شێرزاد شێخانی: حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا.
هەولێریات
زۆربەی جیلی ئێستاو ئەوەی پێشتریشی لەسەردەمی شوومی حوکمی بەعسدا نەژیاینە، لۆیە نازانن ئەمەی مللەتی کورد چەند عەزابمان بە دەستیەوە خواردیەو چ ژیانەکی کولەمەرگیمان لەسایەی ئەو رژێمە بەسەر بردیە. جیلی ئێستا نازانن لەسایەی رژێمی بەعس یەک رۆژ نەبوو لەشەش سەعات کارەبا زیاترمان هەبی، لۆیە سەرە مانگان دەبایە نیوەی معاشەکانمان بدەینە موەلیدەی ئەهلی!. حەفتەی جارەکیش ئاویان بەر نەدەدایەوە مەجبوور بووین بچین بە تانکەر بە هەشتا هەزار دینار ئاوی خواردنەوە بکڕین!.
جاران ئەو رژێمە زاڵمەی بەغدا فێری ئاینو ئۆینەکی زۆر خراپ ببوو کە لەهیچ حکومەتەکی دونیادا نەبوو، ئەویش پاشەکەفتکردنو لێبڕینی مووچە بوو. تەقریبەن دوو سار روبعە مووچەکی دەداینێ، چەند مانگەکیش بە لێبرینەوە، جارەکیش معاشی سێ مانگی لێخواردین و نەیداینێ!.
جاران لەسەردەمی رژێمی بەعسی فاشیزم، هیچ کەسەک نەبوو لەجامیعە تەخەروج بکا و دایمەزرێنن، لۆیە نیوەی خەریجەکان دەبوونە شاگردی چایخانەو، نیوەکەی تریشیان دەچوونە مەیدانی عەمەلاتی و هەندەکیشیان دەبوونە شاگردە مەتعەم و دیلیڤەری!.
جاران لەسەردەمی بەعسی رەگەز پەرست، خەرک بیتاقەی بایەعی نەبوو، لۆیە ناچار دەبوون برنجی ماوە بەسەر چوو و دوونگی قاچاخ و تەماتەی ڕزی بخۆن!.
جاران لەسەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ خەستەخانەکانی حکومی هەموویان وێرانببوون، لۆیە خەرکی بە ناچاری دەچوونە خەستەخانەی ئەهلی و کلینیک لۆ عیلاج. ئەوجا فەحسی دختۆرو موختەبەرو ئەشیعەو سۆنەر بە دوو عەلاگە پارەش تەواو نەدەبوو، نرخی دەرمانی کۆمپانیای سامەڕاش بە دوو سێ وەرەقە بە دەست نەدەکەت، زۆربەشیان ئێکسپایەرو قاچاخ بوون!.
جاران لەسەردەمی رژێمی بەعس هیچ مەعمەلەکی حکومی نەبوو خەرکی شار ئیشی تێدا بکەن، لۆیە رێژەی بێکاری لەشارەکانمان گەیشتبووە سەتا پەنجاو زۆربەی گەنجەکانمان بێ ئیشوکار بوون!.
جاران لەسەردەمی بەعسی خوێری، هەموو پۆستە باڵاکان بە وەزارەت و پەرلەمانو دائیرەکانیشەوە بەس لۆ ئەندامو کادیرانی حزبی بەعس و بنەماڵە بوو، خەرکی ڕەسەنی شارو خاوەن شەهادە بەرزەکانیش، یان لە مارێ دانیشتبوون یانیش سەریان هەردەگرت و دەچوونە ئەوروپا، لەهەمووشی سەیرتر ئەوە بوو شاگردی چایخانەکانی دەکردە عەقید ولیوای عەسکەری و منداری کۆرانانیشی دەکردە مودیر عام!.
جاران لەسەردەمی بەعسی خوێنڕێژدا، نوسەرو رۆژنامەنووسو رۆشنبیرەکان دەکوژرانو زیندانی دەکران، گەنجەکانیشمان نەدەوێران یەک کۆمینت لەفەیسبووک بنووسن، چونکی راپێچی دائیرەی ئەمنی بەلدە دەکران!. سەرسەری و عەسابەکانی ئەمنیش لەسەر جادە شەقیان لەمامۆستا هەردەدا ئەگەر داوای مووچەی بکردبایە، ریشی مەلای مزگەفتیشیان دەسووتاند، سمێری جوندی عەسکەریان دەتراشی ، محامیەکانیش سەریان بە موسی سفر دەکرا !.
ئێستا وەزعەکە بە تەواوی گۆڕایە، لەسایەی سەری حکومەتی کوردی خۆماڵیمان، کارەباو ئاو بیستوچار سەعاتیە و خەرک رۆژی دوازدە جار خۆی دەشواو شەش جاریش پێش دەرکەکەی ئاوڕشێن دەکا.
ئێستا حکومەتی کوردی خوا بیپارێزێ، یەک چارەگە سەعاتیش معاشی مۆزەفان تاخیر ناکا، لە سەعات هەشتی بەیانی حەتا دووی پاشنیوەڕۆی هەموو30 مانگ معاشی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکا.
ئێستا حکومەتی کوردی تەمەندرێژ بی ئیشاڵڵا، هیچ گەنجەکی بێ ئیش نەهێشتیە ، هەموو دەرچووانی زانکۆ لەوەزیفەی حکومەت دامەزراندیە، ئیشی مەتعەم وچایخانەش درایتە لوبنانی و ئۆکرانی و روسی، داوای لەکەنەداو ئەڵمانیاش کردیە گەنجەکانیان بنێرنە ئێرە لۆ ئیشوکارو خزمەتکردنی هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان.
ئێستا حکومەتی خۆمان دەیان تاجیری قۆڵبڕو کۆمپانیای ساختەچی حوکمدایە لەسەر هینانی خواردنی ماوە بەسەرچوو و دەرمانی قاچاخ و ئێکسپایەر،ئاساییشی ئابووریش هەموو رۆژێ لەناو بازار دەسووڕێنەوە هەر کەس نیو دینار شتی گران بفرۆشی لەبەر چاوی میللەت سەری دەتراشن و سواری کەرێی دەکەن لەناو شار دەیگێڕن.
ئێستا حکومەتی کوردی خۆمان بە چاو نەچی، سەتان خەستەخانەی حکومی زیاد کردیە، نرخی فەحسو موختەبەروعیادەی دختۆرو سۆنەریش بە نرخی سەرکە تووریەکیە ، عەمەلیاتی فەقەراتیش بە سیعری دەسکە سڵقەکیە. دەرمانیش هەر بەلاش بەلاشە.
ئێستا حکومەتە نازدارەکەی خۆمان لۆ ئیشپێکردنی کوڕو کچەکانمان دەیان مەعمەلی کردیتەوە وەکی ( نەسیج ودەواجن وجغارەو مافوورو تەعلیب وشەکرو حەدیدو خەشەب و کاشی مەڕمەڕو شەریکەی ئەفریقی و ئۆڕۆزدی باگ وسوق مەرکەزی ).
ئێستا حکومەتی کوردی خوا بیپارێزی، بەقانون مەنعی کردیە هیچ کەسەکی حزبی پۆستی باڵا وەربگری، لەناو هێزی پێشمەرگەو ناوخۆشدا چالاکی حزبی قەدەغە کردیە. هەموو زابتەکانیشمان خەریجی کولیەی عەسکەری وئەرکانی سوپان.
ئێستا حکومەتە رۆشنبیرەکەی خۆمان، رێزو ئیحترامو تەقدیرەکی زۆری لەرۆژنامەنوسو نوسەرو رۆشنبیرو مامۆستاو مەلای مزگەفت دەگری، دریشی کراوەیە لۆ رەخنەو گلەییکردن، کەسیش لەسەر کۆمینت نوسین زیندانی ناکات. موزاهەرەش زۆر ئازادە حەز دەکەن هەموو رۆژی وەرنە سەرجادە ئاساییشەکانی حکومەتیش بەو پەڕی رێزەوە پارێزگارییان لێدەکەن.
سەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ کۆتایی هات ئـیستا وەزعەکە بە تەواوی گۆڕایە، لەخوا بەزیادبی کوردە حەیاتەکەمان ئازاد بووەو حکومەتی خۆماڵی دامەزراندیە، ئەوە سی و دوو سارە میللەت لەخۆشی و کامەرانی وهەڵپەڕکی و شادی و خۆشگوزەرانیدا دەژین لە خوای بە زیاد بی لەهیچمان کەم نیە.
یا ڕەبی خوایە ئەو رۆژە رەشەی حوکمی بەعسمان لۆ نەگەڕیێنیەوە، ئەو حکومەتە نازدارەی خۆشمان لۆ بپارێزیو ئەو نازو نیعمەت و خۆشی وشادی کامەرانییەی هەمانە لێمان تێکنەدەی ئامین یا رەبولعالەمین.
باقی وەلسەلام و رحمەتوڵڵاهی و بەرکاتوهو.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts