوەی بژی، پێویستی بە وەرگرتنی ئەندامێکە، فریای ئەوە ناکەون لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە ئەندامەکان داوا بکەن، بەڵام کەسێکی ساغڵەم لە ژووری چاوەڕوانیی نەخۆشخانەکەیە. ئەگەر پزیشکی نەشتەرگەر ئەندامەکانی ئەم کەسە دەربهێنێت، ئەوا دەمرێت، وەلێ پێنج کەس کە لە دۆخێکی خراپدان، لە مەرگ ڕزگاریان دەبێت. دەرهێنانی ئەندامەکانی ئەم کەسە ساغڵەمە کارێکی ___.
ئەگەر بۆ یەکەم ڕێگەپێدراو، بۆ دووەم پێویست، بۆ سێیەمیش قەدەغەت داناوە، ئەوا تۆ وەک ئەو 1500 کەسەیت کە لە سەرانسەری جیهانەوە وەڵامی ئەم تەڵەزگانەیان لە تاقیکردنەوەکەماندا لەبارەی هەستی ئاکارییەوە لە ماڵپەڕی http://moral.wjh.harvard.eduدا داوەتەوە. ئەگەر ئاکار وتەی خودا بێت، ئەوا دەبێت وەڵامی خوداناباوەڕەکان لەم حاڵەتانەدا لە هیی ئاییندارەکان جیاواز بێت، هەروەتر، پێویستە وەڵامەکانیان پشت بە پاساوگەلی جیاواز ببەستن.
بۆ نموونە، ئەگەر خوداناباوەڕەکان، کە وەک دەوترێت هیچ ڕێنمایه‌كی ئاکارییان نییە، دەبوو تەنها بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان ئاڕاستەیان بکات و بە تەنیشت منداڵەکەوە تێ بپەڕینایە. بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان وەڵامی ئەوانەدا نییە کە خودان پاشخانی ئایینین لەتەک ئەوانەی ئەم پاشخانەیان نییە. 90٪ی وەڵامدەرەکان وتوویانە دەشێت ئاڕاستەی واگۆنە بارهەڵگرەکە بگۆڕین، 97٪ ڕزگارکردنی منداڵەکەیان بە پێویست لە قەڵەم داوە،‌ 97٪یش دەرهێنانی ئه‌ندامه‌كانی كه‌سە تەندروستەکەیان قەدەغە کردووە.
کاتێک لە بەشداربوان پرسرا بۆچی هەندێک حاڵەت ڕێگەپێدراون و هەندێکی دیکە قەدەغەن، نەیانزانی یاخود ڕاڤەی وایان دەخستە ڕوو کە نەدەبوونە پاساوی جیاوازییەکان. لەوە گرنگتر ئەوە بوو ئەوانەی پاشخانی ئایینییان هەبوو، وەک خوداناباوەڕەکان نەیاندەزانی یانژی وەڵامەکانیان په‌رشوبڵاو بوون. ئەم توێژینەوانە پاڵپشتییەکی ئەزموونییانەن بۆ بیرۆکەی ئەوەی وەک فاکڵتییە سایکۆلۆگییەکانی دیکەی نێو عەقڵ، لەوانە زوان و ماتماتیک، ئێمە فاکڵتیی ئاکارمان هەیە کە ڕێنوێنی حوکمە حەدسییەکانمان لەبارەی چاکە و خراپەوە دەکات. ئەم حەدسانە ڕەنگدانەوەی دەرەنجامی ئەو ملیۆنان ساڵەن کە پێشینەکانمان تێیاندا وەک شیردەری کۆمەڵایەتی ژیاون و بەشێکە لە میراتی هاوبەشمان.
مەرج نییە حەدسە پەرەسەندووەکانمان وه‌ڵامی ڕاست یاخود گونجاوی تەڵەزگە ئاکارییەکانمان بدەنەوە، ئەوەی بۆ پێشینانمان باش بووە، ڕەنگە ئەمڕۆ باش نەبێت. ئەگەر لە دیمەنە گۆڕاوەکەی ئاکار ورد ببینەوە، کە تێیدا کۆمەڵێ پرسی وەک مافەکانی ئاژەڵ و لەباربردن و مەرگی ئارەزوومەندانە و دەستگیرۆییە نێودەوڵەتییەکان هاتوونەتە پێش، بۆمان دەردەکەوێت لە ئایینەوە نەهاتوون، بەڵکو لە تێڕامانێکی وردی مرۆڤایەتی و ئەوەوە هاتوون کە ئێمە بە ژیانێکی باشی دادەنێین.
بۆیە لەم بارەیەوە گرنگە بۆ ئێمە ئاگامان گرووپە گەردوونییەکەی حەدسە ئاکارییەکان بێت تا بیریان لێ بکەینەوە و ئەگەریش ویستمان لێیان لابدەین، ئەمە کوفر نییە، چونکە سەرچاوەی ئاکار سروشتی خۆمانە، نەک خودا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت