زاهیر باهیر: ئایندەی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەرەوکوێ؟
پێشبینیکردنی کۆتایی جەنگەکە کارێکی ئاسان نییە، چونکە هۆکار و بەرئەنجامەکەی، یاخود ڕوودانی کارەساتێکی سروشتیی. هەر کام لەمانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.
پش 19 مانگ تێپەڕین بەسەر دەستپێکردنیدا، هێشتا جەنگەکە بەردەوامەو ڕوسیا لە پێگەی بەهێزی ئابووری و سەربازی خۆیدایە. کەمکردنەوەی دەرهێنانی نەوتی خۆی و داخوازی زیاتری نەوت لەلایەن چینەوە، لە ئێستادا کاریگەری خۆی لەسەر بازاڕی وزە بەتایبەتی و ئابووری ئەوروپا بەگشتی داناوە و دادەنێت. هەنووکە نرخی بەرمیڵێك نەوت لە بازاڕدا 94 دۆلارە و واپێشبینیش دەکریت کە بەم زووانە بۆ 100 دۆلار سەربکەوێتت.
لەمانەش گرنگتر درزکەوتنە نێو ئەندامانی ناتۆ و هەڵوێستی ئەمەریکا و کەنەدەو وڵاتانی دیکە، سەرانی ئۆکرانیای بێ ئومێد کردووە. ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بوو کە سارکۆزی کۆنە سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند: ئەوروپا ڕوسیای پێویستە. هەروەها وتیشێ” دیپلۆماسی و گفتوگۆ و دانوستان” تاکە ڕێگان” بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، دەبێت ئۆکرانیا سازش لەسەر ئەو زەویانەی کە داگیرکراون لەتەك ڕوسیادا بکات.
هاوکاتیش لە کۆبونەوەی گروپی 20 لە هیندستان، ڕاگەیاندنێكی هاوبەش ڕاگەیەنرا بەهیچ شێوەیەك نەتوانرا نەك هەر سەرەکۆنەی ڕوسیا سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بکرێت، بەڵکو بە ڕاستەوخۆش نەتوانرا باسی شەڕەکە بکرێت. ڕوسەکان و دۆستەکانیان ئەمەیان بە سەرکەوتن دانا. لەڕاستیشدا شلۆقی و لاوازی هەڵوێستی بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوای تۆمار کرد لە بەرانبەر بەرەی لایەنگری ڕوسیا یاخود بێ لایەنیی هەندێك دەوڵەت، کە خودی ئەو بێلایەنییە بە لایەنگیریی ڕوسیا هەژمار دەکرێت.
لەمانەش زیاتر کاتێك کە دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی پوتین-یان ڕاگەیاندووە کە ئەمەش سەفەر و هەڵسوڕانی پوتین-ی تەسك کردۆتەوە، کەچی هەر لەو کاتەدا ‘لۆلە’ سەرۆکی بەرازیل وەکو تەحەدایەك لە بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە پوتین دەتوانێت بەشداری دانیشتنی لوتکەی گروپی 20 لە ساڵی ئایندەدا کە بڕیارە لە بەرازیل بگیرێت بکات، بێ ئەوەی ترسی گرتنی ببێت. ئەمەش گرفتێکتی گەورە بۆ بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دروست دەکات. ئەو کاتە، یا دەبێت ئەوان بەشداری بکەن، بەشداری کردنیشیان، یانی ئەو پەڕی سازش لەتەك پوتین-دا و دابەزینی شکۆ و کەسایەتی و ڕەواجنەبوونی بڕیارەکانیانە. ئەگەر بەشداریش نەکەن، یا ئەوەتا کۆبوونەوەکە، یا ناکرێت، یا بە نیوەناچڵ دەکرێت، بەهایەکی نابێت و بڕیارەکانی بێ بەجێهێنان و سەپاندن دەمێنێتەوە. حاڵەتی سێیەم گواستنەوەی کۆبوونەوەکەیە بۆ وڵاتێکی دیکە کە پوتین نەتوانێت بەشداری بکات، لەو بارەشدا بەرەی دووەم، واتە لاینگرانی ڕوسیا ڕەنگە بەشێکیان بەشداری نەکەن.
لە لایەکی دیکەوە دەم و قسەی ئەمەریکییەکان سەبارەت بە بڕیارە پێشینەکانیان وەکو جاران نەماوە و تا ڕادەیەك خاو بوونەتەوە گەرچی تا ئێستا 43ملیار دۆلاریان هاوکاری سەربازی کردووە، بێ لە ملیارەهای دییکە وەکو هاوکاری مرۆیی.
ڕەنگە سوورنەبوونی ئیدارەی ئەمەریکی لە هاوکاری ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی خودی ئەمەریکییەکان بێت کە چی تر نایانەوێت هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا بکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ئەوە نیشان دەدات لە سەدا 55 ئەمەریکییەکان دژ بە هاوکاری ئۆکرانیان و لە سەدا 51 پێیان وایە کە ئەمریکا زۆری کردووە، تەنها لە سەدا 48 دەڵێن دەبێت ئەمریکا زیاتر هاوکای ئۆکرانیا بکات.
لەمانەش مەترسیدار بۆ ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا، هاتنەوەی دۆناڵد ترامپە بۆ سەر حوکم لە ساڵی ئایندەدا، کە بڕیاری داوە بە هاتنەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شەڕەکە دەوەستێنێت. هەرچی سەرەك وەزیرانی بریتانیە، ڕیشی سوناك، لە ئێستادا بێ دەنگە.
ئەنجامگیریی
پاش ئەوەی کە پێشبینییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پوتین و دەسەڵاتەکەی نەهاتە دی وەکو ڕاپەڕینی ڕوسییەکان چۆن لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەکاندا لە سەردەمی” بەهاری عەرەنی”دا ڕووی دا هەروەها هاتنە ناوەوەی سوپای ڕوسی بۆ ناو قوڵایی ئۆکرانیا و ئاسانبوونی گەمارۆدانی و کردنی کوشتارگەلێکی زۆر شکستیهێنا لە سوپای ڕوسیا. کە ئەمانە ڕووی نەدا، ئیتر دەبێت بیر لە ڕێگایەك بکرێتەوە کە هەرچۆن هەبێت هەیبەت و شکۆی ئەمەریکا و ناتۆ لەوە زیاتر نەشکێت بە جۆرێك لە جۆرەکان ئاوێك بکەن بەم ئاگرەدا و بیکوژێننەوە. لە ئێستادا بۆی دەمی گەلێك لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ناتۆ وتووێژکردنە لەگەڵ ڕوسیا و قەبوڵکردنی هەر هیچ نەبێت کرایمیا و یەك دوو دەڤەرێکی دیکەی ئۆکرانیایە گەر بە وەختیش (کاتیی) بێت بە فەرمی بەشێك بن لە ڕوسیا. هاوکاتیش ڕوسیا ڕێگە بدات کە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.
ئەم سازش و سازشکاریانەش تەنها و تەنها دەبێت لە ڕێگای سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی تورکیا و هیندستان و چین و سعودییە و هەنێك وڵاتانی دیکەوە دەبێت.
لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە بۆ زۆربەمان ناڕوونە ئەویش: ئایا دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا ئەوندە گەمژەو نەزانبوون لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕوسیادا، هەر وەکو لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا؟ یاخود ویستی ئەوان ئەوەبوو کە ئێستا ڕوودەدات، ئەمە پلانیان بووە و هەر بە پلانیش دەڕوات؟
من بۆ خۆم لام ڕوون نییە کە کامیان هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکەیە، کە ڕەنگە هەردوکیان بێت. بەڵام ئەوەی کە لام ڕوونە جەنگەکە کارەساتی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێنا و گرانی نەبوونیی و بێ کاری بۆ هەموو هەژارانی دونیا بە جۆرێك لە جۆرەکان هێنا. هاوکاتیش گەورەترین سەرمایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بێ ئومێدی لە بنیاتنانی دونیاکی باشتر لە ئایندەدا هێنا. هەژاری و بێ کاری و گرانی و وێرانکاری و ڕاگوێزکردن و تەسكبوونەوەی ئازدییەکانی خەڵك و فروانکردنی تەوقی دەوڵەت و بەدەستڕاگەیشتنی پارەیەکی مشە بۆ کۆمپانیا گەورەکان. هەموو ئەمانەی هێنا.